٢٥\١١\٢٠١٥
ئایە داعش بە
پلانی ئەمەریکا ھاتووەتە ناوچەکە؟

ئیحسان فەتاح
ئەمەریکا و ھاوپەیمانەکانی لە شەڕی سێزدە
ساڵەی ئەفغانستاندا بە براوەیی دەرنەچوون، بۆ ئەوەی شکستی ڤێتنام
دوبارە نەبێتەوە، ناچار بوون بە بێ سەرکەوتن بەسەر تیرۆردا، لە
دواڕۆژەکانی ساڵی ٢٠١٤ شەڕ ڕابگرن و پاشەکشە بکەن لە ئەفغانستان، ئەمە
لە کاتێکدایە کە زیاتر لە ٦٥٪ی خاکی
ئەو وڵاتە لەژێر دەسەڵاتی تالیباندایە. لێرەدا پرسیارێک خۆی قیت
دەکاتەوە. ئایە ھاوپەیمانان دوای ئەو شکستە گەورەیە پلانیان چیبوو؟.
دیارە بەھیچ شێوەیەک دەسبەرداری شەڕی تیرۆر نابن، چونکە دەستبەرداربوون
لە شەڕی تیرۆر بە مانای خۆکوشتن دێت بۆ ھاوپەیمانان. دەمێکە کۆشکی سپی
ڕایگەیاندووە (شەڕی تیرۆر دەبەینە ناو ماڵەکانی خۆیانەوە) بۆیە
بڕیارێکی پێشوەختەیان دابوو بۆ گۆڕینی مەیدانی شەڕەکە.
با بزانیین بۆچی ئەم شەڕەیان لە ئەفغانستانەوە گواستەوە بۆ ڕۆژھەڵاتی
ناوین؟
١- لە شەڕی ئەفغانستاندا ھێزی ئەمەریکاو ھاوپەیمانەکانی پەکیان کەوتبوو،
بەھۆی دژواری جوگرافیای ناوچەکەوە، کە وڵاتێکی شاخاوی ھەزار بەھەزارە و
ڕێگاوبانێکی یەکجار خراپیان ھەیە، وەکوو مۆڵگەکانی تالیبان و ئەلقاعیدە
لە ناوچەی تۆرابۆرا بۆ نمونە. بەڵام لە بیابانی سوریاو عێراقدا ئەمە بە
پێچەوانەوەیە، چونکە ھێزی تیرۆریستان لە سەر سینییەک دانراون و لەژێر
مەرحەمەتی ھێرشی ئاسمانی ھاوپەیماناندان.
٢- وڵاتانی ھاوسنوری ئەفغانستان(ئۆزبیکستان، تاجیکستان، تورکمانستان،
ئێران و پاکستان)ە ، ھیچ کام لەم وڵاتانە ئامادە نەبون ھاوکاری
ئەمەریکا بکەن، تەنھا پاکستان نەبێت، ئەویش بۆ خۆی گیرۆدەی شەڕی
تالیبانی پاکستان ببوو. بەڵام لە ڕۆژھەڵاتی ناوین ئەو وڵاتانە زۆرن کە
ھەنوکە بە فەرمی لەناو ھاوپەیماناندان، وەکوو ئوردن و وڵاتانی کەنداو،
بۆ نمونە.
٣- لە بەر ئەوەی ئەفغانستان وڵاتێکی ھەژارە، ھەموو خەرجی شەڕ کەوتبووە
سەر ئەمەریکا و ھاوپەیانەکانی، بەڵام لە ڕۆژھەڵاتی ناوین خەرجی شەڕەکە
کەوتووەتە سەر وڵاتانی ناوچەکە، بەھۆی دەوڵەمەندی ئەم وڵاتانەشەوە،
دەتوانن ئاگری شەڕەکە باشتر جۆش بدەن.
٤- خەریکبوو شەڕی ئەفغانستان ئاقارێکی زۆر خراپ وەربگرێت، بەوەی کە
ئەمە شەڕی خاچپەرستانە بەرامبەر بە ئیسلام، بەڵام لە ڕۆژھەڵاتی ناوین
ئەو مۆرەی لە سەر ھەڵگیرا، لە بەر ئەوەی زۆرێک لە وڵاتە ئیسلامێکان لە
ناو ھاوپەیماناندان، وەکوو ئوردن و وڵاتانی کەنداو. لە سەر زەویش کورد
و شیعەش ھەر موسوڵمانن.
٥- لە ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ئەمەریکاو ھوپەیمانەکانی لە ھێرشی زەمینیدا
بەشدارنیین، کە ئەمە خاڵێکی ئەڕێنییە بۆ ئەنجامی ھەڵبژاردنەکان لە
ئەمەریکا، کە چیتر سەربازی ئەمریکی بە کوشت نادەن، پارتی حوکمڕان
دەتوانێ بە گەلی ئەمەریکا بڵێت (فەرموون، وا بەگوێرەی نەخشەی دارێژراوی
کۆشکی سپی، ئەوا شەڕەکەمان گواستەوە بۆ ناو ماڵەکانی خۆیان و شەڕەکەش
ھەر بە ھێزی ناوچەکە دەکەین).
٦- سنوری جوگرافیایی ئێران کەوتوەتە نێوانی ئەفغانستان و عێراقەوە،
بەڵام لە ئەفغانستان بە ھیچ شێوەیەک ئێران ھاوکاری ئەمەریکای نەدەکرد،
لەبەرئەوەی دەسەڵاتدارانی ئەفغانستان سونی مەزھەب بوون. وەلێ لە شەڕی
تیرۆردا لە عێراق، ھاوکێشەکە بۆ ئێران جیاوازە، چونکە (شیعەکانی برایان
لە عێراق و ئامۆزاکانیان لە سوریای عەلەوی) کەوتونەتە بەر ھەڕەشەی
تیرۆر، ئێران ناچارە بەدەم خزمەکانییەوە بچێت و بخزێتە ناو شەڕەکەوە.
٧- لە نێو ھۆزەکانی ئەفغانستاندا لاینگرانی تالیبان زۆرن، بۆیە
تاوانەکانی تیرۆر پەردەپۆش دەکرا، بەڵام لە ڕۆژھەڵاتی ناویندا میدیا
زۆر بەھێزترە لە میدیای لاوازی ئەفغانستان، ئەمەش خاڵێکی ئەرێنییە بۆ
ئەمەریکا، چونکە بە گوێرەی ستراتیژی ئەمەریکا دەبێت لە فیکر و ھزریشدا
بەرەوڕوی تیرۆر ببنەوە. ئێستا ھەرچی میدیای ڕۆژھەڵاتی ناویین ھەیە،
سەرقاڵی سوککردنی جیھادییە توندڕەوەکانن، بە ئاشکراکردنی کردەوە
نامرۆڤایەتییەکانیان لە سەربڕین، لەخاچدان ، کۆمەڵکوژی، دڕەندەیی، بە
سەبی کردنی ژنان و ئەو بیروکراتییەی کە لە کارگێڕیاندا ھەیە.
٨- لە شەڕی زەمینیدا لە ئەفغانستان ھاوسۆزەکانی ئەمەریکا بونیان نەبوو،
یان زۆر کەم و لاواز بوون. بەڵام لە ڕۆژھەڵاتی ناوین بنکەیەکی
فراوانیان ھەیە حیزبوڵای لوبنان، یەپەگە ، یەپەژە،ھەپەگە،پێشمەرگەی
ڕۆئاواو و ئۆپۆزیسیۆنی میانڕەوی سوریا، پێشمەرگەی باشور و عێراقی شیعە،
ئەمە سەرەڕای ئەوەی کە لەشکری سوریا بە تەنھا خۆی بەرگەی چوار ساڵی
شەڕی تیرۆری گرت، بە پێچەوانەی ئەفغانستانەوە کە لەشکرە لاوازەکەی پشتی
بە ھاوپەیمانان بەستبوو.
لە گواستنەوەی مەیدانی شەڕی تیرۆر (لە ئەفغانستانەوە بۆ ڕۆژھەڵاتی
ناوڕاست) ئەمەریکا گەلێک دەستکەوتی مەزنی ھەیە. بۆیە ئەمەریکاو
ھاوپەیمانەکانی تیشکی سەوزیان ھەڵکرد بۆ سێ ھاوڕێی ھەرە دێرینی خۆیان
لە ڕۆژھەڵاتی ناوین(تورکیا، سعودیە و قەتەر) کە لەسەریانە یارمەتی
ئۆپۆزیسیۆنی سوریا بدەن، ئۆپۆزسیۆنی سوریاش دوو ھێزی سەرەکیان ھەیە
ئەوانەش بەرەی نوسرە و داعشن، ئەم دوو خوشکەش ھەر وەکوو تالیبان
ھەمویان لە ڕەحمی ئەلقاعیدەوە دەرچوون. لەوێوە بەردی بناغەی
ئامانجەکانیان دانا و ئاراستەی شەڕەکەیان گۆڕی لە ئەفغانستانەوە بەرەو
سوریا و عێراق.
کاتێک بۆش سەرۆک کۆماری ئەمەریکا بڕیاری شەڕی بەسەر تێرۆریستاندا
ڕایگەیاند وتی: (ئەم شەڕە دەکرێت زۆر درێژخایەن بێت، ڕەنگە ٥٠ ساڵ
درێژە بکێشێت لە بەر ئەوەی دوژمنەکانمان وەکوو تارمایی(شەبەح) وان و
نابینرێن، بە ھەموو وڵاتاندا بڵاوبونەتەوە و ئایدۆلیژیایەکی ئاینییان
لە پشتەوەیە، دەبێت شەڕی تێرۆریستان بکەین لە ھەر جێگەیەکی دونیا بن).
بەپێی ئەم بڕیارە دەردەکەوێت کە بۆ ئەمەریکا گرنگ نییە شەڕەکە لە کوێ
بکات، با ئەفغانستان نەبێت و عێراق و سوریا بێت(چ قەیدی ھەیە)، چونکە
گروپە تێرۆرستییەکان تێکەڵەیەکن لە سەرانسەری دونیاوە دێن، بۆیە بۆ
لاوازکردنیان باشتر وایە مەیدانی شەڕەکە ئەمەریکا خۆی ھەڵیبژێرێت نەک
گروپە تیرۆرستییەکان، بۆ ئەوەی مەیدانی شەڕەکە لەباربێت بۆ ھاوپەیمانان
و ئەستەم بێت بۆ دوژمنەکەی. ھەرچەندە لە سەرەتای سەرھەڵدانی داعش،
سەرکردەی ئەلقاعیدە (ئەیمەن زەواھیری) پێی باش نەبوو کە داعش وا سەرەڕۆ
ھەڵسوکەوت بکات، لە ئەنجامدا بەرەی نوسرە گوێڕایەڵبوو و داعش نا.
زۆر جار لێرە و لەوێ گوێمان لێدەبیت، کە گوایە داعش دروستکراوی
ئەمەریکایە، بۆیە نایانەوێت لەناویان بەرن!!
ئەمەریکا ھیچ کاتێک نایەوێت دوژمنێکی سەرسەختی ئاوای ھەبێت، دژ بە
مرۆڤایەتی و شارستانی. بەڵام لە ھەمان کاتدا ئەمەریکا نایەوێت وا زوو
شکستیان پێ بێنێت و کۆتایی بە شەڕەکە بێنێت، چونکە لەو کاتەدا بڵاوەیان
پێ دەکات بۆ ناو شارەکانی ڕۆژھەڵاتی ناویین و ئەوروپا و ئەمەریکاش،
ئیتر ئەو دەمە شەڕەکە قورستر دەبێت بۆ ئەمەریکا، بۆ جاری دوھەم ھەرگیز
ئەمەریکاو ھاوپەیمانی شەستی ناتوانن ئاوھا لە سەرانسەری دونیاوە کۆیان
بکەنەوە و لە شەڕێکی بەرەییدا بە مۆڵی بیانخەنە ژێر فشاری
ھێزەکانیانەوە. شەڕکردن لە گەڵ تیرۆردا لە ناو شار شەڕکردنە لە گەڵ
تارمایی و ئەرکەکانی بەرەی دژەداعش قورستر دەکات.
ئەگەر بە وردی تەماشای شەڕی داعش و دوژمنەکانی داعش بکەین، نە
بردنەوەیە و نە دۆڕاندن. بەو شێوەیە دەیانەوێت شەڕەکە درێژبکەنەوە تا
گروپە تیرۆرستێکان گەورەترین زەرەریان پێبگات و لە پێش چاوی جیھان و
گەلانی ناوچەکەش بیروباوەڕی جیھادی سەلەفی توندڕەویش سوک و ڕیسوا بکەن
، بۆ ئەوەی سەرھەڵدانەوەیان ببێتە کارێکی ئەستەم لە داھاتودا، یان ھەر
ھیچ نەبێت بۆ ماوەیەکی درێژ سڕیان بکەن و جەسارەتیان بشکێنن. وەلێ ئەم
شەڕە لە کۆتاییدا ھەر بە قازانجی ھاوپەیمانان و دوژمنەکانی داعش تەواو
دەبێت.
گەر تەماشای قامیشلۆ، کەرکوک، دیمەشق و شارەکانی دیکەی بەرەی شەڕ بکەین
بۆمان دەردەکەوێت کە چەکدارانی داعش چەند لە ناو جەرگەی ئەو شارانەوە
نزیکن، ئەمە پەیامێکی زۆر ڕونە لە ئەمەریکاوە بۆ ھەموو ئەو ھێزانەی دژە
داعشن، کە شەڕ کۆتایی نەھاتووە و ئەرکی ھەموو لایەکە کە بەردەوام بێت
لە شەڕ و بەردەوام بێت لە بەرگریکردن لە خەڵک و خاکی خۆی.
ھەموو بینیمان دوای ئەوەی تکریت ئازاد کرا و حەشدی شەعبی جێگەی داعشی
گرتەوە، ھەر ئەو حەفتەیەش داعش نیوەی ئەنباری داگیر کرد و دوایش
نیوەکەی تری، ئەوە ستراتیژی شەڕەکەیە لە گەڵ تیرۆر، دەیانەوێت شەڕێکی
درێژخایەن بێت و زەرەر لە ڕەگەکانی تیرۆر بدەن.
ئەگەر نا.. چۆن دەبێت ئەمەریکا لە گەڵ شەست وڵاتی ھاوپەیمانیدا، زیاتر
لە ساڵیکە شەڕی داعش دەکەن، کەچی نەیانتوانیوە لە ناویان بەرن. بەڵام
ھەمان ھێز لە ٢٠٠٣ تەنھا لە ماوەی دوو حەفتەدا توانیان کۆتایی بە لەشکر
و ڕژێمە بە ھێزەکەی سەدام حوسێن بێنن، کە زیاتر لە یەک ملیۆن سەربازیان
ھەبوو.
Ihsan_fatah@hotmail.com
_________________________________
هەموو بابەتەکان دەربارەی
''داعش'' لێرە ببینە:
www.emrro.com/dosyeydahish.htm
|