په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٥\٥\٢٠١١

بەرەو (٥\٥) رۆژى ئازادیی رادەربڕین لە کوردستان.


بەشدار عوسمان   


لەم بەروارەدا رۆژنامەنوسێک لە پایتەختى هەرێمێکى سێ شارییدا، بەدەستى جەلادانى ئازادى و دوژمنانى عەدالەت و یەکسانى رفێندرا و خەڵتانى خوێن کرا، تەنها لەبەر ئەوەى خەون و خولیاکانى باڵاتر بوو لە خەونە و خولیاکانى جەلادەکان، تەنها لەبەر ئەوەى گەرەکى بوو قسە لەسەر هەموو شتێک بکات، دەمیان پڕ گوللە کرد!


لە 5/5/2010 مەرگەوەرەکانى تاریکى چاویان چویە سەر رووناکیەک کە پەیامى رووناکى و بەختەوەرى و خۆشبەختى لە کۆڵى خۆى بۆ برا بچوکەکانى هەڵگرتبوو،لە رۆژێکى رۆشندا و لەبەردەم کۆلیژەکەى و لەبەرچاوى هەموو خوێنکاران و پاسەوانانى کۆلیژ (سەردەشت عوسمان )ى بیست و سێ بەهارییان بەزۆر راپێچى مەرگ کرد و جارێکیتریش بە هەموو دنیایان گوتەوە کە ئیتر دەسەڵاتى سیاسى لە کوردستان لەگەڵ ئازادى بیروڕا زۆر ناکۆک و ناتەبایە، بەدەرکەوتنى کەسانى ئازاد و سیماکانى ئازادى هەست بەنەمان و ئاوابوونى خۆیان دەکەن،بۆیە پەلامار دەدەن!

ئەوان ویستیان دەمى گەنجێک ببەستن،بەڵام هەمومان هاوارمان کرد تا گوێچکەکانیان ئازارى پێگەیشت ئیتر دوایى ئەو بەروارە رامانهێنان لە بیستنى کۆمەڵێک رستە کە پێشتر نەیانبیستبو بەڵکو بەبیستنیان توشى هستریا دەبون، ئەوان ویستیان سەردەشت نەمێنێت،بەڵام هەمومان بوین بە سەردەشت و پێمان گووتن هیچ کەس و شتێک نیە کە لاى ئێمە پیرۆز و مقدس بێت و هەموو شتێک و کەسێک دەبێت قسەى لەسەر بکرێت، ئەوان ویستیان بەر بە خەون و خەیاڵاتى قەڵەم بەدەستێک و رۆژنامەنوسێکى مەملەکەتێکى قەتیس بەبوو لە ترس و تۆقاندن بگرن،بەڵام خۆشبەختانە هەموومان قەڵەمەکانمان تیژتر کردەوە تا پەیامە تەواونەکراوەکانى سەردەشت تەواوبکەین و رۆحى بۆ هەمیشە شاد بکەین،ئەوان ویستیان بەر بە ئازادى بیروڕا بگرن،بەڵام هەر سەردەشت خۆى لە خۆییدا بوو بە رەمزى رادەربڕین و سەرەتایەکى بەهێز بۆ (نا)ووتن.


ئەم رۆژانە ساڵێک بەسەر قرتاندنى گوڵێک تێپەڕ دەبێت کە بەدەست دوژمنانى ئازادى تیرۆرکرا ، ئیتر شانازییەکیش بە ئەمن و ئاسایش و ئازادى پایتەختى هەرێمەکەیان نەمایەوە ، دواجاریش سەردەشت بە چاونەترسى و گوێنەدان بە هەرەشە و گورەشەکانیان پێى گوتن: ئەگەر ئێوە بەرگەى دێرەکانى من نەگرن کە لەوپەڕى دڵسۆزیمەوە دەینوسم ، ئیتر کەواتە ئێوە هیچ نین و بە کزە باییەک دەرۆن و نامێنن وەرن ئەو کارە بکەن تا ماهیەتەکەیان باشتر دەرکەوێت ، بەداخەوە ئەو کارەیان کرد و بچوکى خۆیان سەلماندەوە .


سەردەشت عوسمان، بە مەرگەکەى وەزعیەتێکى لە کۆمەڵگاى کوردستان دورستکرد کە هەمومان بێ جیاوازى بە ئازادى کەمتر رازى نابین،بە کەمتر لە یەکسانى و عەدالەتى کۆمەڵایەتى رازى نابین، رازى نابین بەبەرچاوەکانمانەوە سەروەت و سامانى ئەو وڵاتە بە تاڵان ببەن و نوسین و قسەکردنیشمان پێ رەوا نەبینن، رازى نابین سات و سەودامان پێبکەن، رازى نابین..... .

سەردەشتى هەمیشە زیندوو، بەوپەڕى دڕندەیى و لەحاڵەتێکى بەربەریەتدا تیرۆرکرا ،بەڵام ئەمە خاڵى کۆتایى نەبوو ، دەسەڵاتى سیاسى لەرێگاى کۆمیدیایەک بەناوى( لیژنەوە ) پەیامێکى مەترسیدارى بۆ هەموو نوسەران و رۆژنامەنوسان و ئازادیخوازان نارد، بەڵام خۆشبەختانە نەک پەیامەکە نەگەیشت بەڵکو ئەو ( تیرۆریستە )لاى هەموان خۆشەویستر بوو و هەموان ئامێزیان بۆ باوەشى میهرەبانى ئەو ( تیرۆرستە ) شیرنە کردەوە، ئیتر پاکى و بەرائەت و راستگۆیى سەردەشت لاى خەڵک زیاتر رۆشن بویەوە و دەرگاى لەسەر کۆمەڵێک بابەت کردەوە کە بەڵگە و دیکۆمێنتى دایە دەست هەمووان بۆ قسەکردن و گفتوگۆکردن و داکۆکى زیاتر لە سەردەشت و ئازادى.


ئیستا سەردەشت لەناوماندا نیە،بەڵام وێنە و پەیام و پێکەنین و زەردەخەنە شەرمنەکانى لەنێو کوچە و کۆڵان و شار و و ماڵەکانمان دێن و دەچن و بۆ هەمیشە لەنێو دڵ و دەروونى ئازادیخوازان و رۆژنامەنوسان بە زیندوویى دەمێنێتەوە.


ئەوان وویستیان ئازادى لە رێگاى سەردەشتەوە تیرۆر بکەن ، بەڵام سەردەشت و ئازادى بوون بە دوو ناوى لەیەک جیانەکراوە بۆ هەتا هەتایە و سەردەشت بوو بە دەروازەیەکى گەورە بۆ گەیشتنى خەڵکى کوردستان بە ئازادى.


بژى سەردەشت ، بژى سەردەشت ، بژى ئازادى !

 

ماڵپه‌ڕی به‌شدار عه‌لی
 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک