په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٣٠\٥\٢٠١٠

ئازادی بێ به‌ند و مه‌رج ، یان به‌ به‌ند و مه‌رج ؟!


تاهـیر حـەسـەن


ڕۆژی 17 ی ئەم مانگە (مەلابەختیار) لە ماڵپەڕەکەی خۆیاندا (چاودێر)، لەژێر ستوونی (هەڵوێستی ئەمڕۆ) دا بابەتێکی لە ژێر ناوی (شەهید سەردەشت و ئازادی) دا بڵاوکردەوە. ئەو بابەتەی (مەلا بەختیار) کە سەرنجی خوێنەران بۆ خوێندنەوەی ڕادەکێشم. دان لەبنی هەمانەکەیە و ئاشکراکردنی بکوژانی ڕۆژنامەنووس (سەردەشت عوسمان) ە. ئەو بێ پێچ و پەنا دەڵێ: (ئەگەر شەهید سەردەشت بمابایە، نووسەرێکی تر لەسەر خوشکی خۆی، یان لەسەر دایکی ، یان تەنانەت خزمێکیشی ، بەم شێوەیەی کە خۆی نووسیوویەتی ، نووسیبای، ئاسان بوو قبووڵی بکات؟. لەو باوەڕەدام ئاسان نەبوو.... دڵنیام ئەو نووسەرانەی کە ماویشن نووسینی لەو بابەتە لە دژی ژنیان ،کچیان ،خوشکیان و کەسێکی نزیکیان بنووسرێ ، پێیان قووت ناچێ ).


مەلابەختیار نەک ناڵێ بکوژانی سەردەشت پارتی نییه‌ ، بەڵکو دروست دەڵێ ئەوانن !، بەڵام دەڵێ ئەگەر (سەردەشت) یش و هەموو ئەوانەی وەک سەردەشت بیر دەکەنەوە، بەو شێوەیە باسی دایک و خوشک و ژن و تەنانەت خزمێکیشیان ، کە سەردەشت کردویەتی بکرێت ، پێی قووت نەدەچوو!. دیارە پێ قووت نەچوون لە ڕەخنەو هەڕەشە و دارکاریەوە دەگرێتەوە هەتا ڕفاندن وکوشتن !!. جا بۆ تاقمێکی خاوەن هەزاران تفەنگچی وەک پارتی هەر عەیب و ئابڕوو چوون بوو ڕەخنە بگرن !. مەلابەختیار دەیەوێ بڵێ تیرۆری سیاسی سەردەشت عوسمان تیرۆری نامووسیە، بەڵام لەگەڵ بنەماڵەی سەرۆکدا!. کەوایە مەلا بەختیار دەبێ ئاو بکات بەدەستی خوێناوی ئەو هەزاران براو کەسوکارو خزمانەدا، کە لە 19ساڵی ڕابردوودا و لەژێر دەسەڵاتی ئەواندا بە بەهانەی نامووسی دەیان هەزار ژن، دەیان هەزار هاووڵاتی کوردستانیان لە خوشک و ژن و ئامۆزا و خزمیان بە دەستی خۆیان نایە ژێر گڵ !. ئەگەر سەردەشت لە نووسینەکەیدا فەنتازیایەکی ئەدەبی بەخەرجداوە بۆ وێناکردنی ژیانی مشتێک ئیمپراتۆری کوردستان و چەندین ملیۆن ئینسانی دەست ڕەنگین و کەم دەرامەت، ڕەنگە ئەوانی تر عەشقی ڕاستەقینە بووبێتن و نامە گۆڕینەوە و نووکە و ماچیشی تێکەوتبێ !. ئەگەر پێًوانە پێدانی مافی بەرگریکردن بێت لە نامووس وەک کاکە مەلا دەڵێت، خۆ ناکرێت بۆ سەرۆکی هەرێم و بنەماڵەکەی گران و ڕەوا بێت و بۆ خەڵکی تر ناڕەواو هەرزان!!. ئەی هاوار تۆ تەماشا کەن کاتێک قافیەی سیاسەت و دەسەڵاتی بۆرژوا لەق دەبێت، چۆن ئینسان ڕەزیل دەبێت !.


چی ڕوویدا کاکە مەلا؟!. ڕۆژی 8ی مانگ، واتە دوای دوو ڕۆژلە دۆزینەوەی تەرمی سەردەشت عوسمان و خرۆشانی جەماوەری خەڵکی کوردستان، لەهەمان ماڵپەڕدا ووتت : (ئەنجامدانی تاوانی وا، لەسەر هەرچیەک بێت، تاوانە، چ جای لەسەر بیری ئازاد بێ). چۆنە وا لەماوەی هەفتەیەکدا تیرۆری سیاسی بوو بە تیرۆری نامووسی ؟!.


ئەم بادانەوەیەی مەلابەختیار لە دوای کۆبوونەوەی هەر دوو مەکتەبی سیاسی یەکێتی وپارتی دێت، کە ڕۆژی 16ی مانگ واتە ڕۆژێک پێش نووسینەکەی مەلا بەختیار لە شاری هەولێر بەڕێوەچوو. بە پێی ووتەبێژی مەکتەبی سیاسی پارتی. پارتی زۆر لەیەکێتی نیگەرانە. ئەم نیگەرانیە بێشک لەو کۆبوونەوەیەدا دراوە بە ڕووی مەکتەبی سیاسی یەکێتیدا و مەسئولیەتی زیاتری لە ڕاستای خامۆشکردنەوەی جەماوەری بە گیانهاتووی کوردستان لەدژی تیرۆری سەردەشت عوسمان، خراوەتە ئەستۆ. تەنانەت نەچوونی بارزانی بۆ کۆبوونەوەکە، پێ دەچێت گۆشەیەک بێت لەو نیگەرانیە، چونکە دەمێکە کۆبوونەوەکانی مەکتەبی سیاسی هەردوولایان یان بەسەرپەرشتی تاڵەبانی و بارزانی بەڕێوە دەچێت، یان یەکێکیان.


مەلابەختیار عەیامێکە، لەڕێگای نووسین و دەرکردنی کتێب لەسەر ڕەوتی دیموکراسی و مێژووی مۆدێرنە و پۆست مۆدێرنیزم، هاوکات لە ئەستۆگرتنی پۆستی ڕێکخراوی لاوانی حزبەکەی و کاروباری وەرزش و ئۆلۆمپی و مەسەلەی گەنجان، تێدەکۆشێ ئەو سیمایە لە خۆی نیشان بدات، کە ئینسانێکی مۆدێرن و ئیمڕۆیی ترە، قەڵەم بەدەست و خوێنەوارترە و وەک بەشی هەرە زۆری سیاسیەکانی نێو حزبەکانی کوردستان، هیچ شتێک نایبەستێتەوە بە عەشیرەت و تایەفە و بنەماڵەوە. بەڵام پارتی ڕیسەکەی لێ کردەوە بە خوری و بەڕاستی کردیەوە بە مەلا!!.


مەلا بەختیار هەوڵدەدات بەرگریکردنە نامووسیەکەی لەپارتی و هۆی ڕوودان و هۆکارەکانی تیرۆری سەردەشت عوسمان پێکەوە ببەستێتەوە، و بیکاتە ملی پەتایەک کە(سەردەشت) و هەزارانی وەک ئەوو تەنانەت مەلا بەختیاریش(وەک خۆی دەڵێ) سەردەمانێک ئالوودەی بووە، ئەویش پەتای دروشمی ئازادی بێ به‌ند و مه‌رجی سیاسیە کە زۆر کەس پێی ئالوودە بوون.


مەلابەختیار دەڵێ : ( خۆم باوەڕم وایە ئەم ئازادیە( مەبەستی ئازادی بێقەیدوشەرتی سیاسیە)، کەمتر خزمەتی ئازادی کردووە، بەڵکو خزمەتی دوژمنەکانی ئازادی زیاتر کردووە. خۆشم یەکێک بووم لەو کەسانەی کەمێک کەوتمە ناو ئەو فەزایەش. هەتا ساڵەکانی 1991 بۆ 1992 چەند جارێک ئەو دروشمەم ووتۆتەوە. بەڵام ئەزموون دەریخست، دروشمێکە لەناو واقعدا جێگەی بکرێتەوە، تەنانەت خزمەتی ئازادیش ناکات .).(سایتی چاودێر).


ڕێگە بدەن بەر لەوەی قسەیەک لەسەر قسەکانی مەلابەختیار بکەم، با بزانین (مەسعودبارزانی) ش لەمەڕ ئازادی چی دەڵێ :


(مەسعود بارزانی) لە میانەی کۆبوونەوەیەکیدا لەگەڵ فیدراسیۆنی قووتابیان و خوێندکارانی کوردستان کەڕۆژی 25/5 لە سەلاحەدین بەڕێوە چوو ئاوها لەسەر چەمکی ئازادی لەکوردستان قسەی کرد: ( هەتا یەکڕیز بین دەتوانین دەسکەوتی زیاتر بەدەست بهێنین. لە ئەولەویاتی ئێمەشە ئەو یەکڕیزیە بپارێزین. بەمەرجێ لە چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان دەرنەچێ. بوونی بۆچوونی جیاواز شتێکی سروشتیە، بەڵام لەئاست پرسە ستراتیژی و نەتەوەییەکاندا پێویستە یەکبین... هەندێ موقەدەسات هەن ناکرێ تۆ پێشێلیان بکەیت، ئازادی سنووری هەیە، هەڵبەستنی بوختان و ئیستیغلال کردنی هەندێ کەموکوڕی بۆ بەرژەوەندی تەسکی حزبی شتێکی خراپە. تۆ ڕای خۆت بە مەعقولی بدە، بەڵام شتی ژەهراوی مەڕێژە، چونکە فیتنەی لێ دروست دەبێت..... سەبارەت بە ئێمە تەشهیرکردن بە ئایین و مەزهەب یان بە هێما نەتەوەییەکانمان، یانیش کارکردن بۆ نەهێشتنی ئەو بەها ئەخلاقیانەی کە کۆمەڵگەی کوردستانی پێ ناسراوەو ، هەروەها دروستکردنی پشێوی لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا، هێڵی سوورن و تالەو پۆستەشدا بم، بواری ئەوە نادەم لە ژێر پەردەی ئازادی پشێوی دروست بکرێت..) (سایتی زاگرۆس تی ڤی) .


من تا ئێستا هیچ حکومەت و دەسەڵاتێکم لە دنیادا نەدیووەو نەبیستووە ، کەخۆی بەدەمی خۆی ووتبێتی من حکومەتێکی دیکتاتۆر و سەرکوتگەرم و هیچ جۆرە ئازادی و مافێک بۆ هاووڵاتیان بەڕەسمی ناناسم. لە دەسەڵاتە ئیسلامیەکەی جانەوەرێکی وەک خومەینی وخامەنەئی ەوە، کە هەفتەی ڕابردوو ملی پێنج مرۆڤی دڵ پڕ لەهیوای کرد بە پەتا، تا ڕژێمە سەرتاپا خوێناویەکەی دوێنێی بەعس و مشایەخەکانی عەرەبستانی سعودیەوە ، کە نیوەی دانیشتوان کە ژنانن هێشتا مافی دەنگدان و جلوبەرگ پۆشینیان نییه‌!. هیچ یەکێک لەمانە نەیان ووت و ناڵێن ئێمە دژی ئازادین و دەمی هاووڵاتیانمان دووریووە .


سەدام حسێن و ڕژێمەکەی دەیان ووت ئازادی بۆ تەواوی خەڵکی عێراق بەرکەماڵە لە باکورەوە تا باشوور، بەڵام بەشەرتێ دەسکەوتەکانی شۆڕش نەخاتە ژێر پرسیار!. ناکۆک نەبێت لەگەڵ سەلامەتی خاکی عێراق و دەوڵەت و گەل ونیشتیمان و حکومەتی شۆڕش!. سنووری بەهاکانی ئیسلام و کەلتووری ووڵات و دەستووری ووڵات نەبەزێنێ!. ئێستا هیچ بەڵگەیەک پێویستە تا ئینسان ئەو ڕاستیە بسەلمێنێ ، کە ئەگەر ئازادی ئەو هەموو شەرتی چەقۆیەی لەسەر دانێی جگە لە قاوغێکی پووچ و بێناوەڕۆک چی تری لێدەمێنێتەوە؟!. مێژووی ژیانی ئەسەفباری زیاتر لە35 ساڵی خەڵکی عێراق لەسایەی ئەو ئازادی بەشەرتی چەقۆیەی بەعسدا، بە خوێنی سەدان هەزار ئینسان نووسراوە. خەڵکی عێراق و کوردستان لەسایەی بەعسدا ئازادیان هەبوو، بەڵام ئازادی بەشەرتی چەقۆی ئەو هەموو پیرۆزییانه‌. ئەمە بێجگە لە ئازادی بێسنوور بۆ ڕژێم و دەسەڵاتەکەی و سەرکوت و نابووت بوون بۆ دانیشتوان. بێجگە لە ئازادی مانەوەو قەزاوەگێڕی بۆ دەسەڵات ،و ئەنفال و ئیعدام و دەم دوورینیش بۆ خەڵک ، نەیتوانی مانایەکی تری هەبێت . خەڵکی عێراق و کوردستان بە درێژایی مێژووی زیاتر لە 35ساڵ لەدژی ئەو ئازادی بە به‌ند و مه‌رجه‌ی ڕژێم خەباتیان کرد و تێکۆشان بیکەن بە ئازادی بێ به‌ند و مه‌رج !.


من ئیتر لەو حیکمەتەی مەلا بەختیار تێناگەم، کە چۆن ئازادی بیٌقەیدوشەرت کەمتر خزمەتی ئازادی کردووەو زۆرتر خزمەتی دوژمنانی ئازادی کردووە !!. مەلابەختیار و بارزانی دەیانەوێ بڵێن، ئەگەر ئازادی سنوورێکی نەبێ، ئەوا کەسانێک خراپ کەڵک لەو ئازادیە وەردەگرن و بوختان و تانەو تەشەر بڵاو دەکەنەوە !. من دەپرسم ئێوە دەتوانن پەنجە بخەنە سەر چەند حاڵەتێک کە کەسانێک خراپ کەڵکیان لە ئازادی وەرگرتبێ و کەرامەتی کەسێک تیایدا شکابێ، یان ژیانی شەخسی کەسێک تاڵان کرابێ و سەرئەنجام بە هۆیەوە کارەساتێک ڕوویدا بێت؟!. بەڵام من دەتوانم بە بێ هیچ گومانێک بڵێم کە تەواوی ڕۆژنامەکانی کوردستان بەشی نووسینەوەی ئەو کارەساتە دڵتەزێنانە ناکات کە لەسایەی ئازادی به‌ به‌ند و مه‌رج و کلک و گوێ کراودا بەنسیبی مرۆڤه‌کانی کۆمەڵگە کوردستان بووە. تازەترین ئێشیان تیرۆری سەردەشت عوسمانە!. 19ساڵە ئازادی بێسنوور لە دەستی یەکێتی و پارتیدایە. ئەگەر قەرار بێت کەسانێک خراپ کەڵکیان لەو ئازادیە وەرگرتبێ، ئەوە یەکێتی و پارتین. لەشەش ساڵی ڕەبەقی جەنگی ناوخۆیاندا، وێڕای نابووتکردنی زیاتری کۆمەڵگە، ناشیرینترین ووشەیان لە تەلەفزیۆن و بڵاوکراوەکانیانەوە بەیەک ووت. ئەگەرجاروبار و لێرەو لەوێ فەرهەنگێکی ناشیرینی دیالۆگ و نووسین و ڕاگۆڕینەوە لە کۆمەڵگەدا بەرچاو بکەوێت، ئاسەواری چڵکاوێکە کە ئەوان ڕشتوویانە. ئەگەر لە ووڵاتێکدا قانوونێکی مۆدێرن هەبوو، هەرکەسێک ناوی کەسێکی زڕاند، یان ژیانی شەخسی کەسێکی تاڵان کردو بردیە نێو میدیاکان، دەتوانرێ بەڕێگای قانوونی ئەو کەسە، یان بڵاوکراوەیە بدرێتە دادگاو لەحاڵی مەحکوم بوونیدا سزای قانوونی خۆی وەربگرێت. بەڵام بەرتەسکردنەوەی ئازادی ڕادەربڕین و خۆپیشاندان و مانگرتن و عەقیدە و بەیان و بیرکردنەوە، هەمیشە بەهانەی ئەو دەسەڵاتە سەرکوتگەر و دواکەوتوانەیە کە خەڵکەکەی لە فرسەتێک دەگەڕێن بۆ هەمیشە گۆڕی وون کەن و هەناسەیەکی ئازادی هەڵمژن. ئەم بەهانەیە وەک ئەوە وایە بە بێژنگێکی شەقوشڕی پڕ شەبەق بەری خۆر بگریت!.


وەرن با تۆزێک قسەکانی بارزانی لەمەڕ ئازادی بێ توێکڵ بکەین. ئەو دەڵێ!. بۆچوونی جیاواز شتێکی سروشتیە، تۆ ڕای خۆت بە مەعقولی بدە.! بەڵام ، بە مەرجێ لەپێشدا بەشتەچاکەکاندا هەڵدەی !.چوارچێوەی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان نەبەزێنێ !.پرسە ستراتیژی و نەتەوەییەکان لەبەرچاو بگری !.پاشان ڕاکەت ژەهراوی نەبێت ( یەعنی دژی پارتی نەبێت)، فیتنە دروست نەکات (یەعنی هانی خەڵک نەدات بۆ ناڕەزایەتی) !. دژی ئایین و مەزهەب نەبێت !. تەشهیر نەبێت بە هێما نەتەوەییەکانمان ( دژی مێژووی پارتی و سەرۆکی پارتی نەبێت !) ، دژی ئەو بەها ئەخلاقیانەی کە کۆمەڵگەی کوردستانی پێ ناسراوە نەبێت (مەعلوم نیە کام بەها، زۆر شت هەیە بۆ دەسەڵات بەهان و بۆ خەڵک بابەتی نووکتەن). پەشێوی لە نێوان لایەنە سیاسیەکاندا دروست نەکات؟!.


دەلیل هێنانەوەی بۆچیە، ئەگەر کەسێک بیەوێت بەم هەموو شەرت و مەرجانە قسە بکات، باشترە بە جەنابی بارزانی بڵێ خۆت لە جیاتی من قسە بکە، لەجیاتی من بنووسە، لەجیاتی من بیربکەرەوە !!.


ئەگەر بوێرین بڕێک لەجەنابی سەرۆک بچینە پێشەوەو لێی بپرسین. جەنابی سەرۆک مەبەستت چیە کە دەڵێی ڕای خۆت بە مەعقولی بدە؟!. مەعقول لەلای تۆ چی دەگەیەنێ؟!. بپرسین جەنابی سەرۆک مەبەستت لە بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان و پرسە ستراتیژی و نەتەوەییەکان چیە کە نابێت کەس نادیدە بیگرێت؟!. ئاخر خۆ بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان دوو زائید دوو نیە لە تەواوی دنیاداو لای هەموو کەسێک بکاتە چوار!. سەدام حسێن و سەرانی جمهوری ئیسلامی ئێران لە ژێر ناوی بەرژەوەندی باڵای خەڵکی عێراق و ئێراندا جەنگێکی هەشت ساڵەیان لە دژی خەڵکی هەردوو ووڵات هەڵگیرساند و نزیکەی یەک ملیۆن ئینسانی عێراقی و ئێرانی بە دەستی یەکتری بەکوشت دران !. ئەگەر ناڕەحەت نابیت و تەحەمول دەکەیت، ئێوە لە 31 ئابدا و لە ژێر ناوی بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان و پرسی ستراتیژی و دوور خستنەوەی مەترسی لەسەر نەتەوەی کورددا، لەشکری ڕژێمی بەعستان هێنایە سەر کوردستان!. جەنابی سەرۆک، مەبەستت لەنانەوەی پەشێوی لە نێوان هێزە سیاسیەکاندا چیە، کەدەڵێی هەتا من لەم پۆستەدا بم ناهێڵم دروست بێت؟!. بەویژدانت کەس هەیە بە ئەندازەی ئێوە و یەکێتی پەشێوی لەسەر ژیانی خەڵک و کۆمەڵگە و لایەنەسیاسیەکان دروست کردبێ؟!. هەر لە ژێر ئەو دروشمەدا، کە ئەگەر کەسێک لێی لابدات پێی دەڵێی ژەهراو دەڕێژێ و فیتنە دەنێتەوە!، ئێوە 6ساڵی ڕەبەق شەڕی ناوخۆتان هەڵگیرساند و زیاتر لە دە هەزار ڕۆڵەی ئەو خەڵکەتان تێدا سووتاند، کەتا ئێستاش سەدان دایکوباوک بە شوێن سۆراغی بێسەرو شوێنی منداڵەکانیانەوەن !.


بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان لە ڕوانگەی ئێمەو بەشی هەرەزۆری خەڵکی کوردستانەوە ئەوەیە کە کوردستان جیاببێتەوەو دەوڵەتێکی سەربەخۆ بۆ خەڵکی کوردستان پێک بێت. بەڵام لە ڕوانگەی ئێوەوە لکاندنەوەی کوردستانە بە دەوڵەت و حکومەتێکی قەومی عەرەبی ئیسلامی تایەفی عێراقیەوە!. ئێوە وەک پارتی هەقتانە چۆن بیر دەکەنەوەو بەرژەوەندی خۆتان لە هاوپەیمانی لەگەڵ کێدا دەبینن و چۆن سیاسەت دەکەن، بەڵام هەقتان نیە بەرژەوەندی خۆتان و بەرژەوەندی خەڵکی کوردستان یەکسان بکەن بەیەک . چونکە یەک نین ، 19ساڵی ڕابردووی دەسەڵاتتان دەڵێ یەک نین ، ناڕەزایەتی و بێزاری خەڵک لە دەسەڵاتی میلیشیایی و گەندەڵتان دەڵێ ، یەک نین. ژیانی فیرعەونی لێپرسراوانی دەسەڵاتەکەتان و ژیانی بێنازی سەدان هەزار خەڵکی کرێکارو بەشمەینەتی کۆمەڵگە نەک هەر دەڵێ یەک نین، بەڵکو دەڵێ بە تەواوی لە بەرامبەر یەکدان. خرۆشانی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە دژی تیرۆری سەردەشت عوسمانی ڕۆژنامەنووس دەڵێ یەک نین.


ئەگەر بەرژەوەندی خەڵک و پارتی و دەسەڵاتی ئێستا یەک بوونایە. نە پێویست بوو مەکتەبی سیاسی پارتی ئەو هەموو هەڕەشەیە لە خەڵک بکات، نە پێویستیش بوو بارزانی ئەم هەموو مقەستکاری و مەرج و بەڵامە لەسەر ئازادی خەڵک دابنێ، نەپێوست بوو دەزگای نهێنی دوورە چاو ساز بکات. نەپێویستیش بوو ئازادی لەخەڵک زەوت بکەن و سەردەشتەکان تیرۆر بکەن.


بۆ ئەوەی تەواوی ئینسانەکانی کۆمەڵگەی کوردستان هەر جۆرێک کە ئارەزوو دەکەن بیر بکەنەوە، بنووسن، خۆیان نیشان بدەن ، کاری ڕۆژنامەوانی بکەن ، کاری ڕێکخراوەیی بکەن،گۆرانی بڵێن، جلوبەرگ بپۆشن دەبێ بەتەواوی ئازاد بن و هیچ قەیدوبەندێک نەبێت سنووری ئازادی خەڵک ئەسیر بکات. ئازادی کە شەرت و مەرجی لەسەر دانرا، دەبێتە ووشەیەکی پووچ و بێناوەڕۆک بە سەر زاری دەسەڵاتەوە. بژی ئازادی بێ به‌ند و مه‌رجی سیاسی .


27\5\2010

ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن