به‌دران فه‌رته‌نه ئه‌نێته‌وه له سه‌ر پێشێلکردنی ئازادی.
عامر سابیر
له ئه‌نجامی ئه‌و فشاره‌ی(١) که پارتی هێنای بۆ ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ له سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی وتارێک(٢) سه‌باره‌ت به بنه‌ماڵه‌ی بارزانی، سه‌رنوسه‌ره‌که‌ی ده‌رکرا.
له وه‌ڵام به‌مه‌دا یه‌کێتیی فشاری هێنا بۆ گۆڤاری بزاو له سه‌ر بڵاوکردنه‌وه‌ی وتارێک ده‌رباره‌ی تاڵه‌بانی(٣)، له ئه‌نجامدا گۆڤاره‌که داخرا.
ئه‌م دووانه که هه‌ردووکیان وه‌ک یه‌ک پێشێلکردنی ئازادی ڕۆژنامه‌گه‌رین، به‌ڵام سه‌رۆکی ده‌زگای ئاراس (به‌دران ئه‌حمه‌د حه‌بیب) له سه‌ر ئه‌مه‌ی دووه‌میان به پێچه‌وانه‌ی ئه‌وه‌ی یه‌که‌مه‌وه زۆر تووڕه ئه‌بێت و ته‌نانه‌ت زۆر به دروستی سه‌رانی یه‌کێتیی و پارتی به سه‌رانی به‌عس ئه‌شوبهێنێ.
به‌دران ئه‌ڵێت (بزاو) و ده‌زگای ئاراس سه‌ربه‌خۆیه و به‌شێک نییه له ڕاگه‌یاندنی پارتی، ئه‌م قسه‌یه ڕه‌نگه ته‌نها وه‌رگرانی خه‌ڵاتی ده‌زگای ئاراس باوه‌ڕی پێ بکه‌ن، چونکه به بڕوای من جیاوازی له نێوان ئه‌و خه‌ڵاته و ئه‌و (زه‌وی) یه‌ی که (به‌ختیار و مه‌ریوان و ئاراس) وه‌ریان گرتووه، ته‌نیا له به‌ها مادییه‌که‌یدایه(٤).
ئه‌وه ڕییایی و چه‌واشه‌کارییه‌کی ئاشکرایه که به‌دران ئه‌ڵێت له بارزانی و تاڵه‌بانییه‌وه فێری ئه‌وه بووین که داوای ئازادی ڕاده‌ربڕین بکه‌ین، وه ئه‌وه‌شی که ئه‌ڵێت تاڵه‌بانی و بارزانی ئاگاداری ئه‌و دوو ڕوداوه‌ی سه‌ره‌وه و پێشێلکردنی ئازادی نیین له کوردستاندا، به‌ڵکو که‌سانی ده‌وروبه‌ریان ئه‌یکه‌ن، ئه‌مه پیاهه‌ڵدانێکه که به‌دران مانگانه موچه بۆ قسه‌ی پوچی له‌م چه‌شنه وه‌رئه‌گرێت.
به‌دران به خۆی ئه‌ڵێت خه‌باتکاری ڕێگای ئازادی و ڕاده‌ربڕین، گه‌روایه بۆچی فه‌رته‌نه‌یه‌کی ئاواش نانێته‌وه له سه‌ر ئه‌و یاسای ڕۆژنامه‌نووسییه‌ی که یه‌کگرتوو و کۆمه‌ڵ و پارتی سورن له سه‌ر چه‌سپاندنی ده‌سته‌واژه‌ی (داب و سیستمی گشتی و ئاسایشی هه‌رێم) تیایدا، وه له گه‌ڵ یه‌کێتیشدا به نیازن هه‌ر بڵاوکراوه‌یه‌ک دابخه‌ن و ژماره‌کانی له بازاڕدا کۆبکه‌نه‌وه که هه‌واڵی خۆپیشاندان و ناڕه‌زایه‌تییه‌کان بڵاوبکاته‌وه یان بانگه‌وازی بۆ بکات.
خۆ ناکا به‌دران بڵێت ئه‌مه کاری من نییه و کاری نه‌قیبی سه‌ندیکای ڕۆژنامه‌نوسانی کوردستان(٥) (فه‌رهاد عه‌ونی)یه.
١) وه‌ڵامێکی کورت بۆ ڕۆژنامه‌ی ئاسۆ، به‌یانی مه‌کته‌بی سیاسی پارتی دیموکراتی کوردستان، خه‌بات، 10/8/2007، ل١، ژماره 2582. ٢) {کێ جێگای مه‌سعود بارزانی ئه‌گرێته‌وه، نێچیره‌ڤان یان مه‌سروور؟} ئاسۆ، ژماره 500، 7/8/2007. ٣) {تاڵه‌بانی له میسر، گه‌ڕانه‌وه بۆ بیره‌وه‌رییه‌کان}، بزاو، 18/11/2007، ژماره 23. ٤) میکانیزمی وه‌رگرتنی ئه‌مانه نادروسته، چونکه له چوارچێوه‌ی ئه‌و (په‌نده)دایه که ئه‌ڵێت: بۆیه پێت ئه‌ڵێم خاڵه تا چۆله‌که‌م بۆ بگری. ٥) فه‌رهاد عه‌ونی له‌و چاوپێکه‌وتنه‌ی که له‌گه‌ڵ به‌کر ئه‌حمه‌د له ڕادیۆی هاوپشتی کردی له9/12/2007، زۆر زیاتر له قسه‌که‌ری ده‌سه‌ڵاتداران ئه‌چوو نه‌ک له نوێنه‌ری ڕۆژنامه‌نووسان.
14/12/2007
|