١٣\٦\٢٠١٥
ئایا بڕیاری
کوشتاری ئێزیدییەکان
هەمان چاولێکەریی
کوشتاری جوولەکەکان نەبوو؟

بەنگین پیرۆت
مرۆڤ
ئەوکات هەست دەکات مرۆڤە، دڕندەیی مرۆڤەکان دەبینێت، بۆیە هیوادارم ئەم
کتێبە بخوێنرێتەوە تا ئەو ڕۆحە شەڕەنگێزیە ببینین و ناخی خۆشمان پاکژ
بکەینەوە، دڵنیابە زۆربەی سەرچاوەکانی ئەم کتێبە خوێنەری کورد پێیان
ئاشنا نیە و بە بەراوردێکی ورد لە ڕوداوەکانی جەنگی داعش، بۆی ڕون
دەبێتەوە ڕۆژگاری تێپەڕیوی سەردەمێکی جەنگڵستان گەڕاوەتەوە و ژیان لە
بەشێکی هەسارەکەمان وەستاوە و ڕەوو ڕەووەی مێژوو لە بازنەیەکدا
دەسوڕێتەوە.
"مێژوی سەردەمی پێغەمبەر و خولەفای راشدین" کتێبێکە ئاشنامان دەکات بە
بەشێکی ژیانی عەرەب لە پێش ئیسلام و سەرهەڵدان و لەشکر کێشیەکانی سوپای
ئیسلام لە دوای هاتنی ئاینی ئیسلام. بۆ عەرەبی بەدەویی.
هیوادارم بتوانم بەشی حەوتەمی ئەم کتێبە: گەمارۆدانی "بنی قوریظە"
قسەیەکی لەسەر بکەم، کە زۆربەی سەرچاوەکانی کتێبەکە"ابن اسحاق"و "المغازی"یە.
هێرشی سێ هەزار چەکداری قورەیش و هاوپەیمانەکانی و هەڵگیرساندنی جەنگی
"خەندەق" نەیانتوانی مەدینە بگرن و موسڵمانەکان تێکبشکێنن. دوای جەنگ
سوپای موسڵمانەکان هێرشیان کردە سەر جوولەکەی هۆزی "بەنی قوریظە" ناو
مەدینە کە لە جەنگەکەدا هاوپەیمانی سوپای قوڕیشەکانی مەککە بوون. بەپێی
یاسای جەنگ شەڕکەر لەشەڕدا دەکوژرێت، ئەوسا و ئێستاش عەرەبەکان فێری
یاسای جەنگ و ئاکاری مرۆی و پاراستنی دیل و ڕێز گرتن لە ئایینە
ئاسمانیەکانی تر و مانگە حەرامەکان نەبوون و نە گوێشیان بە کلتوری
هەزاران ساڵەی پێکەوە ژیانیش داوە ڕیواتی ئەم روداوە داماڵینی مرۆڤ
بوونی بەشێکی ئومەی عەرەبە، سەیر نیە جارێکی تر کۆمەڵکوژی خۆی نمایش
بکاتەوە و کوشتاری مرۆڤ لە مێژوی ئیسلامدا ڕوبداتەوە، بۆ نمونە داعش بە
کوشتاری ئێزیدیەکانی شەنگال هەمان مێژوی "سعید کوری معاذ" بە کوشتاری
جوولەکەکانی مەدینە دوبارە کردەوە.
دوای ئەوەی پێغەمبەر ڕازی بو، چارەنوسی جوولەکەکانی هۆزی بەنی قوڕیظەی
ناو مەدینە بە سعید بسپێردرێت، یانی دوای کۆتای جەنگی خەندەق، سوپای
ئیسلام هێرشی کردە سەر جوولەکەکانی ناو مەدینە.
مێژوونووسە هاوچەرخەکان دەڵێن ابن اسحاق و المغازی روداوی قڕکردنی
جوولەکەکانی ناو مەدینەیان بە زەقی ڕیوات کردوە، ئەم قسەیە وەک ئەوە
وایە بڵێیت کوشتاری شەنگاڵ داعش ئەنجامی نەداوە.
لەلاپەڕەکانی ئەم بەشەدا نوسراوە:
هەندێک لە موسڵمانەکانی هۆزی "الاوس" سەردانی سعیدیان کرد دەربارەی
جوولەکەکانی هۆزی بەنی قوریظە بڕیارێکی سوک بدات، لە وەڵامدا سعید
وتی"ئێستا کاتی ئەوە هاتوە کە سەعید لەبەر ڕەزامەندی خوا گوێ نەدات بە
سەرزەنشتی سەرزەنشت کەران"پاشان وتی"من بڕیاردەدەم بە کوشتنی پیاوەکان
و بەدیل گرتنی ژن و منداڵەکانیان و دابەشکردنی ماڵ و سامانەکانیان".
پرسیاری من ئەوەیە چۆن پێغەمبەر ڕێگەی ئەوەی داوە سعید بڕیارێکی وا
توند بدات لەکاتێکدا دوای بیست و پێج شەو لە مانگی "ذی العقدە"ی ساڵی
پێنجەمی کۆچی لەگەماڕۆدانی قەڵاکانیان بەبێ جەنگ خۆیان بەدەستەوە داوە؟!
جوولەکەکان چاوەڕوان بون هەمان مامەڵەی جوولەکەی "بنی قینقاع" یان
جوولەکەی "بەنی نظیر" یان لەگەڵ بکرێت بەڵام پێغەمبەر ڕازی نەبوو.
بۆچی ئەو هەمو دەسەڵاتەی دا بە کەسێکی وەک سعید کە برینداری ئەو جەنگە
بو و "بەدەست برینێکی کوشندەوە دەیناڵاند کە لە کاتی گەمارۆکەی خەندەق
بریندار ببو" بۆ ئەوەی جوولەکەکان بەدوربن لە تۆڵەسەندنەوە، نەدەبوایە
بریندارێکی ئەو جەنگە بڕیاری چارەنوسی ٧٠٠ پیاوی ئەو هۆزە بدات هەزاران
ژن و منداڵیش وەک گۆشتی خێر بەناوی دەستکەوتی جەنگ دابەش دەکرێت. من بۆ
جوەکان بەداخ نیم، بۆ مرۆڤەکانی ڕۆژگاری ئەمڕۆ بەداخم کە ئەم روداوە
هەزاران سعیدی بەرهەم هێناوە، لەکاتێکدا خوا لەسورەتی "محمد" ئایەتی ٤
دەفەرموێ "دیلەکان بە پیاوەتی و منەت یاخود گۆڕینەوە و فیدیە ئازاد
بکەن" پاشان سورەتی "الحزاب" لە ئایەتی ٢٦ و ٢٧ دێت ڕوداوەکە باس دەکات.
"ئەوانەی پشتگیری قورەیشیەکانیان کرد لە خاوەن کتێبە ئاسمانیەکان، لە
جوولەکەی "بەنی قریظە" خوای گەورە لە قەڵاکانیان دایگرتن و ترس و بیمی
فڕێدایە دڵیان، تاوایان لێهات، دەستەیەکتان کوشت و دەستەیەکیشتان بە
دیل گرت، سەرەنجام هەرچی زەوی و زار و ماڵ و خانو و سامانێکیان هەبوو
خوا بەخشی بە ئێوە، هەروەها شوێنی تریش کە تا ئێستا پێیدا نەڕۆیشتون،
هەمیشە و بەردەوامیش خوا دەستی بەسەر هەموو شتێکدا دەڕوات".
ماڵپەڕی بەنگین پیرۆت
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|