٢٥\١١\٢٠١٥
ئایا تیرۆریزم
ھەڕەشەیە بۆ سەر دەوڵەت؟

زاھیر باھیر
ھێڕشە خۆکوژییەکانی ئەم دواییەی داعش بۆ سەر پاریس، کوشتنی١٣٠ کەس و
بریندارککردنی ٣٥٨ کەس کە لە ناویاندا زیاتر لە ٣٠ کەسیان تا
ئێستاش لەژێر مەترسی مردندان، جارێکی دیکە خەتەری داعش و
سەرجەمی گروپە تیرۆریستەکانی دیکەی وەکو تالیبان و ئەلقاعیدە و
بۆکوحەرامی، نوێکردەوە . پاش دوو ھێڕشەکەی داعش لە پاریس-دا و ئەوەی
بەلجیکاش، دیسانەوە ئەوەیان سەلماند کە شوێنێک لەم ئەوروپایەدا نییە کە
پارێزراو و سەلامەت بێت لە دەست ئەوان.
ھاوکاتیش حکومەت و دەوڵەتەکانی ئەوروپا و
دەرەوەی ئەوروپا لە ھاوکاریکردنی یەکدی و یەککەوتنیان لە بوارەکانی
ئاڵوگۆڕکردنی زانیاری و کاری سیخوڕییانە لەسەر گرۆپە تیرۆر یستەکان و
خەڵکانی دیکەش، زیاتر نزیککردەوە . ئەمە جگە لە دەرگەداخستن بە ڕووی
کۆچکەران و پەنابەراندا، ھاوکاتیش سەربەستی و ئازادییەکان و مافی مرۆڤی
دانیشتوی وڵاتەکانیش، کەمتر دەکاتەوە.
گەر چاوێک بە مێژوی زۆر نزیکی کاری تیررۆیستانەدا کە لە سێبتەمبەری
ساڵی ٢٠٠١ دا لە ھێڕشی سەر تاوەرەکانی ئەمەریکا لە سەردەستی ڕێکخراوی
ئەلقاعیدەدا دژی ھاووڵاتیانی ئەمەریکا، بگێڕین، تاکو ئەمەی ئەم دواییەی
پاریس و مالی و میسر، ھەر ھەمویان دژی خەڵک بوون نەک دژی دەوڵەت و
سیستەمەکە . تەنانەت تا ئێستاش ئەوەی کە زانراوە نە جێنڕاڵێکی سەربازی
، نە سەرۆکێکی پۆلیس ، نە بەڕێوەبەری کۆمپانیایەکی گەورە نە سیخوڕێکی
پلەداری سەر بە دەزگە سیخوڕییەکان و نە کاربەدەستێکی حکومی - گەرچی من
خۆزگە بۆ ئەوە ناخوازم- نەبوونەتە قوربانی ئەم کارە تیرۆرانە. ئەمە نەک
ھەر لە ئەمەریکا و ئەوروپا ، بەڵکو لە عێراق و ئەفغانستان و پاکستان و
لیبیا و نەیجیریا و کینیا و مالی و بالی و بانکۆک و میسر و ئەندەنوسیا
و لوبنان و فەلەستین و ئیسرائیل و تورکیا و سوریاش، بە دەگمەن
ڕێکەوتووە کە کەسێکی بەرپرسی حکومی یا پلەداری دەوڵەتی بەرکەوتبێت.
ھەمیشە قوربانییەکانی دەستی ئەم کارە دڕەندانانە خەڵکانی ئاسایی وڵات
بوون و زیاتریش لەوانە کەسانێک بوون کە باری کۆمەڵایەتی و بژێوییان زۆر
خراپ بووە ، یا منداڵ و ئافرەت و پیر و پەککەوتە بوون.
ڕۆڵی میدیا و سیاسییەکانیش ھەر وەکو ھەمیشە کاریگەرانەیە لە
ئاوەژوکردنەوەی ڕاستییەکان و شێواندنیاندا . ئیستاش بە شەڕی "ئێمە و
ئەوان" بەیەکدادانی کەڵچەر و ئاینەکان" دژ بە " شێوە و شێوازی ژیانمان"
" کینەو بەغیلیبردن پێمان" " شەڕی نێوان جەھالەت و مۆدێرین" ، بە ئیمەی
دەناسێنن . ھەرگیز پەنجەی ڕاستی ناخەنە سەر ھۆکارەکانی ڕودانی
ڕوداوەکان ، ھەرگیز باس لە تیرۆری دەوڵەت بەرامببەر ھاووڵاتیانی خۆی و
لە دەرەوەی وڵاتەکەشی ناکەن چجای ئەوەی کە دەوڵەتێک بە تیرۆریست یا
لانیکەم بە سپۆنسەری تیرۆریست، ناوبەرن.
دەوڵەت و بانق و کۆمپانیا گەورەکان و کەنیسە و مزگەوت لەتەک میدیادا،
سەروقونی یەکدین و ھێزە تاریکەکانن لە پاراستنی ئەم سیستەمەدا. میدیا و
ھەمو ئەو ھێزە تاریکانە حەقیقەتی زەمینە و ژینگەی لە دایکبوون و
گەشەکردنی تیرۆریزم ، بە عەمدی فەرامۆش دەکەن، بە قارچکە دوومەڵانێکی
دەزانن کە لە خۆیەوە ھەڵتۆقیبێت و گەورە بووبێت ، سیاسەتی دەرەوەی
ئەمریکا و ڕوسیا و وڵاتانی ئەوروپا و وڵاتانی دیکەی وەکو کەنەدا و
ئۆسترالیا و داگیرکردنی وڵاتان و لێدانیان لە وڵاتانی ئیسلامی و
لابەلانەکردنەوەی کێشەی فەلەستین و ھاندانی دین و یارمەتیدانی کردنەوەی
سەدەھا مەدرەسە و حوجرە ، بێ سەرپەرشتیکردنیان لە تەک سەدەھا یاسا و
دادگای شەریعە و مۆدیرەنایزنەکردنی قورئان و گەلێکی دیکە لەمانە، لای
ئەمان ھەموویان و ھەتا سیاسییەکانیش ، لەم بارودۆخەی کە بۆیان
خولقاندوین ھۆکارێک نین.
سەرجەمی ڕووداوەکان بە بەڵگەوە ئەوەمان نیشاندەدن کە لانیکەم میدیا لە
دوو حاڵەتدا ڕاستییەکان ناڵێت . یەکەم: تیرۆری ئیسلامی دەسەڵاتخواز بە
گشتی نە دژی کەڵجەرە و نە بەو ڕادەیە دژی دینەکان و ھەڵگرانی دینەکانی
دیکەن ئەوەندەی کە دژی مەزھەبی شیعە و ئێزیدییەکانن ، کە لە کاتێکدا
شیعە لقێکی دیکەی ئاینی ئیسلامە. ڕووداوەکان ئەوە نیشاندەدەن ئەوەندی
کە ئەوان دووژمنایەتی خەڵکانی سونە و شیعە و ئێزیدی دەکەن، ئەوەند
دووژمنایەتی دین و کەسانی مەسیحیی و جولەکە و دینەکانی دیکە ناکەن.
دووھەم: ھاندەری ( مۆتیڤی) ئیسلامی دەسەڵاتخواز لە کوشتن و بڕینی
ھاووڵاتیانی وڵاتانیی ئیسلامی تەنھا بۆ گرتنە دەستی دەسەڵاتە، بەڵام
ھاندەری ئەوان لە کوشتن و بڕینی دانیشتوانی ئەوروپا و ئەوروپییەکان لە
وڵاتانی ئیسلامیدا، تەنھا ڕۆحی تۆڵە سەندنەوەیە . باشترین بەڵگەی ئەم
دواییەش خستنەخوارەوەی تەیارە ئەھلییەکەی ڕوسیایە. تەقانەوەو کوشتنی
خەڵکانی بێتاوان لە ئەمەریکا و فەرەنسا و ئیسپانیا و بریتانیا، دانی
باجی سیاسەتی دەرەوەی حکومەتەکانیانە نە شتێکی دیکە . بۆ نموونە لە
کارە تیرۆرەکەی ئەم دواییەی پاریس-دا بکوژەکان، لەکاتی تەقەکردندا
لەگەڵ ھاواری ئەڵاھو ئەکبەردا ھاواریان دەکرد " ئێوە لە سوریا چیدەکەن؟
ئێستا ئێوە باجەکەی دەدەن" ئەمە جگە لە بەڵگەیەکی دیکە کە تا ئیستا
خۆشبەختانە ئەو وڵاتانەی کە ڕۆڵی سەرەکییان لە بەڕێکردنی ھەمان سیاسەتی
ئەمەریکاو ئەوانەی تردا، نییە، کارەساتی تیرۆریستانە ڕوینەداوە.
گەڕانەوەیەکی خێرا بە مێژوی تیرۆردا ئەو ڕاستتیە پشتڕاستدەکاتەوە کە
گروپ و ڕێکخراوە تیرۆریستەکان سیستەمەکە و دەوڵەتەکانی بەھیزتر دەکەن و
ئەمانیش بەدەوری خۆیان لە کوشتن و بڕێن و کاری تیرۆریانەدا ئەوان
بەھێزدەکەن، ئیدی ھەردوولایان تەواوکەری یا تەواوکاری یەکترین و کار و
چالاکی ھەردوولاشیان لاوازکردن و بێ تواناکردنی بزوتنەوەی خەڵکییە و لە
بەرامبەریشیدا سیستەمەکە و سەرجەمی دەزگەکانی وەکو دەوڵەت و ئەوانی
دیکەی بەھێزتر و پتەوتر دەکات تا ئەو ڕادەیەی کە دەزگە سیخوڕییەکان و
پۆلیسسیەکان لای خەڵکی خۆشەویستدەکات و ڕۆحی ڕایسیزم و فاشیزم
ناشیوناڵیزم بەھێزتر دەکات و قەوارەی ڕێکخراوەکانیشیان قەبەتر دەکات.
بەگوێرەی پوڵی ڕادوێیەکی فەرەنسی کە لە ھەفتەی پێشودا کراوە لە سەدا ٨٤
خەڵکی ئامادەن کۆنترۆڵی زیاتر ھەبێت و مافەکانیان سنورداربکرێت
ئەوەندەی کە زەمانەتی پاراستن و سەلامەتییان بکرێت. ئەمەش باشترین
نمونەیەکە بۆ کاردانەوەی تیرۆر لەسەر ھاووڵاتیانی فەرەنسا کە چۆن
خەڵکانی فەرەنسی کەوتونەتە نێو ئەو داوەی کە دەوڵەت بۆی داناون.
گروپە ئیسلامییە دەسەڵاتخوازەکان ھەمیشە تیرۆریان وەکو ئامراز و
پاگەندەیەک بۆ ھەڵخەڵەتاندنی خەڵکانی ھەژار و جەماوەرییکردنی خۆیان بە
قۆستنەوەی کاردانەوەکانی دەوڵەتەکان بۆ سەر خۆیان و وڵاتانی ئیسلامی،
بەکارھێناوە، لە جەمسەرەکەی ئەمسەریشەوە دەوڵەت و حکومتەکانیان بە
دیمۆکرات و دیکتاتۆریانەوە ،کاری تیرۆریستانەی ئەوانیان وەکو ڕەخسانی
دەرفەت و ھەلێک بۆ خۆیان قۆستۆتەوە لە بەگەڕخستنی پلانەکانیان، لە
دەرکردنی جۆرەھا یاسا بە پاساوی پاراستنی گیانی ھاووڵاتیان و
سەلامەتییان لەژێر ناوی یاسای دژە تیرۆر و تیرۆریست ، کە یاساکان شتێک
نین جگە لە ھێنانەوەیەکی ئازادی و مافەکانی ھاووڵاتانیان و
چالاکییەکانیاندا دژی سیستەمەکە و دەوڵەتەکانی.
لەو وڵاتانەی کە تیرۆر دەکرێت، ھاووڵاتیانی لە دوولاوە باجەکەی دەدەن
یەکەمیان کە کوشتن و لەناوبردنیانە. دووھەمیان، تەسککردنەوەی ئازادی و
سەربەستییەکانیانە . لە حاڵی حازردا لە فەرەنسا سەرباری ئەو کۆست و
خەسارە ڕۆحییە گەورەیەی کە لە خەڵکی کەوتووە ، دەوڵەت لە سەرەتادا
حاڵەتی تەواری لەسەر ئاستی فەرەنسا تا ڕۆژی ٥شەمە، ١٩/١١ بڕیاردا .
دواتر پەڕلەمان بۆ ٣ مانگی دیکەش درێژی کردەوە . حاڵەتی تەواری یانی
پاوەری زیاتر بۆ پۆلیس و یاسا کە ئەو پەڕی دەسەڵاتیان ھەبێت کە لەم
خاڵانەی خوارەودا گرددەبنەوە: ڕێگە پێنەدانی کۆبونەوەی خەڵکی لەسەر
شەقام و گۆڕەپانەکاندا، یاساخکردنی خۆپیشندان و ناڕەزایی دەربڕین و
بڵاوەپێکردنیان، ھەر لە ئێستادا خۆپیشاندانەکەی ٢٨/١١/١٥ ی پاریسیان کە
بڕیار بوو ٢٠٠ ھەزار کەس بەشداری بکات کە لە کاتێکدا کۆبونەوەی UN
سەباەت بە ژینگە لەوێ دەگیرێت ، قەدەخەکرا، کۆنترۆڵکردنی ھاتووچۆ لە
ھەندێک گەڕەک و شەقام و شوێنی دیاریکراو، زیادکردنی پشکنین و
ھەراسانکردنی زیاتری خەڵکانی ڕەش و بێیانە لەناو شارو لە بەندەر و
فڕۆکەخانە و وێستگەی شەمەنەفەرەکاندا، دەرگە داخستن بەسەر کۆچکەران و
پەنابەراندا، دەستبەجێ بەندکردنی کەسانی گومانلێکراو لە ماڵەکانیاندا،
چاودێریکردن و تەرکیزکردنە سەر خەڵکان و ئەو گروپانەی کە ھەڕەشە لە
ڕێسا و یاسای گشتی دەکەن، دەسەڵات بە پۆلیس دەدات کە ئەندامانی ئەم
گروپانە لە ماڵدا بەندبکرێن، بەسەردادانی ھەر ماڵ و شوێنێکدا و گرتنی
خەڵکەکەی بێ ئەوەی پێویست بە مۆڵەتی دادوەر بکات. ئەمانەو گەلێکی دیکە
. بۆ بڕیاردان لەسەر ئەم یاسایەش ٥٥١ ئەندام پەڕلەمان دەنگیان پێداوە،
تەنھا ٦ ئەندام دەنگیان نەداوە کە ٣ لەوانە سۆشیالیستن و ٣ کەسەکەی
دیکەیان سەر بە پارتی ژینگەن. ئەمەی کە ئێستا فەرەنسا پیایدا تێدەپەڕێت
، پێشتر لە ساڵی ١٩٦١ بووە کە بانگەشەی حاڵەتی تەواری کراوە.
لەوەش ناکاات گرفتەکەدا لێرەدا کۆتایی بێت چونکە ئێستا مقۆمقۆی ئەوە
ھەیە کە لەسەر ئاستی ئەوروپا ئیجرائات و یاسایەکی ھاوبەش بۆ بە ناو
بەربەستکردنی تیرۆ و تیرۆریزم، دابنرێت.
لە کۆتایی ئەم وتارەدا جەخت لەسەر ئەوە دەکەمەوە کە تیرۆر ھیچوەخت
مەترسی بۆ سەر دەوڵەت دروستنەکردوە. .دەوڵەت و تیرۆریزم تەواوکەری
یەکدین و ئەمیان ئەوی دیکەیان بەھێزدەکات، دەوڵەت بەبەردەوامی لە
پیلانگێڕانێکی سەرومڕدایە دژی ھاووڵاتیانی و تیرۆریزمیش لە کوشتن و
بڕینیان و لێدان لە بزوتنەوەکەیان. ھەر لەبەر ئەمەش زۆر گرنگە کە ئێمە
نەکەوینە داوی دەوڵەت و دەزگە پۆلیسی و سیخوڕییەکانییەوە بە خەڕۆبوونی
ئەوەی کە ئەوان پێماندەڵێن، کە دەیانەوێت ئەو ڕاستییە بشارنەوە کە
ئەوان پارێزەری ئێمە نین لە تیرۆر بەڵکو ڕۆڵیکی گرنگدەبینن لەناو
کۆمەڵدا بە خولقاندنی ژینگەی دروستکردنی تیرۆر و تیرۆریست، ئەمەش دەمان
گەیەنێتە ئەو سەرەنجامەی کە ھەر خۆپیشاندان و ناڕەزاییدەربڕینێک کە
دەکرێت، دەبێت دژی ھەردوکیان بێت نەک بە تەنھا دژ بە تیرۆریستان.
٢٣\١١\٢٠١٥
- لەندەن
ماڵپەڕی زاهیر باهیر
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|