بەهای ئەقڵ.

ستار محەمەد قادر
ئەمڕۆ ئێمەی کورد رووبەڕووی کۆمەڵێک قەیران دەبینەوە، هەر لە پرۆسەی بە
دیمۆکراتیزە کردنی کوردستانەوە تا دەگات بە بوونیاتنانەوەی ئەو ئێراقەی
کە دەستوورەکەی بووەو کراوە بە وێردی سەر زوبانی هێندێک لە سیاسییەکان
و بە گووتەی ئەوان ئەوەی لە نێو ئەو دەستوورەدا هاتووە دەسکەوتی گەورەی
بۆ کورد تێدایەو لە ئایندەیشدا گەورەتری لێ دەکەوێتەوە!
دەکرێت لێرەدا پرسیاری ئەوە لە خۆمان بکەین: ئایا لە پشت رەشنووسی
دەستوورێکەوە کە لە ژێر چەتری داگیرکارییدا نووسرابێتەوەو قابیلی
هەموارکردن و دەستکاریی و گەمەی سیاسیی و بەرژەەندی وڵاتانی لۆکاڵیی و
نێو دەوڵەتی بێت؛ لەوە بە گوومان نەبین کە ئەو دەسکەوتانە جوانە مەرگ
نەکرێن؟! بۆ وەڵامی ئەو پرسیارەش تەنگژەکانی ئەم دوواییەی نێوان
حکومەتی هەرێم و نێوەندی باشترین بەڵگەن ئەگەر بمانەوێت بە راستی و
درووستی قسەیان لە سەر بکەین.
ئەوی مارانگاز بێت، لە گوریس دەسڵەمێتەوە!
وا بزانم پێویست ناکات بچمە نێو نێوەڕۆکی ئەو پەندە کوردییەوەو قسەی لە
سەر بکەم، لێ ئێمە نەک مارانگاز بەڵکو بە ویست و خواستی خۆمان
ئەژدیهاکەی زوحاکمان لە سەر شانی خۆمان داناوە، چونکە ئەگەر مار ...
نەمانگەزێت؟! ... کۆتایی بە ژیانمان دێت، لە بەر ئەوەی ژەهری مارەکان
بە شێوەیەک تێکڵاوی خوێنمان بوونە، ئیدمان بووینەو هەر کاتێک لێمان
ببڕێت ... سەیرە کۆتایی بە ژیانمان دێت و ناتوانین تەکان بە پرۆسە
حیزبییە سیاسییەکان بدەین، بەڵکو لە پێناو ئەوەی بەرژەوەندییەکانی
هێندێک پارێزراو بن، دەبێت هەمیشە قامکەکانی خۆمان لە دەمی مارەکان
بهاوین!
بۆیە ئێمە نەک لە گوریس ناسڵەمینەوە، بەڵکو مارو ژەهر دووانەو
وەدیهێنەری خەونەکانی بەشێکن لە ... ئێمە!!
کە جامت هەڵگرتە سەر لێوت غەشیمانە
ئەگەر زەهریشی تێدابێ گوناهی خۆتە بیزانە*
لە هەر شوێنێک ئەرزش بۆ ئەقڵ دابنرێت، نەزانی و جەهل بارو بنەی خۆیان
دەپێچنەوەو لە جێگایەکی دیکە هەواری خۆیان دەخەن!
لە هەر شوێنێکیش نەزانی دڕ بە زانین بدات، تاریکیی ئاسمانی ئەو شوێنەو
ئاوەزی تاکەکان دادەپۆشێ و سەرگەردانی بەرۆکی هەمووان دەگرێت!
ئێمە وا راهاتووین جامەکان بە بێ ئەوەی بزانین چییان تێدایە نۆشیان
دەکەین، چونکە ژەهری نێو جامەکان ئەو کەسانە ناکوژن کە دەیانخۆنەوە،
بەڵکو خەون و ئەندێشەی میللەتێک لە بار دەبەن!
ئەمڕۆ لە دووای ئەوەی ئێمە رابردووی خۆمان لە یاد کردوەو لە هەوڵی لە
بیرکردنی زیاترو زیاتری برینەکانی سەر جەستەی ئەم میللەتە
ستەملێکراوەداین، لە بەراییەوە بە شێوەیەک بە یۆتۆپیای ئێراقی نوێ
بارگاوی بووین، بەوە دەچوێنرا نە بامان دیبێ و نەش باران!
رەنگبێت ئەوەی ئێمە دەیانڵێین، جیاوازییەکی بەرچاویان هەبێت لە گەڵ
ئەوەی سیاسییەکان کە بە بەردەوامی دوو پاتییان دەکەنەوە، لێ دەکرێت
ئەوەی ئەوان دووپاتییان دەکەنەوە، راست گوزارشت لە واقیعی ئێستاو
رابردوویان بکات! چونکە هەڵەی گەورەی ئێمە لە وێدایە تا ئێستا لە
بارتەقاماندا نەبووە بە شێوەیەکی ئەکادیمییانە قسە لە سەر رابردووی
ئەوان بکەین، بەڵکو تەنها قسە کردنە لە سەر ئیستای ئەوان و خۆمان،
ئەمەیش ئەو خاڵە لاوازەی ئێمەیە کە تەنها سیر خواردن و زوڕنا ژەنینی
بۆمان بە جێ هێشتووە!
هەموو میللەتانی دونیاو هەر هەموو ئەو دەسکەوتانەی وا ئەمڕۆ ئەوان لە
ژێر سایەیدا ژیان دەگووزەرێنن، بەرهەمی فیکری ئەو بیرمەندانەن کە
توانیان لە زەرفێکی زەممەنی سەختدا ببن بە فریادڕەسی میللەتەکانیان و
گۆڕانی ریشەیی لە سەر ئەرزی واقیع دیفاکتۆ بکەن، لێ ئەوەی تا ئەم ساتە
وەختە لە نێو ئێمەدا درکی پێ دەکرێت، دەمانەوێ و لە بەرنامەماندایە
بەبێ بوونی چەمکی فیکر گۆڕان و پێشکەوتن و گەشە کردن بەر جەستە بکەین؟!
ئێمە وا راهاتووین ئەرزش نە بۆ (فیکر) و نەش بۆ خاوەن (فیکر) دانەنەین،
بۆیە زۆر ئاساییە لە ژیواری وادا سیاسییەکان ببن بە رێبەرو وەدیهێنەری
خەون و سەرکەتن و ئەگەر خوا نەخواستە داکەوتنیش لە دیرۆکماندا بوونی
هەبێت؟!
من پێم وایە بەر لەوەی دەسەڵات بەرپرسیارێتی هەبێت، رۆشنبیران و
نووسەران بەرپرسیارێتی گەورەتر لە ئەستۆیاندایە، بۆیە دەکرێت دەسەڵات
چەواشەکار و دیکتاتۆر بێت، لێ هەرگیز ناکرێت نووسەری راستەقینە پەیامی
راستەقینەی خۆی لە یاد بکاو بکەوێتە رەدووی دەسەڵات و رۆڵ و مەهامی خۆی
فەرامۆش بکاو تەنها کاری شاباش کردن بێت! چونکە تاکی نووسەر دەبێت لە
واقیعی سیاسیی و کۆمەڵایەتی و ئاستی هۆشیاریی میللەتەکەی بە ئاگا بێ و
نووسینەکانی گوزارشت لەو واقیعە بکات.
ئەمڕۆ کێشەی هەرە گەورەی میللەتەکەمان نەبوونی هۆشیاریی کۆمەڵایەتیی و
سیاسییە، نەک دیمۆکراسیی، چونکە ئەگەر بڕیار وا بێت بە بێ هەبوونی
هۆشیاریی دیمۆکراسیی بوونی هەبێت، وا بزانم پێویست بەوە ناکات خۆمان
ماندوو بکەین، چونکە جیاوازیی بەرچاو لە نێوان کەسی داهێنەرو بەرهەمهێن
و خوڵقێنەردا لە گەڵ بەرخۆر و بە کار بەردا هەیە، بۆیە کاتێک کە
هۆشیاریی دێتە ئاراوە ئیدی هاوکێشەکان رێچکەی خۆیان دەگرن و لایەنی
سۆزداریی فەرامۆش دەکرێ و ئەرزش بۆ ئەقڵ دادەنرێ و سیستەمێک لە
دەرەنجامدا دێە ئاراوە کە رێگە بە هبچ کەسێک نادات بەرژەوەندی گشتی
بکات بە کۆچی قوربانی لە پێناو بەرژەوەندی حیزبی و کەسیدا و چارەنووسی
میللەتێک تەسلیمی دەستی قەدەر بکەن و سەروەرییەکان بۆ خۆیان و
شکستەکانیش بە سەرکەوتن لە قەڵەم بدەن!
* داوای
لێ بووردن دەکەم ناوی ئەو شاعیرەم لە یاد نەماوە.
کەرکوک
2/10/2008
star_qadr@yahoo.com
|