


وا نزیکه ئه‌م ساڵه خوێناوییه‌ی ته‌مه‌نه سه‌رسپییه‌که‌ت
بار و کۆچی کۆکاته‌وه و
به ساڵێکی نوێت بسپێرێ
خه‌مه بێ کۆتاییه‌کانی دڵه سووره‌که‌ت
له‌گه‌ڵ فرمێسکی پیرێ ژنه پرچ به‌فرینییه‌کان و
جه‌رگه ئاگرینییه‌که‌ت
له که‌زێ ئاڵۆسکاوه‌که‌ی ته‌مه‌نی من ده‌ئاڵێ
له زۆر شاران
له زۆر کوچه و کۆڵانه‌کان
به‌فر ئه‌بارێ
که‌چی به‌سه‌ر ئه‌م جه‌سته شه‌که‌ته ماندووه‌ی تۆدا که‌رکوک
من نازانم
بۆچی ئه‌بێ
به تاقی ته‌نیا
خوێن ببارێ؟
ئه‌بینم خه‌نده خۆی لکاندووه به لێوی ئه‌م مه‌خلوقانه‌وه و
دره‌ختی کریسمس ده‌ڕازێننه‌وه
شار ڕه‌نگاو ڕه‌نگ ده‌که‌ن و
ئاهه‌نگ ده‌گێڕن
تۆش له‌ولاوه
به قه‌د و باڵای جوانه مه‌رگێکدا
فرمێسکه‌کانت هه‌ڵده‌واسی و
ئه‌م له خۆدان و شیوه‌نه
ده‌ڕازێنیته‌وه
له هه‌نێ کوچه و شاری ئه‌م که‌وکه‌به
جه‌ژنی قوربانه و
قوربانی بۆ هه‌ژاران ده‌کرێ
له ئامێزه پڕ سۆزه‌که‌ی تۆش
هه‌ر ئه‌بێ جه‌رگی خۆت بسوتێ و
خوێنی ڕۆڵه‌کانت بڕژێ
له وڵاته‌که‌ی من و تۆ که‌رکوک
ئه‌بی مرۆڤ قوربانی بێ
من خۆم بینیم
شیعر ده‌گریا و
شه‌ونم دڵنه‌وایی ئه‌دایه‌وه
ده‌شتی چیمه‌ن کراسێکی ڕه‌شی له‌به‌ردا بوو
تۆش؟
هه‌ر ته‌ماشات ئه‌کرد و نه‌تده‌ناسیه‌وه
ئه‌م ئێواره‌ی جه‌ژنه
ئاسمان ڕه‌نگی بابه گوڕگوڕی گرتبوو
من وابزانم ئه‌ویش وه‌ک تۆ
ئه‌ویش وه‌ک من
ئه‌ویش وه‌ک خوا
له خوێن پژێنه‌رانی تۆ
فره تووڕه بوو
و
سوێند بێت به خۆت
به عه‌شقی خۆت
سوێند به گۆرانییه پڕ خه‌مه‌کانت و
سوێند به جه‌سته خوێناویه‌که‌ت
سوێند به مێژووه تاڵه‌که‌ت
سوێند به پیرۆزی ناوه‌که‌ت
هه‌ر له پاسارییه‌کانی بناری به‌مۆ
تا دڵه سوتاوه‌که‌ی بابه گوڕگوڕت
هه‌ر له به‌رد و گوڵی گۆیژه
تا هه‌ڵگیرساوی ڕۆحی پڕ گڕت
ئه‌م هاوینه چه‌می خاسه وشک نابێ
به فرمێسکی دوژمنانت
به خوێنی پیسی ناحه‌زان
لێوان
لێو
ده‌بێ
سوێند به شه‌هید و
دیسان سوێند به خۆت
هه‌ر ڕۆژێ دێ به ئازادی
سه‌رهه‌ڵبڕی و هاوار بکه‌ی
ستران بچڕی
ئێمه ئه‌و ڕۆژه‌ت قه‌رزارین
تێیدا باڵه‌کانت بکه‌یته‌وه و
به ئاسمانی داهاتوودا
به ئاسمانی کوردستانا
به ئاسمانی که‌رکوکماندا
ترۆ
ترۆ
.بفڕی
هۆڵند
kany_awin@hotmail.com
|