په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٤\١٢\٢٠١٠

باجی دەست و پەنجە نەرمکردن؟!


ستار محەمەد قادر


سەیرە ساڵانێک دوو حزب بە ئارەزووو خواستی خۆیان، هەر چییان ویست و هەر چۆنییان بە باش زانی بۆ خۆیان، بەبێ سڵەمینەوە، بەرژەوەندی کوردو خاکی کوردستانییان بە پارچە قوماشێک وێنا دەکرد، بۆیە بە باڵای خۆیان دەیانبڕی و ئەگەر هێندێک جار وا پێویستیشی بکردبایە ئەوە بە یارمەتی وڵاتانی دراوسێوە ... لەوە واوەتریان پێیدەکرد؟!


من لە نووسینێکی دیکەشدا ئاماژەم بەوە کردووە، لەسەر گۆی ئەم هەسارەیە هیچ میللەتێک نادۆزینەوە، هێندەی ئێمەی کورد دەست و پەنجەی لەگەڵ دەسەڵاتدارانیدا نەرم کردبێت! جا نازانم ئەوەیان هۆکارەکەی بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە: "حزب لە رێی بە کارێزما بوونی سەرکردەو ئەفسوونی ئایدۆلۆژیاوە لە توانایدا بووە کۆمەڵگەی کوردی بحزبێنێ و بۆ خۆی قۆرخی بکات، یان راستەو خۆ هۆکارەکەی پەیوەندی بەوەوە هەیە، جارێ ئێمە لە ژێر هەژموونی ئەفسانەی شاخین و بە هەمان دید لەشاردا لێیان دەنواڕین" ؟!


لەوەیش سەیرتر؛ رەنگە هۆکاری راستەو خۆی ئەو پاشا گەردانییەی وا پەتای پاوان کردنی دەسەڵات لە دوای بەهاری 1991 ەوە بە تەحدید بەسەر ئەم دەڤەرەی ئێمەیدا هێنا، ئەو خەڵکە بووبێت، وا ئێستا نازانن سکاڵای دڵی خۆیان بۆ کێ و لەلای کێ بیکەن، ئەگەر خودا نەخواستە لە بەرنامەیاندا بێت، تەوقی بێدەنگی بشکێنن و تاوێک لەسەر شەقامەکان دەربکەون، دەبێت پرسگەیەک هەبێت بۆ ئەوەی پشکنینی تەواو بۆ نییەت و داواکانیان بکات، ئەوجار لە دوای خاو بوونەوەی ماسوولکەکانییان، هەست بە ماندوو بوونێکی بێ ئەندازە بکەن و بەهەناسە ساردییەوە دەگەڕێنەوە نێو ماڵەکانیان!


جا نازانم لە کوێی دنیاداو لە کام وڵاتی دیمۆکراتدا، بەردەوام پەرلەمان لە هەوڵی ئەوەدایە فلتەر بۆ ئەو ئازادییانە دابنات وا لە سێبەری دیمۆکراسیدا گەلان مومارەسەی دەکەن؟! یان کام سیستمی دیمۆکراسیی بەردەوام لە هەوڵی ئەوەدایە باز بەسەر کۆمەڵێک شتی ئەساسیدا بداو بێت خەریکی دەرکردنی یاسای جگەرە کێشان بێت، لە کاتێکدا نێرگیلە کێشان وا خەریکە گڵۆڵە بە جگەرە کێشان لێژ دەکاو کوردستانمان لێدەکات بە لوبنان یان یەکێک لە وڵاتە عەرەبییەکان؟!


من لەو باوەڕەدام، کۆمەڵانی خڵکی کوردستان بەر لە دەسەڵاتداران، ئاواتە خوازی ئەوەن هەموو شتەکان بە یاسا رێک بخرێت، بەڵام کاتێک دەبینن، تا دێت هەسارەی قووتی رۆژانەو بژێوی ژیانی چینی خوارەوەی ئەم کۆمەڵگەیە لە ئاسمانی یاساکانی ئەم وڵاتەدا رووی لە ئاوا بوونەو تەنها ئەستێرەی خودان پێداوان لە ئاسمانیاندا دەدرەوشێتەوە، گومان لە هەموو شتێک دەکەن، تەنانەت لەو وتەیەی وا رۆشنبیری تورک ئیسماعیل بێشکچیش هێنایە نێو فەرهەنگی سیاسیی و رۆشنبیریمانەوە؟!


ئاخر ئێمە دیمۆکراسییەتمان بەو شێوەیە ناسیوە، هەموو کاتێک لە هەوڵی پشکنینی دەست و داوێن و نینۆک کردنی دەسەڵاتداراندایە، نەک بە پێچەوانەوە، چونکە بە پێی هەر پێوەرێک بمانەوێت تاو توێی ئەوە بکەین، بزانین کام سەرگە ئەوەی پێ هەزم دەکرێت، وڵاتێک بتوانێت بەرگەی باری ئەستۆ شکێنی گەندەڵی بگرێت، بەڵام لە توانایدا نەبێت، بەرگەی تۆزێک خۆنیشاندان یان خۆپێشاندانی جگەر گۆشەکانی بگرێت؟! بۆیە دەکرێت ئەگەر بە دیوێکدا خوێندنەوەی سەلبی بۆ خۆ پێشاندان بکرێت، ئەوە بە دڵنیایەوە لە زۆر حاڵەتدا خۆ پێشاندان لە ڤیستیڤاڵێک دەچێت، تاجە گوڵینەی رێز لێنان لەسەر دەستی ئەو خەڵکە لە بەرۆکی سەروەرێتی یاسای ئەو ووڵاتە دەدرێت؟!


لێرەدا گرنگە بەر لەوەی بیر لە سنووردار کردنی ئازادییەکان بکەینەوە، ئەو وتەیەی کەنعان مەکییە لە هەموو بڕیار وەرگرتنێکدا بە نموونە بهێنینەوە، ئایا سەددام بێدەنگی درووستکرد، یان بێدەنگی ئەوی درووستکرد؟! لەوەیش گرنگتر ئەوەیە؛ ئاماژە بۆ ئەوە بکەین، ئایا کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان لە بەرنامەیاندایە داوای موستەحیل لە حکومەتی کوردستان بکەن، یان شتی مەعقول؟! ئەگەر داواکارییەکان مەعقولن و موستەحیل نین، لە بەرانبەر دەست و پەنجە نەرم کردنی کۆمەڵانی خەڵکی کوردستان، پێویستە دەسەڵاتیش دەست و پەنجە لە گەڵیاندا نەرم بکات؟!
 

ماڵپه‌ڕی ستار محه‌مه‌د قادر