په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 لەروانینی چاوەکانت.

که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر
1
کەسەیری چاوانت دەکەم
وا هەست دەکەم
یاری لەگەڵ کچەکەم دەکەم
ئەو ساتانەی دەڵێ دایە
باتێر سەیری چاوی یەک بکەین
ئاخۆ کاممان پێش ئەوی تر
چاوەکانی دەتروکێنێ
یارییەکە دەدۆڕێنێ .


2
کەسەیری چاوانت دەکەم
لەدەریایەک رادەمێنم
دەمباتەوە سەردەمی مناڵیم و
لەدوامەوە دایکم هاوارم لێ دەکا
کچێ ،نەڕۆی ئەو دەریایە دەتخنکێنێ


3
لە تێڕوانینی چاوانتا
خەیاڵ دەمباتەوە دنیایەک
دوور لە نیگای چاوەکانت
بەڵام لەوێ
من کوێر دەبم هیچ چاوێکی تر نابینم


4
چاوەکانت مامۆستان و
وانەی عەشق دەڵێنەوە
من خوێندکارێکی تەمبەڵم
لەبەردەمتا وڕوکاسم
نەوەک جارێ
بەسەدان جار بیڵێنەوە


5
لەهەموو ئەندامەکان زیاتر
چاوەکان عاشقن
بەڵام هەمیشە لێوەکان بزە
دەیانگرێ و
پەنجەکان سەما دەکەن


6
کەتێر سەیرت دەکەم
لەنێو چاوەکانی تۆدا خۆم وون دەکەم
نازانم تۆ لەچاوەکانی مندا
دەتوێیتەوە
یان من لەچاوانی تۆدا


7
مامانەکە بەمناڵی
هەردوو چاوی بۆ رەش کردی
کەسێ نەیووت … هەڵەی کرد
من نەبێ ،
بەبارانی چاوەکانم بۆم شوشتییەوە


8
باران بەئارەزووی خۆی دەبارێ
بۆیە ناچار بووم، هانام هێنا
بۆ ئاسمانی چاوەکانت
زەوی وشکەوە بووم تێربکات


9
هەرکاتێ بڕیارتدا
بۆ هەمیشە چاوەکانت بخەوێنی
ئەوسا منیش
هەموو خەونەکانم لەدەست دەدەم .


10
جوانترین پێناسە بۆ خۆشەویستیت
لای من چاوەکانتە.
 

 

Kazhal_3@hotmail.com