په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٧\٢\٢٠١٥

بەھمەن قوبادی بۆ رۆژنامەکانی سربیا:

''کورد دەبێتە خاوەنی سینەمایەکی سیستەماتیک و پێشکەوتوو''.
 

مەنسوور جیهانی


سینەماکاری کورد "بەھمەن قوبادی" لە وتووێژ لەگەڵ دوو ڕۆژنامەی ناوداری سربیایی سەبارەت بە سینەمای کوردیی، گۆڕانکارییەکانی و ھەروەھا داھاتووی سیستەماتیک و پێشکەوتووی ئەم سینەمایە ھاتە ئاخاوتن.


فیلمی "ھەندێک جار چاو لە سەرێ بکە" نوێترین بەرھەمی "بەھمەن قوبادی" لە چوارچێوەی کۆمەڵە فیلمی "چەند وتەیەک لەگەڵ خوداکان" لە وڵاتی سربیا نمایشکرا و ئەم سینەماکارە کوردە دوای نمایشی ئەم فیلمە لە کۆنفڕانسێکی ڕۆژنامەوانیدا سەبارەت بە بیرۆکەی نوێترین بەرھەمی خۆی لە چوارچێوەی کۆمەڵە فیلمی "چەند وتەیەک لەگەڵ خوداکان"دا ھاتە ئاخاوتن.


لە قوبادی پرسیارکرا کە کاریگەرترین ئایدیا سەبارەت بەو دوو پیاوەی کە پێکەوە نووساون و ئاخاوتنی ئەوان لەسەر عەشق و مەزھەب وەکوو دوو کەسایەتیی جیاواز لە کوێیوە سەرچاوە گرتووە؟ کە ئەم سینەماکارە کوردە لە وڵامدا گوتی: من کوردم و لە بنەماڵەیەکی سوننە مەزھەبدا گەورە بووم. لە قوتابخانەکانی ئێراندا وانەکانی مەزھەبی شیعە بە قوتابیان دەگوترایەوە و جیاوازییەکی ئەوتۆی لەگەڵ یەکتریدا نەبوو، بەڵام بەردەوام ئەم جیاوازیانە بۆ من پرسیاری بەدواوە بوو و کاتێک کە لە دایک سەبارەت بەم جیاوازیانە پرسیارم دەکرد، بە منی دەگوت ھەمووی ئەمانە لەبیر بکە و بۆخۆت بڕیار بدە.


گوتیشی: بیرۆکەی ئایدیای ئەم فیلمە دوای تێپەڕبوونی ٤٠ ساڵ بەسەر ئەم باروودۆخەی سەردەمیی منداڵیمدا ھاتۆتە مێشکمەوە و مەبەستیی سەرەکیی ئەم فیلمە ئەوەیە کە چەتوون و سەخت نەبین و ڕێز لە بیرووباوەڕیی یەکتری بگرین، ئێستاش مەزھەبی من خودا و عەشقە.


"بەھمەن قوبادی" ھەروەھا لە کاتی مانەوەی لە سربیا لە لەگەڵ دوو ڕۆژنامەی ناوداری ئەم وڵاتە چاوپێکەوتنی کرد و سەبارەت بە سینەمای کوردیی و گۆڕانکارییەکانی ھاتە ئاخاوتن و لە بەشێکی ئەم لێدوانانەدا ڕایگەیاند کە لە داھاتوویەکی نزیکدا کورد دەبێتە خاوەنی سینەمایەکی سیستەماتیک و پێشکەوتوو.
سینەماکاری ناوداری سربی "ئەمیر کۆستاریسکا" چەند ساڵێکە فیستیڤاڵی فیلمی "کاستندۆرف" بەڕێوەدەبات و مەبەستی ئەم فیستیڤاڵە ئاشناکردنی ڕوخسارە گەنج و بەھرەمەندەکانە لەگەڵ دەرھێنەرەکانی سینەمای جیھان.


"بەھمەن قوبادی" لە تەنیشت سینەماکارانی ناوداری جیھان لەوانە: "ئاندرە کانچلۆفسکی" ھەڵگری خەڵاتی شێری نوقرەیی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیز، "ڕۆی ئاندرسۆن" ھەڵگری خەڵاتی شێری زێڕینی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتی فیلمی ڤێنیزی ئیتاڵی، "گیلێرمۆ ئاریێگا" سینەماکاری ناوداری مەکزیکی، "ئەمیر کۆستاریسکا" ھەڵگری دوو خەڵاتی زێڕینی چڵەبەڕووی کانی فەڕەنسا و چەندین خەڵاتی گرینگی جیھانی دیکە و ھەروەھا "عادڵ خان" دەرھێنەری فیلمی سینەمایی "خاوەنەکان" لە فیستیڤاڵی فیلمی "کاستێندۆرف" ئامادەبوو.
 

ماڵپه‌ڕی مه‌نسوور جیهانی

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک