په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٧\٣\٢٠١٥

بەرەو ٨ی مارسێکی تر.
- ٨ی مارسی ٢٠١٥ -


لاوژە ماهیە       


ئەگەر ھەشتی مارس ھێمای خەباتی نەپساوەی زیاتر لە یەک سەدەی بەشەریرت بێت بۆ ڕزگار کردنی کۆمەڵگا لەدەست کۆنەپەرەستی و پیاوسالاری، ئەگەر ھەشتی مارس خاڵی ئاوڕدانەوە بێت لە پێشڕەوی و پاشەکشەی ڕەوتی یەکسانی خوازی، ئەگەر ھەشتی مارس ڕۆژی تۆمارکردن و چەسپاندنی دەستکەوتەکان بێت، ئەگەر ھەشتی مارس ڕۆژی بەرجەستەکردنەوە و ڕێزگرتن بێت لەو تێکۆشەرانەی کە ساڵێکی تریان بە مێژوی خەباتی یەکسانی خوازی بەخشی و کورەی خەباتی دژە کۆنەپەرەستییان گەرم ڕاگرت، ئەگەر ھەشتی مارس ڕۆژی ئاراستەکردنی ھێڵی پێشڕەوی داھاتوومان بێت و ئەگەر ھەشتی مارس ڕۆژی سەراسەری کردنەوە و لێکھەڵپێکانی خەباتی یەکگرتوو و ڕادیکاڵمان بێت، ئەوا ھەشتی مارسی ئەمساڵ زۆر تایبەتیە!


ئەم ڕوداوانەی یەک ساڵی ڕابردوی ناوچەکە تەنھا ئاڵوگۆڕی سەربازی نەبوو، بەڵکو لە چەند لایەنەوە ئاساری بنەڕیتی داناوە و لە وانە بواری مافەکانی ژنان، ئەم ئاڵوگۆڕانە ھەم دیاردەی خراپی ھێناوە ھەم دیاردەی باش.


پێش ئەوەی داعشی دەمامک بەسەر و چەقۆ بەدەست دەرکەوێت و ‌پەیامی کۆیلایەتی ژنان ڕاگەینێت، ھەلومەرجی ژنان لە دەست دابو نەریتی داعشی بێ دەمامک زۆر باش نەبوو، چەوساندنەوە و نایەکسانی، کوشتنی ژنان، سولحی عەشائیری، توندوتیژی بەردەوام بەرامبەر بە ژنان، سزانەدانی تاوانباران، پلە دووی ژنان لە شوێنی کار و کرێی نایەکسان، بایەخ نەدان بە سەلامەتی و پاراستنیان لە شوێنی کار ھەروەھا تەحەروش و... هتد.

بە سەرھەڵدانی داعش، کۆمەڵگا کەوتە بەر شاڵاوی کۆنەپەرەستی و فەناتیسمێکەوە کە سەدان ساڵە وێنەی نەبووە و کەش و ھەوایەکی سامناکی لەگەڵ خۆی ھێنا کە کۆمەڵگای ڕوبەڕوی کارەسات و کەوتن کردەوە، لە وانە قەیرانی ئاوارەیی ودەربەدەری، ماڵوێرانی و ڕەشەکوژی، داگیرکاری و بە غەنیمەتگرتن ژنان و منداڵان، دەستدرێژی و ھەڕاج کردنی ئینسان لە بازار بە شێوەی دەورانی کۆیلایەتی، تێکچونی شیرازەی کۆمەڵگا و بە ئاوارەیی، گرانی، بێکاری و بێ معاشی و نا ئەمنی.


بە تایبەتی ھێرشیان بۆ سەر کەمینە ئائینیەکان وەک مەسیحی و ئێزیدیەکان و لەوانە ناوچەی شەنگال، تەنھا بە بەھانەی جیاوازی ئایینی، تامی دزێوترین داستانی مێژوویان چێشت. شایانی باسە ژنان گەورەترین قوربانی ئەم ئاڵوگۆڕانە بوون، حاشا ھەڵنەگرە کە بەزۆری ژنان بوون بە چەند منداڵەوە بێ سەرپەناو دەربەدەر کران ، زۆربەی ژنان بوون لە دووای دەستدرێژی بە کۆمەڵی موجاھێدەکانی داعش حامیلە بوون، لە بازاڕ ھەڕاجکران، لە دووای تێکشکاندنی حورمەت و ئیرادەیان بەرەڵاکران و زیاتر ژنانی منداڵدار بوون ڕوبەڕوی ھەژاری و بێ چارەنوسی بوونەوە، تا ئێستاش بە سەدەھا و ھەزارھا چارەنوسیان نادیارە.

تروسکەی ھیوا.


لە ناودڵی ئەم ئاڵوگۆڕانەدا، لە جەرگەی ئەم سەھۆڵبەندان و تاریکستانەدا گوڵێکی گەش و بۆنخۆش بەردی ستەمکاری شەق دەکات و موژدە دەدات کە ئێرە کۆتایی مێژو نیەوە ژیان بەردەوام دەبێت، شەوق و بۆنی خۆشی ئەو گوڵە نەک ھەر لە ناوچەکە بەڵکو بە ھەموو جیھاندا کشا، ئەو گوڵە ئیرادەی بڕوا بە ژیانی جەماوەرێک بوو کە بە ڕزگارکردن و پاککردنەوەی کۆبانێ لە دەستی چەپەڵی دەوڵەتی خەلافەتی ئیسلامی و ڕاگەیاندنی مەرسومی یەکسانی ژن و پیاو لە کانتۆنی جەزیرە بوو، ژنان و پیاوان شانبەشانی یەکتر بە بەرەنگاری و لێھاتووی خۆیان شەراب و ھەنگوین و حۆری بەھەشتیان کردە ئەفسانە و خەیاڵ پڵاو و تروسکەی ھیوا و ئۆمێدیان گێڕایەوە بۆ بەشەریەتی ئازادیخواز.


لەکاتێکدا کە ھەموو ناوچەکە بە ھێزە کۆنەپەرستەکان تەوق کرابوو، توانیان ھەموو یاساو ڕێسا کۆنەپەرستوو دواکەوتوەکان بنێنە ژێر پێ و مەرسومێک بۆ یەکسانی ژن و پیاو دەربکەن.


دەستان خۆشبێت ئەی ژنانی کانتۆنی جەزیرە و کۆبانی، دەرگای قەڵای بڤەتان تێکشکاند و ئەو میتۆدەی کە سەدان ساڵە لەسەر دوگماتیزم و پڕگری تێکستی شەریعە لەژێر ناوی دەستور چوارچێوەمان بۆ دادەتاشێت، فڕێدایە زبڵدانەوە.


ئەم دەستکەوتانەی کۆبانی و جەزیرە پێماندەڵێت ژنان لەگەڵ پیاوان یەکسانن، ژنان دەتوانن ھێزو توانای خۆیان بھێننە مەیدان و ڕۆڵی سەرەکیان ھەبێت بۆ وەستانەوە بەرەنگاربونەوەی گەورەترین ھێزی تیرۆریست و کۆنەپەرستی مێژوو کە داعەشە.


خاڵێکی تر کە ناچارم جارێکی تر بچمەوە سەری ئەوەیە کە ماوەی ٢٣ ساڵە ھێزە ناسیۆنالیستەکوردیەکان لە کوردستانی عیراق، خەریکی باوەشێنکردن و پەرەدان بە دەسەڵاتی پیاوسالارین، بەھەزارەھا ژن کوژرا، حکومەت پێی وتین کە کەلتورەو لە دەستی ئێمە نییە، ووتی بارودۆخی کوردستان ناھەموارەو دەبێت ڕیعایەتی دەوڵەتەکانی ناوچەکە بکەین کە کۆنەپەرسترین و دواکەوتوترین دەوڵەتەکانی جیھانن، پشتی کۆنەپەرستیان گرت لە کۆمەلگاو ئیسلامی سیاسیان بەھێزکرد، یاسای فرەژنیان لە پەرلەمانی کوردستان دەنگپێدایەوە. بەڵام مەرسومی کانتۆنی جەزیرە پێی وتین ھەرچەندە بارودۆخەکە حەساس بێت و ناھەمواربێت ھەرچەندە جەنگ بێت و دەورمان درابێت ئێمە ئەگەر مەبەستمانبێت دەتوانین مافە ئینسانیەکانی ژنان بسەپێنین، ئەم ئەمنیەتە قەومیەی کە ناسیۆنالیستی کورد ٢٤ ساڵە باسیدەکات، ئەوکاتە زامن و فەراھم دەبێت و لە مەترسیدا نابێت کە مافی ھەموو تاکەکانی کۆمەڵگای بەبێ ڕەچاوکردنی ھیچ جۆرە یاسایەکی کۆنەپەرستانە پارێزراوبێت. ئەم مەرسومە نیشانیدا کە ئەمە دەسەڵاتی ناسیۆنالیستی کوردن کۆنەپەرست و پیاوسالارن خاوەن و ھەڵگری کەلتوری کۆنەپەرستانەن نەک خەڵکی کوردستان، ئەگەر دەسەڵات مەبەستی بوایە لەم چارەگە سەدەی ڕابردودا ھەولیدەدا کە کەلتورێکی پێشکەوتوخوازو ئینسانی فێری کۆمەڵگا بکات و بیکاتە کەلتوری باو، دەمێکە وتراوە " کەلتوری باوی کۆمەڵگا کەلتوری دەسەڵاتە".


دەسەڵات ئەوەندە دواکەوتو و پیاوسالارە لەماوەی جەنگی داعەشدا بەتایبەتی لە سەرەتاکانەوە ژنانی وەک و پاڵپشتی ھێزی پێشمەرگەو جل شۆرو نان کەریان نیشاندەدا نەک وەک ھێزێکی ئامادە بۆ بەرەنگاری.


من پێموایە ھەرچەندە ٨ی مارسی پار بۆ ئەمساڵ پربوو لە نەھامەتی بۆ ژنان بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا پربوو لە دەرس و تەجروبەی پرشەنگدار کە دەبێت بەرەی یەکسانیخوازی لە کوردستان تەجروبەی لێوەربگرێت. وە ھەر ئیستا وەڵامی ددان شکێنانە بەم بۆچونە بدرێتەوە کە دەڵێت ئەمساڵ بارودۆخەکە حەساسەو کاتی یادکردنەوەی بۆنەکان نییە دیارە ٨ی مارسیش بە یەکێک لە بۆنەکانی ئازار ھەژمار دەکرێت.


خەباتی ژنان و پیاوانی کۆبانی فێریانکردین، کە ئێمەی ژنان دەتوانین و زەرورە بەشێکی سەرەکی بین لە دیواری بەرگری دژی دێوزمەی دەوڵەتی ئیسلامی و ڕێگایان پێنەدەین چیتر بمانکەنە کۆیەلە و لە بازاڕەکاندا کرین و فرۆشتنمان پێوەبکەن. ئێوە ژنانی کۆبانی ئەو وانەیەتان فێرکردین کە بە قسەی پڕوپوچ وەک بارودۆخەکەمان ناسکە و ناکرێت، لە مافە ڕەواکانی خۆمان نێینەخوارەوە و ئەگەر دەسەڵات خۆی بەشی سەرەکی ئەو پیاوسالاریە نەبێت، ئەوە ھەموارکردنی ڕێگای بەدیھێنانی یەکسانی ئاسانتر دەبێت..


لە ٢٠/١٠/١٩٩٩ بەدوای خەبات و نەوەستانەوەیەکی زۆری بزوتنەوەی یەکسانیخوازی ژنان لە کوردستان، ڕێکخراوی سەربەخۆی ئافرەتان ئەڵتەرناتیڤی خۆی بۆ یاسای ئەحواڵ مەدەنی و شەخسی عیراق بەناوی یاسای یەکسانی ژن و پیاو بڵاوکردەوە. بەدوای ھێرشی ئەوکاتەی یەکیەتی بۆسەر بنکەو بارەگاکانیان کارو چالاکی ئەم ڕێکخراوە قەدەخە کراو ئێستا ئەم ڕێکخراوە بوونی نەماوە، بەڵام لە دیسێمبەری ٢٠١٤ حیزبی کۆمۆنیستی کرێکاری کوردستان جارێکی تر دەنگی بەم یاسایە دایەوە، کە تێیدا ھەموو مافە ڕەواکانی ژنانی تێدا لەبەرچاو گیراوەو، دەتواندرێت لە بەر ڕوناکی ئەم پلاتفۆرمەدا ئاڵای یەکسانیخوازی شەکاوە ڕابگیرێت. من پێموایە وە داواکارم کە بەرەی یەکسانیخوازی لە کوردستان، ھەڵسوڕاوانی ئەم بزوتنەوەیە ھەموو ژنان و پیاوانی ئازادیخواز، پشتگیری لەم پلاتۆرمە بکەن و داواکاری سەرەکیان بێت. دیارە بۆ ئەمەش پێویستمان بەھێزێک و فشارێکی سەرتاسەری و بەرفراوان ھەیە. ھیوادارم ئەم ھێزە بێتە مەیدان و بە کەمتر لە یاسای یەکسانی ژن و پیاو ڕازی نەبێت.


٣\٣\٢٠١٥

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک