بێمافی کرێکار و ناسه‌لامه‌تی شوێنی کار له چین.
عامر سابیر
شوێنی کاری کرێکاران له وڵاتی چین یه‌کێکه له خراپترین و پڕ مه‌ترسیتریین، که ساڵانه گیانی ده‌یان هه‌زار کرێکار هه‌ڵده‌لووشێ، له چیندا به‌پێچه‌وانه‌ی زۆر له وڵاتانی تری دنیاوه ژماره‌ی قوربانیانی نائه‌منی شوێنی کار بڵاوناکرێته‌وه و زۆربه‌ی کات حکومه‌ت و ده‌سه‌ڵاتداران کاره‌ساته‌کان ده‌شارنه‌وه، وه‌یان ژماره‌ی قوربانیان که‌م ده‌که‌نه‌وه.
به‌گوێره‌ی ڕاپۆرتی ڕێکخراوی (ILO)ی سه‌ر به نه‌ته‌وه یه‌کگرتووه‌کان، که ساڵی 2005 بڵاوکراوه‌ته‌وه ئه‌ڵیت له چیندا ته‌نها له کانه‌کاندا ساڵانه لانی که‌م ده هه‌زار (10000) کرێکار گیانیان له‌ده‌ستده‌ده‌ن، به دوای چیندا به‌رازیل به دووهه‌م دێت. له ساڵی 2007دا ته‌نها له کانه‌کانی خه‌ڵوزدا3786 کرێکار گیانیان له‌ده‌ستداوه، که ئه‌م ڕێژه‌یه 20% که‌متره له‌وه‌ی که له 2006دا کوژراون له هه‌مان ئه‌و کانانه‌دا.
زۆر له کانه بچوکه‌کان مۆڵه‌تی ڕه‌سمیان نییه و به ناقانوونی کارده‌که‌ن، خاوه‌ن کاره‌کان به دانی به‌رتیل به به‌رپرسی حیزب و شاره‌وانی ئه‌و ناوچانه، به‌رپرسان قایلده‌که‌ن و ئه‌وانیش چاوپۆشی لێده‌که‌ن.
ده‌سه‌ڵاتدارانی چین ئه‌ڵێن، ده‌یه‌یه‌کی ترمان ئه‌وێت تا قوربانیانی ناسه‌لامتی شوێنی کار به‌ته‌واوی که‌م ده‌که‌ینه‌وه، ته‌نها له نزیک به یه‌ک ساڵی ڕابودوودا حکومه‌ت ناچاوبووه که 250 کانی بچووکی خه‌ڵوز دابخات، که هیچ هه‌لومه‌رجێکی سه‌لامه‌تی کارکردنیان تیادا نه‌بووه. له جیهاندا ڕێژه‌ی 25%ی هه‌موو قوربانیانی نا ئه‌منی شوێنی کار له چیندا ڕووده‌دات. له ساڵی 2007دا حیزبی شیوعی چین له کۆنگره‌که‌ی خۆیدا بڕیاریدا که گۆڕانکاری له یاسای کاری کرێکاراندا بکات، بۆ پاراستنی ژیانی کرێکاران، به‌ڵام به عه‌مه‌لی هیچ هه‌نگاوی جیدی نه‌نراوه بۆ که‌م کردنه‌وه‌ی قوربانیانی شوێنی کار.
چین که دانیشتوانه‌که‌ی 1.3 بلیۆن که‌سه، 25%ی دانیشتوانه‌که‌ی واته 325 ملیۆن که‌س ڕۆژانه ژیانیان له‌سه‌ر یه‌ک دۆلاره، به‌پێی داتایه‌ک که له 2001دا ئه‌نجام دراوه و ILO له 2005دا بڵاویکردۆته‌وه، له ساڵی 1998 ه‌وه تا ساڵی 2001، هێزی کار له چیندا له 708 ملیۆن کرێکاره‌وه به‌رزبۆته‌وه بۆ 741 ملیۆن کرێکار، به‌شی زۆری هێزی کاری تازه، گوندنشینه‌کانن، که له کانه‌کانی (ئاسن و ستیڵ و خه‌ڵوز و به‌شی بیناسازی و وزه)دا کارده‌که‌ن، که زۆر شاره‌زانیین له کاره‌کانیاندا و زۆریان ده‌بنه قوربانی نائه‌منی شوێنی کار، وه‌یان به‌هۆی ماده ژه‌هراوییه‌کانی کارگه‌کانه‌وه ده‌مرن. له هه‌موو هێزی کاری چیندا واته له‌و 741 ملیۆن کرێکاره ته‌نها (40) چل ملیۆنیان ئینشورانس (ته‌ئمینی) ژیانیان کراوه له کاره‌کانیاندا.
سه‌رۆکی چین که خۆی یه‌کێکه له سه‌رمایه‌داره گه‌وره‌کانی چین، له وڵاته‌که‌یدا کرێکاران به‌ڕه‌سمی مافی ئه‌وه‌یان نییه که خۆیان ڕێکخراوبکه‌ن و دیفاع له به‌رژه‌وه‌ندییه‌کانیان بکه‌ن، هه‌موو جۆره ڕێکخراوبوونێک قه‌ده‌غه‌یه.
له‌مساڵدا له‌کاتی دروستکردنی یاریگای ئۆلۆمپیاتدا، حکومه‌تی چین پاش نکولیکردنێکی زۆر، ئینجا دانی نا به‌وه‌ی که له کاتی دروستکردنی یاریگاکه‌دا که به (هێلانه‌ی باڵنده) ناسراوه، وتیان که ته‌نها 7 کرێکار مردوون، به گوێره‌ی زۆر له سه‌رچاوه‌کانی تر (وه‌ک ڕێکخراوی پاراستنی سه‌لامه‌تی کرێکار له چین، که بنکه‌که‌ی له هۆنکۆنکه) ڕێژه‌ی کوژراوان زۆر له‌و ژماره‌یه زیاترن. بۆ دروستکردنی یاریگایه‌کی له‌و چه‌شنه له 2004دا له ئه‌سینا 5 کرێکار کوژران، له سدنی له 2000دا یه‌ک کرێکار گیانی له‌ده‌ستدا، له ئه‌تڵه‌نتا له 1996دا یه‌ک کرێکار کوژرا.
ئه‌و کرێکارانه‌ی که له هێلانه‌ی باڵنده‌دا کاریان ده‌کرد، ڕۆژانه کرێکانیان 3 پاوه‌ند بوو، وه بۆ کرێکارانی شاره‌زا 4.4 پاوه‌ند بوو، گوایه حکومه‌تی چین بۆ هه‌ر یه‌ک له خێزانی کوژراوه‌کان بڕی دووسه‌د هه‌زار (Yuan) یان سه‌رف کردووه، که ئه‌کاته سیازده هه‌زار پاوه‌ند.
سه‌ره‌ڕای ئه‌و نائه‌منییه‌ی شوێنی کار و نه‌بوونی ئازادی ڕێکخراوبوون، خاوه‌ن کاره‌کان سزای زۆر تووندیان داناوه، بۆ هه‌ر کرێکارێک که له کار دوا بکه‌وێت، یان ڕۆژێک نه‌چێته سه‌ر کار، بۆ نموونه سزای 20 Yuan (یوان) واته 2.6 دۆلاری ئه‌مریکی سزای هه‌ر کرێکارێکه که دوا بکه‌وێت له کار، وه ئه‌گه‌ر شفتێک نه‌یات بۆ کار ئه‌وا سزای 100 یوان (Yuan) واته13.3 دۆلاری ئه‌مریکیه بۆ هه‌ر کرێکارێک، ئه‌م پاره‌ی سزایه زۆر له کرێی چه‌ند هه‌فته‌ی کرێکاره‌که زیاتره.
ته‌نها له ماوه‌ی که‌متر له هه‌فته‌یه‌کدا له مه‌یدانی بیناسازیدا دوو کره‌ین (crane) (ئه‌و ئامێره گه‌وره و درێژه‌ی که له دروستکردنی بیناکاندا که‌ره‌سته‌ی دروستکردنی خانووی پێ به‌رزده‌کرێته‌وه) ڕووخاوه، که یه‌که‌میان له 10/10/2008دا بووه له گوندێک نزیک شاری Shandong که ڕوخاوه به‌سه‌ر بیناکه‌دا و خشته‌کان ڕووخاون و بووه‌ته هۆی کوشتنی پێنج منداڵ که له‌و ده‌ورووبه‌ره بوونه. وه دووهه‌میان له 14/10/2008 بووه له وێستگه‌ی کاره‌بای شاری Shanghai که ڕووخاوه و بووه‌ته هۆی کوشتنی دوو کرێکار.
له 10/9/2008 له باکوری چین 128 کرێکار گیانیان له‌ده‌ستداوه، که له‌و کرێکارانه بوون که له باشوری ڕۆژئاوای چینه‌وه هاتوون بۆ کارکردن.
له 18/9/2008 له کانی Xiangfen 260 کرێکار گیانیان له‌ده‌ستدا.
له 17/9/2008 له کانی خه‌ڵووزی (Tashan Iron One) له ناوچه‌ی Shanxi، 800 کرێکارکوژران، ئه‌م کانه به ناڕه‌سمی لێدارابوو، وه مۆڵه‌تی کارکردنی نه‌بوو، هه‌رچه‌نده خاوه‌ن کانه‌که ئه‌یزانی که به که‌ڵکی کارکردن نایات، به‌ڵام به‌هه‌ندی وه‌رنه‌گرتبوو، ئه‌و گونده‌ی نزیکی کانه‌که که 1300 که‌سی تیادا ئه‌ژیا، که‌وته ژێر لیتاو و لافاوی کانه‌که‌وه، حکومه‌تی چین و ده‌سه‌ڵاتدارانی ئه‌و ناوچه‌یه به نادروستی ڕایانگه‌یاند که ڕێژه‌ی کوژراوه‌کان ته‌نها 51 که‌سه، ده‌سه‌ڵاتداران لێکۆڵینه‌وه‌یا‌ن له ڕووداوه‌که کرد‌و 13 که‌س له به‌ریوه‌به‌رانی کانه‌که ده‌ستگیرکران و چه‌ند که‌سی شاره‌وانی لادران و پارێزگاری شاری Shanxi که ناوی (Meng Xuenong ) بوو، له‌سه‌ر کار ده‌رکرا.
بۆ به‌رزکردنه‌وه‌ی هوشیاری گشتی و ڕاکێشانی سه‌رنجی وڵاتانی دنیا بۆ ئه‌م مه‌سه‌له گرنگه که نا ئه‌منی شوێنی کاری کرێکارانه، ڕێکخراوی International Labour Organization له ساڵی 2003وه ڕۆژی 28ی ئه‌پریلی هه‌موو ساڵێکی وه‌ک ڕۆژی جیهانی بۆ سه‌لامه‌تی و ته‌ندرووستی له کاردا (World Day for Safety and Health) ڕاگه‌یاندووه.
ئه‌م ژمارانه‌ی خواره‌وه له ڕاپۆرتی ILO دایه که له ساڵی 2005دا بڵاوکراوه‌ته‌وه له‌سه‌ر وڵاتی چین. ژماره‌ی کرێکارانی به‌رهه‌مهێن له (2001)دا = 740.5 ملیۆن ژماره‌ی کرێکارانی به‌رهه‌مهێن له (1998)دا = 708 ملیۆن ڕووداوی مردن له (2001)دا = 90.500 ڕووداوی مردن له (1998)دا 73.500 ئه‌و ڕوداوانه‌ی که بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که کرێکار ناچاربووه 3 ڕۆژ و زیاتر واز له‌کار بهێنێ له (2001)دا = 69 ملیۆن ئه‌و ڕووداوانه‌ی که بووه‌ته هۆی ئه‌وه‌ی که کرێکار ناچاربووه 3 ڕۆژ و زیاتر واز له کار بهێنێ له (1998) = 56 ملیۆن. سه‌رجه‌م ئه‌و مردنانه‌ی به‌هۆی کاره‌وه ڕویداوه له چیندا له ماوه‌ی ساڵێکدا = 477000
وڵاتی چین له زۆری ڕێژه‌ی ئیعدام کردنیشدا یه‌که‌م وڵاتی دنیایه، چه‌ند ساڵێکه دوو پارێزه‌ری که‌نه‌دی که‌مپینێکیان به‌رێخستووه بۆ کۆتاییهێنان به‌و ڕه‌فتاره نائینسانییه‌ی حکومه‌تی چین، که ئه‌و که‌سانه‌ی له سه‌ره‌ی ئیعدامدان، پێشتر عه‌مه‌لیاتیان ده‌کات و ئۆرگانه‌کانی له‌شیان ده‌رده‌هێنێت وه ده‌یفرۆشێ به که‌سانی وڵاتانی ئه‌وروپا و ئه‌مریکا، که ئه‌چن بۆ چین بۆ وه‌رگرتنی ئه‌و ئۆرگانانه، بۆ نموونه هه‌ر گورچیله‌یه‌ک به حه‌ڤده هه‌زار دۆلاری ئه‌مریکی ئه‌کڕن. له ساڵی 2006دا سه‌رۆک وه‌زیرانی ئوسترالیا، داوای له خه‌ڵکی ئوسترالیا کرد که هیچ که‌س نه‌چێت بۆ چین بۆ وه‌رگرتنی ئۆرگانه‌کانی له‌ش به‌و ڕێگه نائینسانی و نا مۆراڵییه.
سه‌ره‌ڕای ژیانی سه‌ختی کرێکاران و نه‌بوونی هیچ ئازادییه‌ک بۆ کرێکاران له چیندا، به‌ڵام ڕۆژانه کرێکاران له خه‌بات و ناه‌زایه‌تیده‌ربڕین و مانگرتندان بۆ باشترکردنی هه‌لومه‌رجی کار و ژیانیان.
28/10/2008
|