٢٦\٥\٢٠١٠
بارزانی درەنگ
هەڵوێستی وەرگرت.

سالار بابەشێخ
نامۆیی کورد لە پلان و پیلان و تاکتیک و گەمەی سیاسی شتێکی بەرچاو و
حاشاهەڵنەگرە! وەک چۆن بەشێکی زۆر لە سیاسەتوان و رۆشنبیرانی کورد تا
هەنووکەش نازانن جیاوازی پلان و پیلان چییە، ئاوەهاش زۆربەی
دەسەڵاتەکانی کوردی، (لە میرنشینییەوە تا مەلیکی و کۆماری و هەرێمی)
تاکتیک و دژە تاکتیک و گەمەی سیاسی لە لایان نامۆ بووە، بۆیە بەردەوام
بە کەوچێک ئاوی پیلانگێڕانی وڵاتانی بەرکەوتەی کورد، کەوتوونەتە مەلە و
گەلێکجار لەو کەوچکە ئاوەشدا خنکاون! هۆکارەکەشی تەنیا ئەوەیە کە
هەردەم بە فیتی نەیار و دوژمن، چەقۆیان بۆ ملی یەکتر لە هەسان
سوواندووە!!
نەهامەتی ئەو کاتە دێتە کایەوە کە تاکی کورد، کۆدەنگی و یەکڕیزی
بەرامبەر بە نەیارانی وڵاتەکەی و رای بنیاتنەر و پلانی ئاوەدانی و
گەشەی ئابووری وڵاتەکەی بە پیلان بزانێت و پیلانی نەگریسی دەستوەردان و
دابەشکردنی خاک و ئاو و گەلەکەیشی بە پلان بخوێنێتەوە!! واتە نەگبەتی
ئەو کاتانە خۆی دەنوێنێ کە دوژمنانی کورد و کوردستان، هەر لەو
حاڵەتەدا کە لایەنێکی سیاسیی کوردیان داڵدە داوە، بە پیلانێکی نەقشە بۆ
داڕێژراو، بۆ بەگژداچوونی لایەنێکی دیکەی کوردی، رایدەهێنن!! ئەگەر
فاکت وەربگرین، نموونەی بەرچاویان دەست بردن بۆ گۆڕی بارزانی نەمر تا
گۆڕەکانی شێخانی نەقشبەندی بوو کە لە رووی زەمان و مەکانەوە مەودایەکی
زۆریان نییە.
لە کاتی شەڕی نەگریسی براکوژی لە باشووری کوردستان، وڵاتانی بەرکەوتەی
کورد تەقەمەنییەکانی خۆیان لە ناو جەرگەی شار و باژێرەکاندا
دەتەقاندەوە و ئاگرەکەیان زیاتر پێخۆش دەکرد، دەیانزانی زۆرینەی
سیاسەتوانانی کورد، ئەوەندەی عەوداڵی وەرگرتنی چواربەن (کورسی)ێکی
دەسەڵاتن، نیو ئەوەندە خۆیان بۆ خوێندەوە و راڤەی پیلانەکانی
دوژمنانیان ماندوو ناکەن، دەیانزانی زۆرینەی سەرکردایەتی سیاسی کورد لە
تاوانبارکردن و تۆمەت خستنە پاڵ یەکتر پسپۆڕن، تا ئەوان پەرتەوازەتر
بوون، دوژمن زیاتر بەهێز بووە و پتر کەڵکی وەرگرتووە، بۆیە هەرگیز
ملیان تەنانەت بە کارتەکانی فشار و خواستە رەواکانی کورد نەداوە.
تیرۆرکردنی سۆران مامە حەمە لە کەرکوک و رفاندن و کوشتنی سەردەشت
عوسمان لە هەولێر، ناکرێ هۆکارەکەی تەنیا بەوە لێکبدرێتەوە کە لە دژی
بەرپرسانی گەندەڵ و گیرفان بە دۆلار هەڵاوساو، لە گۆشەی بڵاوکراوەیەکدا
رای خۆیان دەربڕیوە، بکوژانی ئەوان ئەگەر لە ناو دەسەڵاتیش بن، بێگومان
کەرکوک لە کوردستان زیاتر دادەبڕن و ئارامی هەولێر و هەموو کوردستانیش
زیاتر دەشێوێنن، ئەمە لە بەرژەوەندی هیچ لایەک نییە، بە دەسەڵاتیشەوە،
دەسەڵات ئاوا بە ئاشکرا و بە رۆژی رووناک بە رفاندن و فڕێ دانی لاشەی
بێگیانی رۆژنامەنووسێک خۆی ریسوا ناکات، بۆیە ئەگەرەکانی دیکە زیاتر
زەق دەبنەوە، هەر کاتێک دوو لایەنی کوردی لێک نزیک ببنەوە، هەوڵی
لەمجۆرە دراوە، پارتی و گۆڕان ـیش خەریک بوو ببنە دەستەبرا، لە پڕ لە
راگەیاندنەکانیانەوە پەلاماری یەکتریان دا!! بارزانی وەک سەرۆکی
کوردستانیش درەنگ هەڵوێستی وەرگرت!
نەیارانی کورد سوورن لە سەر ئەوەی کە کوردان نە تاکتیکیان هەیە و نە
دەتوانن دژە تاکتیک بەکار بێنن!! دڵنیان لەوەی کە کورد ناوچەگەرا و هۆز
پەرستە، نوکتە لە سەر شارەکانیان ساز دەکەن و منداڵانی کوردی پێ گۆش
دەکەن! سووکایەتی بە مەلیک و پاشا و میری کورد دەکەن، کوردیان وا
راهێناوە سوپەر "لۆکاڵ پاتریوتیزم" بن، واتە لە سۆنگەی ناوچەگەرایی
کوردەوە پیلانە نەگریسەکانیان جێبەجێ دەکەن.
منیش دەڵێم بارزانی خوا نییە، چەندین ساڵیشە رەخنە لە کەموکوڕی و
گەندەڵی ئیداریی کوردی دەگرم، خوتبەی هەندێ مەلا ـشم بە خوتبەی
سەربڕەکان زانیوە، تا ئێستاش نەکوژراوم، ئەگەریش کوژرام، بکوژەکەم لە
سەر خواستی خۆی ملم لە لاشەم جیا ناکاتەوە، دڵنیام پیلاندوورێک پێی
دەکات کە لەوانەیە هەر کورد نەبێت!
25\5\2010
ماڵپهڕی سالار بابهشێخ
|