په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١\٥\٢٠١٢

بێدەنگیی سەرۆک لە بارەی تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان.

شوان سدیق       


جێگەی داخە، دەرکەوت بوونی سەرەکی ئێمە وەک دەرکەوت بوونی مرۆڤ بوون نییە، بە پشتبەستن بەوەی کە (ئینسان کاتێک دەبێت, بە ھاوڵاتی راستەقینە کە مافەکانی وەک مافی ھەموو ئەوانە وابوو کە لەگەڵیاندا دەژی و ئەرکەکانیشی ھەمان ئەرکی ئەوان بوو، بەڵام کە ئینسان فەرق و جیاوازی بەرامبەرکرا، مانایی وایە فێڵ لە ھاوڵاتی بوون و ئینسان بوونی کراوە.)
*.

ئەگەر بەو جۆرە بێت، کەواتە ئیدی شتێک نامێنێت بە مانا بە ناوی سەرۆکی وڵات یان ھەرێم و سەرکردە و دەسەڵات و فەرمانرٍەوا، ئەوەی ھەیە و پێدەگوترێ سەرۆک و سەرکردە تەنیا بەلای ئەو کەسانەوە سەرکردە و سەرۆکی وڵات پەسەندن، کە بەشداریان لە سڕینەوەی ژیانی ھاوڵاتی بوون و زیندووکردنەوەی عەقڵیەتی ھەڵاواردنی نێو کۆمەڵگایانکردووە، ھەروەھا ھەموو پرەنسیپ و جاڕنامەکانی مافی جێوشوێن و مرۆڤ و یاسا گونجاوەکان بۆ ژیانی بەڕێوەبردنی وڵاتیان پێشێلکردووە.


لە ھەر ناوچەیەکدا ئەم پێناسانە گوزارشت لە سیاسەتی دەسەڵات و حکورٍانییەکەی بکات، واتای وایە ئەو دەسەڵاتە دەسەڵاتێک نییە بتوانێت، مافی ھاوڵاتی بوون دەستەبەر بکات، لە بەرقەرار بوونی ئاسایشی ژیانیان و زەمانەتی کۆمەڵایەتیی و متمانەدان بە مرۆڤەکان، بەلانی کەم بۆ ئەوەی کە بیر لە ھەڵھاتن و رووکردنە شوێنێکی تر نەکەن، بۆ گەیشتن بە خەونەکانیان.


ئەو نموونەیەم بۆیە ھێنایەوە دروست گوزارشت لەو جیاوازبوونەی مرۆیی ئێمە دەکات، لە کوردستان، چونکە کاتێک ھەر یەکەیان بەدەم کێشەیەکەوە دەتلێینەوە، جیاوازی لە نێوان ئەم ھاوڵاتی ئەو ھاوڵاتی تردا دەکرێت. یان حیزبی و نا حیزبی بنەماڵەیی یان بێ بنەماڵە زۆر بە پەسەندەوە قەبوڵ دەکرێت.


کە سەردەشت عوسمان کوژرا، بەشێوەیەکی گشتی دامودەزگا حکومیی و ئیدارییەکانی وڵات بدەنگیان ھەڵبژراد لە ئاست حیزبدا... بە تایبەتی حکومەت، بەڵام بە حوکمی ئەوەی سیستمی بەڕێوەبردنی کوردستان لە سیستمی سەرۆکایەتی دەچێ و خەڵک بە جۆرێک رووی لە سەرۆکایەتی ھەرێم کردووە.


بۆ ئەم مەسەلەیەش ھاوڵاتیان چاوەڕێ بوون، کە مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، بێتە سەر هێڵ بێلایەنانە و باوک ئاسا وەک سەرۆکی ھەر وڵاتێکی دی، یان وەک خۆی گوتەنی "من سەرۆکی ئەوانەم دەنگیان پێ داوم ھەروەھا سەرۆکی ئەوانەشم کە دەنگیان پێ نەداوم" بارزانی بە ئەرکی یاسایی و بەرپرسیارێتی خۆی ھەڵبسابایە و خەڵکی کوردستان و خانەوادەی سەردەشت عوسمانیش دڵنیا بکردبا‌یەتەوە، کە ئەو خۆی راستەوخۆ چاودێری دۆسیەی کوژرانی ئەو گەنجە دەکات. کە بە شێوەیەکی دڕندانە و بێویژدانانە و دووژمنکارانە دوور لە بەھا مرۆیی و ئەخلاقیەکان لەپێناو ئازادی و داخوازییە مەدەنییەکان تیرۆریان کرد!


بەڵام جێگەی داخە بۆ سەرۆکی ھەرێم و بەرپرسانی تری وڵات، جگە لەو رووداوە چەند رووداوێکی نەخوازراو و نامۆ روویان داوە، لە ھەرێمی کورستان لە ئێستا و رابردوودا، لەلایەن ئەوان وەک دەسەڵات، ھیچ روونکردنەوەیەکیان لەسەر نەدراوە، بە پێچەوانەی کەسانێکی تری نزیک بەخۆیان زوو بەزووی بە ھانایەوە چوون.


ئەوە جگە لەوەی دەزگاکانی پەیوەندیدار بە کاروباری ئەمنی ھەمیشە دەخرێنە ژێر رۆشنایی پرسیارەوە کە ئەوان زیاتر ئەجیندای حیزبی جێبەجێ دەکەن، نەک پرۆژەوکارەکانیان وەک دەزگایەکی نیشتمانی بێلایەنانە بێت.


بۆیە گللەی و رەخنەکانی خەڵک بۆیان لە شوێنی خۆیدایە چونکە ھەموو تاکێکی کۆمەڵگاش بۆی ھەیە یان ھەقی خۆیانە زۆرجار گومان لەو بێدەنگییەی دەسەڵات بکەن. کە بۆچی لە ھەرێمی کوردستان، ئەوان خۆیان بە خاوەنی ئەو پرسانە نازانن، یان روونکردنەوەی لەسەر نادەن، بۆ ئەوەی لای خەڵکی روونببێتەوە، کە حکومەتی ھەرێم. حکومەتی ھەموو خەڵکە و جیاوازی لە نێوان دیندار و بی دین کورد و تورکمان، شەبەک ئەرمەن، ھیچ پێکھاتەو بۆ چونگەل و ئایدۆلۆژییایەک ناکا و لەپێناو بەدیھێنانی مافی خەڵک و گەڕانەوەی شکۆی مرۆڤ وەک ھاوڵاتی بوون کار دەکات.


ئەوەی ھەیە و بینراوە، لە دەسەڵاتی کوردی و دەسەڵاتدارانی ئەم ناوچەیە ھیچیان نەکردووە، جگە لەوەی لەپێناو ھەندێ دەستکەوتی شەخسی و بنەماڵەیی و تایبەتی خۆیان کاریان کردووە، واتە جۆرێک لە جۆرەکان ئەوان لە پاڵ بردنی سامان و داھاتی گشتی و وڵات، کارییان لەسەر بێحورمەتی مرۆڤی کورد کردووە، ئەو بێڕێزییەش بەجۆرێک بووە، ئۆرگانەکانی دەوڵەتیان لە جیاتی ئەوەی بۆ بەھرەمەندبوونی مرۆڤی کورد بێ جیاوازی بخرێتە گەڕ، کەچی ھیچ مافێکیان لە بەرامبەر خەڵکدا وەک ھەر تاکێکی حیزبی سەربەخۆیان بەرەوا نەزانراوە.


رووداوی سەردەشت عوسمان، و بێدەنگییکردن لێی لە لایەن دەسەڵاتەوە بەتایبەتی سەرۆکی ھەرێم، ئەمەش زیاتر پێمان دەڵێت باوەڕمان بەوەھەبێت، کە مافی مرۆڤ و ئازادیەکانی مرۆڤ لە سایەی حیزبی ناسیۆنالیست و لە دیدی بۆرژوازیەتی عەشایری خاوەن میلیشیا مافی رادەربڕین و و ھاوڵاتی بوون، لە باشترین حاڵەتدا مەرج و بەرتەسک کراوەتەوە، لە حاڵتەتێکیشدا ئەگەر مرۆڤ بکوژرێت یان سەرنوگم بکرێت، ھاوشێوەی کەیسی "سەردەشت عوسمان" بێ دەنگی لێ دەکرێت، ئیدی گرنگ نییە وڵات پڕبێت لە فەسادی ئیداری فەسادی ئەخلاقی، بەئاشکراش تاوانکاری دەرھەق بە مرۆڤەکانی ئەنجام بدرێت.


جگە لەوەی ھێشتا حکومەت و دەسەڵاتێکی ھاوڵاتی بوون لە ھەرێمی کوردستاندا بوونی نییە، لەگەڵ ئەمەیش تا ھەنووکەش لە زۆر لایەنەوە دوو ئیدارەی لە ناوچەکە ھەیە "سلێمانی و ھەولێر" ئەگەر رووداوێکی وەک ئەوەی سەردەشت لە سلێمانی روویبدابایە بە دڵنیاییەوە رەخنە ئاراستەی دەسەڵاتی ھەولێر یاخود مەسعود بارزانی نەدەکرا، بە حوکمی ئەوەی دەسەڵاتی بارزانی تا ناوچەی دێگەڵە بڕ دەکات، ئیدی لەوێ بەدواوە، یەکێتی نیشتیمانی مومارەسەی دەسەڵاتی خۆی دەکات.


بەڵام ئەو رووداوەی کوشتنی سەردەشت عوسمان، لە ھەولێر بووە، بۆیە ھەموو بەدواداچوون و دۆزینەوەی تاوانباران بە پلە یەک ئۆباڵەکەی لە ئەستۆی "مەسعود بارزانی" وەک سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و ھەم وەک سەرۆکی ھەرێمە.. بەڵام بەداخەوە بارزانی لە ئاست ئەو کەیسەدا کەمتەرخەم بوو بە جۆرێک نەدەکرا بەو شێوەیە بێت، چونکە ئەگەر قەرار بێ و ناوچەکە دیموکراسی بوو ئیدی نابێت سەرۆکی وڵات بە جیاوازییەوە لە ھاوڵاتیانی بڕوانێت. بە حوکمی ئەوەی ئەو باڵا دەسترین دەسەڵاتە لە ھەرێمی کوردستان بەتایبەتی لە ھەولێر، لە ھەمان کاتیشدا ئەو بە زۆرینەی دەنگی خەڵکیش بووە بە سەرۆک.


مەسعود بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان، لە دانیشتنێکی لەگەڵ دەزگا حکومییەکان، دەڵێت "من سەرۆکێکی ھەڵبژێردراوی خەڵکم واتە سەرۆکی ئەو کەسانەم کە دەنگیان پێداوم ھەروەھا خۆیشم بە سەرۆکی ئەو کەسانەش دەزانم کە دەنگییان پێنەدوام"، ئەم وتانەی سەرۆک جێگای دڵخۆشین بۆ خەڵکی کوردستان، تا ئەو کاتەی رووداوێک روودەدەن، بەڵام کاتێک رەوشی سیاسی و ئاسایشی وڵات بارگرژیی بەخۆوە بینی و بارزانی لایەنگیری کرد ئەمەش بەوتایە کە ئەو تەنیا قسەی ھەیە نەک کردار.


بۆ نموونە بێدەنگی سەرۆک بارزانی لە ئاست رووداوێکی وەک ئەوەی "سەردەشت عوسمان" خەڵکی نیگەران کرد، لەوەی کە تا ئێستاکە لەسەر بچوکترین پرس تا گەورەترین پرس کە کوشتنی قوتابیەکی گەنجە لە ھەولێر بڕفێندرێ و رەوانەی موسڵ بکرێت و لەوێوە تەرمەکەی بھێنرێتەوە بۆ ئەو جێگایەی کە سەرۆک بەرپرسییەتی. ئەوان بێ دەنگ بوون، بەڵکو ھەندێ جاریش لایەنگیری کردووە، بەخاتری حیزبەکەی خۆی دژ بەھێزە ئۆپۆزسیۆنەکان وەستاوەتەوە و ئەو خەڵکانەشی لەسەر کەیسی سەردەشت عوسمان وەدەنگھاتن، بە خراپەکار ناوی ھێناون.


خۆ ئەگەر کارکردنی چەند ساڵەی سەرۆکایەتی بارزانی ھەڵسەنگاندنی بۆ بکرێت، بێگومان ئەو مومارەسەی کارێکی کردووە کە ھەر لەناو بازنەی سیاسەتی حیزبەکەی خۆیدا تێپەڕی نەکردووە، لە کاری چەند ساڵەی خۆیدا تەنانەت نەیتوانیوە لە ھاوینەھەواری سەلاحەدین بێتە ھەولێر نیشتەجێ ببێت، داخۆ چۆن دێت بڕیارێکی وەھا دەردەکات، کە بتوانێت ھیچ نەبێت، دەسەڵاتی حیزبی لە دەسەڵاتی حکومی جیا دەکاتەوە.


دوا بە دوای تیرۆرکردنی سەردەشت عوسمان. کە رووداوەکانی ١٧ی شوباتیشی بەسەر داھات چەندین کوژرا و بیرینداربوونی لێکەوتەوە لە نێوایاندا ھاوڵاتی و رۆژنامەنووس و مامۆستای زانکۆ و ھەڵسوڕاوانی کۆمەڵگەی مەدەنی، لە بەرامبەر ھەموو ئەم رووداوانەشدا سەرۆکی ھەرێم بێدەنگی ھەڵبژارد بەو مانایەی رۆژێک لە رۆژان نەیویست کردارێکی وەھا پیشان بدات، پێچەوانەی سیاسەتی پارتی بێت کە لەھەمان کاتدا خۆی سەرۆکییەتی.


خۆ ئەگەر ئەمەش بە نموونە وەربگرین. وەڵامی ئەوەمان دەداتەوە، کە سەرۆکی ھەرێم نەیتوانی ئەو ھاوسەنگییەی لە نێوان پێکھاتەکانی کۆمەڵگادا ھەیە وەک حیزبە دەسەڵاتدارەکان، ئۆپۆزسیۆن، حیزبی سیاسی تر، پێکھاتە جیاجیاکانی دی لە وڵاتدا، لێرەدا بارزانی وەک سەرۆکی ھەرێم جگە لەوەی بە ھەمان عەقڵیەتی سەرۆکی پارتەکەی رەفتاری کرد ئەگینا وەک سەرۆکێکی وڵات لە بێلایەنییدا سەرکەوتوو نەبوو.

_______________________________________________
* دین و دونیا، مەریوان وریا قانع، ھاوڵاتی وەک ئینسان لاپەرە ١١٤.

 

ماڵپه‌ڕی شوان سدیق

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک