په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٥\٩\٢٠١٤

بە هۆی تاوانەکانی داعش ئیسلام چووە ناو زبڵدانی مێژوو!


فوئاد زیندانی     


تاوانەکانی هێزە تیرۆریستیەکان دژ بە باوەڕمەندانی کوردی ئێزیدی ، شەبەک ، کاکەیی ، کریستیانەکان ڕووی ڕاستەقینەی ووڵاتانی هەرێمی و ئیسلامی و عەرەبی و نێودەوڵەتی دەرخست.


ئەو هێزە تاریکەی کە بە داعش ناسراوە پێکهاتەکەی بریتیە لەیەکگرتنی پیسترین توخمەکانی سەر ڕووی زەمین لەچوارچێوەی ئایینی ئیسلام کەهەریەک لە ووڵاتانی تورکیا ، سوریا ، سعودیە ، قەتەڕ، ئەردەن ڕۆڵیان هەبووە لە کۆکردنەوەی تیرۆریستانی جیهان و ڕاهێنانیان و ڕێکخستنیان لەگەڵ کۆنە بەعسیەکانی عیڕاق و دەزگای هەواڵگری ڕژێمی سوریا بۆ ئەوەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ببێتە شوێنی گەرمی ڕووداوەکان و بازاڕێکی نوێی شەڕ و تاوانکاری.


هەریەکە لەو ووڵاتانەی ئاماژەمان پێکرد ، لەچوارچێوەی ئامانج و بەرژەوەندیە دوو ڕووەکانی خۆی لەگۆشەیەکی دیاریکراودا دەڕوانێتە داعش و تاوانەکانی.


لە ٢٠١٤/٨/٣ دوای ئەوەی داعش شاری شەنگال و ناوچەکانی کوردانی باوەڕمەندی ئێزیدی کۆنتڕۆڵکرد بەسەدان خەڵکی بێتاوانیان شەهید کرد و سەدان کچ و ژن و منداڵیان ڕفاند و بەدەیان هەزاریش ئاوارەبوون و ڕوویانکردە چیای شەنگال ، بەهەوڵ و تێکۆشانی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) و هێزەکانی پاراستنی گەل (هەپەگە) باڵی سەربازی پەکەکە توانرا بەدەیان هەزار ئاوارە کە زۆربەیان ژن و منداڵ و بەساڵاچوو بوون لەهێرشەکانی تیرۆریستانی داعش ڕزگار بکرێن و بیانگوازنەوە بۆ ڕۆژئاوای کوردستان و لەوێشەوە بگەڕێنەوە بۆ هەرێمی کوردستان ، ئەوەی جێگەی سەرسوڕمانە ووڵاتانی ڕۆژئاوایی هێزێکی ڕزگارکەری وەکو ( یەپەگە ) بەچاوی خۆیان نابینن و پارتێکی کوردی وەک (پەکەکە) هێشتا بەتیرۆریست ناو دەبەن کەهەزاران مرۆڤیان لە چیای شەنگال لە تیرۆرکردن ڕزگار کردووە ، بەڵام تاقمی تیرۆریستی داعش سەرباری ئەوەی ڕۆژانە کۆمەڵکوژی و تیرۆر ئەنجامدەدا تا ئیستا وەک ڕێکخراوێکی تیرۆریستی بەفەرمی نەچۆتە لیستی ڕەشی تیرۆر لەو ووڵاتانەدا!!


کەناڵی (ئەی ئاڕ دی) کە کەناڵێکی ئاسمانیە سەربە حکومەتی ئەڵمانیە لە تازەترین ڕاپۆرتیدا سەلماندی کە حکومەتی تورکیا ڕۆڵی سەرەکی هەیە لە یارمەتیدانی داعش لەهەموو ڕوویەوەکەوە کە هاوکات تورکیا ئەندامی بلۆکی ناتۆیە و دۆستی نزیکی ئەوروپا و ڕۆژئاوایە.


سەبارەت بە ئەردەن بەئاشکرا ڕاهێنانی بەداعش کردووە بەهەمانشێوە دۆستی پلەیەکی ئەمەریکایە ، سعودیە و قەتەڕ خەرجیی داعشیان گرتۆتە ئەستۆ هەردوکیان وابەستەی ئینگلیز و ئەمەریکان ، ئێران بەئاشکرا زەمینەی بۆ سەلەفیەکان لە ڕۆژهەڵاتی کوردستان ڕەخساندووە بۆ ئەوەی گەنجانی کورد ڕەوانەی ناو داعش بکەن ، مالیکی لەعیڕاق وایکرد سوپای عیڕاق هەموو چەکە مۆدێڕنەکانی ڕادەستی داعش بکا لە شاری موسڵ؟ لەوەش سەیرتر مالیکی داوای لەسوپای عیڕاق کرد لەسەر سنوری سعودیە پاشەکشە بکا بۆ ئەوەی لەهەموو لایەکەوە دەرگا بۆ داعش کراوە بێت؟؟


پێوویستە مرۆڤ ئەو پرسیارانەی بەخەیاڵ دابێت ، چەکی سوپای عیڕاق هەمووی ئەمەریکیە و نوێیە ، داعش کە ئەو چەکانەی کەوتە دەست چۆن زانی وابەخێرایی و بەپسۆڕی بەکاریان بهێنێ لەدژی پێشمەرگە و نەیارانی ؟؟ ئایا پێشتر پەروەردە و ڕاهێنانی لەسەر ئەو چەکانە کردووە ؟؟ پرسیارێکی تر ئەوەیە سوپای عیڕاق لەموسڵ بەبێ بەرگریکردن ڕایانکرد ، کە هەڵاتن بۆ چەکەکانیان جێهێشت بۆداعش ؟ داعش تائێستاش نەگەیشتۆتە سنوری نێوان عیڕاق و سعودیە ئایا خێرە مالیکی پاشەکشەی بە سوپای عیڕاق کرد لەسەر سنوری نێوان عیڕاق و سعودیە!!؟؟ ئایا جێگای پرسیار نیە تائێستا ئۆمەتی ئیسلامی بەرامبەر بە هێرشەکانی داعش بۆ سەر هەرێمی کوردستان و کۆمەڵکوژکردنی کوردانی باوەڕمەندی ئێزیدی و تاوانەکانی داعش بێدەنگە ! بەهەمانشێوە تا ئێستاش هیچ ووڵاتێکی عەرەبی و ئیسلامی بەفەرمی تاوانەکانی ( داعش) یان دژ بەگەلی کورد و هەرێمی کوردستان مەحکوم نەکردووە!!؟؟


ئەو زەمینەسازیەی بەهەموو لایەک کردیان بۆ تیرۆرستەکان کە داعش توانی بۆ بەرژەوەندی خۆی بەباشی هەڵیبقۆزێتەوە، ڕێکەوت نیە بەڵکو بەرنامە بۆ داڕێژراوە بۆ ئەوەی هەرێمە کوردیەکان وێران بکەن و میللەتانی ئاشتی خوازی ناوچەکە دووچاری کارەساتی جینۆساید بکەن . داعش ماوەی دوو ساڵە بەبێ ناوبەر هێرش دەکاتە سەر ڕۆژئاوای کوردستان بەڵام کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەشێوەیەکی نەدیو سەیری دەکرد بە بێ ئەوەی هیچ کاردانەوەیەک نیشانبدا! ئەمەریکا و ئەوروپا پاش ئەوەی گەیشتنە ئەو باوەڕەی کە تاوانەکانی داعش دژ بە کوردانی باوەڕمەندی ئێزیدی کەبەناوی ئیسلام و خەلافەتی ئیسلامی ئەنجامی دەدا هەموو سنورە ئەخلاقی و ئایینی و ئاسمانی و مرۆڤایەتیەکانی تێپەڕاندووە و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی ناتوانێ بێدەنگ بێ بەرامبەر کۆمەڵکوژکردنی خەڵکی سڤیل ، تاوانەکان گەیشتۆتە ئاستی ڕیسواکردنی خودی ئایینی ئیسلام بۆ ئەوەی بەشێوەیەکی یەکجاری بخرێتە ناو زبڵدانی مێژوو بەهۆی ئەو دڕندایەتیەی داعش ، ئەوەش خزمەت بە ئایینی ئیسلام ناکات ، ئێستا کۆمەڵگای نێودەوڵەتی بەگڕوتینێکی زۆرەوە هاتوونەتە سەرخەت و دەڵێن با چەک بدەین بەهەرێمی کوردستان لەبەر ئەوەی پێشمەرگە شەڕی تیرۆریستان دەکا ، ئەگەر یارمەتی سەربازی نەدەینە هەرێمی کوردستان ئەوا تیرۆر دەگاتە خودی ئەمەریکا و ئەوروپا . بێگومان یارمەتیدانی هەرێمی کوردستان لە ڕووی سەربازی و مرۆیی کارێکی زۆر باشە ، بەڵام مافی خۆمانە پرسیار بکەین ئایا هیچ هێزێک ئەوەندەی یەپەگە لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوودا بەرەنگاری داعش بۆتەوە ؟ بۆ هاوشێوەی هەرێمی کوردستان کۆمەڵگای نێودەوڵەتی و فڕۆکە شەڕکەرەکانی ئەمەریکا ڕۆژئاوای کوردستان ناپارێزن و هاوکاری مرۆییان بۆ نانێرن خۆ ئەوێش کوردستانە و کوردی باوەڕمەندی ئێزیدی و کریستیان لەوێش ماوەی دوو ساڵە هەڕەشەی ئیسلامیە تیرۆرستەکانیان لەسەرە؟ پێویستە یارمەتی سەربازی بۆ ڕۆژئاوای کوردستانیش بنێردرێ .


ئەوەی کە زۆر گرنگە بۆ ئێمەی کورد خوێندنەوەی تەواومان هەبێت بۆ تەواوی سیناریۆکان و یەکڕیزی نەتەوەیی لەئاستی چواربەشی کوردستان بپارێزین و هەمئاهەنگیمان هەبێت ، لەئاستی هەرێمی کوردستانیش سوپایەکی نیشتمانی بێلایەن دروستبکەین و بە دوو هێڵی هاوتەریب لەیەک کاتدا پێکەوە کاربکەین ، هێڵی یەکەم : بەرگریکردن و بەرەنگاربوونەوەی چەتە تیرۆریستەکانی داعش و یارمەتیدانی ئاوارەکان کەبەتاوانی کورد بوون و باوەڕی ئایینی لەلایەن تیرۆریستانەوە دووچاری کوشتن و تاڵان و کۆچبەری هاتوون ، هێڵی دووەم : دیاری کردنی سنوری جوگرافی کوردستان و ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بۆ گەرەنتی کردنی مافەکانمان و گرتنەبەری سیاسەتێک کە لەبەرژەوەندی نەتەوەیی دابێت چیتر کات بەفیڕۆ نەدەین شەش مانگ یا ساڵێک لەچاوەڕوانی دابین بۆ ئەوەی بزانین (عەبادی) حاکمی نوێی بەغدا نیازی چیە و چێمان بۆ دەکات.

 
قەیرانەکان زۆر خێرا و ئاڵۆز و یەک لەدوای یەکن ، بۆ ئێمەی کورد بارودۆخەکە زۆر هەستیارە قۆناغی حزبایەتی تێپەڕاندووە ، دەبێ لەئاستی ڕووداوەکان بین و واز لەشەڕە قۆچانێی حزبی بێنین و لەیەک سەنگەردا پێکەوە بەرگری بکەین لەپێناو پاراستنی نەتەوەی کورد و خاکی کوردستان.

 

 

fuadzindani@yahoo.de

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک