لوولەى
تفەنگەکانتان ئاراستەى سینەى کورد بکەنەوە .

محەمەدى مشیر
ئەوە چ قەدەرێکى گەندەڵە کە هەموو قۆناغێک لە سەر دەستى سیاسەتوانە
عەیار بیست و یەکەکانى کورد خەریکە خۆى لە مێژووى ئەم گەلە
ستەمدیدەیەدا دووبارە بکاتەوە؟ ئەوە چ رێککەوتنێکە کە لە یەک ساتدا
هەموو تێیدا کۆکن و هەمووش دەمتیژ و شمشێر بەدەست؟ لەو نێوانەشدا تەنها
ئێمەین خەریکە سەرلەنوێ بەنێو تونێڵە تاریکەکانى مێژووماندا دەبارەو
سەدبارە گوزەرکەینەوە. هەرچى راست دەبێتەوە لوولەى تفەنگەکەى ئاراستەى
سینەى ئەو میللەتە ستەملێکراوە دەکاو پێیوایە هەرچى لەمڕۆى عێراق و
ناوچەکەدا دەگوزەرێ خەتاى کوردە و دەستى کوردى تێدایە، ئەوەتا سوپاى
تورکیا لە هێرشە سەربازییە دڕندەکانى بەردەوامە و ئێمەش بە چاوى زەقەوە
سەیرى کوشتارى خەڵکى بێ دەرەتان و کاولبوونى دیهاتەکان و ئاوارەبوونى
گوندنشینەکانمان دەکەین و مافى ئەوەشمان نییە سەردانى ناوچە
ئابلۆقەدراوەکان بکەین و لە نزیکەوە بزانین لە قەندیل چ باسە!، چونکە
وەک (باباجان) گوتەنى حکومەتەکەى ئێمە لاوازە و ناتوانێ تورکیا لە ((خراپەکارییەکانى)) ((تیرۆریستانى))
پەکەپەکە رزگاربکات بۆیە بەدەست و قامەتى خۆیان هەردوولامان لە ((تیرۆریستان))
رزگاردەکەن!، ئەوەتا (مامەسام) ى ((دۆست))
لە خۆشەویستیا ئامۆژگاریمان دەکا و پێمان دەڵێ نەکەن تاکڕەوانە بیر لە
دەرهێنانى نەوت بکەنەوە و لەبەر خاترى تورکیاى کۆنە دۆستیش باسى کەرکوک
هەرمەکەن!، لە نێو ئەو گێژەنگەشدا لایەنێکى ئەلقە لەگوێى وەک بەرەى
ناتورکمانى رایدەگەیەنێت گەر لە راپرسیدا کەرکوک نەبێتە شارێکى
تورکمانى ئەوا ئێمە راپرسییەکە هەڵدەوەشێنینەوە و قەبوڵى ناکەین.
سەربارى ئەوانەش مرۆ گەر لێى بقەومێ هەر ئاوایە و ساڵح موتڵەگ و
هاوبیچمەکانى پێمان دەڵێن کورد بە تەمایە عروبەى عێراق بشێوێنێ و نابێ
لە ئاڵاکەى بەعسدا دەستکارى هێماکانى عروبەى عێراق بکرێت ، لەولاشەوە
عەلاوى و سەدرییەکان و نازانم کێى دیکەش خەریکن بەرەیەکى سیاسی
رادەگەیەنن و دەشڵێن بەپێى دەستوورى عێراق وادەى ماددەى 140 لە گەڵ
کۆتایى ساڵى 2007 دا فینیشت بوو ئیدى رازى نابین درێژبکرێتەوە!
هەر مەپرسە لەم عێراقە فیدڕاڵەدا چ هەرا و زەنایەکە دۆستێکمان هەیە و
هەزار نەیار، لە نێوخۆشماندا ئاخرول عەیار!
ئەمە واقعى ئەمڕۆکەى کوردە لەو عێراقەى کورد دەیەوێ ئارەزوومەندانە لە
گەڵ براکانیدا بە شێوەیەکى ئاشتیانە بژیت، کەچى لەبەر نەزانى و
کورتبینى خۆمان خەریکە لە هەموو لایەکەوە ئابلۆقەمان بدەن. بۆیە باشتر
وایە وردتر لە رووداوەکان بڕوانین و تا ئاوەکە لێڵترنەبووە بزانین چى
دەکەین، ئەگینا کار ئاوا بڕوا ئۆباڵى هەموو تەقینەوەکانى ناوەراست و
باشوورى عێراقیش دەخەنە ئەستۆى ئێمە و داواى قەرەبووى رووخانى
بەعسیشمان لێدەکەن!!
|