بەرەو کۆنگرەی
دووەمی چاک "بە گەنجکردنی چاک .

عەلی مەحموود محەمەد
بەشی دووەم
کورد زۆر درەنگ بیری لەوە کردۆتەوە کار لەسەر کۆمەڵکوژییەکانی بکات ،.لە
ڕابردوو مخابن نەک هەر نەمان دەزانی کار لەسەر ئەو کەیسە گرنگە بکەین ،
بەڵکە نەمانتوانی لەناو ڕوداوەکانەوە ئەوەندەی لە توانادا بوو کەڵک لە
ئێسک و پروسکی کەس و کاریشمان وەربگرین ، لەمەدا حیزب و سیاسییەکان
ئۆباڵەکەیان بەر دەکەوێت .
پێش ڕاپەڕین بەو هەموو کارەساتە زۆرو زەبەنەوە ، بەو هەموو کوردەی لە
هاندەران هەبوون ، خاوەند ئەزموون لە بواری کاری ڕێکخراوەیی ، نەتوانرا
تاکە کۆمەڵەیەک بۆ ئەم پرسە گرنگە پێک بهێنرێت ، کە کارایی گەورەی
لەسەر چارەنووسی سیاسی کورد هەیە .
لە دوای ڕاپەڕین دروستکردنی کۆمەڵەی بەرگری لە قوربانیانی ئەنفال
C.D.A.W.E لە لایەن برای هێژا کاک نەجمەدین فەقێ عەوڵاوە و پاشتر
نووسینی پەرتووکی تونی مەرگ لە لایەن هەر خودی ئەوەوە ، هەنگاوێکی گرنگ
و گەورە بوو لەو ڕاستایا .
بەردەوام نەبوونی ئەو کۆمەڵەیە ، دوورەپەرێزی لە کێشە ڕاستەوخۆکانی
بەجێماوانی ئەنفال ، لایەنە نەگەتیفەکانی بوون ، وەلێ یەکەم پڕۆژە و
هەنگاوی جدی کوردی بوو لە ئاست ئەم دۆزە گرنگە نرا .
لە مانگی 9 ساڵی 1994 یەکەم ڕێکخراوی جەماوەری فەرمی کوردی سەربەخۆ ،
بۆ ئەم دۆزە بە ناوی ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی کوردستان دامەزرا ،
جیاوازی لەگەڵ ڕێکخراوی یەکەم ئەوەبوو ، ئەو لە بواری کاری دۆکۆمێنتی
کاری دەکرد ، کەم و زۆر پەیوەست بوو بە دەسەڵاتەوە ، وەلێ ئەم ڕێکخراوە
وەک کاردانەوەیەک لە وەڵام نەدانەوەو گرنگی نەدان بە کەسوکاری
قوربانیانەوەوە لە دایک بوو .
لە بواری یاساییەوە یەکەم ڕێکخراوی فەرمی بوو ، کە دواتر چەندین هەوڵ
خرایە گەڕ لە لایەن دەسەڵاتدارانەوە بۆ وەرگرتنەوەی ئیجازەکەی لە بری
ئەوەی کۆمەک بکرێت .
ئەمر ِێکخراوە گەورەترین کارکردبێتی لە تەمەنی خۆی تاکو 31-8-1996
ئەمانەی خوارەوە بوو :
- 14-4 ی وەک ڕۆژی ئەنفال سەپاند .
- تاکە ڕێکخراو بوو بوێرانە چووە سەنگەری لایەنە کوردییەکانی پارچەکانی
دیکەی کوردستان ، دژ بە هێرشی تورکیا بۆ سەر کوردستان ، هێرشی ئێران
بۆسەر بارەگاکانی حیزبی دیموکراتی کوردستان وەستایەوە.
- چەندین کەمپین و هەوڵی دا دژ بە تیرۆرکردنی تێکۆشەرانی پارچەکانی
دیکەی کوردستان لە باشوور .
- یەکەم بەیان دژ بە بۆچوونی حیزبی وەتەنی تورکمانی لەسەر پرسی کەرکووک
ئەم ڕێکخراوە دەریکرد .
- داکۆکیکەرێکی سەرسەخت بوو لە داواکارییەکانی کەسوکاری قوربانیان ،
چەندین کۆبونەوەی جەماوەری مەزن و خۆپیشاندانی گەورەی ڕێک خست.
دیارە ئاستی هوشیاری پرسەکە لەوکاتە نەگەیشتبووە ئاستی ئێستا ، داخوازو
داواکارییەکان لە چوارچێوەی باشترکردنی باری ژیانی بەجێماوان و تاکو
ڕادەیەک دادگاییکردنی تاوانکاران سنووردار بوو " پەرتووکی تونی مەرگ و
شانۆگەری ئەنفالستان لە نووسینی کەریمۆک و بڵاوکراوەی چارەنووس و
ڤیستیڤاڵی یەک و دووی ئەنفالەکان ڕۆڵی گەورەیان لەو بوارەدا گێڕا ".
ڕوداوەکانی دوای 31-8-1996 ، پەرتەوازە بوونی ئێمە ، ڕێکخراوەی ئاوارەو
ئەنفالەکانی مراند و پڕۆژەکە کۆتایی پێهات ، هەرچەندە لە دوای ئێمە
ڕێکخراوەی ئاوارەو ئەنفالەکان بە پاڵپشتی پارتی دەسەڵاتدار درێژەی
بەکارەکانی دا و گۆڕا بۆ ڕێکخراوی ئەنفالەکانی کوردستان ، لێ نەفەسێکی
باش بوو ، درێژە کێشانی لە قازانج بوو نەک زیان .
ئیتر وردە وردە گروپ و ناوەندی دیکە بۆ کارکردن بۆ ئەو پرسە گرنگە
پەیدا بوو ، جێکەوتنی 14-4 ڕۆڵێکی گرنگی هەبوو بۆ جێکەوتنی پرسی ئەنفال
و کۆکردنەوەی وزەو تواناکان .
بانگەوازی کەمپینی هەڵەبجەو ئەنفال لە 6-1-2002 لە هاندەران ،
کۆبونەوەی دواتری دەیان هەڵسوڕاو لە دەوری ئەو بانگەوازە ، کە بەشێکی
هەمان ئەو کەسە چالاکانە بوون پێشتر لە ڕێکخراوی ئاوارەو ئەنفالەکانی
کوردستان پێکەوە کارمان کردبوو ، هاتنە مەیدانی خەڵکانێکی زۆر بە
بۆچوون و دیدی جیاوە ، تەکانێکی گەورەی دا بەم پرسە ، شێوەیەکی
ڕێکخراوەیی لە ئاستی بەربڵاو دا بە کارەکان ، بۆیە چاک گەورەترین
پڕۆژەی کوردی بوو لەو بوارەدا .
کارە گەورەکانی چاک وەک بۆچوون و میتۆد نەک ناوی چالاکیەکان ئەمانەن :
- یادکردنەوەی کارەساتەکانی لە ئاستی کوردستانی گەورەی کرد بە دیاردە ،
هەر کارەساتێک لەناو نەتەوەکەیدا لە سەرەتادا بوو بە قەزیە ، هەنگاوی
دواتر کارکردنە لەسەر بە یاسایی کردنی .
- بیری بە دادگاییگەیاندنی لەناو تاکی کورددا چاند .
- کارکردن بۆ دوبارە نەبونەوەی قڕکردن و بە دەنگ هاتنی سەرانسەری لە
ئاست هەڕەشەو مەترسی داگیرکەران و پێشێلکارییەکان .
- پەیوەندی بەستن و پێداگرتن لە سەر ناساندنی تاوانەکان بە ژینۆساید .
ئەم کارانە زۆربەی بە عەقڵ و بیرکردنەوەی نەوەی ڕابردوو کراوە ، ئێمە
لە ڕاگرتنی کارەساتەکان لە زاکیرەی تاکدا سەرکەوتوو بوینە ، تا
ڕادەیەکیش لە بوارەکانی دیکە وەک سازکردنی کۆنقرانسی سەرکەوتوو و
بڵاوکردنەوەی هوشیاری بە دادگاییگەیاندن و کاری دیبلۆماسی بەشێوەی
ئانارشیستی ڕۆژهەڵاتیانە ، ئەو شێوە کارە بۆ کردنی ئەو کارەساتانە بە
قەزیە گرنگ بوو ، بەڵام لەگەڵ خۆماندا کۆمەڵێک نەخۆشیشمان هێناوەتە ناو
پرسەکەوە ، ئەوانیش بریتین لە :
- ئانارشیزم لە کارکردن ، کاری وا پێویستی بە دەزگای ستراتیژی و
لیکۆڵینەوە هەیە ، لەمەدا زەحمەتە چاک لە ماوەی نزیکدا پێی بگات بەهۆی
بێتوانایی ئابوورییەوە .
- هێنانی کۆمەڵێک قینی سیاسی کە پاشماوەی ململانێی سیاسی کوردستانە بۆ
ناو ڕێکخراوەکە .
- ساغنەبونەوە لەسەر ئامانجی کارکردن ، کارەکان بە دوو ئامانجەوە
دەکرێن ، هەیە وەک کارێکی مرۆڤدۆستانە کار لەسەر پرسەکە دەکات ، هەشە
وەک پرسێکی نەتەوەیی ، لێرەدایە دابڕان ڕودەدات .
- خۆڕزگارنەکردن لە کەلتوری سەقەتی سیاسی کوردستان ، دوبارە
بەرهەمهێنانەوەی ئەزموونە سەقەتە سیاسییەکان کە لە بەرامبەر کاری
جەماوەری پیادەکراوە .
بۆ دەرچون لەو کەموکوڕیانە ، دەرگای ناوەند خستنە سەرپشت بەڕوی خوێنی
تازە بە تایبەت لاوان ، تێکەڵکردنی ئەزموونی نەوەی کۆن کە سەرباری
لایەنە نێگەتیفەکان زۆر لایەنی درەوشاوەش لە کارەکانیاندا هەبوەو دەبێت
، لە گەڵ ئەزموونی نەوەی نوێ لە کوردستان توێژێکی خوێن گەرم و ناڕازی و
ئیشکەرن، لە هاندەرانیش زیاتر نزیکن لەو نەتەوەو دەزگایانەوەی لە
وڵاتەکانیان دەژێن ،ئەم نەوەیە لە داهاتوودا نزیک دەبن لە پێگەی
بڕیارەوە لەو وڵاتانە ، بۆیە زۆر گرنگە ناوکی ڕابەرایەتی چاک دیاریبکەن
.
چاک ناتوانێت لە ئەزموونەکانی ڕابردووی کوردستان و خۆی بە کودەتایەک
دابڕێت ، وەلێ پێویستی بە گۆڕانکاری لەسەرخۆ هەیە ، عەقڵ و بیری ئێمە
تا ئێرە بڕی کردووە ، پێویستە بە دوای نەوەی نوێوە بین تەسلیمیان بکەین
بۆئەوەی هەنگاوەکانی دواتر ببڕن ، ئەگەر دەمانەوێت چاک هەمیشە ئیشکەر و
پشودرێژ و داهێنەر و یەکگرتووو بێت .
www.anfal.be
|