په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٣\٥\٢٠١٤

ئاوڕدانەوەیەک لە رووهێنانی ژنان بۆ بازاڕی کار و دەسکەوتەکانیان!


لاوژە ماهیە       


لە عێراق و کوردستان، بارودۆخی کرێکاران بە گشتیی و ژنانی کرێکار بە تایبەتیی زۆر خراپە و بە بەراورد بە وڵاتانی خاوەن پیشەسازیی پێشکەوتوو سەدان ساڵ لە دواوەیە، بۆ نموونە هەلومەرجی نالەباری شوێنی کاری ژنان و بێ مافیی و دەستدرێژیی سێکسیی و هەقدەستی کەمیان بە ئاشکرا ئەوە نیشان دەدا و تا ئێستاش یاساکارێکی پێشڕەو بوونی نییە.


عێراق یەکێک لەو وڵاتانە، کە ئەمەریکا و رۆژئاوا بە درێژایی سەد ساڵی ڕابردوو هەوڵیان داوە بە پاشکەوتوویی بمێنێتەوە و بازاڕێک بێ بۆ هێنانی کالای دەرەکیی لە بەرانبەر فرۆشی مادە کانزاییەکانی، ئەوەش هۆکاری سەرەکیی بووە بۆ گەشەنەکردن و ناجێگیربوونی ئابووریی و پەرەدان بە و درێژەدان بەو دۆخە.


لە سیستەمی ئابووریی عێراقدا، داهاتی دەوڵەت پشتی بەستووە بە بازرگانیی لە ڕێگای فرۆشتنی کەرەستەی خاو و هێنانی کەلوپەلی دەرەکیی، ئەوەش هۆکاری سەرەکییە بۆ ئەوەی دەسەڵاتداران دەربەستی چینی کرێکار نەبن و لاسار و خەمسارد بن لە بەرانبەر خۆشگوزەرانیی خەڵک. لە وڵاتانی ڕۆژئاوا دەوڵەت باج لە هەموو کەسێک وەردەگرێ و لە بەرانبەریدا بەرپرسە لە دابینکردنی پێداویستیە سەرەکییەکانی ئەو کەسانەی کە بێکارن و یان توانای کارکردنیان نییە، واتا کارکردنی هاوڵاتی لە ئەروپا گرنگە بۆ دەوڵەت، هەر کرێکارێکی بێکار بچێتە سەر کار دوو جار پارە دەگەڕێتەوە بۆ دەوڵەت، لە لایەک نەفەرێک کەمتر پارەی بێکاریی وەردەگرێ و لە لایەکی تر ئەو کەسەی کە کاردەکا باجی زیاتر دەدا. واتا گرنگە بۆ دەوڵەت بواری کارکردن هەموار بکا بۆ سەرجەم ژنان و پیاوان.


باڵەکانی بورژوازی عێراق، بەردەوام هەوڵیان داوە نەتەوە و دین بکەن بە ئامرازێک بۆ پۆلاریزە و پەرتەوازەکردنی چینی کرێکار و ئەو سنوورە دەستکردانە دەکەنە تیر و شیر بۆ پاراستنی بەرژەوەندییەکانیان، بە قووڵکردنەوەی کەلێنی نەتەوەیی تیر و شیرەکانیان دەمەزەرد دەکەنەوە و دووبەرەکیی لە نێو چین و توێژەکانی کۆمەڵ دەنێنەوە.


کۆمەڵگای عێراق بەش بەش کراوە بە سەر حیزبە میلیشیایە چەکداریی و میللیی و دینییەکان کە پشتیان بەستوە بە هێزە دەرەکییەکان و ژمارەی چەکدارەکانیان سنووری دەسەڵاتیان دیاری دەکات. لەم نێوەدا ئیرادەی خەڵک وردوخاش و بێ بایەخە. کۆی ئەم تایبەتمەندیانە، بوونەتە هۆی دەمارگیریی و لوبنانیزەکردنی کۆمەڵگا و پەرشوبڵاویی چێنی کرێکار. بە شێوەیەکی ناڕاستەوخۆ سەرجەم خەڵکیان ناچار کردووە، بۆ دابینکردنی ژیانی ڕۆژانەیان خۆیان بە حیزبە دەسەڵاتدارەکانەوە هەڵواسن.


ئەگەر سەیرێکی کوردستان بکەین و چاوێک بە بارودۆخی ژنانی کرێکار بخشێنین، دەبینین لەدوای کودەتا سەربازییەکەی ساڵی ١٩٥٨ەوە بزووتنەوەی ژنان سەریهەڵداوە، بەڵام وەک و بزووتنەوەی کرێکاری و بزووتنەوەکانی تردا لەژێر سایەی حیزبی شیوعی بوەو نەیتوانیوە ئاراستەیەکی ڕادیکاڵانەو پێشڕەوانە بەخۆی ببینێت و گەشەبکات. هەر لەم سەردەمانەشەوە ژنان لە بازاڕی کاردا دەرکەوتون وەکو کارمەندی فەرمیی حکومی. هەلی خوێندن بەتایبەتی لە شارەکان بۆ ژنان ڕەخساوە بەڵام بە هۆی زاڵبوونی پیاوسالاریی و سیستەمی خێڵەکیی، بزووتنەوەکانی ژنان نەیانتوانیوە ئەوەش بسەپێنن کە لە یاسای کۆنەپەرستانەی دەسەڵاتدا ئەگەر مافیاکیان لەسەر کاغەز هەبووبێ. هەر ئەمەش وایکردووە کە ڕەوڵیان نەبێت لە گۆڕەپانی سیاسی و بڕیارداندا. سەرباری ئەوەی کە بەشێک لە ژنان خاوەنی کار بوون، بەڵام بەهۆی یاساو ڕێسای باو ئابوورییان سەربەخۆ نەبووە پیاوان بوونە بەرپرسی یەکەم لە بەڕێوەبردن و دابینکردنی ئابوری خێزان. هەرچەندە لە بازاڕی کار بوون بەڵام کاری ناوماڵ و پەروەردەکردنی منداڵ کاری یەکەمی ئەوان بووە. سەرەتا بەهۆی سەرکوت و ستەمی حکومەتی بەعس و دوایش بە هۆی نەبوونی نیازی ڕێکخراوبوون نەتواندراوە شوێنی شیاو بۆ پەروەردەی منداڵ دابینبکرێت، کە خەمی منداڵەکانیان نەبێت لە کاتی کارکردنیان، لە هەمان کاتدا مافی منداڵ لەباربردن یان بەرگرتن لە دووگیانبوونیان نەسەپاوە.


لەم ساڵانەی دواییدا بە هۆی گەشەی سەرمایەداریی لە کوردستان و ناچاربوونی ژنان بۆ کارکردن ژنانێکی زۆر روویان لە کەرتە تایبەتەکان کردوە و کار دەکەن، سەرباری هەموو ئەم کێشانەی کە رووبەڕووی کرێکاران بە گشتیی دەبێتەوە، ژنان بە شێوەیەکی تایبەت و زیاتر رووبەڕوو دەبنەوە، بۆ نموونە یاسایەکی کاری پێشڕەو نییە کە مافی ژنانی کرێکاری تێدا فەراهەم کرابێ.. هەر بۆ نموونە بوونی شوێنی پەروەردە و چاودێریی منداڵ کە شیاو بێ، من ژنی کرێکار دەناسم ناچارە منداڵەکەی بباتە دایەنگا، نیوەڕۆیان بچێ خۆی لەوێ دایبیەکەی بگۆڕێ بۆ ئەوەی منداڵەکەی دوور بێ لە بەکتریا و سوتانەوەی پێست.


دیارە مافی چاودێریی دایکایەتی لە کەرتە گشتییەکان هەیە بە دوای لەدایکبوونی منداڵ ٦ مانگی یەکەم بە کرێی تەواوە بەڵام ئەو دەرماڵە و زیادەی تر کە هەیانە هەمووی دەبڕێ و ئاستی مووچەکەی زۆر دێتە خوارەوە و لە ٦ مانگی دووەم نیوەی ئەمەشیان وەردەگرێ. دیارە ئەمەش دەبێتە هۆکاری کێشە بۆ خێزانەکان.


هەروا لە کەرتە تایبەتەکاندا هیچ کام لەم مافەنەش نییە، ناچارن دووگیانبوونیان لە خاوەن کار بشارنەوە، یاخود منداڵەکانیان لەباربەرن، لە زۆر باریشدا بەر بە دووگیان بونیان بگرن. لەگەڵ مادە کمیاییەکان بە تایبەتی ئەوانەی خەریکی پاکردنەوەن لە میوانخانەکان بەرەوڕوون و ئەوەش دەبێتە هۆکاری نەخۆشیی پێست و سی و یەکێکیشە لە هۆکارەکانی نەزۆکیی.


بە جیا لە هەموو ئەو کێشانەی کە کرێکارانی ژن هەیانە، بە هۆی ئەوەی ژنان وەکو کێڵگەی سێکس و تێرکردنی ئارەزووی سێکسی پیاوان لە کۆمەڵگادا سەیر دەکرێن، لە لایەن خاوەن کار و هاوکارەکانیانەوە رووبەڕووی دەستدرێژیی سێکسیی دەبنەوە، کە ئەمەش دەبێتە هۆی ئەوەی کە ژنان لە چوار دیواری ماڵەوە ببەستێتەوە و زیندانی بکا. ئەوەش زۆر جار دەبێتە هۆی باری دەرونیی خراپ و سەرئەنجام لەوانەیە تووشی خەمۆکیی بێ، ئەمەش بە بەشێک لە خراپیی ژینگەی کار دادەندرێ.


لە لایەکی ترەوە ئێمە لەگەڵ کێشەی کرێکارانی کارگوزار کە لەوڵاتانێکی ترەروە بۆ کار هاتوون لە کوردستان وەک کارگوزار کاردەکەن رووبەڕووین، ئەمانە وەکو کۆیلەکانی سەدەی ناوەڕاست لەگەڵیان هەڵسوکەوت دەکرێت و لە خراپترین بارودۆخدا دەژیەن و کار دەکەن، زۆربەیان رووبەڕووی گوشاری دەروونیی و جەستەیی دەبنەوە و، ئێمە شایەدی چەندین خۆکوشتنی ئەو ژنانە بووین، تەنها بە بیانووی ئەوەی کە باری دەروونیی خراپ بووە کەیسەکەی داخراوە. ئەم ژنە کارگوزارانە رووبەڕووی دەستدرێژیی و بەزۆر بەکارهێنانیان بۆ لەشفرۆشیی دەبنەوە. لە هەندێک لە مێوانخانەکان ناچاردەکرێن شەوانە لە دەرگای ژوورەکان بدەن و لە میوان بپرسن کارتان بە من نییە؟ لە ڕۆژێکدا تا ١٦ کاتژمێر کاریان پێدەکرێ.


بە رای من ڕێگاچارە بۆ باشکردنی بارودۆخی ژنانی کرێکار لە کوردستان، تەنها بە خۆڕێکخراوبوون و دەستبردنیان بۆ خەباتێکی یەکگرتوانە لەگەڵ پیاوانی کرێکاردا دەتوانن هەنگاو بەرەو باشکردنی دۆخی ژنانی کرێکار هەڵگیرێ، ژنانی کرێکار پێویستە شان بە شانی سەرجەم کرێکاران وەک چینێکی یەکپارچەی کۆمەڵایەتی کە یەک بەرژەوەندییان هەیە تێکۆشانی خۆیان یەکخەن. هاوکات بە کۆبوونەوە و پشتبەستن بە حیزبی چینایەتی خۆیان، حیزبی چینی کرێکار خەبات بکەن بۆ دامەزراندنی کۆمەڵگایەکی سۆسیالیست و لە ئێستاشەوە وەک هێزیكی چینایەتی لە بەرامبەر رەوت و حیزبە ناسیونالیست و دینییەکان لەگەڵ کۆی هاوچینەکانیاندا سەنگەر بگرن و خۆیان لە ریزی ئەو حیزبانە جیابکەنەوە.


ئەوەی کە ژنان لە وڵاتانی پێشکەوتوودا توانیان بەشێک لە ماف و داخوازییەکانیان بسەپێنن، ئەوەبوو کە لەسەر بەرژەوەندیی چینایەتی و بە پاڵپشتی حیزبە چەپەکان، خۆیان ڕێکخراو کرد و بە خەباتی بەردەوام و نەپساوە و چاوساغی بەرچاو رۆشنی رابەرانی ژنی سوسیالیست هەروەها سەندیکا کرێکارییەکان ئەو پێشڕەویانەیان مسۆگەر کردووە، واتە لە هەر وڵاتێک چەپ و کۆمۆنیست بەهێزتر بووبێ ماف و دەسکەوتی زیاتر هاتۆتە دی.


مێژووی خەباتی چینایەتی ئەوەی سەلماندوە کە چینی کرێکار دەبێ خۆی رابێ بۆ رزگاریی، نە شا، نە شێخ، نە ئاسمان، کەسیان نابنە دڵسۆز و پاڵپشتی کرێکاران.
 

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک