په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ڕاپۆرتى ڕێکخراوى ئاسک ــ ASK

بۆ چاودێریکردنى ڕێژەى هەڵاوسان لەهەرێمى کوردستاندا

بۆ مانگى تشرینى یەکەمى ساڵى 2008


ئا: بەشى ئابوورى


بەپێى ئەو داتا و زانیارییانەى بەشى ئابوورى ڕێکخراوەکەمان دەستى کەوتووەو لەو نەخشەیەدا دیارە کە هاوپێچەو تێیدا چاودێرى ڕێژەى گۆڕانى نرخەکان دەکرێت لەکۆمەڵێک گروپى وەکو خۆراک و جگەرەو خواردنەوەو قوماش و جلوبەرگ و کەل و پەلى ناومال و سوتەمەنى و ڕووناکى و گواستنەوەو گەیاندن و کەل و پەل و خزمەتگوزارى جۆراوجۆر و کرێ و دەرمان و خزمەتگوزارى پزیشکى. بۆیە لێرەدا ژمارەى پێَوانەیى نرخەکانى بەکاربەر لەمانگى تشرینى یەکەمى 2008 لەکوردستاندا دەخەینە ڕوو.


لەکاتى بەکارهێنانى ژمارەى کۆى پێوەرى گشتى نرخەکان، بۆمان دەدرەکەوێت کۆى گشتى نرخەکان لەو مانگەدا لەهەرێمى کوردستان بەگشتى دابەزینیان بەخۆیانەوە بینیوە، بە بەراورد لەگەڵ کۆى گشتى نرخەکانى مانگى ڕابردوو، بۆیە کۆى گشتى نرخەکان بەڕێَژەى (6.88) دابەزیون بە بەراورد لەگەڵ مانگى پێشووتردا وەکو ئەوەى لێرەدا دەیخەینە ڕوو:


ژمارەى پێوانەیى = نرخەکانى مانگى تشرینى یەکەم / نرخەکانى مانگى ئەیلول * 100


ژمارەى پێوانەیى = 919254 / 987108 * 100 = 93.12


ڕەنگە هۆکارەکەش ئەوە بێت کە کۆمەڵێک گرووپى کەل و پەل هەن بەدۆلار دەخەملێنرێن و مامەڵەیان پێدەکرێت، دۆلاریش ئەگەرچى تا ڕادەیەک نرخەکەى جێگیرە، بەڵام بەرانبەر بەدینارى عێراقى کەمێک دابەزینى بەخۆیەوە بینیوە، ئەوەش بۆتە هۆى ئەوەى بەگشتى ئاستى نرخەکان داببەزێت، بۆیەش ژمارەى گشتى و پێوانەیى نرخەکانیش دابەزیوە.


بەڵام لەکاتى بەکارهێنانى کۆى گشتى پێوانەیى نرخەکاندا بەشێوازى ڕێژەیى کە تەنیا بۆ دۆزینەوەى ژمارەى پێوانەیى هەر گرووپ و کۆمەڵە کەل و پەلێکە، ئەوە ناوەندى ڕێژەیى ئەو نرخانە پیشانى دەدەن کە بەڕێژەى (148.56) لەسەدا نرخەکان بەرز بوونەتەوە وەکو ئەوەى لەو نەخشەیەدا هاوپێچە، بۆیە هۆى زیادبوونى ئەو ژمارەیە لەنێو شارەکانى هەرێمى کوردستاندا ئەنجامى بەرزبوونەوەى نرخى (جگەرەو خواردنەوەو جل و بەرگ و پۆشاک و سووتەمەنى و ڕووناکى و گواستنەوەو گەیاندن و کرێ و دەرمان و خزمەتگوزارى پزیشکى، لەکاتێکدا کە دابەزین هەبووە لەکۆمەڵێک کەل و پەلى وەکو (خۆراک و ئامێرو کەل و پەل و کاڵاو شتومەکى ناوماڵ و خزمەتگوزارى جۆراوجۆر). بەڵام دیارە بەرزبوونەوەى نرخى کۆمەڵەکەى سەرەوە کاریگەرى هەبووە لەسەر بەرزکردنەوەى کۆى گشتى نرخەکان لەو مانگەدا، بۆیە دەبینین ژمارەى پێوانەیى نرخەکان بەرز بۆتەوە.


ئەو زانیارى داتایانەى لەبەردەستدان پیشانى دەدەن کە ڕێژەى ناوەندى نرخەکان لەهەر کۆمەڵێکدا بەپێى سەرەتاو کۆتایى حەفتەکانى مانگ دیاریکراوە، بۆیە دەبینین گەورەترین دابەزینى نرخ لەشارى هەولێر لەبوارى کەل و پەل و خزمەتگوزارى جۆراوجۆردا بووە، ئینجا دواتریش لەکرێ، ئەگەرچى نرخى ئەو شتانەى کە بەدۆلارن مامەڵەیان پێدەکرێت دانەبەزیوە، بەڵام دابەزینى نرخى گۆڕینەوەى دۆلار بۆتە هۆى دابەزینى هەندێک لەنرخەکان.


لەشارى دهۆکدا کە جۆرێک لەجێگیرى ڕێژەیى هەیە لەنرخەکاندا، بەڵام نرخى کەل و پەل و خزمەتگوزارى جۆراوجۆر دابەزیوە وەکو ئەنجامێکى جێگیرى نرخى کانزاکان و هەندێک کەل و پەلى بیناسازى.


لەشارى سلێمانیدا کەمێک بەرزبوونەوە لەنرخەکانى وەکو کەل و پەلى ناوماڵ و کرێ ڕوویداوە، بەڵام ئەو کاڵایانەى کە دابەزیون بریتى بوون لەئامێرى ناوماڵ.

نەخشەى کۆى گشتى ڕێژەى هەڵاوسان لەشارەکان بەتایبەتى و لەهەرێمى کوردستانیش بەگشتى:



ڕێکخراوى ئاسک ــ ASK (American Society For Kurds) ڕێکخرواێکى ئەمریکى کوردى نێو دەوڵەتییەو نووسینگەى سەرەکى لەشارى تالاهاسى پایتەختى ویلایەتى فلۆریداى ئەمریکایەو نووسینگەى سەرەکى هەرێمى کوردستانى لەشارى هەولێرە. ASK لەساڵى (1997) لە ئەمریکا دامەزراوە و لەساڵى (1999) وە لەکوردستان کاردەکات.