بەحر ئەبو قردە و
ئەزموونێک بۆ تۆمەتبارە کوردەکان.
عەلی مەحموود محەمەد
لە
ڕۆژی دووشەممە 18-5-2009 بەحر ئیدریس ئەبوقردە ، سەرۆکی بەرەی بەرگری
یەکگرتووی دارفۆر ئامادەی بەردەم دادگا بوو لە شاری لاهای هۆڵەندا ،
پاش گەیشتنی بە فرۆکەیەکی ئاسایی لە ئافریکاوە. ناوبراو لەگەڵ دوو
سەرکردەی دارفۆری دیکە کە تا ئێستا ناوەکانیان ئاشکرا نەکراوە لە لایەن
دادگای تاوانبارانی نێودەوڵەتییەوە " ئای سی سی " تۆمەتبار کراون بە
ئەنجامدانی تاوانی جەنگ بە پەلاماردانی هێزەکانی ئاشتیپارێزی سەر بە
یەکێتی ئافریکا لە دارفۆر لە ساڵی 2007، کە لەو پەلامارەدا 12 کەس لە
هێزەکانی ئاشتی پارێز گیانیان بەختکرد ، لە تشرینی دووەمی ساڵی
ڕابردوەوە 2008 ، داواکاری گشتی لوریس مۆرینۆ ئۆکامبۆ بڕیاری دەستگیر
کردنی سیان لە سەرکردە سەربازییەکانی دارفۆری دەرکرد بە تاوانی هێرشی
ناوبراو ، کە هێرش بۆ سەر هێزەکانی ئاشتی پارێزیان بە تاوانی گەورە
ناوزەد کرد ، ئەوەی شایانی ئاماژەیە هەمان دادگا بڕیاری دەستگیرکردنی
عومەر بەشیر و سیان لە نەیارانی کە ئەبو قردە یەکێکە لەوان داوە.
ئەبو قردە ڕۆژی 18-5 لە دادگا داکۆکی لە خۆی کرد ، وە دادگا ستایشی کرد
بەوەی خۆی ئارەزوومەندانە ئامادەی دادگا بووە ، دوای وەرگرتنی قسەکانی
دادگا ڕەزامەند بوو بگەڕێتەوە بۆ سودان بە مەرجێک لە کاتی بانگکردنی لە
لایەن دادگاوە بگەڕێتەوە .
ئەوەی گرنگە لەم پرۆسەیە ئامادە بوونی ئارەزومەندانەی خودی ئەبو قردەیە
بۆ دادگا و بەرەو ڕوبوونەوەی تۆمەتەکان و هەڵنەهاتن لێیان ، بەمەش لە
ڕێگەی ئامادە بوونییەوە ئەو تۆمەتەی دراوەتە پاڵ خۆی و بزووتنەوەکەی
دەڕەوێنێتەوە ، ئەگەر دادگا نەتوانێت تۆمەتباری بکات ئەوە بە سەرکەوتن
بۆ نەتەوەکەی و خۆی دێتە ژماردن و بە سەربەرزی لێی دەرەچێت ، هاوکات
ڕیکلامێکی باش و سەرکەوتنێکی مەزنی سیاسی و یاسایی و ڕاگەیاندن دەبێت
بۆ خۆی و پارت و گەلەکەی.
لێرەدا من پێشنیارێک دەخەمە بەردەست ئەو تۆمەتبارە کوردانەی کە ناویان
لە لیستی تاوانباراندا هاتۆتەوە ، یان نەشهاتووە وەلێ تاوانیان
ئەنجامداوە و ڕۆژانە بەرەو ڕوی تاوانبارکردن دەبنەوە لە لایەن خەڵکەوە
، بە تایبەت ئەوانەی لە هاندەران دەژێن ، بۆ پاککردنەوەی خۆیان هەمان
ڕێچکە بگرنە بەر.
ڕاستە ینک و پدک لەوان بوراون ، وەلێ ئەو لێبوردنە تەنها بە
بارمتەکردنی ئەوانە لە ڕیزەکانیاندا ، لە بەرامبەردا گەل و قوربانیان
قسەیان ماوە کە خاوەند مافی ڕاستەقینەن ، لە کاتێکدا ئەو پارتانە
پاشەکشە دەکەن یەکەم قوربانی بیدەن خودی ئەو تۆمەتبارانەیە ، مساوەمەی
یەکەم بەوانەوە دەکرێت. بۆیە باشترە پەندێک لە ئەزمونی ئەبو قردە
وەربگرن و خۆیان پێشکەش بە دادگا بکەن بە تایبەت ئەوانەی لە هاندەران
دەژێن .
لە کاتی بێتاوانیان بۆ هەتا هەتایە تۆمەتبارکردن لە کۆڵیان دەبێتەوە ،
ئەگەر تاوانباریش بن ،ئامادە بوونی خۆیان و داننان بە تاوانەکانیان بە
تایبەت لەبەردەم دادگای ئەو وڵاتانەی تێیدا دەژێن ئەنجامگیری باشی لێ
دەدورێتەوە،دوای جێبەجێکردنی سزای سەپاو بەسەریاندا دەتوانن ژیانی
ئاسایی خۆیان دەستپێبکەنەوە.ئەگەر واش نەکەن ئەوا پشکداری لە جینۆساید
لە بیرچونەوەو کۆن بوون و سنووری نییە ، سزادان هەر بەڕێوەیە .
|