که‌ڵه‌شێریش نه‌بێت ڕۆژ هه‌ر ئه‌بێته‌وه. کانی هه‌ڵه‌بجه‌یی
سه‌ره‌تا حه‌ز ئه‌که‌م پێش ئه‌وه‌ی بچمه ناو ناوه‌ڕۆکی بابه‌ته‌که‌مه‌وه سه‌رنجی خوێنه‌ر بۆ ئه‌و کاته ڕابکێشم که ڕژێمی سه‌دام که‌وت و گه‌لی کورد ده‌ستی کرد به ئاهه‌نگ گێڕان و جاڕی ئازادی دا له باشووری ووڵات، کێ له ئێمه دڵخۆش نه‌بوو؟ کێ له ئێمه فرمێسکی خۆشی له کانی چاوانیدا هه‌ڵنه‌ده‌قوڵا؟ بێ گومان هه‌موومان سه‌رچۆپی ئاهه‌نگێکمان گرتبوو له ناخماندا.
به‌ڵام به‌داخه‌وه هه‌ر زوو له‌و خه‌ونه به ئاگا هێنرایه‌نه‌وه به‌وه‌ی که هه‌نێ له پێشمه‌رگه دێرینه‌کان و هه‌نێ له که‌ڵه سیاسییه‌کانی ووڵاته‌که‌مان و چه‌ندین ڕۆشنبیری گه‌له‌که‌مان ده‌ستیان به بنیادنانه‌وه و درووستکردنه‌وه‌ی دوژمنێکی ڕوخاو کرده‌وه.
گه‌لی کورد له په‌ندی پێشینان و له سروشت و قاره‌مانیه‌تی ده‌وڵه‌مه‌نده و هه‌رگیز پێشینانی ئێمه درۆیان نه‌کردووه و له‌سه‌ر هه‌ر ڕوداوێکی نه‌بیستراو په‌ندێکیان وتووه و ئاڕاسته‌که‌یان ڕوون کردۆته‌وه. منیش له‌م ده‌روازه‌یه‌وه ئاماژه به ئێستا‌ی خۆمان ده‌که‌م و ده‌ڵێم: پێویست نییه مێژوو خۆی دووباره بکاته‌وه و ببینه‌وه به دارده‌ستی دوژمانان و ویسته‌کانیان دابین بکه‌ین.
وه‌ک ده‌زانین ئه‌مڕۆ ئازادییه‌کی نیمچه‌یی هه‌یه له باشووری کوردستان، ئێمه‌ش له هۆشماندا هه‌موو کاتێ ئه‌وه‌مان بۆ داناوه که ببێته ڕووناکییه‌ک بۆ پارچه‌کانی تر و گه‌یاندنی ئه‌و ئازادییه به‌وانیش. به‌ڵام کاربه‌ده‌ستانی باشووری کوردستان ئه‌مڕۆ گوشارێکی گه‌وره‌یان خستۆته سه‌ر ئه‌م خه‌ونه‌مان و خه‌ریکه نه‌ک ته‌نها خه‌ونه‌که‌مان به‌ڵکو سه‌ری برا و خوشکه‌کانیشمان ده‌خۆن. ئه‌وا ده‌بینین چۆن له بری یارمه‌تی سیاسی و دارایی و مه‌عنه‌وی ته‌ک جه‌ندرمه که‌مالیسته‌کان و شان به شانی دوژمنی سه‌رسه‌ختی گه‌له‌که‌مان هه‌وڵی تواندنه‌وه‌ی گه‌ریلاکان ده‌ده‌ن و ئه‌یانه‌وێ قه‌ندیل له گه‌ریلا بکه‌ن و بونه‌ته دارده‌ستی حکومه‌ته‌که‌ی ئۆردو‌غان و ڕاسپارده‌کانی ئه‌و جێ به جێ ده‌که‌ن. ئه‌م کاره ده‌مێکه له ئارادایه، ئێمه هه‌ر له داخستنی باره‌گای پارتی چاره‌سه‌ری و زۆر هێنان بۆ که‌مپی مه‌خموور و ئابڵوقه‌ی ئابووری و ڕاگه‌یاندن بۆ بناری قه‌ندیله‌وه ده‌بوایه زۆرمان بۆ سه‌رکرده‌کانمان بهینایه و ڕێمان نه‌دایه زیاتر بڕۆن.
ئه‌مانه هه‌مووی بێگومان به یارمه‌تی حکومه‌ته نه‌زۆکه‌که‌ی عیراق ئه‌نجام ده‌درێت.
به‌ڕاستی ئێمه دوای خستنی ڕژێمی به‌عس هه‌لێکمان بۆ ڕه‌خسا به ساڵه‌های تریش نه‌مانده‌توانی به ده‌ستی بهێنین، به‌ڵام به‌داخه‌وه دیسان سه‌رکرده‌کانمان هه‌له‌که‌یان به فیڕۆ دا و ئێستاش خۆیان که‌وتونه‌ته داوێکه‌وه نازانن چۆن لێی ده‌رچن.
ئینجا وه‌رن پێکه‌وه په‌رتووکی مێژوو بێنین و لاپه‌ڕه‌کانی ئه‌نفال و کیمیابارنی هێرۆشیمای ووڵات هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌ید هه‌ڵبه‌ینه‌وه، ئه‌وکات ده‌بینین کاتێ هه‌زاره‌ها ڕۆڵه‌ی ئه‌م گه‌له زینده‌به‌چاڵ و ئه‌نفال و کیمیاباران کران، جگه له چاوی چه‌ند کامێرایه‌ک که‌س نه‌یتوانی ئه‌و کاره‌ساته نیشان جیهان بدات، ئێمه تا ئه‌مڕۆش گله‌یی له جیهان ده‌که‌ین و پێی ده‌ڵێین: ئێوه بۆ بێ ده‌نگ بوون له ئاستماندا؟ بۆ کوێر بوون له ئاستماندا و بۆ که‌ڕ بوون له ئاستماندا؟ که‌چی وه‌رن سه‌یرکه‌ن....ئه‌مڕۆ خۆمان بێ ده‌نگین له ئاست کوشتن و له ناوبردنی خۆماندا و خۆمان چاوی کامێراکان کوێر ئه‌که‌ین که به دوای وێنه گرتنی ڕاستیدا ده‌گه‌ڕێن. ئێستا ئێمه خۆمان که‌ڕین له ئاست له ناوبردنی سه‌رکرده‌کانمان به‌ده‌ستی دوژمن و په‌رده‌ی به‌سه‌ردا ده‌ده‌ین.
ئه‌و که‌سه‌ی چه‌کی کیمیاوی دا به سه‌دام وا له هۆڵندا دادگایی کرا و سزای خۆی وه‌ر گرت، به‌ڵام ئێمه له ئاست ئۆردوغانی دیکتاتۆردا ده‌سته‌وسان دانیشتووین و سه‌رکرده‌یه‌کمان نییه دڕنده‌یی ئه‌م که‌سه به جیهان بگه‌یه‌نێ، بگره ڕێش ناده‌ن به‌و که‌سانه‌ی ئه‌یانه‌وێ ئه‌م ڕاستییه بخه‌نه پێش چاوی جیهان کاره‌کانیان ئه‌نجام بده‌ن.
بێگومان ئه‌مه‌ش پێچه‌وانه‌ی هه‌موو یاسا و ڕێسایه‌کی نه‌ته‌وه‌ییه و ئه‌وه ده‌رده‌خات که سه‌رکرده‌کانی ئێمه دووربینانه ناڕواننه مه‌سه‌له نه‌ته‌وه‌ییه‌که، ئه‌گین ده‌بوایه پێچه‌وانه‌ی ئه‌م کرداره‌ی ئێستایان ڕه‌فتاریان کردبا گه‌ر بیره‌وه‌ری شۆڕشی شاخیان بکه‌وێته‌وه یاد له برسیه‌تی و له داڵده‌دان و له گه‌یاندنی ده‌نگی شۆڕشی کورد به ده‌وروبه‌ر و جیهان.
ئه‌وه‌ته ئێستاش ڕۆڵه‌کانی گه‌له‌که‌مان له ڕۆژنامه نوسان و ڕۆشنبیران گه‌لێک شۆڕشگێر ترن له سه‌رکرده‌کانمان و هه‌وڵ ده‌ده‌ن گه‌مارۆی ئابووری و ڕاگه‌یاندن بشکێنن له‌سه‌ر قه‌ندیل، به‌ڵام جه‌ندرمه‌کانی هه‌رێم ڕوو به ڕوویان ده‌بنه‌وه و نایه‌ڵن زایه‌ڵه و نزووله‌ی شۆڕشگێڕه‌کان بگه‌یه‌نرێته مێشک و گوێی کورد و جیهان.
ئه‌مه‌ش به بۆچوونی من هه‌ڵه‌یه‌کی گه‌وره‌یه و پێویسته سه‌رکرده‌کانمان به خۆیاندا بچنه‌وه و هه‌ڵوێستی جوانمێری جارانیان بکه‌نه سه‌کۆی ئازادی ئه‌مڕۆش بۆ ئه‌وه‌ی چاوی دوژمانان کوێر بێت و یه‌کگرتن و یه‌ک زمانی و یه‌ک ڕێڕوه‌ییمان دووباره دوپات که‌ینه‌وه. ئه‌گینا له‌و بڕوایه‌دام چۆن گه‌ل ده‌ڕه‌نجێ له دیکتاتۆران، له‌مانیش ده‌ڕه‌نجێت.
هه‌رچی بکه‌ن و چه‌ن سه‌ر بۆ تورکیا دانه‌وێنن گه‌ریلاکان له پاڵپشتی گه‌ل بێ به‌ش نابن و تۆپ و فڕۆکه و کیمیایی جیهان ناتوانێ گه‌ریلا بتوێنێته‌وه، سه‌رکرده پێشمه‌رگه‌کانی خۆشمان ئه‌مه باش ده‌زانن گه‌ر ساتێ ئاوڕ له ساڵانی پێشمه‌رگایه‌تی خۆیان بده‌نه‌وه.
واته به ویستی ئه‌وان یان نه‌ویستنی ئه‌وان ڕۆژ هه‌ر دادێ و ڕاستی هه‌ر ئاشکرا ده‌بێت و گه‌ل هه‌ر خۆی بڕیارده‌ر ده‌بێت.
هۆڵه‌ندا
|