په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

ئاخۆ شانۆکارانى کەرکوک کەى دێنە گۆ ؟


کـاردۆ


زۆرجار شانۆکارانى کەرکوک گلەیى ئەوەم لێدەکەن گوایە تێڕوانینم بۆ بزاڤى شانۆیى لە شارەکەدا تێڕوانینێکى رەش بینانەیە ، چونکە هەمیشە پێموایە لەکەرکوکدا شانۆکار نییە ، دیارە ئەو تێگەیشتنەم وەک تێگەیشتنى زۆربەى ئەو برادەرانە نییە کە دەرئەنجامى سڕ بوون و مانەوەیان لەنێو زەمەنى رابردوودا پێیانوایە ئەمرۆیش دوێنێیە ، لە راستیدا تێنەپەڕاندنى ئەو رابردووە کە بە رۆژە درەوشاوەکانى شانۆى کەرکوکى وەسفدەکەن ، گەواهى راستییەکانە و دەیسەلمێنێت کە شانۆکاران جگە لە ووتنەوەى وێردەکانى پیرۆزکردنى شانۆى ساڵانى رابردوو، بۆ ئەمڕۆ هیچ باس و خواسێکى دیکەیان نییە، نامەوێ بێمە سەر باسێکى مێژوویى سەبارەت بە سەرهەڵدان بزاوتى شانۆیى لە کەرکوکدا بەڵام راستییەکى حاشاهەڵنەگرهەیە و پێویستە هەڵوەستەى لە سەربکرێت ،پاش کۆتایى ساڵانى حەفتاکان دەتوانین بڵێین جموجۆڵى شانۆیى لەکەرکوکدا نەمابوو، تا سەرەتاى ساڵانى نەوەدەکان چەند تیپێکى شانۆیى وەک تیپى شانۆى ئاشتى و تێکۆشان درووست بوون، دیارە کە فاکتەرى سەرەکیى سەرهەڵدانى ئەو تیپانە پتر فاکتەرى سیاسى بووە، چونکە لەو دەمەدا کەرکوک لە رووى کولتوریى و سیاسیى و تەواوى بوارەکانى ترەوە لە شارەکانى دیکەى کوردستان دابڕابوو ، رژێمى بەعس لە هەوڵى لە ناوبردنى زمانى کوردیدا بوو، بۆیە شانۆ تاکە کەناڵێک بوو بۆ کۆکردنەوەى دانیشتوانى شارەکە و ئاراستەکردنى گووتارێکى سیاسى نا راستەوخۆ دژ بە بەعس، هاوکات جێى ئومێد و دڵخۆشى کوردەکانى ئەو شارەبوو ، جێى خۆیەتى ئەو کەسانەى کە لەو ماوەیەدا کاریان لە شانۆدەکرد رۆڵیان لەو قۆناغەدا بەهەند وەربگیرێت ،چونکە چەندین جار بەعس هەڕەشەى گرتن و کوشتنی لێدەکردن، بەڵام ئەگەر بڵێین لەو قۆناغەدا بە ئاگاییەوە لە بوارى شانۆدا کارکراوە ئەوا پێموایە راستییەکان دەشارینەوە ، و دەرئەنجام خودى خۆمان فریودەدەین ، نەخێر لەو سەردەمەدا هیچ کاتێک گەر بە رێککەوتیش بوبێت شانۆکار نەیتوانیوە بە ووشیارییەکى شانۆیی تۆکمەوە مامەڵە لەگەڵ شانۆدا بکات ، پرۆسەى ئازادى و کرانەوەى کەرکوک بە رووى شارەکانى دیکەى کوردستاندا ئومێدى کرانەوەى رۆژنەیەکى هێنایە کایەوە بۆ ئەوەى لەو دەلاقەیەوە هاوشان لەگەڵ تەواوى گۆڕانەکانى دواى (بەعس)دا بزاوتى شانۆیش گۆڕانى ریشەیى بەسەردابێت ، لەو سەر و بەندەدا پەیمانگەى هونەرەجوانەکانى کەرکوک دامەزرا و چەندین تیپى دیکەى شانۆیى هاتنەکایەوە کە پێموابێت ژمارەیان تا ئەمڕۆ گەیشتووەتە زیاتر لە 15 تیپ کە هەندێکیان مۆڵەتى رەسمیان پێبەخشراوە و مانگانە بودجەى تایبەتیان بۆ تەرخانکراوە ، (تیپى شانۆى ئەزموونگەرى) کەرکوکیش یەک لەو تیپانە بوو کە مۆڵەتى رەسمى پێبەخشرا بەڵام بودجەى بۆ تەرخاننەکراو دەرئەنجام دواى چەندین پرۆژەى شانۆیى تیپەکە بەیاننامەى هەڵوەشانەوەى خۆى راگەیاند،نکولى لەوە ناکرێت تیپى ناوبراو لە چوارچێوەى کارەکانیدا چ لە ئاستى تیۆرى و چ لە ئاستى پراکتیکى رۆلى بەرچاوى هەبوو لە هەوڵدان بۆ گۆڕینى بزاڤى شانۆیى بەرەو ئاراستەیەکى جیاواز ، قسەم لەسەر ئەوەنییە ئاخۆ تا چ رادەیەک لەو هەوڵە سەرکەوتنى بەدستهێناوە،ئەکرێ ئەوەیان بابەتێکى سەربەخۆبێت بەڵام ئەوەى مایەى سەرنجە زۆربەى ئەو لایەنانە کە بەناو وابەستەى شانۆن لە دوور و نزیک پرسیارى ئەوەیان نەورووژاند ئاخۆ هەڵوەشاندنەوەى وەها تیپێکى ئەکتیڤ چەند زیان بە بزووتنەوەکە دەگەیەنێت ؟


بۆ بەرامبەر بەو مەسەلەیە هیچ هەڵوێستێکیان نەبوو؟


لەهەموى سەیرتر وێڕاى بێهەڵوێستى شانۆکارانى کەرکوک بەرامبەر بەو مەسەلەیە چەند شانۆکارێکى شارى سلێمانى بەدەنگ هاتن و لە چەند شوێنێکدا باڵپشتیان لە تیپى ئەزموونگەرى کرد ، بۆ کەسێک کە بەڕاستى شانۆکاربێت ئاساییە ئەو جۆرە هەڵوێستەى هەبێت بەڵام دەبوایە پێشوەخت شانۆکارانى کەرکوک ئەو هەڵوێستەیان هەبوایە،


خۆ ئەگەر ئەو تیپە لەکەرکوکدا هەر هیچى نەکردبێت ،دەرکردنى گۆڤارێکى وەرزى بەناوى (شانۆکار)ەوە بەسە بۆ ئەو شارە کە هەر ژمارەو لەچەند دۆسیەیەکى تایبەتدا چەندین بابەتى پڕگرنگى خستووەتە روو، لەمیژووى ئەو شارەدا قەت رووى نەداوە بڵاوکراوەیەکى تایبەت بە شانۆ دەربکرێت،بە بڕواى من لەکەرکوکدا ئەگەر بزاڤێکى شانۆیى هەبێت ئەوا قەرزاربارى تیپى شانۆى ئەزموونگەرییە ،کە پێموایە لە ئێستادا شتێک نییە بەناوى بزاوتى شانۆییەوە چونکە جموجۆڵ دەرئەنجامى مەعریفە، گۆڕان و ئاراستەى نوێ بەرهەمدەهێنێت کەچى ئەوەى بەدى دەکرێت خولانەوەیە لە نێو بازنەیەکى داخراودا بۆیە ئەوەى بەرهەمدێت ناووشیارییەکى چەندبارەیە کەوایە لە بنەڕەتدا هیچ جوڵەیەک لە ئارادانییە ،


گرفتى زۆرێک لەو بەناو شانۆکارانە ئەوەیە ناتوانن دان بەراستییەکاندا بنێن و حوکمى گۆڕان بەسەر خۆیاندا بسەپێنن، کیشەى (تیپى شانۆى ئەزموونگەریى)یش لەگەڵ ئەواندا ئەوەبوو کە بەردەوام داواى گفتوگۆکردنى دەکرد، هەمیشە دەیویست لەگەڵ شانۆکارانى شارەکەدا کەناڵێکى جدى درووستبکات بۆ قسەکردن لەسەر ئێستا و داهاتووى بزاوتى شانۆیى لە شارەکەدا، چەندین جار لە رێى گۆڤارەکەوە بانگهێشتى شانۆکارانى کردووە بۆ خستنە رووى راو پێشنیارەکانیان، بەڵام هەمیشە بە بێدەنگى وەڵامیانداوەتەوە و خۆیان لێدزیوەتەوە، بەڕاستى جێى سەرسوڕمانە ، ئەگەر شانۆکار سەبارەت بە شانۆ نەیاتە گۆ ئەى سەبارەت بە چى دێتە گۆ ، بەو پەڕى نیگەرانییەوە دەڵێم ، بێدەنگییەکى مەترسیدار باڵى بەسەر نێوەندەکەدا کێشاوە بەجۆرێک کە دەرفەت لە بەردەم گەشەسەندنى ترووسکاییەکان ناهێڵێت و بانگەشە بۆ تاریکاییەکى کوشندەدەکات.

 


Kardo_mm@yahoo.com