ئاى کە شەرمە
دەسەڵاتێک شایى و لۆغان بۆ دۆڕانى خۆى بگێڕێت!

گۆران دوکانى
لەماوەى (18)ساڵى ڕابردوودا ،دواى یەکەمین هەڵبژاردنى ساڵى (1992) وەک
ئاشکرایە کە ئەنجامەکەى فیفتى بە فیفتى کۆتاى هات و شەڕى ناوخۆى
لێکەوتەوە ،هەروەها هەڵبژاردنەکانى ساڵى (2005) کە بەدنیایەک خروقات
کۆتاى هات و دیارترینیش ئەوەبوو کەپرۆسەى هەڵبژاردن لەهەرێمى
کوردستاندا بەهۆى تەزویرەوە خرایە لیستى ڕەشەوە لەلایەن ڕێکخراوى
نەتەوەیەکگرتوەکان (یۆنامى)،دواجار ئەمە سێیەمین هەڵبژاردنە لەهەرێمى
کوردستاندا کەلە واقیعدا لانیکەم دەبوایە جگە لەهەڵبژاردنى پەڕلەمانى
عێراق کە لەساڵى (2005)دا ئەنجامدرا چوار هەڵبژاردن ئەنجام بدرایە.
ئەگەر جیاوازیەکى سادە بکەین لە نێوان گڕوتینى جەماوەرى (یەکێتى وپارتى)
لەسەرەتاى ڕاپەڕینى بەهارى (1991)وە تائەمڕۆ بەئاشکرا دەبینین ڕۆژ
لەدواى ڕۆژ جەماوەرى ئەم دوو پارتە ڕوولەکەمبونەوە دەکات بەجۆرێک کە بە
دوو هەڵبژاردنى دیکە مەگەر تەنها پاسەوانەکان و موریدە
بەرژەوەندخوازەکانیان دەنگیان پێبدەن ،ئەوەتا بزوتنەوەیەکى وەک گۆڕان
هەمووى بەچەند مانگێک پێش هەڵبژاردن خۆیان ڕاگەیاند شارێکى چارەنووس
سازی وەک (سلێمانیان) بە زۆرینەى قەزاو ناحیەو گوندەکانیەوە لەڕەگ و
ڕیشەوە لەژێر دەست دەرهێنان ولایەک لەجگەری دووحیزبى خاوەن دەسەڵاتیان
ڕەشکرد،کەچى ئەوەى لەهەمووشتێک زیاتر جێگەى پێکەنینە کەوتونەتە گێڕانى
شایى و لۆغان!! ،باشە تۆبڵێى ئەم دەسەڵاتە لەدواى هەڵبژاردنەکانەوە خەو
نەبینێت ،وەک پێشتر لەهەڵمەتى هەڵبژاردندا بە عەقڵى غڵەفاوى خۆیان
هەرئەوەندەى دوو سێ کورسیەکیان بۆ گۆڕان و سێ چوارکورسیەکیشیان بۆ
لیستى خزمەتگوزارى وچاکسازى دانابوو هیچ حسابێکیشیان بۆ لیستەکانیتر
نەدەکرد،ئیدى پێیان وابوو دواى هەڵبژاردن جارێکێدیکە مەرحەمەتى
پەڕلەمانێکى خەوتوو چاوەڕوانیان دەکات و لەمڕۆ بەدواوەش پەسەندکردنى
کۆی پرۆژە یاساکان و پەسەندکردنى بودجەى میللەت بەهەمان شێوەى ڕابردوو
لەبەرژەوەندى حیزبدا دەبێت !!.
ئێمە چاوەڕێى ئەوەمان دەکرد لەمزگەوت و خانەقاکاندا فاتیحا بۆمەرگى
ئایندەى خۆیان دابدەن کە بەدوو حیزبى خاوەن دەسەڵات وخاوەن هێز وخاوەن
پارە ،ئەمەجگەلەوەى دواى ئەوهەموو هەڕەشەو چاوسورکردنەوە و نانبڕین و
خروقات وتەزویرەى کە لەهەڵبژاردنەکاندا کردیان ،لەسەرو هەمووشیانەوە
ئەو سواڵکردنەى کە بۆ دەنگى هەڵبژاردن کردیان بەجۆرێک کار گەیشتە ئەو
ڕادەیەى کەمەکسى و جلوبەرگى ژنان ببەشنەوە ئینجاش وەک بینیمان
لە(57،34%)ى دەنگەکانیان بەدەست هێنا،کەچى بەپێچەوانەوە لەلایەک
کەوتونەتە گێرانى شایی ولۆغان و لەلایەکیشەوە پەلاماردانى بارەگاى
لیستە ڕکابەرەکانیان ،دیارە ئەوەى کە لەسەرەتاى هەڵبژاردندا گوتمان ئەم
دەسەڵاتە توشى (هستریا) بوە ئەمڕۆ بەڕونى دەرکەوت کەوایە!!لەلایەک
پەلاماردەدەن و لەلایەکیش شایی ولۆغان دەگێڕن ،ئەوەى ئەم دوو حیزبە
هاوپەیمانە هەزەلیە دەیکەن لەهیچ کونجێکى ئەم دونیایەدا شتیوا ڕوى
نەداوە،ئەوەتا مام جەلال بەهۆى سەرکەوتنەکانى لیستى گۆڕانەوە
لێپێچینەوە لەگەڵ بەرپرسی مەڵبەندەکان دەکات و زیندوترین نموونەش
ئەوەیە کە بەتەلەفونێک بەرپرسی مەڵبەندى ڕێکخستنى کۆیەى ناردەوە
بۆماڵەوە ،کەچى(TV)یەکانى یەکێتى وەک ئەوەى نەبایان بینیبێت ونە باران
کەوتونەتە گێڕانى شایی ولۆغان!!، هەر لە یەکەمین ئێوارەى کۆتاى پرۆسەى
هەڵبژاردندا هێزێکى زۆریان لە دەڤەرەکانى بیتوێن و سنورى قەزاى دوکاندا
بڵاوکردۆتەوە ولەحاڵەتى ئامادەباشیدان و تائێستاش کەس نازانێت بۆچى
مەبەستێک ئەوهێزانە کۆکراونەتەوە و دەبێت دواى فەرمان پێکردنیان چ
ئاشوبێک ڕووبدات؟! ،کەچى لەولاشەوە بانگەشەى هەڵبژاردنێکى دیموکراسی
خوازانە دەکەن!.
پێش هەڵبژاردن لەگەڵ یەکێک لەبرادەرە ڕەهەندیەکان کەوتینە گفتوگۆ ،ئەو
تاڕادەیەک بەعەقڵیەتێکى جیاوازتر دەیڕوانیە پڕۆسەى دەستاودەستکردنى
دەسەڵات وتەنانەت دەیگووت ئەگەر کەسێک لە ئێستادا پێمبڵێت (یەکێتى
وپارتى) قبوڵى دۆڕان ناکەن ، ڕەنگە بەراورد بە دۆخە جیاوازەکانى ساڵانى
ڕابردوو هەڵوێستەیەک بکەم لەبەرامبەر ئەو بۆچونەدا بەوەى هەرهیچ نەبێت
تۆبڵێى دواى (18)ساڵ لەحکومڕانیکردنیان ، تەنانەت وەرگرتنى ئەزمون
وفێربونى دەستاودەستکردنى دەسەڵات بە شێوازى حکومڕانیکردنێکى
دیکتاتۆریانەی نمونەى ووڵاتانى دراوسێش ،ڕەنگە ئاڕاستەى بیرکردنەوەکانى
ئەم دووحیزبە تا ڕادەیەک گۆڕانکارى بەسەردا هاتبێت و کەمێک
بەناشرینیەکانى ڕابردویاندا بچنەوە، هەرچەندە ئەوقسانە لاى من جێگەى
پێکەنین بوو هاوکات سوربوم لەسەر ئەوەى ئەم دووحیزبە قبوڵى دۆڕان ناکەن
،ئەوەى من زوو زوو بەو برادەرەم دەگووت یاخوا بۆچونەکانى من هەڵەبێت
وپرۆسەى هەڵبژاردن بەشێوەیەکى پۆزەتیڤ بەڕێوە بچێت دوور لەهەموو
خروقاتێک و هەرێمى کوردستانیش ڕویەکى جوانى دیموکراسی نیشانى جیهان
بدات ،وەلێ هەزارجار بەپێچەوانەوە لەگەڵ ئەوهەمو گۆڕانکاریەى کەبەسەر
کۆمەڵگە جیاجیاکانى دنیادا هاتوە، ئەم دوو حیزبە چۆن بەهەمان
عەقڵیەتى(1991)ەوە لەشاخەوە هاتنە ناوشارەکان ،ئێستاش بەهەمان ئایدیاى
ژەنگاوی و تۆز لەسەر نیشتوى شاخیان بیر دەکەنەوە و بەهەمان پەیڕەوى
نەعامە سیاسەت دەکەن ، کاتێک خروقاتێک ،ئاشوبێک ،یان هەڵەیەکى سیاسی ،دیبلۆماسی
دەکەن کەسەریان خستە ژێر خۆیانەوە ئیدى وا دەزانن کەس نایانبینێت
وهەموودنیا چاوى لەئاست کەموکوڕیەکانیان نوقاندوە.
ئەوەى کەلەهەموشى گرنگترە و دەبێت خەڵکى ئەم هەرێمە باش بیزانێت ئەوەیە
،لیستێک بەخێر براوەبێت ئاوا پەلامارى بارەگاکانى لیستە ڕکابەرەکانى
دەدات و ئیستیفزازى ماڵى سەرکردەى لیستە ڕکابەرەکانى بکات ،قوڕبەسەرى
ئەومیللەتە داماو و نەگبەتە ،واوەیلا بۆ و ڕۆژەى ئەم دووحیزبە
لەهەڵبژاردنێکدا ڕوبەڕوى دۆڕان دەبنەوە، ئاخۆ دەبێ وەیشومەى چ شەڕێکى
ناوخۆى خوێناوى بەرى خۆرى ئەم هەرێمە بگرێت؟!.
GORAN.DUKANI@YAHOO.COM
|