با لەسەر
قوتابخانەی کرێچی ئابڕووی پەروەردە نەچی.

یاسین برایم
لە کوردستان ساڵ بە ساڵ پرۆسەی پەروەردەو
فێرکردن بەروە پێش دەچێت و ژمارەی قوتابیان زۆر تر دەبن، ئەمەش وای
کردووە قەڵەباڵغیەکی زۆر دروست بکات . لە هەندێ لە قوتابخانەکان ژمارەی
قوتابیان لە پوڵ لە (50-60) قوتابی تێ پەراندووە، وای کردووە سیستەمی
پەروەردە و فێرکردن بە شێوەیەکی زانستیانە ئامانجی خۆی نەپێکێت.
مامۆستایانیش وەک پێویست ناتوانن کۆنترۆلی ئەو هەموو قوتابیە بکات و
کەش و هەوایەکی هێمن بهێنێتە ئاراوە. بۆیە لە شارەکان بینایەکان کەمن و
ناچار دەبن دوو دەوام و بگڕە سێ دەوامیش تیدا بکرێت .هەندێ لە
قوتابخانەی گوندەکانیش خراپتر و وەک پێویست نین. بینایەکی کۆن و چەند
ژوورێکی بێ سەروە بەری لە قور دروست کراو دەوامی تیدا دەکریت، وەک
دەڵێن لە نەبونی هەر باشترە،کە منداڵە بێنازەکانی گوند لە خویندن بێ
بەش نەبن.دوای ئەوەی بریاری دەرچوونی دروست کردنی قوتابخانە لە گوندە
بچووکەکانیش دەرچوو. لە هەندێ شوێن ناچار بوون قوتابخانەیەکی بە پەڵە
دروست بکەن ، گوندی واش هەبوو خۆیان چەند ژوورێکیان ئامادە دەکرد بۆ
منداڵەکانیان و جار واش هەبوو بەرێوە بەرایەتی پەروەردە خۆی لە خەڵکی
گوند خانووکی بە کرێ گرتووە ، قوتابخانە بویتە کرێچی! ئیستاش لە هەندێ
قوتابخانە خانوو بۆ قوتابخانە بە کرێ گیراوە.
چەند ساڵێک پێش ئێستا لە گوندەکانی دەڤەری ئاکرێ زۆر بوو ، کە من لەم
دەڤەرە کاری مامۆستایەتیم کردووە بۆیە وەک نموونە دێنمەوە.خاوەن خانوو
هاوینان خانووەکەی دەکردە شوێنی گەنم و جۆو نۆک و کاو گیا . کاتێ
دەوامیش دەهاتەوە و خۆی گران دەکرد و دەیگوت کرێم بۆ زیاد بکەن .
پەروەردەش ناچار دەبوودەستی کابرای ماچ بکەن و بە هەرشێوەیەک بێت رازی
بکەن.نموونەیەکی تر، چەند ساڵێک لەمەوەبەر لە گوندی (ناورۆین)ی دیانا،
لە بەرنەبوونی ژووری خویندن ناچاربووین لە گەڵ بەریوەبەری قوتابخانە ،لەکۆنە
ئاشەکەی (مام حاجی خەلیل) دەوام بکەین!لەوێش بە هۆی بچوکی شوێنەکە
ناچاربووین لە قوتابخانە پۆلەکان( دەمج )بکەین.
ئەمساڵیش لە گەڵ هاتنی ساڵی نۆێ خویندن لە گوندێکی دەڤەری سۆران،
قوتابخانەیەک لە خانووی هاوڵاتیەک دایە و بە کرێیەکی باش گیراوە ،
بەڵام خاوەن خانوو لە یەکەم رۆژی دەوام بەرێوەبەری قوتابخانەی
ئاگادارکردۆتەوە، ئەگەر کڕێی بۆ زیاد نەکەن، دەبێت بۆ سەری مانگ چۆڵ
بکەن . ئەم داواکاریە قوتابیان و مامۆستایانیشی نیگەرانکردووە، ئاخر لە
م گوندە تەنها ئەم خانووە هەیە ،خۆ ناکرێت پەنا بۆ مزگەوت بەرن یان
قوتابخانە دابخەن . من بە هیچ شێوەیەک خاوەن خانوو بە ناهەق ناگرم،
خانوو هی خۆیەتی ئەگەر داوای زیادکردنی کرێی خانووش بکات کارێکی خراپی
نەکردووە . دەبێ سوپاسیشی بکەین ، کە ئەوەندە ساڵە خانووی بۆ قوتابخانە
تەرخانکردووە ئەگەرچی کرێشی وەرگرت بێت ، بەلام نەیهێشتووە قوتابیەکان
بێ بەش بن لە خویندن . بۆیە پێشینار دەکەم وەزارەتی پەروەردە پلانێکی
تۆکمە دابرێژێت بۆ ئەو گوندانەی قوتابخانەیان نیەو لە خانووی خەڵکن
یاخود کڕێچین بەزووترین کات چەند ژوورێکیان بۆ دروست بکەن یاخود
کابینەیان بۆ دابین بکەن زۆر لەوە باشترە لە خانووی خەڵک بن . لە هەمان
کاتیش خانووەکە هی ئەوە نیە ناوی بنێین قوتابخانە ، چونکە زیاتر لە
ماڵێکی هەژارو کەم دەرامەت دەچێت ، بچووک و بێ سەرووبەرو پر لە
زیندەوەر ، مەترسی هەیە بۆ سەر قوتابیان . خۆ ئەگەر سینەماکارانی
هۆلیۆد بەمە بزان باشترین فلیمی سینەمی هۆلیۆد لەم جۆرە قوتابخانانە
دەردەهێنن و لەوانەیە خەڵاتی چەندین ڤیستیڤاڵی نیو دەوڵەتیش
وەربگرن.بۆیە دەکرێت چارە سەریەکی ئەم جۆرە قوتابخانانە بکرێت ، با
چیتر لە سەر قوتابخانەی کرێچی ئابرووی پەروەردەمان نەچێ!!!
r_xarand@yahoo.com
|