په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٤\٨\٢٠١٨

بە بۆنەی رۆژی دادپەروەریی لە کوردستان.



٢١ی ئابی ٢٠٠٦ بۆ پرسی دادگاییکردنی تۆمەتبارانی جینۆساید لە کوردستان و بنەماڵەی قوربانیان و خەڵکی کوردستان رۆژێکی گرنگ بوو، رۆژی دەسپێکی دادگاییکردنی تاوانبارانی جینۆساید بوو لە کوردستان، کە یەکەمجار بوو لە مێژووی ئەم گەلە کەسانێکی تۆمەتبار بە تاوانی گەورە بچنە بەردەم دادگا لەو پایتەختەی کە بڕیاری کۆمەڵکوژییەکەی لێوە دەرچووە، پرۆسەی دادگاکە لە ٢١-٨-٢٠٠٦ بە دادگاییکردنی تۆمەتبارانی کەیسی ئەنفال دەستی پێکرد، دادگاکە ھەرچەندە ناوخۆیی بوو و پڕ بوو لە کەماسی و لە ئاستی مەزنی تاوانەکاندا نەبوو و لە روی ناساندنی تاوانەکان لە ئاستی جیھانی بێ بەرھەم بوو وەلێ زۆر بڕیاری گرنگی دا ، ٤ کەیسی کۆمەڵکوژی خەڵکی کوردستانی بە جینۆساید ناساند، بەڵام مەخابن بڕیارەکانی دادگا لە دادگاییکردنی تاوانباران بە تایبەت تاوانبارانی ئەنفال لە کوردستان نەک جێ بە جێ نەکران ، بگرە پارتە سیاسییەکان بە تایبەتیش دەسەڵاتداران بە شێوازی جۆراو جۆر دەیانپارێزن و ھەندێک جار دەسەڵاتداران پۆستی گرنگیشیان پێ دەدەن، تەنانەت لە حکومەتی ناوەندی و شاری بەغداش کە بڕیاری دەستگیرکردنەکەیانی لێوە دەرچووە، ئەمەش وایکردووە لە سەنگ و گرنگی بڕیارەکانی دادگا کەمبکاتەوە، کەس و کاری قوربانیانیش نەک نەیانتوانیوە سزای ئەو پارت و لایەنانە بدەن کە تاوانباران دەپارێزن، بگرە زۆر جار لە گەڵیاندا سەردانی ئەو لایەنانە دەکەن ، ئێمە لە رۆژی دادپەروەری لە کوردستان (٢١-٨)، کە رۆژێکی گرنگ و پڕە بەھایە بۆ دادپەروەری لە کوردستان داواکارین :

١- تەواوی ئەوانەی ناویان لە لیستی تۆمەتبارانی ئەنفال و کەیسەکانی دیکەدا ھاتووە، بە زوترین کات دەستگیر بکرێن و دادگای بکرێن، وە لە کوردستان وەک تۆمەتباری ھەڵاتوو لە دادگا مامەڵەیان لە گەڵدا بکرێت.

٢- ھاوکات لیستەکانیان بدرێتە پۆلیسی ئینتەرپول ، بۆ ئەوەی ھەڵاتووەکانیان لە وڵاتانی دەرەوە بگرترێن و دادگایی بکرێن.

٣- لە وڵاتێکدا رۆژی دادپەروەری ناچەسپێت کە یاسا سەروەر نەبێت و دەزگای دادوەری و رێکخراوی مافی مرۆڤ بەھێز و دەزگای تایبەتمەندی بەھێزی چاودێریکەر نەبێت، پێویستە ھەمووان ملکەچی یاسا بن و تاوانباران لە سزا رزگاریان نەبێت بەرامبەر ئەو تاوانە زەقانەی لە رابردوودا ئەنجامیان داوە، بە تایبەتیش تاوانبارانی تاوانە نێودەوڵەتییە گەورەکانی جینۆساید و تاوانی جەنگ و تاوانی دژ بە مرۆڤایەتی.

 


رێکخراوی کوردستان بێ جینۆساید
تۆڕی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو دادگای تاوانی نێو دەوڵەتی (٣٧٤ رێکخراو)
تۆڕی رێکخراوە کوردستانییەکان لە پێناو قەدەغەکردنی چەکی ناوکی(١٢٣ رێکخراو)

 


٢١\٨\٢٠١٨

kw_genocide@yahoo.com

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک