په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

        بەدەستى خۆت قژم ببڕە .

                        

                                         که‌ژاڵ ئیبراهیم خدر

1

بەدەستى خۆت قژم ببڕە

من قژێکم بۆچییە

تاڵەکانى تاڵى ژێى کەمانێک بن

ئاوازى خەمم بۆ لێدەن

من هەرگیز ئەو قژەم ناوێ

نەزانەکان وەکو گوریسێک،

بیهۆننەوە

بۆ ساتێ ئاسوودەییان

کۆرپەى رقیانى لەناودا

بخەوێنن

دڕندەکان بیکەنە پەتى سێدارەو

هەموو گەردنە بێ گەردەکان

بخنکێنن

2

بەدەستى خۆت قژم ببڕە

با شانەى پەنجەکانى تۆ، بۆم دابێنێ

با شنەباى هەناسەکەت

بینەخشێنێ

نەکا دایکم

لە ڕقێکى زۆر ناوەختا

دەست بنێتە هەموو قژمء

لەڕەگەوە دەریبێنێ

3

هێزى هەموو پەنجەکانت بەکاربێنە

گرێی لەچکەکەم بکەرەوە

ئەو پەردە پۆشە بشکێنە

جوانیەکانمى وون کردووە

هەموو تاڵەکانى قژمى بۆ خۆى

زیندانى کردووە ..

4

بەتاڵەکانى قژت بڵێ

هێندە بۆنى قژم نەکا

زۆر ئەترسم

لەگەرانەوەى ژوانێکا

باوکم بۆن بەقژمەوە بکا

5

دە تۆ وەرە قژم ببڕە

بیبە بۆ خۆت

من دڵنیام رۆژێ ئەبێ

ئاگر لەجەستەم بەرئەدەن

یەکەیەکەى تاڵەکانى قژیشم

دەسووتێنن ..

هەر بەتەنیا خۆڵەمێشێ

لەدواى قژم جێدەهێڵن

6

تۆ باخێکى پڕ لەگوڵزار

هەناسەکەشت شنەبا

خەمەکانم لەکۆڵ دەنێ

دەڕواو دەڕوا

بە دیارى دەیدا بەدەریا

دەریا گەلێ فراوانە

هەموو شتێ لەگەرویدا حەشاردەدا

هەر بە تەنیا ..

قژى من نا

7

ئەو نیگار کێشە زیرەکە

سنگى ژنێک وێنە ناکا

نەزانەکان تفى تێکەن

ئەو نیگارکێشە راست ئەکا

قژى ژنێک دروست ناکا

پێنووسەکان یارى پێ بکەن

8

کراسێکت بۆ کڕیووم

کچى پیاوێکى دەوڵەمەند هات

دڕاندى

خەونێکى تۆم لەباوەشما

شاردبۆوە، دایکم دۆزییەوە

سوتاندى،

ئەڵقەیەکت کردە پەنجەم

چارەنووس خێرا ونیکرد

گوڵێکت دابوو لەقژم

هەرزوو وەرى بۆنم نەکرد ..

9

مەڵێ قژت زەرد بکە جوانە

با هەر رەنگى خەنەیى بێ،

من دەمەوێ وەکو قژى هەموو ژنانى ووڵاتەکەم

رەنگى سوورى خوێناوى بێ ..

 

Kazhal_3@hotmail.conm