نامەکەت گەیشت و
هیواداربە.
وەڵامێک بە نامەکەى
''زمناکۆ عهزیز''
بۆ ''ئەرسەلان بایز''.

کاروان نەجمەدین
دواى بڵاوبونەوەى( بابەتێکى ئەرسەلان بایز) لە ژمارە (4486)ى ڕۆژى
322008 ى کوردستانى نوێدا لەژێر ناوى (ڕەخنەش بە بازنەى خۆى) زمناکۆ
عزیز سکرتێرى ڕێکخراوى کوردستانى حیزبى کۆمۆنیستى کرێکاریى عیراق لە
بەروارى 62 دا نامەیەکى کراوەى ئاراستەى ئەرسەلان بایز کرد.
زمناکۆ لەنامەکەیدا بەشێک لەو نەهامەتیانەى لەسایەى دەسەڵاتى حیزب و
بزوتنەوەکەى کاک ئەرسەلاندا بەرۆکى خەڵکیان گرتوە وەک کانارمەى ئەوان
و، سەرکوت و زیندانەکانیانى وەک ئیسپاتى بونى سانسۆر لەکوردستان
خستوەتەڕو کە هەمووى بەشیکن لەواقیعەتى کارنامەى حیزبەکەى ئەرسەلان
بایز،بەڵام ئەوەى جێگەى سەرنجە لە نامەکەى زمناکۆدا و مەبەستى منیشە
لەم وەڵامەدا هیوادارى ئینسانێکە بە حیزب و بزوتنەوەکەى ئەرسەلان بایز
کە واز لە ڕاو ڕوت و گەندەڵى بهێنن و وەڵامدەرەوەى خواستەکانى خەڵک بن
!.
زمناکۆ عزیز دواى ئەوەى باسى کارنەمەى بزوتنەوەیەک دەکات کەلەیەکەمین
ڕۆژەکانى سەرهەڵدانیانەوە دەستیان نەپاراستوە لە قەتڵى عامى موخالفینى
خۆیان و بەتاڵانبردنى پاروى دەمى خەڵک و سەروەت و سامانى کوردستان ،لەخنکاندنى
خواستەکانى خەڵکدا هەمیشە ئەکتیڤ بوون و هەن ، کەچى لەکۆتایی نامەکەیدا
دەنوسێت (یەک ڕێگاى مانەوە لە بەردەمتاندا ماوەتەوە ئەویش کۆتایى
هێنانە بە ڕاو ڕوت و گەندەڵى و وەڵامدانەوەیە بە خواستەکانى خەڵک ،
هیوادارم ئەم کارە بکەن ).
بەڵام بەڕاستى بزوتنەوەیەک کە لەسەرەتاى سەرهەڵدانیەوە بە بارمتەگرتنى
نانى خەڵکو سەرکوتى لایەنگرانى ئازادى بەوجۆرەى بۆیانکرابێت و چونەپشتى
تەرحى برسیکردنى خەڵکى عیراق و سەدان ساتوسەودا دژى خۆشگوزەرانى خەڵک
خۆیان گەیاندە ئەو مەکانەتە شەقوشڕەى هەیانەو ، دواتر بەبارمتەگرتنى
نانى خەڵک و دزین و بەتاڵان بردنى سەروەتو سامانى ئەم کۆمەڵگایە
دەسەڵاتى میلشیاى خۆیان بەسەرسەرى خەڵکەوە پاراستوە و باڵەخانە و
سەروەت و داهاتى سەرکردەکانیان بەوپەڕى گەیاندوە دتوانین هیواداربن
بەڕەحمەتى خۆیان ئەو سەروەتو سامانە بگێڕنەوە بۆخەڵک و واز لە ڕاو ڕوت
و گەندەڵى بهێنن ؟!
یان بزوتنەوەیەک کە ئەگەر خەریکى نوسینەوەى کارکردى مێژووییان بین
لەپەیوەند بە سەرکوتى ئازادى و تیرۆرکردنى موخالفینى خۆیان ڕەنگە بۆنى
خوێن کوێرمان بکات ئەتوانرێت بەکامە هیواوە ڕێگەى مانەوەیان بۆدیارى
بکەین ؟!
ڕابەرایەتى بزوتنەوەیەک کە ڕاوکردن و خوێنڕشتنى حیزبەسیاسیەکانى دیکە
بەشانازیەوە وەک یاداشتى شاخى شۆڕشگێڕێک دەنوسێتەوە و ئێستاش ئەرسەلان
بایز نەهامەتیەکانى خەڵکى کوردستان وەک دەسکەوت و ئەزمونى
بزوتنەوەکەیان و جێگەى شانازى ئەوان دیفاع لێدەکات دەبێت کامە پاڵنەر
زمناکۆ بگەیەنێت بەوەى هیوا بخوازێت تۆزێک ئاوڕ لە خەڵک بدەنەوە ؟!
هەر بەپێى ئەو سەرخەتانەى زمناکۆ خۆى لە نامەکەیدا باسیان دەکات ،
بزوتنەوەیەک کە بە مێژوى 17ساڵى دەسەڵاتى نەک نەیتوانیوە ڕۆژێک لەڕۆژان
وەڵامدەرەوەى بچوکترین خواستى خەڵک بێت بەڵکو هەمووڕۆژە سەنگەرى
بەرەنگاربونەوەى خواستەکانى خەڵک قایمتردەکات ، زیندانەکانیان گەیشتوە
بەوجێگایەى ئینسان لەناویاندا گیان لەدەست دەدات ، دەستڕێژى گولە لە
خۆپیشاندان و سەرکوتکردنى ناڕەزایەتیەجەماوەریەکان ،وەستانەوە دژى
خواستى سەربەخۆیى کوردستان ،ناچارکردنى ئینسان بەوە بۆتێرکردنى بەشێکى
جەستەى بەشێکى دیکەى بفرۆشێت کە گورچیلەیانە ،تیرۆرکردنى کۆمۆنیستەکان
بە ڕۆژى ڕوناک ماهیەتى بزوتنەوەیەک بێت چۆندەتوانێت وەڵامدەرەوەى
خواستەکانى خەڵک بێت وەک زمناکۆ هیواخوازە حیزبەکەى ئەرسەلان بایز ئەم
کاسپەرەبێت ؟!
بەڵام خۆ ئەگەر گریمانەیەک دابنێن و حیزبەکەى ئەرسەلان بایز و
دەسەڵاتدارانى ناسیۆنالزمى کورد لەبەر ڕۆشنایى پێشنیارەکەى زمناکۆدا
ڕێگەى مانەوەى خۆیان هەڵبژێرن و واز لە ڕاو ڕوت و گەندەڵى بهێنن و
هیواکەى زمناکۆ بهێننەدى ئایا چەند لە ماهیەتى ڕەشى ناسیۆنالزم
کاڵدەبێتەوە و ئیتر ناسیۆنالزم شەرمەزاى نیە بۆبەشەریەت ؟! ، یان
خواستەکانى خەڵک بەمانە کۆتایدێت ؟ ، ئایا خەڵکى کوردستان لە مێژوویەک
خۆشدەبن کە ژیانى کولەمەرگى کردوە بەنسیبیان ؟ یان بەڕاستى بەبڕواى
زمناکۆ ئەمان دەمێننەوە ؟ خۆ ئەگەر واوەتربچین و دەسەڵاتدارانى ئێستاى
کوردستان حکومەتێک بە ماناى وشەکە دابمەزرێنن و دوربن لە ڕاوڕوت و
گەندەڵى چى کەمتر دەبێت لەو حکومەتە سەرکوتگەرانەى ناسیۆنالزم کە لە
مێژودا دەستیان لە بینەقاقاى ئازادیەکانى خەڵکدا بوە و ئێستاش
ناسیۆنالزمى عەرەبى و تورکى بە خەڵکى ژێرچەترى ڕەشى دەسەڵاتەکەیانى
دەکەن؟!، یان لە باشترین حاڵەتدا یاساى دەوڵەتەکەیان چەشنى ئەو یاسایە
دەبێت کە ئێستا دەیانەوێت لە پەرلەمانەکەیاندا ئازادى ڕۆژنامەگەرى پێ
بخنکێنن وجێگەى نەفرەتى تەواوى ئازادى خوازانى کوردستانە.
من پێم وایە ڕێگە دانان بۆمانەوەى دەسەڵاتى ئەحزابى دەسەڵاتدارانى
کوردستان بە نەهێشتنى گەندەڵى و وەڵام دانەوە بە خواستەکانى خەڵک
بێجگەلەوەى تەوەهومە بەوەى حیزبەکەى ئەرسەلان بایز واز لە ڕاوڕت بێنێت
هیواکەى زمناکۆش لەباردەبات بەوەى زەڕەیەک بێنە پاى وەڵامدانەوە
بەخواستەکانى خەڵک ، لەباشترین حاڵەتدا پینەکردنى شەبەقەکانى دەسەڵاتە
لەقاڵبێکى ڕیفورمیستى تەڵەبخوازانەدا کە ئەمەش وتەیەکى لینینمان
بیردێنێتەوە کە دەڵێت (گێلیە بۆ حیزبێکى کۆمۆنیستى داوالە بۆرژوازى
بکات دیموکرتى بن) . جامى خەڵکى کوردستان بەرانبەر دەسەلاتى ئەم
ئەحزابانە لێى دەڕژێت و ئومێدێکیان نەماوە بەو کارتەسواوەى وەک
هەراوهوریاى قەومیانە ساڵانێکە دەکرێت بە گوێچکەى خەڵکدا ناڕەزایەتى و
هاتنەسەرجادە زیندوترین نمونەکانن ،کام جێگا هەیە سەرى پێدا بکرێت و
هاتوهاوار لەدەست ئەم ئەحزابانە گوێچکە کەڕنەکات ؟ ، بۆیە تاکەڕێگە بۆ
کۆتایى هێنان بە ڕاوڕوت و گەندەڵى چونەپشتى ناڕزایەتیە جەماوەریەکانى
کوردستان و بەهێزکردنى هەرچى زیاترى ڕوتى کۆمۆنیزمى کرێکارى وەک بەدیلى
ڕیشەیى و کۆتا هێنان بەدەسەڵاتى ئەحزابى دەسەڵاتدارانى کوردستانە ، نەک
هیواخواز مانەوە بەدیار ئەو نەخۆشەوە کە دکتۆر ئیزنى داوە .
karwanmj@yahoo.com
|