په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بە دڵمانە، نەخێر بە دڵمان نییە!


ستار محەمەد قادر   


سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان لە دوای رووخاندنی رژێمی بەعس و تێکەڵ بوونیان بە هاوکێشەیەکی سیاسیی دانسقە لە دیرۆکیاندا لە سەر ئاستی وڵاتێکی داڕووخاو لە رووی ژێرخان و سەرخانەوە، زاراوەیەکی نوێیان هێناوەتە نێو دونیای سیاسەتەوە کە گوزارشت لە چۆڕێک شەرمی خۆخواردنەوەو تاکتیکێک دەکات لە ئاستێکی زۆر نزمدا.


بەدڵمانە، لێ بەدڵمان نییە! ئەمە ئەو گووتارەیە رەنگبێت لە رۆژێکدا بە دووشێوە گوێبیستیان ببین، بەدڵمانەو رێککەوتننامەی لەگەڵدا مۆر دەکەین و پشتگیری لێ دەکەین، بەدڵیشمان نییە، بۆیە هاوپەیمانێتی لەگەڵ کتلەکانی دیکەی نێو گۆڕەپانە پەرتەوازە بێ ئینتیماکەی ئێراقدا درووست دەکەین.
سەرکردایەتی سیاسیی کوردستان بەم شێوە تاکتیکە لاوازە ناوازەیە خۆی تووشی دووفاقییەک کردووە کە باوەڕناکەم بەهیچ شێوەیەک لە هەردوو بارەکەدا بتوانێت بەرهەمی ئەو سیاسەتە بدوورێتەوە کە دەتوانم بە سیاسەتی ئەو (جامە مەیە ناوزەدی بکەم، کە زەهری تێدا بوو و نۆشیمان)! کە لەبەرایی پرۆسەی ئازادییەوە بە ویست و خواستی خۆیان تێکەڵ بەو گەمە ترسناکە بوونە، چونکە بمانەوێت یان نەمانەوێت ئەمڕۆ هەموو حیزبە بە ناو سیاسییەکانی ئێراق لە لایەک ئەجندای خۆیان هەیەو لە لایەکی دییەوە ئەجندای دەرەکی کاریگەری راستەوخۆیان هەیە لە سەر بڕیارەکانیان. وەکو ئاشکرایە وڵاتی ئێراق لەدوای پرۆسەوە بووە بەو شوێنەی کە هەموو وڵاتانی ئێقلیمی و جیهانی تەسفییەی حیساباتی خۆیانی تێیدا دەکەن، رەوشی سیاسیی وڵاتی ئێراق فرە رەهەندەو هێندەی فاکتەری دەرەکی کاریگەری لە سەر سیاسەتی ناوخۆی ئەم وڵاتە درووست کردووە، نێو هێندە بڕیارەکان لە ناوەوە سەرچاوە ناگرن. ئەگەر لە باڵی شیعە بڕوانین بە هیچ شێوەیەک لە شێوەکان ناتوانن پشت لە بەرژەوەندییەکانی دەوڵەتی ئیسلامی ئێران بکەن، هەروەکو باڵی سووننەیش ناتوانن دەستبەرداری ئەو کولتورە شۆڤینییە ببن کە هەم ئێراق بەبەشێکی گرنگی وڵاتە عەرەبییەکان پێناسە دەکەن و هەم ئەگەر بۆیان بکرێت هەرێمی فیدراڵیش لە دەستووریی نوێی ئێراقدا سەرگەردان دەکەن! بۆ هەردوو باڵەکەیش، زەمینەی دەرەکی و ناوەکی تاکتیکی سیاسەتی رۆژ بەبەردەوامی لە ململانێیەکی نەپساوەدان لە پێناو فەرزکردنی سیاسەت و ئەجندای خۆیان و هەردوولاش ئەزموونی "1400" ساڵ حوکمڕانی و ئیسلامییان لە پشتەوەیە، تەنها ئێمە نەبێت ئەزموونی "16 " ساڵ کە ئەویش لە زۆر رووەوە لە دووتوێی ئەو "12" ساڵەی پێش پرۆسەدا شتگەلێک هەن کە مرۆڤ بەشەرمەوە دەچێتە سەریان!


ئێمەی کورد هەڵەیەکی مێژوویی دەکەین ئەگەر وابزانین ئەم گرێ کوێرەیەی ئەمجارە لە رێگای هاوپەیمانێتی نوێوە دەتوانین بیان کەینەوە، چونکە هەر هەموو باڵەکان لە سەر ئەوە کۆکن کە کورد دەیەوێت لاوازی حوکومەتی ئێستای مالیکی یان هەر یەکێکی دیکە بقۆزێتەوە تا پێی زیادە رابکێشێت، بچووکترین نموونەیش لەو راپۆرتانەدا خۆیان دەردەخەن کە بەرپرس و توێژەرەوە ئەمریکی و بەریتانییەکان لەسەر رەوشی ئێراق و کورد بۆ حوکومەتەکانیان بەرزیان کردووەتەوە، کەواتە دەبێت ئێمە تەنها پشت بەو هاوپەیمانەتییانە نەبەستین کە نە لە بارتەقایدایە ببێت بە هێزی فشار لە پێناو بەرجەستەکردنی مافەکانمان، نەش لە رێگایانەوە دەتوانین بەرسڤی ئەو راپۆرتانەیان پێ بدەینەوە، بەڵکو دەبێت سەرکردایەتی کورد لە فۆرمێکی دیدا بکەوێتە جموجۆڵی دیبلۆماسی و هەرچی هێزی خۆی هەیە لەو بووارەدا تاقی بکاتەوە تا بتوانێت پشتگیری زیاتر بۆ دۆزی کورد لەسەر ئاستی نێو دەوڵەتی بەدەست بهێنێت، نەک ئێمە لەشوێنە خودا پێداوەکانی خۆماندا خەریکی تەنها پێگەی"خۆمان" ببین و ئێرانیش لەسەر لاوازی ستاتۆی ئێمە بەبێ سڵەمینەوە باس لە پرۆتۆکۆلێک بکات کە دەکرا ئێمەی کورد ئیشمان لەسەری بکردایە وەکو دۆسیەیەکی گرنگ و هەوڵمان بدایە لە کاتی دادگایی کردنی سەری رژێم و سەرانیدا بمان هێنایەتە زوبان، نەک لە دوای ئەوەی هەموو شتێک کۆتایی پێ هات، ئەوجار باس لە نهێنییە پەنهانەکانی بڕیاری بەپەلەی لە سێدارەدانی دیکتاتۆر بکەین!


ئەمڕۆ ئەگەر لە ستاتۆی ئابووریی سەرکردەکانی کورد بڕوانین، لە باشترین رەوشدان، ئەگەریش لە رووی بارو گوزەرانی کۆمەڵانی خەڵکەوە سەیری رەوشەکە بکەین، لەوپەڕی خەراپیدایە، بۆیە لە پێناو ئەوەی ئەممان بەدڵ بێت، یان ئەو، پێویستە با بۆ جارێکیش بێت ئاوڕ لەوە بدەینەوە بزانین خۆمان لەکوێی دڵی هاوڵاتیاندا جێگیرین؟ ئایا هەموو ئەو کارانەی کە کردوومانن راستن، یان پیویستە پێش هەموو شتێک بەخۆماندا بچینەوە، ئەوجار باس لە شتی دیکە بکەین!

 

 


Star_qadr@yahoo.com