ئایا نەوشیروان
موستەفا دەچێت لە پەڕلەمان دابنیشێت ؟

نیا کامیل
ئەم دەورەیەى هەڵبژاردنەکانى کوردستان ، پێدەچێت جیاوازبێت لەگەلڕ
دەورەکانى پێشووى هەڵبژاردنەکانى چ پەڕلەمان و چ شارەوانیەکانیش ،
بەپێى بوونى لیستى جیاواز ، ئەوەى من دەمەوێت بیڵێم وە بۆ من جێگاى
پرسیارە ئەوەیە ، ڕابەرى یەکێک لە لیستە مونافسەکانى هەڵبژاردن ، کە
پەیامەکەى گۆڕانە ، بەم شیعارە هاتۆتە مەیدان . وە کاندیدى ژمارەیەکى
لیستەکەیەتى ، ئەویش وەک ڕۆشنە نەوشیروان موستەفایە . ئایا نەوشیروان
موستەفا وەک کاندیدى ژمارەیەکى لیستەکەى دەچێت لە پەڕلەمان دابنیشێت ،
یان وەک پەڕلەمانەکەى 1992 کەسێک تەوکیل دەکات .
نەوشیروان موستەفا لە مێژووى خەباتیدا جا بەچى جۆرێک خەباتى کردووە
لێگەڕآ ، نەیتوانیوە کەسى یەکەم و ڕابەرى ڕاستەقینەبێت جگە لە شەڕ و
بڕیاردانى جەنگ نەبێت ، ئێستاش کە هاتوە خۆى وەک کاندیدى ژمارە یەک
پاڵاوتوە ، کە ئەمە تەنها بۆ ڕیکلامى هەڵبژاردنە ، من باوەڕناکەم ئاکام
بچێتە پەڕلەمان و کورسیەک بەناوى ئەوەوە هەبێت لە پەڕلەماندا ، بەڵکە
خۆبەزلزانى ئەو ڕێگە بەمەنادات ، لەلایەک و لەلایەکى ترەوە ، ئەم کارەش
لەو کاتەوە فێربووە کە چ لە دەورانى پێشووى لە سەرکردایەتى یەکێتیدا و
، کەبە تەنها حکومەتیان هەبوو ، چ لە دەورانى حکومەتى هاوبەش لەگەلڕ
پارتیدا ، لە سەرۆکایەتى هەرێمەوە تا کارو بارى وەزارەتخانەکانیان
ئەنجومەنێکى بچوککراوەیان بۆ پێکهێنابوو لە دەرەوەى پەڕلەمان حکومەت و
یاسا و ڕساکان ، هەموو بڕیار و قەرارەکان لەم ئەنجومەنەوە دادەبەزى ،
یان بابڵێین لە مەکتەب سیاسیەوە . جا ئەو پەڕلەمانتارە کامەبوو کە
سەرپێچى دەکرد ، ئەو وەزیرە کامەبوو کە ئیمزاى نەدەکرد ، هەموو ئەوانە
دەورى ئەو پرنتەرەیان دەبینى کە تەنها دەتوانن ئەو شتە چاپ بکەن کەلە
کۆمپیوتەرەکەوە بۆن ڕەوانە دەکرێت ......... ئەو ئەم تەجروبە یەشى هەیە
. بۆیە لەم دەورەیەشدا من گومانم هەیە پێم وانیە لەم کارە لابدات .
بەدەلیلێکى تر ئەگەر بیویستایە دەبوو خۆى بۆ پۆستى سەرۆکى هەرێم
بپاڵاوتایە ، ڕەنگە ئەم کارەش بەمەبەستێکى تر بکات ئەویش ئەوەیە
نایەوێت بچێتە ژێربارى ئەو شتەى کە ئەو بەناوى گۆڕانەوە تەبلیغى
بۆدەکات . تا کەسێک نەتوانێت بڵێت هەڵوێستى لەبەرامبەر بە بابەتێکى
دیاریکراودا بەوجۆرەبوو . بۆیە بەپێى یاساو دەستور و قانونێک کەهەیە
سەرۆک دەتوانێت دەسەڵاتێکى فراوان مومارەسە بکات وە دژى هەموو ئەو
بڕیار و یاسایانە بوەستێتەوە و ڕەتیان بکاتەوە کە پەڕلەمان بۆى دەنێرن
و پێویستى بە ئیمزالێدانى ئەو هەیە تاببێتە بڕیار و یاسا ،بۆیە باشترین
جێگەیەکە بۆ گۆڕان . وەک دەشزانین پۆستى ئەندام پەڕلەمان یەکسان نیە بە
پۆستى سەرۆکى هەرێم . کەواتە دەتوانم بڵێم نەوشیروان لە گردەکە
دادەنیشێت نەک لە پەڕلەمان .
تا بەوجێگەیەشى کە بەدەست هێنانى تەنها کورسیەکش لەلایەن لیستەکەى
ئەمەوە دەگەڕێتەوە چەندە بە زیانى پارتى و تێکدانى تەوازن قواى نێوان
پارتى و یەکێتى دەشکێتەوە ، هەموو ئەو دەنگانەى کە کۆى دەکاتەوە
سەرەنجام چۆن دەیکاتەوە کۆشى یەکێتى ، لە هەموو دەنگدانێکى پەڕلەماندا
، خزمەتێکى گەورەیە بە بزوتنەوەى ناسیۆنالستى کوردى و لایەنى یەکێتى
بەتایەتى . کە ئەم خەمى لە قوڕاو دەرهێنانى داوە بە کۆڵیدا .
نەوشیروان و لیستەکەى هەموو ڕۆژێک پەیامێک بۆ توێژێکى کۆمەڵایەتى
دادەبەزێنن ،وەک ئەوەى خەڵکى لەو شتانە بێئاگابن کە جێى بەحسى
جەنابیانە ، ئەوە خەڵکى کوردستان نیە لە دنیاى مۆدێرن و مەدەنى بێئاگان
، ئەوە تۆ و ئاغاکانتە لە سەرى ڕەش و قەڵاچوالان دەستان لە کەوان
گیرکردوە بەڕووى خەڵکدا و ترستان لە و دنیایە هەیە . سەرجەمى پەیامەکەى
لەوەدا کورت دەبێتەوە کە ئەوان پێیان وایە و لە ئایندەدا هەوڵى بۆ
دەدەن ، ئیتر ئەو میکانیزمە دیار نیە کە کارى ئەوانە . بەچى جۆرێک
فەسادى و گەندەڵى و بەرزکردنەوەى ئاستى گوزەرانى خەڵک چارەسەردەکەن .
ڕاستیەکەى ئەوەیە نەوشیروان و پوختەى کۆمپانیاى ووشە و لیستى گۆڕا
کارەکەیان ئەوەیە ئەو ئاوە کەڕۆیشتوە بیگەڕێننەوە بۆ ناو جۆگەکە ،
ئەوانەى لە دەسەڵاتى یەکێتى و پارتى تۆراون و ئەوان نەیان توانیە
خواستەکانیان تێربکەن و ماوەیەکە تار بوون ئەم بیان کاتەوە قەفەسەکە .
بۆیە یەکێکیان دەڵێت من سى ساڵە پیاو بۆ یەکێتى دەکوژم ئامادەشم سى ساڵ
بۆ نەوشیروانى بکوژم !!.
بێگومان لە ئیدعا و تەبلیغێک کە دەیکەن کۆمەڵێک خەڵکى تر لە خۆیانەوە
دەپێچن ، بۆیە پێویستى بەوەهەیە واخۆى بەدور بگرێت کە دووکەڵى جگەرەى
یەکێتى نەیگاتآ ، بەڵام ئەم کارە بۆ خەڵکى ووشیارى کوردستان بەقەد
بازدانى کێچێک لە ڕاستى ڕابردووى ئەم بەڕێزە و هاوکارەکانى دوورمان
ناخاتەوە . بۆیە ئێستا بەخەڵکى کوردستان دەڵێت دەزانن حکومەت گەندەڵە ،
حیزب وەک ئەو کرمەى لێهاتوە کە لە ناوەوە خەریکى کلۆر کردنى بەژنى
کۆمەڵگایە تا وشکى بکات ، دیموکراسى و ئازادى و هەڵسوڕانى سیاسى لە
نزمترین ئاستیدایە یان هەر نیە . مێژوویەکى دوور نیە تۆ بە بەشێک لە
خەڵکى کوردستانت ووت ئاو و کارەبا هى خۆمانە و نایدەین بەئێوە ، خەڵکى
کوردستان هەزوو ئێوەى ناونا فیرعەونەکان . ئیتر پێویست ناکات لە تیۆرە
شڕۆڵەکانى خۆت کراسێکى پان پۆڕ دادرووى و بە گوڵى ورد و ڕەنگاوڕەنگ
بیڕازاێنیتەوە و پێمان بڵێى بۆنیان بکەن .
بۆیە ناتوانى خەڵکى ووشیارى کوردستان بەزۆر لە کۆڵانێکى تەنگەبەرەوە
ببەى . لەپاى چى پێمان دەڵێى ئەمەیە پێناسەى حیزب و حکومەت و ئابورى و
بازاڕوو ، تەنانەت ئازادى سیاسى و ڕادەربڕین...... بیرتە کاتێک تۆ
بەناو لە یەکێتى هاتیتە دەرەوە ئەم باسانە لە گۆڕآ نەبوون ، خاڵى
یەکەمى ناڕەزایى و ڕقى تۆ ئەوەبوو نازانى دارایى یەکێتى کە بەدەستى
ماڵى تاڵەبانیە چى لێیەت و بۆ کوآ دەچێت . ئیتر من نازانم بۆ چى و لە
پاى چى تورەکەى سواڵى خەڵکى کوردستانت کردۆتە بەیداخى خۆت و کەوتویتە
شەکاندنەوەى .ئەوەندەش خۆت بە خاوەن حەق دەزانى کە پێتوایە مافى خۆتە
لە ماڵەباواتن مانگانە چەندین ملیۆنت بۆ بێت ، بۆیە ئەم خواستانە
پەردەى باوەڕی ئێمە بەرانبەر بەتۆ نا دڕێنێت . تۆ گریمانەى کۆمەڵگایەک
دەکەیت کەتیایدا هەموو شتێک پێچەوانەى ئێستایە بە ئاڕاستەى باشە ، هەر
بەم پێەش دەتەوێت بیسەلمێنى کە دنیا لە فەلەکى تۆدا دەگۆڕێت ، پاشان
بەبآ هیچ هۆیەک قامک بۆئەوە درێژدەکەیت کە ناڕازى و توڕەى لە بەرخوردى
حیزب و حکومەت . بەم کارەش دەتەوێت چى ڕابردوتە بیکەیتە تۆزى بەردەم با
خالیبونێکى تەواو خاڵى ببیت لە گوناه و هەڵە . بۆیە کوردستان بەو مۆمەى
تۆ ڕوناک نابێتەوە شەوەزەنگى تارى یەکێتى و پارتى بە نەخشەى
فریوکارانەى تۆ نابێتە ڕۆژى ڕوناک.
nyakamil@hotmail.com
|