په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٦\٦\٢٠١٦

چوار پەخشانە شیعر.

سەباح رەنجدەر     

پێشکێشە بە: محەمەد تەھا حوسین

١- رسکانی گیان.


٢٠/٦/١٩٦٤ کووپە لیرەی بۆنی گیان
لە ھەرەمی پاشای حەفت وڵاتان
بە جۆگەلە و جۆلانە و زار و نزارتر
ژان لە پشتی بابە ئادەم دەرچوو
شیر ڕژایە ڕەزی سینگی دایە حەوا
پەڕەسێلکەش ئاوی شەوی بن کووپەی ماڵی منی
بردەوە گۆزە و جامی خوداوەندان
بۆسە لەسەر زەمین شکا
ناوکبڕینی نواڵە بوو بە پەڕەمووچی ڕۆشنایی و زوو لەخەو ھەستا
بە ئومێدەوەش لە خەوی ھەستاندم
نوێژکەران دەستە و نزا
گەیشتنە تات و حەوزی دەستنوێژگرتن و بەڕێ کەوتنەوە
شیری ڕەزی دایە حەوا ڕژا و خۆی ئاسوودە کرد
زەوی مردووش ژیایەوە
نەیی دڵتاساویش وەک مردووی حەفت ڕۆژە دەم وشک


دەستی پەشیمانیم خستە ناو دەستی بابە ئادەم و چوومە ڕێگای چیا و بیابان درەنگ گەیشتم چیا و بیابان نووسیمی و سڕیمیەوەش خاڵێکم لە ڕوخساری خڕ و ڕوومەتی سووری سێودا مایەوە سووتانی دووبارەکردنەوە ئەو شوێنە بەزایەڵە کەوتووەیە لێوەی بەڕێ دەکەومەوە لەگەڵیدا مۆمم گریاند مۆم خزمەتی مەرگی خۆی دەکات مەرگی مۆم پیرۆزە و ھاوارێکی نەدرکاوە بەران لە شەوی قوربانیدا قۆچ لە مەشخەڵ دەدا و چاوی لای چەقۆ دەنووقێنێ شێوەیەک لە نێوان ڕۆبۆت و ئادەمیدا بۆن و بەرامەیەکی تەڕ بڵاودەکاتەوە دەیەوێ بیناسم ھەوای پاک لە سییەکانم ونبوو نەمتوانی پەیوەندی بە ڕوخسار و شوێنەکانەوە بکەم نەشمتوانی پەیوەندیم لەگەڵ ڕوخسار و شوێنەکان بپچڕێنم چاوی سێبووریم بەم لا و ئەو لادا گێڕا ڕوخسار و شوێنەکان ڕوویان لێ وەرنەگێڕام ئەسپیش بۆنی تاژی کرد و چووە مەشقی ڕاو لە مەشق و کەڕەنای جەنگ ڕەویەوە و دەستی پەشیمانی لە دەستی مەیتەرەوان ڕاپسکاند مامزێک لە بەردەمی تاژی ڕایدەکرد و دوو باڵندەی خۆشبێژیش بە شاخیەوە بوون ڕۆژێکی کورت چاو پڕ ناکاتەوە و ناشتوانێت دڵ ھێور بکاتەوە پاشماوەی کۆتاییھاتنی چیرۆکەکەش دەسووتێت باڵندەیەک لەسەر ئاوی بن کووپەی ماڵی مندا ھەڵفڕی و پەڕەکانی لە دەموچاوم دا.


حوزەیرانی ٢٠١٦ ھەولێر

 

 

 

٢- شەڕەکەم تەواو دەکەم و دێم.


دێم ھاتنم ئاسانە بەڵام لە گەیشتنم دەترسێم سەر لە ئێوارە چاوانت ئارامی گرتبوو دەستی سۆزیشت لەناو ڕووناکی دیدەنی جاویدان پڕبوو لە ئاوریشمی ڕایەخراوی خورپەی گەرم تەواو خوماری باران بارین بووی ھەور بە دڵتی زانی و دەستی لەسەر ناوچەوانت دانا ئاگری بەختی خۆت پەردەی قەڵا و کۆشکی کۆنی ھەڵدایەوە دەموچاوت لە یەکەم نمەدا شووشت و ئەشق گەرم بوو ھەواڵێک لە ئەشقدا خرۆشاوە ئەوانەی سەیری کاتژمێری دیوار دەکەن ھەموویان کیژ و کوڕی کاتژمێرن بە شوێن کاتەوەن وەک کاتیش یەک لە دوای یەک بە دوای دیتنەوەی ئاگر دان پرسیاری نەکوژانەوەی و خودا و نەمری دەکەن باڵندە ھاتن بزەیان بە لێوەوە بوو لە پەنجەرەی ماڵی بێ ڕِەنگیی بێ ڕەنگم ھێلکەی ھەزار ئومێدیان دانا لە چاوەڕوانی چوونە ژوورەوەمدا دەترووکێن ئەو باڵانەی ھێلکەیان لە بندا گەرم دەبێت خۆر لە تەنیشتیان دانیشتووە و دەیاننێت بە سینگییەوە خۆر لە ئاسماندا تەنیایە تەنیایی بێزاری ناکات و نیگای لەبەر پێیان زیاتر دەڕوا ھەر کاتێکیش ھەستی کرد یەکێک تەنیایە و تەنیایی بێزاری کردووە دێت لە تەنیشتی دادەنیشێت ھێندە تێکەڵی دەبێت دەڵێی لەناو ھێلکەی ترووکاودا ماڵیان ھەیە دەبێت ناونیشانی ماڵیشیان لەو باڵندانە وەربگرین کە بە ئاسمانەوەن و قسەیان لە دەمدا نامرێت ئەو پرسیارە لە خۆم دەکەم قسە لە دەمدا نامرێت لە گوێدا خۆی دوا دەخا تۆ بڵێی خۆری تەنیا قسە بەناو تاریکیدا بسووڕێنێتەوە تاریکی سەری لەبەر خۆیە و ڕێگاش تاسەی بەیان دەدات ئاگری بە جۆشی ئەشقی خۆم ھەڵکردووە ھێزی ڕژانی ئەستێرە و شەرابی حەوت ساڵە ھەواڵێک لە دوا قومدا خرۆشاوە ھاتووم شەڕەکەم تەواو بکەم ھەرچی ھەمە لەبەر پێتی ڕۆکەم قەرزی خۆتی لێ ھەڵگرە بەرەو ماڵی بێ ڕەنگیی بێ ڕەنگ دەگەڕێمەوە بۆ ڕوخسارت عەوداڵ بووم ئاگری بەختی خۆم یاربوو دۆزیمەوە دەمدەیتێ بۆ خۆمی ببەم ئاگری برووسکە نەمرەکانی پێ خۆشبکەم برووسکە نەمرەکان لە دەستی فریشتەدا کەوتوونەتە خوارەوە فریشتە لە ڕووناکیی چرای خۆیدا دەژی چرای ئەم چوار ڕەنگە نابێتە پەلکەزێڕینە با دایگرین و بەروانکەی منداڵان ھەڵبدەین سێبەری نان و ئاو و دەستگرتنی گەرمە با قسە لە گوێدا خۆی دوا نەخات ڕووناکی لەبەر دەم پەنجەرەوە دەوەستێندرێ و نایەتە ژوورەوە وەک نەخۆشێکی نزیک لە مردن خڕەخڕی سینگی دێ و باوێشک دەدا دێم ھاتنم ئاسانە بەڵام لە گەیشتنم دەترسێم.

 
حوزەیرانی ٢٠١٦ ھەولێر

 

 

٣- شەوی گۆڕینی ساڵ.


درەخت و ھەزار و یەک ھێشووی ڕاز
ئاگر و ھەزار و یەک پڕیشکی سەرکردوو
ماسیگرە و ھەزار و یەک ڕووباری خرۆشاو
قۆزاخە و ھەزار و یەک کرمی ئاوریشمینی لە تاریکیدا ڕاکردوو


نیشانەی شانازی و دیارییەکی بەسۆز دەبەم دەچمە ناو ڕەگی گەرم لەناو چلڕ و پۆپ نزیک ھێلانەی حاجی لەقلەقەکەی برادەرم ھەناسە دەدەم دەمەوێ قەڵا و قوللەی ئەفسانە لەبەر چاوم بەلادا نەیێت دەشمەوێ دان بدەمەوە حاجی لەقلەقەکەم تفەنگ بە یارمەتیت لە کوێ ڕۆیکەم شوێنی ڕۆکردنی دان ماڵێکە دەستی یاری بەھەشت ڕایخستووە و چاوم بەسەریەوەیە لەو ماڵەدا خوداوەندانمان پێشوازییان لە ساتی چاوەڕوانی کرد خۆری ساتی ھاتن پەنجەرەی ئەو ماڵەی گەورەتر کرد شەونم لەسەر گیای خەواڵوو دەمێنێتەوە تا دەبێتە دوا تەڕایی سەر لێوی ئەوانەی لەناو دڵی خۆیان ڕۆیشتن ھەتاویان لێ ئاوابوو پێیان لە فەرھەنگ گیربوو
لەم دیو و ئەم دیوی چیا ماومەتەوە نووحیش بەرزایی ڕزگاربوونی بۆ دانەناوم گەیشتووەتە ئێسکم داوابکەم خودایە ڕۆژێک پێش ڕۆژی دیارکراوی مردنم بمرم تا ڕۆژێک لە ژیانم بھێڵمەوە و ئاو و نانی ئەو ڕۆژەم بدەمە ئەسپێکی دلڕ داخکراو بچێتە چەپۆکبازی و ھەست پشکووتن ئاگر بەر نابێتە ڕۆژەکانی ڕاوی ئەستێرەیەکی ڕەفتار باش نۆبەرەی دایکە حەوا بوو نۆبەرەی دایکە زەویش بوو بە دێڕێک پێی گوتم با برایەتیت لەگەلڕ گۆڕم بە نھێنی بمێنێتەوە تا دێیت من نھێنییەکە ئاشکرا ناکەم ڕەنگە خۆت نھێنییەکان لەبیر بکەیت من بەبیرت دەھێنمەوە لەبیرکردن و بەبیرھێنانەوە بەتەک یەکدا دەمێننەوە ھەتاو بەر ئارەقەی ناوچەوانیان دەکەوێت ھەموو ساڵیادێک شەوی گۆڕینی سالڕ پەلکێک لە پەلکەزێڕینە بھێنە لە پشتێنی گۆڕەکەمی بسووڕێنەوە ھەتا ھەر حەفت ڕەنگ دەھێنیت بۆ من دەبێتە بەسەرھات و گێڕانەوە شوێن پاژنەی پێت دەبێتـە جێگای ڕۆکردنی دان بۆ حاجی لەقلەقە نامرادەکەی برادەرم حاجی لەقلەق لە ناوقەدی قەڵا و قوللەی ئەفسانەدا ھێلکەکانی شکاند


گوڵێکم بە دەستەوەیە سۆز لە گۆنای کۆدەبێتەوە نامەوێ لەسەر گۆڕەکەی دانێم دەمەوێ بیدەمە دەستی گۆڕەکەی سەیوانێکی بەسەرەوەیە منیش لەناو کڵاوی گڵۆپێکی شەقام یاری غلۆرکردنەوەم بە سێوی ئادەم و زەنگوڵەی کەنیسە کرد سەخت بوون و ترسی ھەردووکیان لێکیان دا خوێن تەنیا لە بریندا شۆڕ دەبێتەوە تەنیاش لە بریندا شێوەی بریندار ناگۆڕێت خوێنی حاجی لەقلەقەکەی برادەرم لە ناولەپی ئێمەدا وشک بووەتەوە لە حەوت ئاسماندا ئەستێرەم ھەبوون دەنگێکم بۆ ھات ھەر وشەیەکی ئاشقی وشەکەی دی بوو ھەرچی دیاریی خودا ھەیە لەڕۆحی زەوی و ئاسماندا ھەوێنی مالڕ و باخەوانی بەھەشت بەخشیان بە لێوی بەستراوی پەرژین و باخ دەرگای مالڕ یەک نییە دووە ماڵـت لەباوەشی خامۆشییە و لە بەردە جوان ڕیزکراوەکانی دەوروبەریم پرسی بە دوای نیشانە و حیکمەتدا ھاتووم شار لە ناوچەوانییەوە دیارە وا ماڵێکی ھێدی ھێدی تاریک دەبێت ڕۆحێک ڕووی خۆش و پڕە گەورەی خۆی بینیوە و لە دەرگایەوە دەردەچێت و پشوو دەدات دوای چاوگێڕانێک ئاوێکی لێلڕ ھەڕەشەی کرد و بەرزبووەوە لە دەرگای ماڵان چووە ژوورێ تەپ و تەمبەلڕ بە قاڵدرمەدا چوونە سەربان مراوییە پێ پانەکانیش پێ لە ئاو دەدەن و پرژە ھەڵدەدەن پاشان دەچن لەسەر گەڵای پانی ھەنجیر باڵیان دەوەشێنن


ژیان تانوپۆیەکی سەیرە دەمانباتەوە سەر ڕێگای مردن بەڵام نامانھێنێتەوە سەر ڕێگای ژیان ژیان و مردن بە دەنگی دڵنیا بۆمان پێدەکەنن و خۆشەویستی و خۆشەویستمان پێشان دەدەن گەرمایی ناوچەوانم لەسەر دووگورد جێما لە نوێژدا خۆشەویستی و خۆشەویستم نەبینی بە تەواوی ئارەزوومەوە لەناو ئاوێکی ڕوون بە دوای سێبەری مانگ یان تریفە کەوتم بیگرم یان بچمە ناو سێبەری ماندووبووم سییەکانم داوایان دەکرد لە قەفەسی سینگم بێنە دەرێ مانگ بەزەیی بە مندا ھاتەوە یان کاتی خۆی بوو لە چواردەدا نەرگزیەتی بەرزبووەوە وەستا چوومە ناو سێبەری و خۆشەویستی و خۆشەویستم ناسی تریفەش گوتی بمگرە و پەنجەکانت لە کەمەری گۆشتنم نقووم بکە ڕێگای ژیان دەگاتە فریای ناڵەی بەردە سەرەتایییەکان و بیرکردنەوەی پێش پرسیارەکان ڕێگا ئەی ھاوڕێی بێ دەنگیم بیرت لە دار و دەوەن و دڵخۆشی دڵبەخوداداوەکان کردووەتەوە


ھێلکە ترووکان
فڕێدانی دێوجامەی بەرچاوی باڵندە
گلەیی ئاوێنەی ماڵی چۆڵ
دەستدان لە ھەوری نزم بە نیازی پشتی کەروێشکێکی گۆشتن


حەیف دڵی ڕێبوارەکانت بۆ نەخوێندرایەوە کێ سەیری کێ دەکات دەست لەناو دەست یان دەست لەدەستیان بەردەیت لەبەر ئەوەی بەخشندە بووی وای لەبیرت چوو تریسکەی چاوی پشیلە لە دەمی تاریکی دیکتاتۆر ھێزی گەشەی وەرگرتووە بەردەوام لە ئاژاوەدا گەورە و گەرم دەبێت حاجی لەقلەقیش سەری لە دەمی ھێلانەی دەردەھێنێ و ھەست ڕادەگرێت.


ئایاری ٢٠١٦ ھەولێر

 

 

٤- تۆ بڵێی چوارڕیانەکان بژمێردرێن و بزانین ژمارەیان چەندە.


من دژی تۆ لە چوار لاوە چاویان لەسەر سێرە بچووک کردووەتەوە مەبەستمە مرۆڤ ھەمیشە مەستی و مەبەستێکی ھەیە ئەو چوارڕیانە ببڕم و لە چاوی مۆنی گوللەدا لە خۆم بڕوانم غەریب نەبم بە خۆم خۆشحاڵیی شەھیدنەبوویەک پێی لە شەقامی قەدەغەکراو دانا چاوی ڕکھەڵگری سەر سێرە تا لێواری تەقین پڕ ھەڕەشە بوو بچووک بووەوە بچووک تا ژووری گلێنەی پەردەی دادرایەوە کاتێک پێڵووی ڕقی خاوبووەوە من دەستم بە دڵمەوە گرتبوو ڕەت ببووم ژیان زۆر درێژ بوو لەناو چوارڕیاندا چاوی ئەو کاتە چەند ڕوون بوو خۆشحاڵیی من ھۆیەک بوو بۆ ئەوەی ڕوون بێت چاوی ئاوێنەی مەرەکەب پرشنگ لە چاوی بازی کێوان وەردەگرێت و چلچرای یاد دادەگێرسێت


ئێستا چی دەکات
ڕابردوو چی کرد
ئەرێ دەبێ داھاتوو چی بکات


لە سەرەتای شەوەوەش ئاوێنە کوێر دەبێت بە دوو دەست لک و چڵەکانی ناو تەمم لادا ڕۆحم بە موورتک و بەڵاڵووکی پەرژینی باخێک ھەڵواسی خۆر بەسەریەوە پشووی دەدا میوەکانی گەییبوون گوللە لێی دەکشێتەوە و ھەڵدەبزڕکێت مانگ ئاوا نابێت لەناو ئاودا دەخنکێت کە ھەڵدێ دەیەوێ لەناو ئاودا بمرێت یان بەلادا بچێت و سروودی شەوی ڕوون بە ئاوازی باو بچڕێت ئەگەر ئەستێرە سڵاوی لێ وەربگرنەوە ئەوە بێ پەروا لە بێھوودەییدا دەمرێت ئەگەر سڵاوی لێ وەرنەگرنەوە ناوی ئەو بەردانە لەبەر دەکات کە بۆ کێل دەتراشێن ماچی دەکەم و بەترسەوە سەیری دەوروبەر ناکەم و شەش جاری تر ماچی دەکەم ڕوخسارێک ھەمیشە دەمەوێ بیھێنمەوە یاد وەک ڕۆژی ڕووناک ساکار و ھێمنە سەیرکە دەبینم مانگ دەگۆڕێ مانگ گۆڕانێکی نھێنییە لە دەروونی مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر پاشان سروشت دەبێت بزانیت جەنگی نھێنی بکەین جەنگی نھێنیی مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر و سروشت


ئاسمان شۆراوەبێنەوای شەوبا ھێناو کڕنووش دەبا ناوچەوانی بە ڕوونی ناو یاقووت دەکات گۆزە بەسەر زەویدا قڵپ دەکاتەوە و زەویدەشۆرێت ئاسمان لە زەویی شۆراو شەرم دەکات کەڵەکێوی گۆزە بە شاخیانەوە ھەڵدەگرن لە ئاگری دۆزەخ پڕی دەکەن و بۆمان دەھێننە خەڵوەتی گەرم خەڵوەتگا سەری بە ئاگری یەکەمین سووتان داپۆشراوە


چوارڕیان و شوێنی تر
گۆڕەپانی یاری و شوێنی تر
ناوەندی شار و شوێنی تر


ئێرە و شوێنانی تر و دۆزەخ و بەرزەک و بەھەشت و خەڵوەتگا بەین و نابەینێ ھەوا دەگۆڕن و لەناکاو دەمرن کەڵەکێوی وەرە دەمەوێ دوای خەون بینینێک بتبینم ئەو پێی گوتم لە بیرم چوو حەوت خەولێکەوتووەکە یان حەوت تەزیوەکەی ناو ئەشکەوت ھێشتان ئاھەنگی ھەنگاویان نەگێڕاوە و گەرمیان نەبووەتەوە ڕەنگی تیشکی خۆر و ھاوئاوازی مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر و سروشتیان نەناسیوە من بە سێ پشت لە حەوت خەولێکەوتووەکە یان حەوت تەزیوەکەی ناو ئەشکەوت گەورەترم و ئاگری یەکەمین سووتان لێی داوم


ئەشکەوت ھەمووی لەناو کۆتایی خەڵوەت و دەرگا داخستنی خۆیاندان لاپەڕەکانی کتێبی ئاسمان کپن لەمێژە دەرگا خۆشاوی سڵاو نانۆشێت خەونی پاراو لەمێژە لاپەڕەی حەوت ڕەنگی پڕبووەتەوە لەمێژە نامە ناخوێندرێتەوە لەمێژە گەنجینە بووەتە خۆڵەمێشێکی سارد لەمێژە نقێمی ئەنگوستیلە ئەفسوونی تێدا مردووە لەمێژە ماچی وەفا و ئاشتبوونەوە ساردبووەتەوە لەمێژە کاروانێک لەناو فنجانی قاوەگرەوەدا تووشی ڕێگربووە لەمێژە خەوتووەکان خەون بۆ یەکتر ناگێڕنەوە و بەخەونی خۆشی یەکتر دڵخۆش نین بە قووڵی چووینەتە ناو خەون و ھەرچی خەونمان ھەیە دەیخەینە سەر پشتی ئەسپ و بەرەڵڵای ناو گیای تەڕی دەکەین تا دەگاتە دوا سنووری خوانی خودا سوارچاکی سروشت دەیگرێتەوە و دەیھێنێتەوە دەرگای ماڵمان خۆشاوی سڵاوی دەنۆشێت و خۆشحاڵی دەنوێنێت کڵۆیەک شەکربوو لە خوناوی ھەواڵێکی خۆشدا توایەوە گیای تەڕ چرکەکانی مرۆڤ و ئاژەڵ و باڵندە و پەلەوەر و زیندەوەر و سروشت دەژمێرێت بولبول لە تەنیشت گوڵی پشکووتوو پەلوپۆ و پەڕوباڵی لە ئاوی پاک ھەڵێناوە و چێژ لە پێ لەسەر عەرد دانان وەردەگرێت نیگای ئاشنا و نیوە ئاشنای دەزووی مۆم خوێنی بەجۆش ھێنام خوێنم جۆشا دەتوانم یەکپشوو بکەومەڕێ تا گوڵی نەرم و نیانی فریاکەوێ چرپەیەک لەبەر گوێی پەپوولەی نیشتووەوەی بەردەمی ماری کلکسەردا بکات بچێتەوە لای چرای یەکەمین ڕووناکی و خۆرێکی گەرمی بەسەرەوە بێت خۆر یەکە و نابێتە دوو ئاگری یەکەمین ڕووناکی نەرمە باڵ ناسووتێنێت باڵ بۆ خۆی ڕازێکە خولێکی بە دەوری ئاگری یەکەمین ڕووناکیدا ماوە بچێتە دیدەنی کەسێک دڵی خەبەری داوە ئەستێرەیەکی نوێژکەر دەبێتە قەڵەمڕەنگی تابلۆی خۆرێکی نەوی دەکێشێ دەگاتە کاغەزی بەردەستی و ناگاتێ لە یەک کاتیشدا ھەڵدێ و ئاواش دەبێـت.


نیسانی ٢٠١٦ ھەولێر

ماڵپه‌ڕی سەباح رەنجدەر

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک