په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بەرەو کۆنگرەی دووەمی ناوەندی چاک " بە کوردستانیکردنی چاک .

   "

عەلی مەحموود محەمەد

بەشی یەکەم


ناوەندی چاک ئەگەر بڕیار وایە ناوەندێکی دژ بە ژینۆسایدی کوردی بێت ، بە بێ ناسینی سنوورە دەستکردەکان ، لە سەر ئاستی جیهانی کار لەسەر ژینۆسایدی مرۆڤی کورد بکات ، بۆ گەیشتن بەم ویستە ، پێویستە وەک بەڕێوەبەرایەتی و وەک ئارم و ناو سنووری پارچەیەک کوردستان ببەزێنێت ، ڕاشکاوانەتر خۆ قەتیسکردن بە سنووری هەرێمی کوردستان ڕەتبکاتەوە ، لە ڕێکخراوێکی هەرێمییەوە دەرچێت خۆی وەک ناوەندێکی سەرتاسەری کوردی لە سەر ئاستی کوردستانی گەورە نمایش بکات ، لێرەوە کوردانی پارچەکانی دیکە هەست بە بوونی خۆیان لەناو ڕێکخراوەکە دەکەن ، یەکێک لە کێشەکانی تاکو ئێستای ناوەندی چاک ئەوە بووە ، هەرچەندە بانگەشەی کوردستانی کردووە لە یەکەم چرکە ساتی دامەزراندنییەوە ، هەر بەو ئامانجەش دامەزرا ، وەلێ نەیتوانی لە بۆچوون و بیرکردنەوەی لە چوارچێوەی تەسکی هەرێمی دەرچێت و خۆی دەربازبکات ، لە ناوەوە بۆ بواری پراتیک و پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتی ، نموونە دوو وشەی هەڵەبجە و ئەنفال لە ناوەکەی لە کارەساتەکانی باشوورەوە هاتووە ، ناوەکەی تەواو باشوورییە ، ئەوەندە گرنگی بە کارەساتەکانی باشوور و ڕوداوەکانی دەدات ، ئەگەر کارەساتەکانی پارچەکانی دی نەکەینە بیر ، کەم کەس بە خەیاڵیا دێت و بیری لێدەکاتەوە ، هەموو بەڕێوەبەرانی چاک بە سەرپەرشتیارەوە جگە لە بەرپرسی کۆمیتەی خۆرهەڵات باشوورین ..... ، کۆنگرەی دووەم پێویستە ئازایانە هەموو ئەو کەموکوڕیانە لەبەرچاو بگرێت ، ڕێگا چارەسەری گونجاوی بۆ بدۆزێتەوە ، ئەگەر وەفادارین بەرامبەر بە سەرانسەریبوونی چاک .


من پێشنیار دەکەم لە کۆنگرە ناوی ناوەندی چاک بگۆڕێت بۆ یەکێک لەم دوو ناوە " ناوەندی جینۆسایدۆچی کوردی ، یان ناوەندی کوردۆساید " ، ناوی دووەم بەلای منەوە گونجاوترە و بە سانایی لەناو کوردستاندا جێدەکەوێت ، هاوکات وشەی چاک لەپاڵ ناوە تازەکە تا پلۆنۆم بەردەوام بەکاربهێنرێت ، بۆ ئەوەی گۆڕانکارییەکە کتوپڕ نەبێت ، ئەم ناوەی دووەم پێویستی بە کورتکراوەش نابێت ، ناوێکی پڕ مانا و ڕۆشنە لەسەر ئاستی ناو خۆو دەرەوە .
ئارمی ئێستای چاک هیچ نیشانەیەکی بۆ کوردستانی گەورەو ژینۆسایدی کورد تێدا نییە ، ئارم هەمووکات سادە و پڕ لە مانا دەبێت ، پەیوەندی بەهێز دەیبەستێت بەکارەکانی ئەو ڕێکخراوەوە ، بۆیە بە باشی دەزانم ئارمێکی نوێ دەربڕی ژینۆسایدی مرۆڤی کورد بێت لە هەمووپارچەکانی کوردستان جێگەی ئارمە کۆنەکە بگرێتەوە ، ڕاستە ئەم ئارمە ناسراوە ، وەلێ نابێت لە یادمان بچێت ئەم ئارمە ئێمە ناساندوومانە بە جەماوەر ، ئەگەر ئێمە ڕۆژانە چالاکی نەکەین ئارم و ناویش کوێر دەبنەوە .


لە دیاریکردنی بەڕێوەبەرایەتی ڕەچاوی هەموو پارچەکان بکرێت ، پێویستە کۆنگرەی دوو جگە لە نوێکاری لە بواری ڕێکخراوەیی ، هەموو ڕێگرییەکان لەبەردەم سەرانسەری بوونی چاک لەبەردەم خۆی لاببات ، بۆیە ناوی تازە ، ئارمی تازە ، پێکهاتەی بەڕێوەبەرایەتی تازە پێویستییەکی حەیاتین بۆ دەرچوون لە چوارچێوەی باشوور و دۆزینەوەی پەیامە ڕاستەقینەکە کە ڕێکخراوێکی سەرانسەری کوردی و کوردستانییە ، کوردی بە مانای کارکردن لەسەر تاکی کورد ، کوردستانیش بەمانای دەرچوون لە چوارچێوەی تەسکی هەرێمی و کارکردن لەسەر ئاستی کوردستانی گەورە .


 

www.anfal.be