په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١١\٢٠١٥

ئالای فەرەنسا؛ لە نێوان داگیرکار و فریادرەسدا.

رێبوار عارف     

 

دوای ئەنجامدانی ھێرشە تیرۆریستییەکانی پاریسی پایتەختی فەرەنسا، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بەتایبەت بەکارھێنەرانی فەیسبووکی لێوان لێوکرد لە وێنەی ئەو پڕۆرفایلانەی کە ئاڵای فەرەنسا بەشێوەی تارماییەک لەسەر وێنەکانی خۆیاندانا. ئەم شەپۆلە دەکرێت بڵین ھەزاران ھاولاتی ھەرێمی کوردستان ودەرەوەی ولاتی گرتووتەوە. ئەوەیکە ‌لەمبارەوە جێگەی ھەڵوێستەیە ئاوڕدانەوەیەکە لە پاڵپێوەنەری ئەو ھۆکارەی کەچۆنە بەخێرایەکی ئاوازوو بەرفراوان دەبێتەوەو تۆرە کۆمەلایەتیەکان دەتنێتەوە؟

بەبڕوای من مۆتیڤی سەرەکی شەپۆلی گۆڕینی پرۆفایلەکان بە ئالای فەرەنسە، ئەوەمان پێدەلێن کەپەیام وناوەڕۆکی بیرکردنەوەیان لە ڕوانگەی کوردو کوردایەتیەتی و فەرەنسە بەفریادرەس نیشاندەدەن لەبەرامبەر بە کورد لە جەنگی دژی داعشدا. ئەم ڕوانگەیە گرنگ بەلایەوە کە حکومەتێک ھەیە داکۆکی لە دۆزی کورد دەکات، ئیتر ئامانج و کارنامەو رابردوی ئەو حکومەتە چی وچۆنە ھیچ جێگەی سەرنج و گرنگیپیدان نیە. گرنگ ئەوەیە چاوی ڕەحمەتی ئەو دەسەلاتە لەسەر زۆنی ئەم ھەرێمەیەو ھاوکێشەکە لە ڕواڵەتدا لەبەرژەوەندی کوردەکەدایە. ئاخر ھەمان میتۆدو ئاراستە لە ئۆپراسیۆنەکەی سالی ٢٠٠٣دا بۆ پەلاماردانی عیراق،‌ لەلایەن ئەمریکاو ھاوپەیمانیەکانیەوە ئەوەی سەلماند کە ئەو لەشکرکێشیە داگیرکاری نەبوو. ئیتر با حکومەتی ئەمریکا چەندین جار بە فەرمی دان بەو راستیەدابنێت، کە ئەو ئۆپراسیونە داگیرکاری بووە، بەلام ھێشتا حکومەتی بۆش لە قولەی قافدایەوە ڕەمزو ھێمای فریادرەس بوونی کوردە. ئەوەی کە ھەمان جەنگ دەبێتە ھۆی کوشتاری نزیک بە ملیۆنیک ئینسان لە خەلکی عیراق بەبەھانەی بوونی چەکی کۆکوژی دەکرێت ھەمووی جێگەی ستایش و پیاھەڵدانی بزوتنەوەی کوردایەتی بێت؛ جابا دان پیانانی ھەڵە بوونی ئەم کارەو داوای لێبوردنکردن لەلایەن تۆنی بلیر یەکەمین سەرەکوەزیرانی ھاوپەیمانی ئەمریکاوە پاش ١٣ سال تیپەربوون بەسەر ئەو کارەساتەدا ئابروچوونێکی نەنگینی ئەو ئۆپراسیۆنە بێت ھێشتا لای ئەم بەڕێزانە پەلەی نەداوەو کێشەیەک لەگۆڕیدانیە. ھێشتا ئەمە بۆ قەومپەرستی خۆپەرستی کورد شەرعی جوامێرانەی ئەو ئۆپراسیونە لکەدارناکات، چونکە گرنگ ئەوەیە کە کوردەکە لەم زەلکاوەدا ماسی دەگرێت و بەھرەمەند دەبێت. گاڵتەجارییەکە ئەوەیە کاتێک کە فەیسبووک و تۆرە کۆمەلاتیەکان پڕدەبن لە ئالای فەرەنسە بەسەر پرۆڤایلی ھەزاران کەسەوە، قەومپەرستی کوردایەتی غیرە دەیانگریت و کاردانەوەیەکی خیرا لە خۆیان نیشاندەدەن بەوەی کە ھیچ ئالایە نابێت لە ئالای کوردستان بەپیرۆزتر بزانریت وبکرێتە ھێماو ڕەمزی ناسینەوەی خۆمان. ئەوەی لەم بازنەیە لادەدات سنووری کوردایەتی بەزاندوەو بێگانە پەرستو نۆکەرو خۆفرۆشە. دەکرێت بڵین بەداخەوە باری تراژیدی ئەم کارەساتە ھێندە گەورەو نامرۆڤانەیە شەپۆلێکی بەرچاو لە خەڵکانی ئازادیخوازو چەپیشی پەلکێشی ھەمان مەیدانی نمایشکردنی وینەو پرۆفایلەکانی خۆیان بە ئالای فەرەنسەکردوە. کە ئەگەر پاساوەکە نیشاندنی ھەرجۆرە ھاوغەمی و بەشداریکردنیکیش بێت لە پرسەو نیگەرانی قوربانیانی ئەم ڕووداوەدا،ھێشتا نەدەبوو بێدیقەتی بەو ئاستە ‌بگات کەچاو لەکۆی تاوانەکانی پشت ئەو ئالایە بنووقێنرێت. ئایا بەڕاستی ھیچ ڕێگەو ڕەوشتیکترنەبوو بۆ نیشاندانی ئەو ھاودلیکردنە لەگەل قوربانیانی ئەم رووداوەداو تەنیا دەبێت لە ژیر سایەی ئەو ئالایەوە بیت کە حکومەتەکەی دەیان و سەدان کوشت و کوشتارو کارنامەی مرۆڤانەی لە میژووی خۆیدا تۆمار کردوە؟


ئایا ئەم ئالایە ھەر ھەمان ئالای نمایشکردنی کوشتاری کۆمۆنارەکانی پاریس نیە؟‌ ئایا ئەمە ھەمان ئالای داگیرکاری ڤیتنام و شمالی ئەفریقای و‌شۆڕشی جەزائیری نیە؟ ئایا ئەم ئالایە، ھەمان ئالای پڕچەکردنی تیرۆریستەکانی لیبی و سوریاو زۆریِک لەولاتانی خۆرھەلاتی ناوەڕاست نیە؟ ئایا ئەم ئالایە ھەمان ئالای لەخۆێن ھەڵکێشانی خەلکی عیراق و ھێنانە سەرکاری حکومەتی جمھوری ئیسلامی و پشتیوانەی چەندین سالەی حکومەتی بەعسی عیراق نەبوو؟‌


ئایا ئەگەر کۆی ئەو فاکتەرانەش وەلانین تەنیا کوبوونەوەکەی ئەمڕۆژانەی ولاتانی G٢٠ جیھانی کە لە شاری ئەنتالیای تورکیا بەرابەری ئۆردگانی سەرۆککۆماری تورکیا بەرپاکرا، ھیچ گومانیک دەھێڵیتەوە بۆ ئامانجەکانی پشت کۆی ئەو ئالایانەی کە لەم کۆبوونەوەدا نمایشکران؟ ئایا بەڕاستی چەپ وئازادیخوازیک ھەیە گۆمانی لەوەبێت کە سەرانی سەرمایەداری ئەم ولاتانە خۆیان نەخشکێش وخولقێنەری تەواوی قەیران وکێشمەکێشەکانی جیھان وبنیادنەری ئەلقاعیدەو داعش وھەموو ھاوشێوەکانیانن؟ ئایا سەرۆکی یەکێک لەو ولاتانە کە ڤەلادیمیر پوتینی شەریکەبەشبوو لەھەمان کۆبوونەوەدا دانی بەوەدانەنا کە: داعش زیاتر لە٤٠ وڵات ھاوکاری دارایی دەستەبەر دەکات، لەناویان ئەندامانی ئەو وڵاتانەش ھەیە کە ئەندامیG٢٠ ن.؟ ئەرێ بەڕاست چاونووقانی فەرەنسە لە تاوانەکانی حکومەتی ئوردگان دژ بەخەڵکی کوردزمان و دژ بەخەلکی ئازادیخوازی تورکیاو ناوچەکە نیشانەی گێلی وبێئاگابوونی فەرەنسەیە لە کارنامەی حکومەتی ئوردگان؟ یابەڕاستی تەواوی داستانەکە دابەشکردنی سەروەت سامانی دنیایە لەنیوان خۆیاندا. ئەمە چ رۆژگاریکی تالە کە حکومەتی شەریکەبەشی داعش کە تورکیایە دەبێتە مێزبانی ئەم ولاتانە بەتێکرای دەنگ بەلێنی ھاوکاریکردنی دەدەن تۆ بلیت ئەمەشیان بۆ بەرژەوەندی خەڵکی کوردو ناوچەکەبێت یان ڕاستگۆی ئارمانی ئامانجەکانی ئەو چینەی کە تەواوی سەرماییەی جیھان بەدەم شەراب خواردنەوە دابەش دەکەن.


دواجار دەبێت بڵین بەداخەوە بۆ ئەو ھونەرمەندە مەزنەی کە لە سالی ١٧٩٤دا دیزاینی ئالای فەرەنسەی وەک ھێمایەک بۆ ئازادبوونی شۆرشی فەرنسەکێشا، تۆبڵی ئەگەر ئەم ڕۆژانە ’’ڕۆحی’’ ئەم ئینسانە زیندوبێتەوە شەرم نەیگرێت کە لە پشت تابلۆکەی ئەوەوە، چ مێژوویەکی خۆیناوی ئەنجادراوە؟ تۆبلی ئەگەر (جاک لۆئی داوید)ی ھونەرمەند زیندوبێتەوە وێنەی پرۆڤایلەکەی خۆی بکاتەوە بەھەمان ئالایەک کە خۆی نەخشەکێشی بووە؟ ئەمە تەنیا پرسیاریکەو ھیچکە، بەلام ئێستە پاش ئاوڕدانەوەیەک لەئامانجەکانی پشت ئەو ئالایە بەدەر لە پاساو پیاھەڵدانی ناسیونالسیتەکان و بینینەوەی جیھان لە کونە دەرزی قەومپەرستیەوە، ئایا ھێشتا دەکرێت کەسانی چەپ وئازادیخوازیخواز گۆڕینی پرۆڤایلەکانی خۆیان بە کارێکی شایستەو گونجاو بزانن لەنێو بازاری ھەر ڕۆژەی ئەم کردەوە تیرۆریستایانەدا لەسەراسەری دنیا؟
 

 

rebwar.arif@hotmail.com

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک