په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

نه‌ورۆز و هه‌ڵه‌بجه‌:

با گه‌نده‌ڵخوازه‌کانی کوردستان شه‌رمی کۆمه‌ڵکوژییه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال بیانگرێ،

.با‌ سه‌رکرده‌ی هه‌ردوو حیزبه‌که‌ به‌ دۆسییه‌ی ئه‌قڵی سیاسی خۆیاندا بچنه‌وه‌

 

عارف که‌ریم           

 

بیست ساڵ له‌مه‌وبه‌ر دانیشتوانی شاری هه‌ڵه‌بجه‌ خۆیان کۆده‌کرده‌وه‌ و ده‌یانویست وه‌رزی زستان به‌رێبکه‌ن و پیشوازی بکه‌ن له‌ به‌هار و نه‌ورۆز ، شاخ و ده‌شت و دۆڵ و که‌نار و قه‌دپاڵه‌کان به‌رگی ڕه‌نگاوڕه‌نگیان پۆشیبوو ، ئاوازی دلفرێنی مه‌ل و بولبول و قه‌قنه‌ز له‌ ئاسمانی هه‌ڵه‌بجه‌دا گوێی پڕده‌کرد و مژده‌ی ڕۆژێکی نوێی ده‌دا ، هه‌ورامان پێده‌که‌نی و شادی ده‌به‌خشییه‌وه‌ و زمناکۆ سه‌ری ده‌له‌قاند و بۆیده‌سه‌نده‌وه‌ ، خوره‌و هاژه‌هاژهی سیروان و ئه‌حمه‌داوا و زه‌ڵم گوێی کاسده‌کرد ، زه‌ردوسوور تێکه‌ڵاو ،  به‌چه‌پکه‌ گوڵی نێرگزی به‌هار یه‌کتریان گوڵبارانده‌کرد و گۆرانییان ده‌چڕی بۆ نه‌ورۆز و به‌هار  ، ئاله‌مکاته‌دا که‌خه‌ڵکیی سه‌رقاڵی شایی و زه‌ماوه‌ند و هه‌ڵپه‌ڕکێ بوون ، ناڵه‌ و گرمه‌گرم ده‌ستیپێکرد ، ئاسمان ناوچه‌وانی خۆی گرژکردو ژه‌هروزوخاوی ده‌باراند و خه‌نده‌و بزه‌ی سه‌رلێوانی ده‌مراند ، ڕۆژ بوو به‌ شه‌و ، هه‌ورامان ده‌ستیکرد به‌ باوکه‌ڕۆ و زمناکۆ بۆی سه‌نده‌وه‌ ، مه‌ل و بولبول و باڵنده‌کان باڵیان شکاو له‌ خوێندن که‌وتن و که‌وتنه‌ به‌ر گێژه‌ڵۆکه‌ی دۆزه‌خ ، گوڵاڵه‌سووره‌ی شاره‌زوور که‌ به‌ جۆشه‌وه‌ پڕبه‌ده‌م گۆرانی ده‌چری بۆ نه‌ورۆز ، سیس بوو به‌لاداکه‌وت ، شیری مه‌مکی دایک له‌ قورگی کۆرپه‌که‌یدا وشکبوو ، دایک خۆیشی تاسا و هه‌ناسه‌ی لێبڕا ، عومه‌ری خاوه‌ر ده‌یویست نه‌مرێ ، به‌ڵام بوو به‌ سیمبولێ .

 

به‌ڵێ له‌م ڕۆژه‌دا بوو ، واته‌ له‌ 16ی ئازاری 1988 دا ، ڕژێمی به‌عسی فاشیست له‌ ڕێگه‌ی علی حسن المجید ( عه‌لی کیمیایی )یه‌وه‌ که‌وته‌ گیانی گه‌لی کورد و هه‌ڵه‌بجه‌یان کیمیاباران کرد و شاره‌که‌یان شه‌هیدکرد که‌ پێنج هه‌زار ( 5000 ) کوزراو و پازده‌ هه‌زار ( 15000 ) زیاتر بریندارو ده‌یان جۆری نه‌خۆشی لێکه‌وته‌وه‌ که‌ هه‌تا ئێستایش خه‌ڵکی هه‌ڵه‌بجه‌ پێوه‌ی ده‌ناڵینن ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ وێرانبوونی شاره‌که‌ و ئاواره‌بوونی خه‌ڵکه‌که‌ی بۆ دیوی ئێران .

 

ئه‌م تاوانه‌ چه‌په‌له‌ به‌ یه‌کێک له‌ تاوانه‌ گه‌وره‌کانی جینۆساید ده‌ژمیردری له‌ دنیادا له‌دوای قه‌تڵوعامکردنی ئه‌رمه‌نه‌کان له‌ تورکیا و هۆلۆکۆس _ی جوله‌که‌کان و لێدانی هه‌ردوشاره‌که‌ی ژاپۆن ، هێرۆشیما و ناکازاکی به‌ بۆمبی ئه‌تۆم که‌ دنیای هه‌ژاند و هه‌ڵسانده‌سه‌رپێ و وه‌رچه‌رخانێکی سیاسی  گه‌وره‌ی خولقاند له‌ میژووی خه‌باتی گه‌له‌که‌ماندا و کوردی گه‌یانده‌ ئاستێکی به‌رزی سیاسی و دیپلۆماسی له‌ جیهاندا و ئه‌گه‌ر ئه‌قڵی سیاسی کورد کاریبکردایه‌ ، ئێستا ڕۆژمان به‌مڕۆژه‌ نه‌ده‌بوو !! .......

 

پێش کیمیابارانه‌که‌ خه‌ڵکی شاره‌که‌ ویستبویان هه‌ڵه‌بجه‌ جێبهێڵن  و بڕۆنه‌ ده‌ره‌وه‌ی شار ، به‌ڵام به‌رپرسه‌ بێهۆش و سه‌رخۆش و هیچنه‌زانه‌کانی ئه‌وسا _ که‌ئێستا به‌ سه‌رکرده‌و قاره‌مان ناویان ده‌برێت _  پێشیان به‌ خه‌ڵکه‌که‌ گرتبوو ، له‌ ڕێگای بڵندگۆی مزگه‌وته‌کانه‌وه که‌وتبوونه‌ هه‌ڕه‌شه‌ و گوڕه‌شه‌ و ڕێگه‌یان نه‌دابوو خه‌ڵکه‌که‌ شاره‌که‌ جێبهێڵن ، به‌ پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌ خۆیان و پاسداره‌کانی ئێران که‌ ئه‌مان چاوساخییان ده‌کردن ، وه‌کوو به‌رزه‌کی بانان بۆی ده‌رچوون و له‌ پێش هه‌موو که‌سێکه‌وه‌ ڕایانکرده‌ ده‌ره‌وه‌ی شاره‌که‌ و خه‌ڵکه‌که‌یان تووشی ئه‌و کاره‌ساته‌ دڵته‌زێن و جه‌رگبڕه‌ کرد که‌ قه‌ت بیرناچێته‌وه‌ ، دواتریش له‌ڕۆژی دواییدا پاش کاره‌ساته‌که،‌ وه‌کوو داڵ و سیسارکه‌ که‌چه‌ڵه‌ هاڵیانکوتایه‌ سه‌ر لاشه‌ی خنکاوی به‌لادا که‌وتووی ئه‌م شاره‌ کۆستکه‌وتوو و به‌دبه‌خته‌ و که‌وتنه‌ داماڵینی زێڕ و خشڵ و شتی به‌ نرخ له‌ په‌نجه‌و له‌شی مندال و ‌کیژ و ژنه‌کان و دواتریش پیکئاب و لۆرییان نا به‌ ماڵه‌کانیانه‌وه‌ و چی شتی به‌نرخ هه‌بوو هه‌موویان بارکرد بۆ دیوی ئێران . سه‌رکرده‌کانی هه‌ردو حزبه‌که‌ ئه‌مه‌یان به‌ چاکی ده‌زانی ، که‌چی بێده‌نگییان لێکرد چونکه‌ هه‌ڵه‌ی سیاسی خۆیان بوو که‌ کیمیاباران و ئه‌نفالی بۆ کورد هێنا به‌ دیاری ! .

 

ئه‌مڕۆ ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا ده‌بی ئه‌و ڕاستییه‌ بزانن که‌ پاش تێپه‌ڕبوونی 20 ساڵ به‌سه‌ر کیمیابارانه‌که‌ی هه‌ڵه‌بجه‌دا ، ئه‌وان وه‌کوو پیویست به‌ره‌وپیری شاره‌که‌ و خه‌ڵکه‌که‌ نه‌چوون و باوه‌شیان نه‌گرتۆته‌وه‌ بۆیان . بیانووی یه‌کێتی و پارتی که‌ جڵه‌وی حوکم و بریار له‌ ده‌ستیاندایه‌ هه‌رچییه‌ک بیت سه‌باره‌ت به‌ هێشتنه‌وه‌ی شاره‌که‌ به‌م شیوه‌یه‌ی ئێستای ، له‌وه‌زیاترکه‌ خه‌ڵکه‌که‌ بێزار و تووڕه‌ و یاخی ده‌کات ، هیچیتری لێناکه‌وێته‌وه‌ .

 

ناسنامه‌ی سیاسی هه‌ڵه‌بجه‌ییه‌کان هه‌رچییه‌ک بێت ، که‌چی هێشتا هه‌ڵه‌بجه‌ شاریكی کوردستانییه‌ و سیمبولی تێکۆشانی گه‌له‌که‌مانه‌ و دانیشتوانه‌که‌یشی هاوڵاتی ئه‌م نیشتمانه‌ن و پیویستبوو له‌ پێش هه‌موو شاره‌کانی کوردستانه‌وه‌ حسابی بۆ بکرایه‌ .

 

دروستکردنی مه‌زارو مه‌رقه‌د و مۆنۆمێنت و مۆزه‌خانه‌ ، گێڕانی ئاهه‌نگ و کۆڕو کۆبوونه‌وه‌ و سیمینار ، دانانی پرسه‌ و کۆڕی ماته‌م ، هیچ بۆ هه‌ڵه‌بجه‌ و هه‌ڵبجه‌ییه‌کان ناکه‌ن و ناتوانن خه‌ڵک بگێڕنه‌وه‌ بۆ سات و چرکه‌کانی پێش رووداوه‌که‌ و خه‌نده‌ و بزه‌ بگێرنه‌وه‌ بۆ سه‌ر لێوی ئه‌وان . خه‌لکی هه‌ڵه‌بجه‌ له‌ناخیاندا بریندارو بێزارن ، بیست ساڵه‌ ، به‌رپرسه‌کان ، ڕێکخراوه‌کان ، که‌سایه‌تییه‌ ناسراو و جیاجیاکان ، به‌ڵێن ده‌ده‌ن و درۆیان بۆ که‌ڵه‌که‌‌ ده‌که‌ن که‌ هیجی لێسه‌وز نه‌بووه‌ و کار گه‌یشته‌ ئه‌وه‌ی کا‌تی خۆی هه‌ره‌شه‌ له‌ به‌رپرسه‌کان بکه‌ن که‌ چیتر نه‌یه‌نه‌ ناو شاری هه‌ڵه‌بجه‌وه‌ و پێش شانده‌ بیانییه‌کان نه‌که‌ون و به‌ناوی ئه‌وانه‌وه‌ قسه‌نه‌که‌ن ! تا له دوایین جاردا بێزاریی و تووڕه‌بوونی ئه‌وان به‌ سووتاندنی مۆنۆمێنته‌که‌ کۆتایی هات که‌ شه‌ڕ و ئاژاوه‌ و کوشتنی لێکه‌وته‌وه‌ و هه‌موو دنیاش پێیزانی ، به‌رپرسه‌ بێباکه‌کانیش ده‌یانوت : ده‌ستێک هه‌یه‌ له‌ پشتی ئه‌مه‌وه‌ !!!!

 

هه‌تا ئێستا نوێنه‌رانی خه‌ڵکی شاره‌که چه‌ندجارێک‌ له‌ ڕێگای کۆبوونه‌وه‌ و ڕێکخراو و کۆنفرانسی جیاجیاوه‌ داواکاری و پێشنیاری خۆیان داوه‌ته‌ حکومه‌ت و په‌رله‌مانی کوردستان تا به‌ زووترینکات بریاری له‌سه‌ر بده‌ن و پاره‌ی بۆدابین بکه‌ن و ده‌ست بکرێت به‌ جوانکردن و ئاوه‌دانکه‌دنه‌وه‌ی شاره‌که‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ هه‌مووی پشتگوێ خراوه‌ و هیچ لایه‌ن و به‌رپرسێک وه‌کوو پێوست ئاوڕی نه‌داوه‌ته‌وه‌ له‌م شاره‌ ، بۆ نموونه‌ به‌مزوانه ( به‌پێی قسه‌وباسی ڕاگه‌یاندنه‌کان ) کۆننفرانسی شاره‌وانییه‌کانی جیهان ‌ له‌ کوردستان ده‌ست به‌ کاره‌کانی ده‌کات که‌ بریار بوو له‌ شاری هه‌ڵه‌بجه‌ ببه‌سترایه‌ ، به‌ڵام به‌هۆی نه‌بوونی هۆڵێک له‌شاره‌که‌دا بۆ  کۆبوونه‌وه‌کان ، ئه‌وا به‌ ناچاری کۆنفرانسه‌که‌ ده‌گوازرێته‌وه‌ بۆ شاری سلێمانی ..... به‌رپرسه‌کانیش هه‌ر قسه‌ی زل ده‌که‌ن !!!!!! لاف و گه‌زافی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی هه‌ڵه‌بجه‌ لێده‌ده‌ن .!!!!!!

 

هه‌ڵه‌بجه‌ی شه‌هید پێویستی به‌ بودجه‌یه‌کی تایبه‌تی ئابووری هه‌یه‌ که‌ بواره‌کانی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ ، پیشه‌سازی ، کشتوکاڵ به‌ خۆوه‌بگرێت و ‌ده‌بێ په‌رله‌مانی کوردستان بیگرێته‌ ئه‌ستۆی خۆی و بریاری له‌سه‌ربدات و به‌ره‌وڕووی حکومه‌تی بکاته‌وه‌ ، تاوه‌کوو ئه‌وانیش له‌لای خۆیانه‌وه‌ به‌ره‌وڕووی خه‌ڵکانی پاک و به‌ ویژدانی بکه‌نه‌وه‌ و ده‌ست به‌کاربن .

 

خه‌سته‌خانه‌و قوتابخانه‌ و زانکۆ و خانووبه‌ره‌ و به‌نداو و جوانکردن و ده‌ستپیاهێنانی باخ و کێڵگه‌و بێستانه‌کان و ڕاکێشانی شه‌قام و دروستکردنی پرد و چاککردنی ئاوه‌ڕۆ و شۆسته‌کان و شوێنه‌ وێرانه‌کان ، بنیاتنانی ده‌زگای ئاو و کاره‌با و درووستکردنی فرۆکه‌خانه‌و شاری یاری و .....تاد به‌و ده‌تا پازده‌ ( 10_15 ) ملیۆن دۆلاره‌ ته‌واو نابێت که‌ گوایا ته‌رخانکراوه‌ بۆ پرۆژه‌ی ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ و خزمه‌تگوزاری ، به‌تایبه‌تی ئه‌گه‌ر کۆنتڕۆڵ و لێپرسینه‌وه‌ نه‌بێت له‌سه‌ر ئه‌و پاره‌یه‌ ، ئه‌وا له‌ ڕیوه‌ به‌رپرسه‌ گه‌نده‌ڵه‌کان له‌سه‌دا حه‌فتای 70% پاره‌که‌ لووشده‌ده‌ن و پرۆژه‌کانیش تووشی ئیفلیجبوون ده‌که‌ن و هیچی لێ جێبه‌جێ ناکرێت ، به‌ڵگه‌ بۆ قسه‌کانم ئه‌م چه‌ند ساڵه‌ی ڕابوردووه‌ ، به‌تایبه‌تی دوای ڕووخانی سه‌ددام که‌ هه‌ردوو حزبه‌که‌ ساڵانه‌ به‌ شینه‌یی بودجه‌ی کوردستان لووشده‌ده‌ن و شتێکی که‌م نه‌بێت ، هیچ ناهێڵنه‌وه‌ بۆ میلله‌ت و پرۆژه‌خزمه‌تگوزارییه‌کان و ئاوه‌دانکردنه‌وه‌ی کوردستان!! .... به‌ ده‌یان پرۆژه‌ له‌سه‌رانسه‌ری کوردستاندا به‌ شێوه‌یه‌کی فه‌رمی و له‌به‌ر چاوی میلله‌ت و دنیا ، له‌ شاشه‌ی ئه‌له‌فزیۆنه‌کانی خۆیانه‌وه‌ قردێله‌ی بۆ قرتێنراوه‌ و ناوی لێنراوه‌ که‌ چه‌ند پاره‌ی بۆ ته‌رخان کراوه‌ !!!!! که‌چی هه‌ر هه‌موویان پاره‌که‌ی لووشدراوه‌ و هیچ بۆ پرۆژه‌کان نه‌ماوه‌ته‌وه‌ . عه‌بدولکه‌ریم قاسمی سه‌رۆکی عێراق که‌ به‌عسییه‌کان له‌ ساڵی 1963دا کۆده‌تایان به‌سه‌رداکردو به‌خوتوخۆڕایی کوشتیان ، پێنج ( 5) دینار له‌ گیرفانیدا نه‌بوو !!! له‌ولاشه‌وه‌ به‌رپرسه‌کان خۆڵ ده‌که‌نه‌ چاوی خه‌ڵکییه‌وه‌ و کاره‌کان ده‌شیوێنن و خه‌ریکی شیوه‌ن و گریانن له‌سه‌ر شاشه‌ی ته‌له‌فزیۆنه‌کانیان و ناوبه‌ناویش بۆ ڕۆژنامه‌کان ده‌دوێن ، گوایه‌ له‌توانادا نییه‌ 182 هه‌زار که‌س مووچه‌ی بۆ ببڕدرێته‌وه‌ !! یاخود ده‌ڵێن له‌سه‌دا 65 تا 70ی بودجه‌ی کوردستان بۆ مووچه‌ی خه‌ڵک ده‌روات !!! له‌وه‌ڵامی ئه‌م قسانه‌دا من ده‌ڵێم : 30ساڵ له‌مه‌وبه‌ر ده‌وڵه‌ته‌ میرنشینه‌کانی عه‌ره‌بی یه‌کگرتوو ، که‌ تازه‌ بووبوون به‌ ده‌وڵه‌ت ، به‌هه‌شتێکی بچکۆله‌یان بۆ خۆیان درووستکردبوو له‌ ناو وڵاتانی خه‌لیجدا ( چونکه‌ خاوه‌نیان هه‌بوو !! ) که‌ پێشکه‌وتنێکی به‌رچاوی به‌خۆوه‌ بینیبوو له‌ هه‌موو کایه‌کاندا  _ ئه‌وکاته‌ به‌نده‌ یه‌کێک بووم له‌وانه‌ی 4 ساڵ له‌وێ کارم کرد وه‌کوو کارمه‌ندێکی حکومه‌ت _ ئێستا پاش 30ساڵ له‌گه‌شه‌کردنی ئابووری و پێشکه‌وتن ، بودجه‌ی ئه‌و وڵاته‌ له‌ 9 ملیار دۆلار تێناپه‌ڕێت !!!  پێم ناڵێن چه‌نابتان بودجه‌ی کوردستان بۆ کوێ ده‌به‌ن و چی لێده‌که‌ن ؟!!!! کامه‌تا ئه‌و ڕوونکردنه‌وانه‌ی ئێوه‌ به‌ژماره‌ له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی دواییدا داوتانه‌ته‌ گه‌لی کورد ده‌رباره‌ی خه‌رجکردنی بودجه‌ی هه‌رێمی کوردستان ؟ !!!

 

کامانه‌ن ئه‌و ملهووڕ و به‌رپرس و گه‌نده‌ڵانه‌ی ئێوه‌ لێپرسینه‌وه‌تان له‌گه‌ڵدا کردوون داوتاننه‌ته‌ دادگا ؟!!! ‌

 

له‌ڕاستیدا گه‌نده‌ڵیی دیارده‌یه‌که‌ له‌ هه‌موو دنیادا هه‌یه‌ ، ته‌نانه‌ت له‌ ناو ڕێکخراوه‌ خێرخوازه‌کان و ڕێکخراوی خاچی سوور و مافی مرۆڤ و نه‌ته‌وه‌یه‌کگرتووه‌کاندا ، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی له‌ وڵاتان و شوێنانیتر لێپرسینه‌وه‌ هه‌یه‌ ، ئه‌وا گه‌نده‌لییه‌کان هیچیان به‌ وێنه‌ی ئه‌وه‌ی کوردستان نییه‌ . له‌وڵاتانی پێشکه‌وتوودا ، که‌سێک ، به‌رپرسێک ، ده‌زگایه‌ک ، گه‌نده‌ڵیی لێده‌ر‌که‌وێ ، خێرا لێپرسینه‌وه‌ی له‌گه‌ڵدا ده‌کرێت و ڕاگه‌یاندنی ئه‌و وڵاته‌ ( ڕادیۆ ، ته‌له‌فزیۆن ، ڕۆژنامه‌و شورنالیست وکامێرای ته‌له‌فزیۆن ) که‌له‌هه‌ندێ وڵاتدا به‌ ده‌سه‌ڵاتی چواره‌م حسابده‌کرێن ، دێنه‌ ناو کێشه‌که‌وه‌ و ده‌ست وه‌رده‌ده‌ن له‌کاره‌کان و سه‌رودڵی گه‌نده‌ڵه‌کان ده‌گرن و ناچاریانده‌که‌ن پۆسته‌کانیان جێبهێڵن و ده‌ست له‌کاره‌کانیان بکێشنه‌وه‌ ، جاری واش هه‌یه‌ به‌ره‌وڕووی دادگا ده‌بنه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ی سزای خۆیان وه‌ربگرن ، ئه‌مه‌ جگه‌له‌وه‌ی ڕیسواده‌کرێن له‌ناو میلله‌تدا ، که‌چی له‌کوردستاندا ته‌واو به‌پێچه‌وانه‌ی ئه‌مه‌وه‌یه‌ ، به‌هۆی ئه‌وه‌ی حزب و سه‌رۆک حزبه‌کان سه‌روه‌رن و له‌سه‌روو یاساوه‌ خۆیان حسابده‌که‌ن و ده‌بیننه‌وه‌ ، شه‌رمکردن و ته‌ریقبوونه‌وه‌ لا‌ی ئه‌وان بوونی نییه‌ ،  له‌به‌رئه‌وه‌ هیچ نرخ و به‌هایه‌ک دانانێن بۆ خوارخۆیان ، به‌تایبه‌تی حکومه‌ت و په‌رله‌مان و هه‌رهه‌موویان به‌ به‌نۆکه‌ر و خزمه‌تکاری خۆیان ده‌زانن!! ، دێن به‌به‌ر چاوی میلله‌ته‌وه‌ به‌ هه‌موو توێژو چینه‌کانیه‌وه‌ ، ئه‌وشتانه‌ ده‌که‌ن که‌ به‌هیچ شێوه‌یه‌ک ڕێكناکه‌ون و یه‌کناگرنه‌وه‌ له‌گه‌ڵ ده‌ستوور و یاسادا (که‌لێره‌دا به‌ وتارێک کۆتایییان نایه‌ت و ده‌بێ چه‌نده‌ها کتێبی له‌سه‌ر بنووسرێته‌وه‌ ) به‌لاشیانه‌وه‌ گرنگ نییه‌ میلله‌ت چه‌ند بێزار و وه‌ڕس و تووڕه‌یه‌ ، له‌وه‌وپێش چه‌ند قوربانی داوه‌ ، چه‌ند بێبه‌شه‌ له‌ مافه‌ڕه‌واکانی.... کێ بیستوویه‌تی یان بینیویه‌تی ؟! له‌کوێ ڕوویداوه‌ ؟! ده‌سه‌ڵاتێک یان سه‌رکردایه‌تی حزبێک که‌ بریاری له‌ده‌ستدایه‌ ، داهات و سامان و  بودجه‌ی وڵات و میلله‌ته‌که‌ی بۆخۆی حه‌ڵال بکات و شتێکی که‌می لێبهێڵێته‌وه‌ بۆ میلله‌ت و تڕومنه‌تیش بکات و ئه‌وانیتر قه‌رزارباربکات و دواتریش پشتبکاته‌ هه‌موو مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازه‌کانی گه‌له‌که‌ی و ته‌نهاوته‌نها بیر له‌ بازرگانی و پاره‌په‌یداکردن و گیرفانپڕکردن بکاته‌وه‌ و هیچیتر ...... له‌وه‌ڵامدا ده‌ڵێم : ئه‌م دیارده‌یه‌ ، ئه‌م شێوه‌یه‌ له‌ گه‌نده‌ڵیی ئیداری ، ئابووری ، کۆمه‌ڵایه‌تی ، سیاسی .....تاد ته‌نهاوته‌نها له‌ کوردستاندا لای یه‌کێتی و پارتی هه‌یه‌و و شتێکیتری وه‌کوو ئه‌مه‌ له‌ هیچ کون و قوژبنێکی ئه‌م دنیایه‌دا بوونی نییه‌ ، له‌به‌رئه‌وه‌ به‌ته‌نها هه‌ڵه‌بجه‌ نییه‌ که‌ پشتی تێکراوه‌ و هێچی بۆنه‌کراوه‌ ، ته‌نها گه‌رمیان و ڕۆڵه‌کانی ئه‌نفال نییه‌ که‌ به‌ ڕۆژی ڕووناک بازرگانییان پێوه‌ده‌کرێ ..... نه‌خێر ، 16 ساڵه‌ گه‌له‌که‌مان له‌ تاریکستانیدا ده‌ژی و ژیان به‌ ژانه‌وه‌ ده‌باته‌سه‌ر ، 16 ساڵه‌ میلله‌تێک ژێرخانی کۆمه‌ڵایه‌تی نییه‌ ، ده‌خواو ده‌نوێ و به‌رهه‌می نییه‌ ، 16 ساڵه‌ داهات و ده‌ستکه‌وته‌کان بۆ گیرفانی به‌رپرسه‌کانه‌ نه‌ک میلله‌ت ،  16 ساڵه‌ به پێی‌یاسا چه‌په‌ڵه‌کانی به‌عسی فاشیست مامه‌له‌ی میلله‌ت ده‌که‌ن و گوڕانکارییان تێدانه‌کردووه‌ . بؤخۆتان هه‌موو شتێک هه‌یه‌ ، به‌ڵم بۆ میلله‌ت هیچ نییه‌ !!!

 

جاران ، سه‌رده‌می خه‌باتی شاخ ، به‌هۆی دڕنده‌یی ڕژێمی به‌عسه‌وه‌ ، هه‌رچی که‌موکوڕی و عه‌یبوعاری سه‌رانی کورد هه‌بوو _ به‌ شه‌ڕی یه‌کتر کوشتنیشه‌وه‌ _ هه‌مووی شاردرابۆوه‌ ، ئه‌گه‌ر پێشبزانرایه‌ ، ئه‌وا به‌هۆی ئه‌وه‌ی دوژمنه‌که‌مان له‌ حاڵه‌تی په‌لامارداندا بوو ، چاوپۆشییان لێده‌کرا ، ته‌نانه‌ت له‌ دوای ڕاپه‌ڕینیش که‌له‌سه‌ر گومرکی خاڵی سه‌رسنووری ئیبراهیم خه‌لیل سه‌دان پێشمه‌رگه‌ی ئازایان به‌کوشت دا به‌بێئه‌وه‌ی داوای لێبوردن له که‌سوکار و‌ گه‌له‌که‌یان بکه‌ن ، ئه‌وه‌شیان هه‌ر چاوپۆشی لێکراو میلله‌ت چاوی خؤی لێنووقاند و هه‌ر هاواری بوو که‌ شه‌ڕه‌که‌ ڕابگرن و هه‌ردوو ئیداره‌که‌ یه‌کخه‌نه‌وه‌ و خه‌ریکی به‌لاداخستنی مه‌سه‌له‌ چاره‌نووسسازاکانی گه‌له‌که‌مان بن که‌ ئه‌وسا و ئێستایش پشتیان تێکردووه‌ و گوێیناده‌نێ .

 

ئێستا له‌دوای ڕووخانی سه‌ددام ، گومرکی ئیبراهیم خه‌لیل ئه‌همییه‌تێکی ئه‌وتۆی نه‌ماوه‌ و تاڕاده‌یه‌ک بیرچۆته‌وه‌ چونکه‌ پاره و‌پوولێکی زیاتر هاتۆته‌ ده‌ستی ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا که‌ ده‌بوایه‌ به‌زه‌یییان به‌و خه‌ڵکه‌ لێقه‌وماوه‌دا بهاتایه‌ته‌وه‌ و بۆ خزمه‌تکردنی ئه‌وان خه‌رجیان بکردایه‌ ، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ ئه‌وان وه‌کوو که‌سانی سه‌رخۆش و بێباک و تینوو بۆ پاره‌ و خۆده‌وڵه‌مه‌ندکردن و گیرفانپڕکردن ،  پشتییان کردۆته‌ خه‌ڵکه‌که‌ و بازیانداوه‌ به‌سه‌ر هه‌ڵه‌بجه‌و ئه‌نفال و گۆڕی به‌کۆمه‌ڵ و کوردستانه‌ وێرانه‌که‌ی ئێمه‌دا  که‌ دوژمنانمان بۆیانکردبووین به‌ گۆڕستان و ته‌نها و ته‌نها له‌خه‌می خۆیاندان و که‌سیتر ، بازیاندا به‌سه‌ر سه‌دان خێزانی شه‌هیدو هه‌زاران خه‌ڵکی لێقه‌وماو و ڕه‌شوڕووت و برسی و ده‌ست سپیدا و که‌وتنه‌ درووستکردنی کۆشک و شوێنی حه‌وانه‌وه‌ی خۆیان و کڕینی شتی مۆدێرن له‌ ئوتومبیل و ناوماڵ و پێویستییه‌کانی تر ، ده‌ستیان گرت به‌سه‌ر بازاری جگه‌ره‌و مه‌شرووب و که‌لوپه‌لدا ، ده‌ستیان کرد به‌ درووستکردنی شاری جۆراوجۆر ، کۆشکوته‌لاری 10_30 نهۆمیی ، میوانخانه‌ی جۆراوجۆر ، سۆپه‌رمارکیت و بازاری گه‌وره‌ گه‌وره‌ و .......تاد به‌ناوی بازاری ئازاده‌وه‌ ، که‌چی له‌ولاشه‌وه‌ میلله‌ته‌کامان ده‌ناڵێنێ به‌ده‌ست نه‌بوونی کاره‌با ، ئاو ، سووته‌مه‌نی که‌ به‌به‌شێکی گرنگ و زیندووی پێداویستییه‌کانی ژیان حسابیان بۆده‌کرێ ، ئه‌مه‌ جگه‌ له‌ سه‌دان خێزان که‌ ماڵ و حاڵ و جێی حه‌وانه‌وه‌ی خۆیان نییه‌ و له‌ شوێنی ناسروشت و نابه‌جێ ژیان به‌سه‌رده‌به‌ن .

 

به‌باشی ده‌زانم به‌م بۆنه‌یه‌وه‌ نموونه‌یه‌ک بخه‌مه‌ به‌رچاوی خوێنه‌ری به‌ڕێز :

 

له‌م ڕۆژانه‌ی پێشوودا به‌ڕێز مه‌سعود بارزانی _ سه‌رۆکی هه‌رێمی کوردستان _ سه‌ردانی قوتابخانه‌یه‌کی نموونه‌یی کرد و سه‌رسامیی خۆی پیشاندا به‌رامبه‌ر به‌ ڕێکوپێکییی قوتابخانه‌که‌ و جۆری په‌روه‌رده‌ و به‌ ڕێوه‌بردن و هه‌ر ستایشی ده‌کردن و سوپاسی ده‌کرد که‌ ڕۆڵه‌ و سه‌رکرده‌کانی داهاتووی گه‌له‌که‌مان له‌ قوتابخانه‌ی وه‌کوو ئه‌مه‌دا فێرده‌بن و په‌روه‌رده‌ده‌کرێن !!

 

من به‌ کاک مه‌سعود ده‌ڵێم : ئه‌گه‌ر ده‌یه‌وی له‌ ڕاستییه‌کان تێبگات ، با گه‌شتێک ده‌ستپێبکات له‌ سه‌رانسه‌ری کوردستاندا و به‌بێ به‌رنامه‌و به‌ شێوه‌یه‌کی کوتوپڕ ده‌یان قوتابخانه‌ به‌سه‌ربکاته‌وه‌ ، ئیتر ئه‌وسا ده‌گاته‌ ئه‌و قه‌ناعه‌ته‌ که‌ له‌زۆر شوێنی کوردستاندا قوتابخانه‌ هه‌ر بوونی نییه‌ و قوتابی له‌که‌لاوه‌دا ده‌رس ده‌خوێنن ،  ڕێژه‌یه‌کی زۆر له‌قوتابخانه‌کانمان له‌ شاره‌کاندا زیاتر له‌ 3 ده‌وامی تێدا ده‌کرێت و پۆلی واهه‌یه‌ 50 قوتابی ده‌رسی تێدا ده‌خوێنێت و هیچ فێرنابن!!! پێویستییه‌کانی قوتابخانه‌ له‌ هۆیه‌کانی ڕوونکردنه‌وه‌ ، کورسی و شوێنی دانیشتن ، ڕاخه‌ر و سۆپا و هۆیه‌کانی خۆفێنککردنه‌وه‌ ، پێویستییه‌کانی وه‌رزش و یاریکردن ، به‌رنامه‌ی خواردن پێشکه‌شکردن به‌قوتابی ، دابینکردنی هۆیه‌کانی گواستنه‌وه‌ بۆ ئه‌و قوتابیانه‌ی دوورن له‌ قوتابخانه‌کانیانه‌وه‌ ......و ده‌یانیتر هه‌ر بوونیان نییه‌ !! بۆیه‌ پێوسته‌ پسپۆرانی بواری ڕاگه‌یاندن و په‌روه‌رده‌ خۆیان بێبه‌ش نه‌که‌ن له‌م گه‌شته‌ی کاک مه‌سعود و چی ڕاسته‌ ئه‌وه‌ بگه‌یه‌نن ! جگه‌ له‌وه‌ ئێمه‌ خاوه‌نی سیستمێکی په‌روه‌رده‌ی کۆنین که‌ ده‌بی له‌بنه‌ڕه‌ته‌وه‌ گۆڕانی به‌سه‌ردا بێت و هه‌ڵته‌کێ به‌مه‌رجێک له‌گه‌ڵ واقیعی کوردستاندا  بگونجێت و لاسایی هه‌موو شتێکی ئه‌وروپا نه‌کرێته‌وه‌ !! . جارێ هیچ نه‌بێ مامۆستا فێری ئه‌وه‌ بکرێت به‌ تێڵایه‌که‌وه‌ خۆی نه‌کات به‌ پۆله‌کاندا و نه‌که‌وێته‌ گیانی قوتابی به‌سته‌زمان و به‌ ئه‌قڵ و به‌رنامه‌ و بیرکردنه‌وه‌ کاربکات !!!

 

له‌دواجاردا بۆئه‌وه‌ی له‌ باسه‌که‌ لانه‌ده‌م ، پێویسته‌ کاربه‌ده‌ست و به‌رپرس و ده‌سه‌ڵاتداره‌کانی کوردستان ، ڕێزیان هه‌بێت بۆ میلله‌ت ، به‌خۆیاندا بچنه‌وه‌ و هه‌ڵسه‌نگاندنی نوێ بکه‌ن و گۆڕانی مه‌زن بکه‌ن له‌ بواره‌ جیاجیاکانی ئیداری ، ئابوری ، دارایی ، سیاسی ، کۆمه‌ڵایه‌تیدا ، ئاوڕێک له‌ یاساناس و ئابوریناس و هونه‌رمه‌ند و ڕۆشبیرو ئه‌کادیمیست و پسپۆرو شاره‌زاکانی بواره‌ جیاجیاکان بده‌نه‌وه‌ له‌وانه‌ی مه‌له‌فیان نییه‌ ، پاک و دڵسۆز و سه‌ربه‌رزن و سه‌ر به‌ هیچ حزبێک نین . جگه‌له‌مانه‌ ئێمه‌ له‌کوردستاندا خاوه‌نی سیستمێکی خێڵه‌کین و هه‌ر حزبه‌ ده‌یه‌وی خۆی ده‌سه‌ڵات بگرێته‌ ده‌ست و سه‌روگوێلاکی ئه‌ویتر بکوتێته‌وه‌ و هه‌تا مردنی سه‌رکرده‌کانی ، وه‌چه‌ له‌دوای وه‌چه‌ حوکمی له‌ده‌ستدابێت ، ئه‌وانه‌ی کوردستان فێری ئه‌وه‌ نه‌بوون که‌ به‌ نۆره‌ یاخود له‌ ڕێگای هه‌ڵبژاردنێکی ئازاده‌وه‌ حوکم بکه‌ن بۆئه‌وه‌ی نرخ بهێڵنه‌وه‌ بۆ ئازادی ، دیموکراتی ،  مافی مرۆڤ و کۆمه‌ڵگاکه‌مان گه‌شه‌کردنی پێویست به‌ خۆیه‌وه‌ ببینێت و به‌ره‌و کۆمه‌ڵگایه‌کی مه‌ده‌نی ملبنێ . هه‌تا کاره‌کان وه‌کوو ئه‌وه‌ی ئێستا بڕوات ، ده‌سه‌ڵاتی سیاسی له‌ کوردستاندا هیچ به‌ هیچ ناکه‌ن و ده‌بێ هه‌ر ته‌پوتۆز بکه‌ن له‌ دوای ڕووداوه‌کانه‌وه‌ .

 

با یادی ساڵڕۆژی کیمیابارانی هه‌ڵه‌بجه‌ بکه‌ینه‌ ڕۆژی به‌پیره‌وه‌چوونی هه‌ڵه‌بجه‌ و قوربانییه‌کانی ئه‌نفال له‌ هه‌موو شوێنێکی کوردستاندا .

 

 

ستۆکهۆڵم