په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٦\٢٠١٠

با لە چلەی سەردەشتدا کۆمەڵگە ڕابگرین !


تاهیر حەسەن 


ئەمڕۆ سیوحەوت ڕۆژ بەسەر ئەو چرکە ساتانەدا تێدەپەڕێ، کە دایکوباوک و برا و هاوڕێیان و کەسوکار و خۆشەویستان و سەرجەم خەڵکی کوردستان لەوە دڵنیا دەبن، کە ڕۆڵەیەکی ئازاو جەسووری خۆیان (سەردەشت عوسمان) یان لە دەستدا. سیوحەوت ڕۆژ تێپەڕی و تا ئێستا هیچ نیشانەیەک لە ڕووخساری ئەو گیانەوەرە چەکدارە دڕندانەوە، کە ئەو تاوانەیان ئەنجامدا دیار نیە!. سیوحەوت ڕۆژ تێپەڕی و جگە لەپووچترین و پڕدرۆترین ڕاپۆرتی (لیژنەی لێکۆڵینەوە)کەی بارزانی ( کە دەڵێ لەهەموو کەس ناڕەحەترم بەو ڕووداوە) شتێکی ترمان نەبینی!. تۆ بڵێی کێشەی ئەو لیژنەیە(دیارە ئەگەر بەڕاستی هەبێت) چی بێت؟. هەر لیژنەیەک بۆ بەدواداچوونی هەر کارێک پێک بێت ، دەتوانێ لەماوەی کەمتر لەچلوهەشت سەعاتدا ڕاپۆرتی خۆی بۆ ڕای گشتی ئاشکرا بکات و بڵێ لێرەوە دەستمان پێکرد و گەیشتوینەتە ئەوێ ، فڵان کێشەمان هەیەو لە فڵان نهێنی هێشتا حاڵی نین. بەڵام دیارە ئەگەر لیژنەیەک خۆی تەرەفی سەرەکی بێت لەو هێزەی کە کارەساتەکەی خوڵقاندووە ، ئیتر سەختە بەئاسانی بێت وکڵافەی درۆ بچنێت وبیکاتە ملی خەڵک. کەسانێک کە خۆیان نەخشەکێش وجێبەجێکەری خوڵقاندنی بەئاشکراو بەڕۆژی ڕووناکی تراژیدیایەک بووبن ، هەوڵدان بۆ نیشاندانی ڕوویەکی پێچەوانەی ئەوتراژیدیایە کارێکی ئاسان نیە. هەر بۆیە لەماوەی ئەم سیوحەوت ڕۆژەدا هەرچی لێدوانێک کە پارتی و دەزگاحزبیەکانی ولیژنە بێ ناوو بێ دەموچاوەکانی داویانە بۆ خەڵک ، نەک هەر شکوگومانی خەڵکی کوردستانی بە تێوەگلانی پارتی لەتیرۆری ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسماندا نەڕەواندۆتەوە ، بەڵکو خەڵکی بە پێچەوانەکەی گەیاندووە.


ئێستا ئیتر هیچ کەسێک ، ئەگەر ویژدانی بەبەرژەوەندیەک نەفرۆشتبێ ، گومانێکی لەوە نەماوەتەوە کە پارتی و دەزگای پاراستنەکەی بە تیرۆری سەردەشت عوسمان تاوانبارە. بەڵام ئەم ڕاستیە هێشتا نیوەی مەسەلەکەیە. نیوەکەی تری ئەوەیە کە چۆن و چی بکرێت بۆ ئەوەی تاوانباران بکێشرێنە دادگاو دادگایی بکرێن ؟. تا ئەگەر تاوانەکەیان سەلمێنرا سزای تاوانەکەیان وەربگرن وئەگەریش بەرائەتیان سەلمێنرا ئازاد بکرێن ودەست لەیەخەیان بکرێتەوە. بەڵام لایەنی داواکراو لەلایەن دادگای عادیلانەو سەربەخۆ و ئاشکرای خەڵکەوە ، کەسانێک نین کە لەدادگا هەڵهاتبن و لە هەمووان بخوازێت کە زانیاری لەسەریان کۆبکەینەوەو هاوکاری دادگاو پۆلیس بکەین بۆ دەستگیرکردنیان . لایەنی تاوانبار بارەگای مەکتەبی سیاسیەکەی و ئۆفیسی سەرۆکەکەی وان لەشاری هەولێرو دووهەواری هاوینەی گەورەو گرانی خەڵکیان داگیر کردووە . سەرۆکەکەی بە نوێنەرایەتی خەڵکی کوردستان پێری لە ئەنکاراو دوێنێ لە بەرلین و ئەمڕۆ وسبەی قەرارە بچێتە پاریس !. بۆیە هێزێکی گەورەی جەماوەری ڕێکخراوو بەرچاو ڕۆشنی فراوان چ لەدەرەوەو چ لەناوەوەی کوردستان پێویستە ، تا بتوانێ تاوانباران ڕاپێچی دادگایەکی عادیلانەی سەربەخۆی ئاشکرا بکات .


بەیاننامە پڕ هەڕەشەکەی مەکتەبی سیاسی پارتی و دواتر لێدوانەکەی مەسعودبارزانی لە پەرلەمان ، ئەو ڕاستیە دەخاتە نێو ووشکترین کەللەوە. کە دەزگا نهێنیە ئینسانکوژەکانی پارتی ، بەوهۆیەوە کە سەردەشت عوسمان کۆمەڵێک ووشەی لەدژی دەسەڵاتی فیرعەونی مشتێک سەرمایەداری کورد خستووەتە سەر کاغەز و بەمەش هێڵەسوورەکانی ئەوانی بەزاندووە ، ناوبراویان تیرۆر کردووە. پەیامی دەسەڵاتدارانی کوردستان بۆ خەڵکی کوردستان دەمێکە گەیشتووە. ئەگەر کەسێک تائێستا لە ناوەڕۆکی پەیامی سەرمایەدارانی دەسەڵاتداری کوردستان ، لەمەڕ مافە سەرەتاییەکانی خەڵک بۆ بیرکردنەوە و عەقیدە ، بۆهەڵسوڕانی سیاسی وڕێکخراوەیی ، بۆ ئازادی ڕادەربڕین وچاپەمەنی وڕۆژنامەوانی حاڵی نەبووبێ ، تیرۆری سەردەشت عوسمان وهەڕەشەکانی مەکتەبی سیاسی پارتی و هەڕەشەکانی مەسعودبارزانی دەبێ ئیتر حاڵی کردبێ. پەیامی ئەوان گەیشت ، ماوەتەوە پەیامی شایستەو پڕ بەپێستی جەماوەری ناڕازی ملیۆنی خەڵکی کوردستانیش بگات بەوان . هاتنەمەیدانی شایستەی خەڵکی شاروشارۆچکەکانی کوردستان ، خوێندکاران و لاوان و ژنان و ڕۆشنبیران و ئازادیخوازان لەدەرەوەو ناوەوەی کوردستان لە دژی تیرۆری سەردەشت عوسمان ، سەرباری ناڕێکخراوی و پەرشوبڵاوی و نەبوونی ناوکۆکەیەکی مەحکەمی ڕابەرایەتیەکی بەردەوام وئاسۆیەکی ڕۆشن ، سەرەتای ئەو پەیامەیە کە جەماوەری خەڵکی کوردستان دەیانەوێ بیدەن بە دەسەڵاتداران.


بۆیە بەبێ هیچ پێچوپەناو ئەمما وئەگەرێک . ئەگەر سەربەخۆ لەوەی چۆن بیردەکەینەوە ، ئەگەر سەربەخۆ لەوەی چ بیروبڕوایەکی جیاوازمان هەیە وبەسەرلایەنگری لە چ حزب وپارت و کۆمەڵەیەکدا دابەشبووین ، ئەگەر بەهەق دەمانەوێ خوێنی سەردەشت وئەو سەردەشتانەی کە ماون وئاواتەخوازی ئەوەن لە کۆمەڵگەیەکی ئارام وئازاد وئینسانیدا ژیان بەسەر بەرن وجارێکی ترنەکرێنە قوربانی دووقسەی نێو ڕۆژنامەو میدیاکان ، یان فەنتازیایەکی هونەری وئەدەبی ڕۆژنامەوانی. ئەگەر دەمانەوێ بەخوێنی سەردەشتی دوێنێ ، خوێنی سەردەشتە زیندووەکانی ئەمڕۆ بپارێزین ، ئەگەر دەمانەوێ خوێنی سەردەشتیش وەک خوێنی سۆرانی مامە حەمە و دەیانی پێش خۆی لەئەرشیفی تاوانەکانی ئەحزابی دەسەڵاتداردا هەڵنەگیرێ ، ئەگەر سەردەشت ووتەنی قەرار بێ لەو شوێنەدا کە ئەو نوقتەی داناوە ، بواری ئەوە هەبێت هاوڕێیەکی تری بێ ترس بچێتەوە سەری دێڕ. دەبێ نەهێڵین ئەم زیانە گەورەیە لە کۆمەڵگەکەمان هەروا بەئاسانی بڕوات.
بڕوا بکەن خۆ کوژیە ، ئەگەر کەمترین گومانمان لەو ڕاستیە هەبێت ، کە ڕادەی کرانەوە یان داخرانی کۆمەڵگەی کوردستان بە ڕووی ئازادیدا لە دوای تیرۆری سەردەشت عوسمانەوە بەتەواوی بەستراوەتەوە ، بەڕادەی لەمەیداندا مانەوەی جەماوەری ناڕازی خەڵکی کوردستان و پێداگری جەماوەریان لەسەر ئاشکراکردنی تیرۆریستانی سەردەشت و هەموو ئەوانەی نەخشەکێش و جێبەجێکەری ئەو تاوانە بوون . ئەم بزمارە تیژە ژەهراویە بە جەستەی کۆمەڵگەدا بچێتە خوارەوە ، نەخۆشی سەرەتانی تیرۆر و دەم بەستن دەبێتە کاری هەمە ڕۆژە ، ئامانج لەم سیاسەتە ئەنفالی تەواوی ئازادیە . ئەوانە بانک بڕ نەبوون بۆ بڕینی بانکەکە ناچار بووبێتن پاسەوانێکی نێو بانکەکە بکوژن تا دەربازبن. نەخشەکێشەرانی تیرۆری سەردەشت دەزانن بۆچی و بەچ مەبەستێک تیرۆری دەکەن و سبەینێ چی لێ دەچننەوە.


بۆ ئەمە دەبێ ناڕەزایەتیەکانمان بەشێوازی جۆراوجۆر درێژەی هەبێت. ئەوە ڕاستە کە خەڵک ناتوانێت هەموو ڕۆژێک خۆپیشاندان بکات . بەڵام دەکرێ هەر ئەم چەند ڕۆژەی کە بەدەستەوە ماوە لە چلەی سەردەشتدا خۆمان بۆ مانگرتنێکی سەراسەری لە کوردستان ئامادە بکەین . داوابکەین کە قووتابخانەکان دابخرێن ، دووکانەکان نەیکەنەوە ، زانکۆکان چۆڵ بکرێت ، کارگاکان کار ڕابگرن ، ئەگەر بۆ تەنیا یەک سەعاتیش بێت . پاسەکان و تاکسیەکان و هۆیەکانی تری هاتوچۆ ڕابوەستن ، نادیەکان و سەنتەرەکان دایبەخەن . بە کورتی هەموومان ئاگاهانەو بەمەبەستی داواکردنی پێکهێنانی لیژنەیەکی سەربەخۆ لە پارتی بۆ بەدواداچوونی بکوژانی سەردەشت عوسمان و ڕاکێشانیان بۆ دادگایەکی ئاشکراو عادیلانەی سەربەخۆ ، کۆمەڵگە ڕابگرین . ئەمە کارێکی کردەنیە. هەر لەم مانگەدا بوو خەڵکی کورستانی ئێران بۆ دەربڕینی نەفرەت وناڕەزایەتیان لە دژی ئیعدامکردنی پێنج زیندانی سیاسی کۆمەڵگەیان بە مانگرتنی سەراسەری ڕاگرت . ئەوە ئاشکرایە کە تەنیا کار بەمە تەواو نابێت . بەڵام ئەم کاردانەوە جەماوەری و فراوانەی کۆمەڵگە پەیامی چەندین ملیۆن ئینسان بوو بە دەسەڵاتی جمهوری ئیسلامی ، کە ئێمە تۆمان ناوێت .!
بچووکبوونەوەی دنیا و تێکەڵاوبوونی سەرسوڕهێنەرانەی بەیەکتری ، بەهۆی گەشەی بێ ئەوپەڕی تەکنۆلۆژیای گەیاندن وبیستن وبینینەوە ، شتێک نیە تەنیا بۆ کۆمەڵێکی کەم لە سەرۆکی دەوڵەتەکان و کۆمپانیا فرە ڕەگەزەکان داهێنرابێت . ئەو تواناییە لەبەر دەستی ئێمەشدایە . دەتوانین لە ئاستی نێو دەوڵەتیدا گەورەترین پشتیوانی بۆ خواستی خەڵکی کوردستان بە ئاشکراکردنی بکوژانی سەردەشت عوسمان ڕابکێشین ، کەم نین تا ئێستا ئەو ناوەند وڕێکخراوو کەسایەتیانەی بەدەنگمانەوە هاتوون وپشتیوانیان کردووین ویەخەی سەرۆکی پارتی وپەرلەمانیان گرتووە. دەتوانین وا بکەین کە سەرانی دەسەڵاتدارانی کوردستان لەهەر جێگایەکی دنیاوە دەرکەوتن ، لەگەڵ ناڕەزایەتی ئێمە بەرەو ڕوو ببن . نابێ بهێڵین لەکوردستان بەڕۆژی ڕووناک ڕۆژنامەنووس بدزن ودواتر تیرۆری بکەن و لەدەرەوەی کوردستانیش وەک نوێنەری خەڵکی کوردستان ولایەنگرانی ئازادی ودیموکراسی خەریکی ڕازاندنەوەی ئێوارە خوان بن . چارەنووسی ئازادی لە کوردستان بە تەواوی لە گرەوی کێشمەکێشی بەرەی ملیۆنی ئازادیخوازانی کۆمەڵگە لەگەڵ دەسەڵاتدایە ، نەک هیچ شتێکی تر.

 

 

10\6\2010
ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن