په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

ئازادیی

ئامانجى تێکۆشانى شاخ و بابەتى ئەمڕۆى دەقەکانى یاسا.

محەمەدى مشیر   

''رەنگە لە بۆچووندا لە گەڵت کۆک نەبم، بەڵام بۆ داکۆکیکردن لە ڕاى تۆ ئامادەم بمرم''

                                                                          ڤۆڵتێر

کاتێ مرۆ رابردوویەکى نزیکى وەک قۆناغى خەباتى چەکدارى و پێشمەرگایەتى بیردەکەوێتەوە و لە گەڵ ئەمڕۆدا بەراووردى دەکا هەست بە گۆڕانێکى زۆر و جیاوازییەکى لە رادەبەدەر دەکا، زۆربەى بوارەکانى ژیانى کۆمەڵگە جیاوازی هەمەجۆرى چەندایەتى و چلۆنایەتیان بە خۆوە بینیوە، بەڵام جیاوازییەک جیا لە هەموو جیاوازییەکان پرسی ئازادییە لە هەردوو قۆناغى جیاوازدا، کەسانێک لەوەى یەکەمدا گیان و ماڵیان لەپێناوى دەستەبەرکردنى ئازادیی بۆ گەل و نیشتمان بەختکرد و ئازادیی یەکێ لە ئامانجە هەرە لە پێشەکانى خەباتیان بوو لەکاتێکدا کە یاساکانى ئەوکات تەواوى ئازادییەکانیان کۆت و پێشێل کردبوو، کەسانێکیش لەدەرەوەى ئەم بازنەیەدا هاوشانى رژێمى دیکتاتۆرى بەعس گەورەترین لەمپەربوون و هەمیشە لە بەرەى دژ بە ئازادییەکانى گەلى کوردستان ئازادیی ئەم گەلەیان لە رێگەى هەمان ئەو یاسایە زۆردارانەوە پێشێلدەکرد و ئازادیخوازانیان دەئاخنییە شەوەزەنگى زیندانەکانى بەعس بێئەوەى بۆ چرکە ساتێکیش بیر لەوە بکەنەوە کە رۆژێ داداێ ئەوانیش پێویستیان بە هەمان ئازادیی دەبێ. دوو قۆناغى جیاواز، دووبەرەى دژیەک، دوو چەمک و فۆڕمى جیاوازى ئازادیی.

 

زۆرینەى ئەوانەى دوێنێى شاخ و تێکۆشەرانى نێو شار پێشەنگى کاروانى ئازادیخوازانەى ئەو چین و تۆێژانەبوون کە ئازادییان لێزەوتکرابوو. رۆژ هات و رۆژ چوو دەرفەتێک رەخسا کە ئەوان ئازادانە بێنەوە نێو شارەکان و لە قۆناغى دووەمدا دەسەڵات بگرنە دەست و دەرەنجام ببنە نۆێنەرو فەرمانڕەواى ئەم گەل و نیشتمانە. دەسەڵاتێک لە قۆناغى یەکەمی تێکۆشانیدا دژ بە دەسەڵاتى دیکتاتۆرى پێشوو لە پێناوى ئازادیدا جەنگابوو، بانگ رادێرى ئازادیی بوو، هەرلەمەشەوە رەوایەتى سیاسى و یاسایى و رەوشتەکى خەڵکى کوردستانى بۆخۆى دەستەبەرکردبوو، کەواتە بۆ پاراستنى ئەو رەوایەتییە کە دواتر لە رێگەى یەکەمین پرۆسەى دیموکراسى لەم وڵاتەدا تەمەنى درێژتربۆوە، پێویستە تەواوى دەزگاکانى ئەو دەسەڵاتە، بە تایبەتیش دەسەڵاتى یاسادانان، لە روانگەى هەمان ئازار و تامەزرۆییەکانى قۆناغى شاخەوە سەیرى دەستەبەرکردنى ئازادییەکانى ئەمڕۆى هاووڵاتیانى کوردستان بکەن و تابکرێ پانتایى ئازادییەکان بە هەمان هەناسەى ئازادیخوازانە فراوانتر و سەقامگیرتر بکرێ، نەوەکو لە پەناى بەیاساکردنى بوارەکانى ژیان ئازادیی بکرێتەوە هەمان ئەو تۆمەتبارەى تا دوێنێ لە ترسى ستەمى یاساکان پەناى بردبووە بەر شاخ و لەوێوە هەوڵى سەلماندنى بێتاوانى و ئازادکردنیمان دەداو لەم پێناوەشدا سەدان هەزار لاو خۆبەخشانە گیانى بێگەردیان کردە قۆچى قوربانى و داینەمۆى بەردەوامى ئەو کاروانە ئازادیخوازییە.

 

ئەگەر لەم سۆنگەیەوە گرینگى و بایەخى پرسى ئازادیی لەم ئەزموونە تازەیەى خەڵکى کوردستان رەچاونەکەین پێموانییە بتوانین یاساگەلێکى جیاواز لە یاساى ئەوانەى ئازادییان کۆت دەکرد و ئازادیخوازانیان بە تۆمەتبار دەزانى بهێنینەبەرهەم،ئاستەمیشە لە ئازادیخوازەوە نەبینە ئەنتى ئازادیی لە بەرگێکى تازەدا!!