په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بە منداڵەکەت بڵێ مەترسە خەونت بینیووە.


ئا: کەژاڵ عەلا


منداڵ بەهۆى خەو بینینى ترسناکەوە لەخەو ڕادەپەڕێ و خەوى دەزڕێت، هەروەها زۆربەى کات ئەو خەوەى کەبۆتە مایەی ترساندنى کەمێکى یا بەتەواوى لەبیر دەمێنێتەوە .


زۆربەى منداڵان لەسەر ستەمەکەى خۆیان دادەنیشن و هاواردەکەن یا دەگرین و یابەرەو ژوورى نوستنى دایک و باوکیان پەنادەبەن و داواى یارمەتیان لێدەکەن.َ


بینینى خەوى ترسناک زیاتر لەمنداڵانى 5-6 ساڵاندا ڕوودەدات. هەندێک جار هۆکارەکەى دەگەڕێتەوە بۆ ڕووداوەکانى دەوروبەرى یا بابەتێکى ترسێنەر لە تەماشاکردنى تەلەفیزیۆنەوە یاخود لەچیرۆک و کتێبەکاندا دەیخوێننەوە یا دەوروبەرى بۆى دەگێڕنەوە، یا بەشێوەیەکى ئاسایى بابەتێک بێت ڕاستە وخۆ ڕووبەڕوویان بووبێتەوە. وەکو: شەڕ و ئاژاوە، واهەستبکەن پشتگوێ دەخرێن لەلایەن خوشک و برا و گەورەکانیانەوە، یاڕەنگیشە کێشەیەک بێت لە قوتابخانە و ماندووبوونیان لە ئەنجامدانى دەرس و ...هتد.


کەواتە ئەم کێشەیە لە منداڵاندا بۆى هەیە لەژێر کاریگەری کاروبارى ڕۆژانەیاندا درووستبێت. بۆنموونە ئەگەر ڕۆژێکى سەخت و دژوار بەسەربەرن ڕەنگە خەونێکى ناخۆش و ترسناک ببینن. ئەڵبەتە خەوى ترسناک دەتوانێت لە خەیاڵاتى منداڵاندا شیوەیەکى سەیر لەخۆبگرێت بەبێ ئەوەى مانایەکى تایبەتى هەبێت.

لە منداڵى زۆر بچوکدا ئەم جۆرە خەوانە بەشێکن لە گەشەیاندا و کاتێک لەخەو ڕادەپەڕن یەکسەرى خەویان لێدەکەوێتەوە و بۆ بەیانیش هیچیان لەبیر نامێنێت. پێویستە ئەم خاڵەشمان لەیاد نەچێت کە هەر جۆرە مۆتەکەیەک ماناى ئەوەناگەیەنێت کە بابەتێک لەئارادا هەیە. لە منداڵاندا، لەرز و تا، نەخۆشى و بیتاقەتى یا درەنگ نانخواردن دەتوانێت ڕۆڵێکى گرنگى هەبێت بۆ ئەم گرفتە.

ئایا کاتێک کە منداڵەکانتان مۆتەکە دەبینن ئێوە چیان بۆدەکەن؟ دایکان و باوکان پێویستە یەکسەر لە کاتى بینینى خەونى ترسناکى منداڵەکانتانا بەم شێوەیە ڕەفتاربکەن:

1- کاتێک کە منداڵ لەنیوەشەودا هاواردەکات، بێ ئەوەى لەخەوى هەستێنى، پێویستە هێورى بکەیتەوە و بەئارامى لەپەنا گوێیدا لایەلایەى بۆ بکەیت. لەم کاتانەدا تادەتوانیت دەبێت هەوڵبدەیت منداڵەکەت خەبەرى نەبێتەوە.
2- کاتێک کەمنداڵ لەدەنگى هات و هاوارى خۆى بیداردەبێتەوە و هێشتا دەترسێت و پەرێشانە پێویستە لەئامێزى بگریت و پەرداخێک ئاوى دەرخواربدەیت. بەسۆز و میهرەبانیەوە دەست بێنیت بەسەریدا و بۆى باسبکەیت کە ئەمە تەنها خەوبوو، تێپەڕى، هەرچیەکت دیووە تەنها لەخەودابوو".
3- تەنانەت ئەگەر منداڵەکە هێشتا ماناى وشەى خەیاڵات"خەوبینین" فێرنەبووبێت، بەدەنگى ئارامى ئێوە ئارام دەگرن و تێدەگەن کە ئەوى بینیویانە واقعى نەبووە. ئەگەر هاتوو منداڵەکە هێشتا هەر هات و هاوارى بوو دەتوانیت گڵۆپەکانى بۆ داگیرسێنیت و پێى بڵێیت" وەرە با پێکەوە بەدواى ئەو شتەدا بگەڕێین کەلێى دەترسیت" یاپێى بڵێت گڵۆپەکەت هەر بەداگیرساوى بۆ دەهێڵمەوە".
4- بۆى هەیە لەهەندێک حاڵەتدا ئەو وێنە ترسناکەى لەخەودا بینیویەتى دووبارە لەزهنى منداڵەکەدا دووبارە ببێتەوە و لەترسى ئەوەى نەوەک و ئەو دیمەنە ترسێنەرە ببینێتەوە وڕکبگرێت و نەیەوێت بچێتەوە بۆ جێگاکەى خۆى بخەوێتەوە. لەم حاڵەتەدا پێویستە دەربارەى ئەو شتەى منداڵەکە بەیانى دەکات بابەتەکە بەجۆرێکى تر کۆتایى پێبێنن، بەمجۆرە بۆ نموونە ئەگەر خەوى بە سەگێکى گەورەوە یا ئەژدیهایەکەوە بینیبوو پێى بڵێی: لەکۆتاى خەوەکەتدا تۆ شمشێرێکت پێبوو ئەژدیهاکەت کوشت.
5- هەوڵبدە کاتێک منداڵ خەوى ترسناک دەبینێت و بەرەو ژوورى نوستنەکەى ئێوەدێت بیبەیتەوە بۆ سەر جێگاکەى خۆى. چونکە بۆ شەوەکانى دوایى زۆر بەزەحمەت دەتوانێت لەجێگاکەى خۆیدا خەوى لێبکەوێت. هەروەها هەوڵبدە ئەو شەوە تامنداڵەکەت خەودەیباتەوە لەلاى بمێنیتەوە ئەوسا بەجێى بێڵە.
6- ئەگەر هات و زانیت ئەم کێشەیە بەهۆى ئەوەوە ڕوودەدات کە مێشکى قاڵە بە بابەتێکەوە، پێویستە بگەڕێت بەدواى هۆکارەکەیدا و بیدۆزیتەوە.
7- هەندێک جار پێویستە لە خودى منداڵەکە یارمەتى وەربگریت و بە وردى پرسیارى لێبکەیت" دوێنێ شەو چ جۆرە خەونێکت بینی؟ یا ئەو شتە چیە کە لێى دەترسى؟" ده‌رفه‌تی بدێ خۆى بۆت بگێڕێتەوە. هەوڵبدە لەو کاتەدا قسەکانى پێنەبڕیت و بە وردى گوێى لێبگرە. چونکە منداڵ بەم کارەى ئێمە هەست بەوە دەکات کە درکى پێدەکەین.
بێگومان ئەو منداڵانەى کە ووردن نابێت چاوەڕوانى ئەوەیان لێبکەین کە بەدروستى خەوەەکەیمان بۆ بەیان بکات. چونکە لەو تەمەنەدا ناتوانن بەشێوەیەکى دروست خەوەکەیان بگێڕنەوە. ڕەنگە بڵێن" ئاژەڵێکى ناشرین یا سەگێکى گەورە. لەم حاڵەتەدا پێویستە پێیان بگوترێ کەبەڕاستى لەناو ژورەکەیدا هیچ شتێک وجودى نیە. دەشتوانى لەگەڵ منداڵەکەتدا هەموو شوێنێکى ماڵەکەت بپشکنى.
8- هەندآ جار بۆ بەرگرى لە مۆتەکە باشتروایە ڕێگە نەدەى منداڵ سەیرى تەلەفیزوێن بکات.
9- لەکاتێکدا ئەگەر هاتوو ئەم کێشەیەبەردەوام لاى منداڵەکەت دروست بوو، پێویستە سەردانى دکتۆری پێبکەیت.


بۆ بەرگرى کردن لە بینینى خەونى ترسناک لەمنداڵەکەتدا، باشتر وایە پێشتر چەند کارێک ئەنجام بدەیت وەکو:


- شەوانە هەمیشە گڵۆپێکى کز لەژورى منداڵەکەتدا داگیرسێنە. لەتاریکیدا پێش ئەوەى منداڵەکە خەوى لێبکەوێت سەیرى شتومەکى ژورەکەى بکە و بزانە هیچ شتێک خراپ دانەنراون. بۆنموونە سێبەرى کورسیەک ڕەنگە ببێتە هۆى ترساندنى منداڵ. یا دەتوانیت بووکەشووشەیەکى بدەیتێ، یا لەژورەکەیدا هەڵیواسى، پێى بڵێ ئەم بووکە شووشەیە دەتوانێت ڕێگە بگرێت لەخەونى ترسناک.


- هەوڵبدەن منداڵەکەت لەپێش نوستنیدا فلیمى ترسناک تەماشا نەکات و یا یارى ئاڵۆز و شەڕانى ئەنجام نەدات.


- هەوڵبدە پێش ئەوەى منداڵەکەت خەوى لێبکەوێت چیرۆکى بۆ بخوێنیتەوە" ئەڵبەتە چیرۆکى خۆش و باش ئەو شتانەى کە منداڵەکەت حەزى لێیە و پاشان پێى بڵێ: ئارەزووم وایە ئەمشەو بێتە خەوت".


بەدڵنیاییەوە ئێوە دەتوانن بەقسە و ئامۆژگاریەکانتان ژیانێکى ئاسوودە و بارێکى دەروونى ئارام و باش بۆ منداڵەکانتان درووستبکەن.

_________________________
سەرچاوە: سایتى (هه‌مشه‌هری ئۆنلاین)