په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بەکارهێنانى چەک ، هەوادارانی زۆربوون.

   
حه‌مه‌ی ئه‌حمه‌د ڕه‌سوڵ


راستە بەکارهێنان و کڕین و فرۆشی چەک پەیوەندی بەئاستی پێشکەوتن و دواکەوتنی کۆمەڵگاوە نییە و بۆ وێنە ئەمریکا کە ترۆپکی پەرەسەندن و پێشکەوتن و دیمۆکراسییەتە ، کەچی وەکو ئامارەکان پێمان دەڵێن لەهەر حەوت خولەک جارێکدا مرۆڤێکی ئەمریکی دەکوژرێت ، یان بەدەمانچە یان بەچەقۆ ..!


بەڵام وڵاتەکەی ئێمە ناوازەیەو بێنموونەیە لە ئەزموونى بەکارهێنانى چەکدا و پڕە لە چیرۆک و دیرۆکی خوێناوی و کوشت و کوشتار و سەربڕین و لەتوپەتکردن و قڕکردنی مرۆڤەکانی ، ئێمەیەک کە تەنها لەبەرئەوەى نەتەوەی کورد بووین ، بەرامبەرە دڕندەکەمان بە کاڵی و بە برژاوی پارچە پارچە و هەلاهەلای کردووین ، گشت کەرەستەکانی زەبروزەنگ و توندوتیژی بۆ قەڵاچۆکردن وبنەبڕكردنمان بەکارهاتوون .. بۆیە مێژووییەکی درێژمان لەگەڵ مەترسی فەنابوون و خەتەرناکی مەرگدا هەبووە ، چونکە ئاسوودە و دڵ راشکاو نەبووین بەرامبەر بە ژیانمان .. چونکە چرکەکانی ئاسایش و حەوانەوە و هێمنیمان هێندە کەمبوون ، متمانەو گەرەنتیمان بەدەوروبەرو بە فاکتەرەکانی مانەوەمان بە زیندوویی کزو کزتربووە ..لەبەرئەوەى کە دوژمنەکانمان هەمیشە چەکیان بەدەستەوە بووە ، لەپەرچەکرداردا ئێمەش بەناچاری پەنامان بۆ چەک بردۆتەوەو بەرەنگاری ئاگرو باروودی بێبەزەیی نەیارەکانمان،چەکی لێکردووینەتە هاوەڵ و یاوەر! بیریشمان نەچێت کە دیکتاتۆرەکەی بەغدا ماوەیەکی دوورودرێژ لەسەر ئەو ستراتیژییەتە کارەیدەکردو کورسی حوکمڕانی لەژێردا بوو،کە بەیەکسانی هەرماڵە وهەرتاکێکی ئەم وڵاتە چەکێک یان زیاتری بەربکەوێت .. خولياو ئارەزووییەکی ئەوتۆی لای تاکی عێراقی دروستکرد کە هێدی هێدی حەز لە چەک بکەن ـ حەز لەخۆگیڤردنەوە و خۆبەزلزان و بە پیاوێکی بەهێز لەهەست و دەروونیاندا موتوربە بکات..حەزكردن لە کوشتنی مرۆڤ زیادتر بێت و تۆڵەسەندنەوە و زەبروزەنگ خەسڵەتی یەکەمینی مرۆڤ وتاکی ئەم کۆمەڵگایەمان بێت .. ویستی کەلتوورێک بکاتە مۆدێل کە خەڵکی بیریان بەتيژی و بة فراوانى لای چەک بێت ، تەنانەت یاری منداڵەکانیشمان هەر دەمانچە و تفەنگ و تانک و سەیارەی پۆلیس بوو لەبازاڕەکاندا دەفرۆشران .. ئێمەش دەمانچەمان دەدایە دەست کوڕەکانمان و بووکە شووشەمان بۆ کچە قشتیلەکەمان دەکڕی .. کەلەئایندەدا کوڕەکان ((بەزەبری پەروەردەی خێزانی چەواشەمان بەدەمانچە و چەقۆی راستەقینە خوشک و دایک و خێزانی خۆیان دەکوشت !)) ..کە لەراستیدا هەتاکو ئێستاش بازرگانەکانمان کەدەچنە دەرەوەی وڵات ، دەمانچە و چەقۆ و چەکیان بۆ کوڕو منداڵ و گەنجی ئەم وڵاتە هەناسە ساردە بیرناچێت و بگرە لە جەژن و موناسەبەکانیشدا دەمانچەی ساچمە و مووروو یاخود دەمانچە و فیشەکە شێتە دێنن و بەلێشاو دەیانفروشن و بەڵـیشاویش منداڵان بریندار دەبن و کوێردەبن و رەنگە بشمرن و کەچی گەورەکان ناتوانن ئەو خواست و ئارەزووە لەمنداڵەکانیاندا بمرێنن ! پۆلیس و هێزی ناوخۆش ئەو دیاردە ترسناکەی پێ قەڵاچۆ ناکرێت و ناتوانن غەرامە و سزا لەسەر بازرگان و دوکاندارو فرۆشیاری ئەو چەکە مەترسیدارانە زیاد و زیاتر بکەن ..!


ئەم حەزو ئارەزووە لای منداڵی کورد گەورە بووە و بەکاریگەری لاسابیکردنەوەو چاولێکەری لەنێو گەنجەکانیشماندا بەرێژەیەکی بەربڵاو زیادیکردووەو ڕوو لەتەشەنە سەندنە .. رێژەیەکی زۆر لەگەنج و گەورەکان کە بەداخەوە ئاستی رۆشنبیری و خوێندن و بڕوانامەیان زۆر بەرز نین و رەنگە زۆربەش لە چینی مامناوەند و زەنگینیش بن،هەڵگری چەقۆودەمانچەن و رۆژانە لەم کوردستانةدا ، لێرەولەوێ کارەساتی دڵتەزێن روودەدەن ..مەڵبەندو ناوەندەکانی پۆلیس، هەروەها لوورەی سەیارەی پۆلیس و ئیسعاف، یان بەرنامەی zoom in شاهید و گەواهی ئەوە دەدەن کە خەڵکانێکی زۆر هەن شەڕدەکەن و هەندێکیان کەسوخزمی نزیکی یەکتریشن و لەسەر شتی زۆر سادە و بێمانا،يا لەبەر قسەیەکی رەق و جنێوێک پەلاماری یەکتری دەدەن و چەقۆ یان دەمانچەی تیادا بەکاردێت و چەند کەسێک لەو شوێن و کاتەدا دەبنە کۆچی قوربانی !


گومانی تێدا نییە دیارە ئەم دیاردەیە لەدوای پرۆسەی رزگارکردنی وڵات لەدیکتاتۆرییەت و هەڵڕژانی دەفتەرە دۆلاروگەشەسەندنی باری ئابووری و ناسەقامگیری بارودۆخی سیاسی و دیاردەی تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێل و کوشتنی بەلیشاوی مرۆڤ وزیادبوونی چەک و فرۆشتنی بە شێوەیەکی راستەوخۆو ئاشکرا لەبازاڕەکاندا بەرەو زیادبوون هەڵکشاوەو زەمینەسازی بۆ خۆشکراوە کە هەر گەنجێک رقی لەبرادەرەکەی خۆی هەڵگرت،لەسەر پارە یان ئافرەت یان بازرگانی یان قومار یان خواردنەوە،دەچێت دەمانچەیەکی ستیلی هەرزان و حازربەدەست، یان چەقۆو کێردێک لەوەی رامبۆ کە (موو) قاش دەکات بە ئاسانی و لەبازاڕەکانی کوردستاندا بکڕێت و ئەو نەیارەی بکوژێ و وەکو بەرزەکی بانان بۆی دەربچێت و رەنگە لەمالێ بەرپرسێک یان مەسئولێک ببێتە پاسەوان یان چایچی و ئاشپەزو دادگاو یاساش هەر سیر بخۆن و زووڕنا لێبدەن ..!!


دیارە دەرکەوتنی هەر دیاردەیەک و بەڕێژە و بەئاستێکی بەرز: هۆکاری تایبەت بەخۆی هەیە،ئەم دیاردەیەش وەکو وتمان لە کۆمەڵگاکەماندا بوون و بەرکەماڵبوونى زەبروزەنگ و توندوتیژی یەکەمین هۆکارێکە بۆ پەنابردنە بەر کەرەستەی یەکتر قبوڵنەکردن و یەکتر سڕینەوە و فەوتاندن،نەبوونی زەمینەیەکی مەدەنی و شارستانی بۆ دیالۆگ و ئاخاوتن لەنێۆان توێژ و چینەکاندا هۆکارە بۆ بەکارهێنانی چەک،مێژووییەکی درێژی حوکمی سەربازی و هەڵایسانی جەنگ و بە ئاساییکردنی بەکارهێنان و هەڵگرتنی چەک ڕەگی ئەم دیاردەیەی بەتوندی داکوتیوەو هێشتاکە حکومەتی کوردستان پلانی نییەو یاساو بڕیارەکانی توندو پتەو و سەرەور نین بۆ قەدەغەکردنی هەڵگرتنی چەک و ناتوانێ خەڵکی مەدەنی کۆنترۆل بکات کە هەڵگری چەکی بێ مۆڵەتن و بيِ ئیجازەن..ناتوانێت کوڕی بەرپرسێک سزا بدات و لەزینداندا توندی بکات کە چەک و مۆڵەتی شۆفێری ياساغيان هةية و سەیارە جام ڕەشە مۆدێل بەرزەکەشيان لەولاوە بوەستێ.. ئیدی چۆن هەزاران دیاردەی کوشندە و خەتەرناک روو لەم زێدونیشتمانە هەتیوە ناکات ...!

 


hemea.rasoel961@yahoo.com