په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٦\٥\٢٠١٠

بـەرگریکردنی کۆمەڵگـە لەخۆ، دەستی پێــکرد...!


تاهـیر حەسەن 


واجارێکی تر قەڵەمێکی تری ئازا و ئازاد شکێنرا، دیسان دەنگێکی تری لاوی دڵپڕ لەهیوا بە ڕێژنەی گوللە خامۆش کرا. دیسان دەریایەک حەز و ئارەزوو بۆ ژیان خرایە ژێر گڵ. دیسان کاڵای ڕەش بڕا بە باڵای کوردستانی ماندوو بەدەست تاڵانچیان و بکوژانی ئازادی و مرۆڤایه‌تییه‌وه‌. دوێنێ زامی تیرۆری بە ڕۆژی ڕووناک و لەنێو چەقی شاردای شاپوور و قابیل و نەزیر عومەر و بەرکر عەلەی و فەرهاد فەرەج و عەبدولستا تاهیر شەریف و سۆرانی مامە حەمە و، ئەمڕۆش لەنێو چەقی شار و بە ڕۆژی ڕووناک و بەپێش چاوی پۆلیسەوە زامی تیرۆری خوێندکاری زانکۆ و ڕۆژنامەنووس سەردەشت عوسمان !.

بەڕاستی دەبێ چەند گووڵی تر هەڵوەرێ، دەبێ چەند قرچەی تر دڵ و هەناوی دایک و باوک و برا و خوشک و هاوڕێ و ئازیزەکانی سەردەشت عوسمانەکان بتاسێنێ، دەبێ دڵ و بیر و بیرکردنەوەی چەند ئازادیخوازی تری وەک سەردەشت عوسمان بکرێتە نیشانەی لوولەی چەکی دەزگاکانی ڕفاندن و تیرۆری پشتی پەردەی تاڵانچیانی کوردستان، تا ئینسان لەو ڕاستیەحاشا هەڵنەگرە تێبگات ، کە دەسەڵاتدارانی گەندەڵ و تاسەر ئێسک فاسدی ئێستای کوردستان ، لەگەڵ ئازادی بیرکردنەوەو ڕادەربڕین، لەگەڵ خۆشگوزەرانی و عەدالەتی کۆمەڵایەتی، لەگەڵ ژیانی شارنشینی و مەدەنیەت ، لەگەڵ مۆدێرنیزم و مافەسەرەتاییەکانی ئینسان ناکۆک و ناتەبا و دژ بەیەکن. چەند جاری تر دەبێ کۆمەڵگەکەمان کاڵای ڕەش بپۆشی، چەندجاری تر دەبێ کۆمەڵگەکەمان گەورەترین زیانی کەمەرشکێنی ئینسانی و فکری وڕۆشنبیری لێ بکەوێت تا ئینسان بەو ڕاستیە سادەیە بگات، کە ئازادی لەکوردستان، کەمینبەری قسەکردن لە کوردستان، تەنیا بۆ فتواچیان و شمشێری تیرۆر ڕاوەشێنەران و کۆمپانیاکانی بەرهەمێنانی تیرۆریزمی مەلابەشیرەکان و عەشیرەتە هەوسارپچڕاوەکانە. مەگەر ماوەیەک بەر لەئێستا بارزانی بەدەمی خۆی نەیووت (هەرکەسێ هێزی چەکدارمان بە هێزی چەکداری حزبی (میلیشیا) ناوزەد بکات لە کوردستان جێگای نابێتەوە؟!. چ جای ئەوەی وەکو سەردەشت عوسمان جورئەت بکەیت و بڵێی سەری ڕەش سپی بووە‍‍.‍ ‍‍

هیچ بەڵگەیەک پێویست نیە و خەڵک بەکردەوە بەو ڕاستیە گەیشتووە کە تەنیا یەک نوێنەریش کە نوێنەرایەتی قازانج و هیواو خواستەکانی لاوان، کرێکاران ، ژنان، وبەشی هەرە زۆری دەستتەنگانی کۆمەڵگە بکات، لە پەرلەمان نیە. کەسێک گومانی لەو ڕاستیە نەماوە، کە ئەوەی پێی دەڵێن پەرلەمانی کوردستان جگە لەدەسەڵاتی مشتێک سەرمایەدارو تاڵانچیانی کۆمەڵگە، کەنوێنەرایەتی قازانج و بەرژەوەندی کۆمپانیاکان و سەروەت و سامانی بەتاڵانبراوی عەشیرەت و بنەماڵە دەکەن شتێکی تر نیە . هەموو خەڵکی هەولێر و دهۆک و ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتی ئەو ڕاستیە دەزانن، کە لەسیناریۆی گاڵتەجاڕی هەڵبژاردنی ئەمجارەدا، پارتی ماڵ بە ماڵ گەڕاون و بەهەڕەشەی نانبڕین و لەسەرکار دەرکردن و شاربەدەرکردن ولوولەی چەک خەڵکیان ناچار کردووە کە دەنگیان پێ بدەن. چونکە دەزانن ئەگەر کەمترین مافی متمانە پێ بەخشین بۆ خەڵک ببوایە،خەڵکی بە پارتی و دەسەڵاتی ئێستایان نەدە بەخشی.

هەر دەسەڵاتێک متمانەی خەڵکی بۆ پشتیوانی لە دەسەڵاتەکەی لەدەستدا، هەر دەسەڵاتێک قەڵەمە بەکرێگیراوەکانی نێو ڕۆژنامەو میدیاکانی لە خۆشخەیاڵیدا ڕاگرتنی خەڵک و شێواندنی ڕاستیەکاندا بێ توانامانەوە. ئیتر دەسەڵات ملیۆن ملیۆن دۆلار لەداهات و سەروەت و سامانی کۆمەڵگە تەرخان دەکات بۆ پێکەوەنانی چەندین تۆڕی جاسوسی و باندی تیرۆر و ئینسان دزین و زیندانی نهێنی و دەزگای ڕفاندن و حەشارگەی دوورە دەست بۆ بێسەرو شوێن کردنی ئەو کەسانەی کە لەپەنای خەڵکدا ڕادەوەستن و ڕاستیەکانیان پێ دەڵێن و بەرچاو ڕۆشنیان پێ دەدەن. دەزگای پاراستنی پارتی یەکێکە لەو دەزگایانەی کە دەسەڵات و مەودای دەستڕۆیشتوویی لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی پارتیدا تەنیا لە دەسەڵاتی مەسعود بارزانی زیاتر نیە. دەزگایەکە کە بۆ پاراستنی دەسەڵاتی سەرەوەی پارتی لە بەرامبەر ناڕەزایەتی خەڵکدا مانگانە دەریایەک سەروەت و سامان دەکرێت بەگەروویدا. دەزگایەکە ئەگەر میدیا زۆر و زەبەلاحەکانی پارتی و مەلاکانی وەزارەتی ئەوقافەکەیان لە قەزاوەگێڕی دەسەڵاتدا دەرەقەتی ناڕەزایەتی قووڵی خەڵک و دەنگی هەقخوازانەی ئازادیخوازان نەهاتن، ئینجا بە وەزیفەی خۆی هەڵدەستێت.

شێواز و خەسڵەتی ڕفاندن و دواتر تیرۆری سەردەشت عوسمان پەنجە بۆ کردەوەی ئەم دەزگایە ڕادەکێشێت. هەڕەشەی کوشتن و لە هەناسەخستن و شار چۆڵکردنی پێشتر لە سەردەشت عوسمان، دواتر بە ڕۆژی ڕووناک و بەپێشچاوی چەندین پۆلیس و هێزی زێرەڤانی پێش دەرگای ئەکادیمیای هونەرەجوانەکانەوە، سەیارەیەکی جام تاریک بوەستێت و چوار کەس داببەزن و بەزۆر کەسێک ڕاپێچی نێو سەیارەیەک بکەن. بێشک هەوڵی ڕفاندنی بەزۆری هەر کەسێک بدرێت . مومکین نیە ئەو کەسانە لەگەڵ بەرگری لەخۆکردن و هەوڵی دەربازبوون و خۆبەدەستەوەنەدان و پەلکێش و ڕاکێشی نێچیرەکەیاندا بەرەو ڕوو نەبن، هەموو ئەمانەش کەم و زۆر چەندین خولەک کات دەخایەنێت و فرسەت بۆ ئاگاداربوونی ڕێبواران و ئەوانەی پاسەوانی ئەو جێگایەیان لەئەستۆیە دەخوڵقێنێ. بەڵام تیرۆریستان هێندە دڵنیابوون و مەیدانیان بۆ چۆڵ بووە کە باکێکیان لە دەوروبەر نەبووە. دواتریش بە نێو هەموو ئەو بازگانەی پارتیدا دەرکراوەو براوەتە موسڵ و لەوێ فڕێدراوە. سەرباری هەموو ئەمانە سەردەشت لە نووسینەکەی خۆیداو پێش تیرۆر کردنەکەی بەهەموو خەڵکی کوردستان دەڵێت کە بکوژانی ئەو کێن ‍ ‍‍‍.

گومان لەوەدانیە کە لە هەموو کۆمەڵگەیەکدا تاوان و تیرۆر و کوشتن بەڕێژەی جۆراوجۆر ڕوو دەدات. بەڵام ئەوەی لە کۆمەڵگەیەکدا دەسەڵات خۆی و بەبەرنامەی لەپێشدا بۆ داڕێژراو و لەڕێگای دەزگای لە پێشدا بۆ پێکهێنراوەوە و بە شێوەیەکی زنجیرەیی قەتڵی عەمدی نەیارانی سیاسی خۆی بکات، ئیتر هیچ ڕێگایەک لەبەر دەم بزووەتنەوەی ناڕەزایەتی خەڵکدا ناهێڵێتەوەو مەسەلەی ڕووخاندنی ئەو دەسەڵات و ڕژێمە بە ناچار دەکەوێتە دەستووری یەکەمین فرسەت بۆ هەڵکەوتنی جەماوەری ملیۆنی ناڕازی ئەو کۆمەڵگەیەوە.

بەداخێکی گرانەوە ئێستا ئیتر سەردەشت عوسمان وەک ئازادیخوازانی پێش خۆی بۆ هەمیشە ناومانی بەجێهێشت، بەڵام ئەوەی کە تروسکاییەک سەبووری دەخاتە نێو دڵمانەوەو توانای ئەوەمان پێ دەبەخشێ کە لەئاست ئەم کۆستە گەورەیەدا خۆمان بگرین،خرۆشان و بەدەنگهاتنێکی ملیۆنیە کەسەرتاسەری کۆمەڵگەی کوردستانی داگرتووە. دەرکەوتنی نیشانەکانی جوڵەی ئەو دێوەیە کە تەنیاو بەتەنیا ئایندەی کۆمەڵگەی کوردستان و بەدیهاتنی ئاواتەکانی سەردەشت عوسمانەکان لەگرەوی خەبەربوونەوەیدایە. کۆمەڵگەی کوردستان خەریکە پێ دەنێتە بەرگریکردن لە نەوەکانی خۆی. هەر کۆمەڵگەیەک بەرگری لە خۆی و نەوەکانی کە بەئێش و ئازار پەروەردەیان دەکات و بەرهەمیان دێنێت نەکات، دەسەڵات کۆمەڵگەیان بۆ دەکاتە زیندان و نەوەکانیشی تێدا زیندەبەچاڵ دەکات. دەسەڵاتدارانی کوردستان تەواوی سەروەت و سامانی ماددی کۆمەڵگەیان بردووە، دەیانەوێ سەروەتوسامانە ئینسانیەکەشی بەرن. دەبێ بە هەموو لایەکمان نەهێڵین.


ئەگەر ئەو ڕاچڵەکانەی کە سەرتاپای گیانی کۆمەڵگەی کوردستانی داگرتووە بەرچاوی ڕۆشن بێت و بزانێت دەبێ بۆ کوێ بڕوات و چۆن دەکرێت گیانی نەوەکانی لە دووبارەبوونەوەی کارەساتی لەو جۆرە بپارێزێت و کۆمەڵگەیەکی ئارام و ئاسایش بۆ هەمووان دابمەزرێنێ، ئەوا مەرگی سەردەشت عوسمان نەک مەرگێکی تراژیدی وەک خۆی دەڵێ نابێت، بەڵکو گەورەترین سەروەری لە مێژووی ناڕەزایەتی هەقخوازانەی خەڵکی کوردستاندا تۆمار دەکات و ئەو خوێنەی کە دەسەڵات پێشتریش بردوویەتی وەریدەگرینەوە. بە پێچەوانەشەوە ئەگەر دەسەڵات بتوانێت خەڵکی فریو بدات و بەوەعدەو بەڵێنی پێکهێنانی لیژنەی لێکۆڵینەوەو بەدواداچوون، خەڵکی ناڕازی لە چاوەڕوانیدا ڕابگرێت، ئەوا ڕووداوی تیرۆری سەردەشت عوسمان دەبێتە داکوتانی تیژترین بزماری کۆنەپەرستی و دژی ئازادی بەجەستەی خەڵکی کوردستانداو، نەک هەر ژیانی زەردەشت عوسمانەکانی تریش دەکەوێتە مەترسیەوە، بەڵکو هێڵی سووری موقەدەساتەکان وەک داوی جاڵجاڵۆکە بەردەم زمان و بیرکردنەوە و ئەندێشەی هەر کەسێکی ناڕازی دەتەنێت، کە بیەوێ دەم هەڵبێنێ و بڵێ نەخێر.

بەبێ هیچ گومان و دوودڵیەک ئێستا سەرکردایەتی پارتی کە ئەزموونێکی ئیجگار زۆری لەم بارەیەوە پشت سەر ناوە، ئاوها مامەڵە لەگەڵ ئەم ڕووداوەدا دەکات و چاوەدێری ڕەوشەکە دەکات:


ئێستا خەڵکی دڵیان گەرمەو ملیۆنەها چاو لەسەر ئێمەیە، دەبێ خۆمان وەک هاوغەم و شەریکی خەڵک نیشان بدەین و ناڕەحەتی خۆمان لەو ڕووداوە بەیان بکەین. دەبێ ئەم ماوەیە خۆتان بپارێزن لە هەرجۆرە لێدوانێک بۆ کەناڵەکان. ئێمە هەلومەرجی لەم جۆرەمان زۆر دیوەو هەرماوەیەکە کەفوکوڵی خەڵک دادەمرکێتەوەو ڕووداوەکە لەبیر خەڵکی دەچێتەوە. وەک لایەنی عەمەلیش ئەوەتا چەندین لیژنەی لیکۆڵینەوەمان بۆ بە دواداچوونی ڕووداوەکەپێکهێناوە، بێگومان ئەم جۆرە کارانە بە هەفتە و دوو هەفتە تەواو نابێت و کاتی دەوێت، دەبێ داوا لە خەڵکی بکەین کە متمانەیان بە ئێمە هەبێت و درەنگ یان زوو ئێمە بکەرانی ئەو تاوانە ئاشکرا دەکەین .


بۆیە دەبێ لە بەرامبەر ئەم قەوانە سواوەدا ئێمە ڕابگەیەنین:

- پارتی دەبێت دەستبەجێ بکوژانی سەردەشت عوسمان بۆ ڕای گشتی خەڵکی کوردستان ئاشکرا بکات و بکێشرێنە دادگای ئاشکرا.
- دەبێ پرۆسەی دادگاییکردنەکەیان بە پێش چاوی تەواوی کەناڵەکانی ڕاگەیاندنەوە بێت و بەتەواوی ئاشکرا بێت. تا ئاشکرابێت، نەخشەکێشان و بڕیاردەران و هاوکاریکەرانی جێبەجێکردنی ئەو تاوانانە کێن.
چونکە هیچ دوور نیەو بەتەواوی چاوەڕوانکراوە ئەگەر پارتی بکەوێتە ژێر فشارێکی گەورەی جەماوەری خەڵکی کوردستان لە دەرەوەو ناوەوەی کوردستان و ناوەندەنێو دەوڵەتیەکان. چەند کەسێک لە ئینسانە بێسەروشوێنە حەشاردراوکانی نێو زیندانەکانی بهێنێتە سەر تەلەفزیۆن و بەزەبری ئەشکەنجەو چەک ئیعتیرافیان پێ بکات و دواتریش بە نهێنی ئیعدامیان بکات و سەری مەسەلەکە بنێتەوە.
- دەبێ ئازادی سیاسی، ئازادی ڕادەربڕین و بیرکردنەوەو عەقیدە، ئازادی ڕۆژنامەگەری و خۆپیشاندان و مانگرتن، بێ هیچ قەید و شەرت و ئەمماو ئەگەرێک بەڕەسمی بناسرێت و پەرلەمان و پارتی بەفەرمی پەسەندی بکەن.


جەماوەری ئازادیخوازی کوردستان. ئەی ئەو ئینسانانەی کە بە بیستنی مەرگی سەردەشت عوسمان فرمێسک زایە چاوەکانتان، ئەی ئەو ئینسانانەی کە بەتەنگ ئێستاو ئایندەی چارەنووسی کۆمەڵگەی کوردستانەوەن و ئایندەیەکی باشتر بۆ ژیانی منداڵانی ئەو کۆمەڵگەیە بە ئاوات دەخوازن ، لاوانی حەز و ئارەزوو تاسێنراو ، ژنانی یەکسانیخواز، کرێکارانی شۆڕشگێڕ و ناڕازی، ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی ، حیزب و لایەنە سیاسیەکان.


بەهەر شێوەیەک بۆتان دەکرێت کۆڕی ئەم ناڕەزایەتیە جۆش بدەن،لە هەر سووچ و قوژبنێکەوە بۆتان دەکرێت دەنگێکی زیاتر بن، درێغی مەکەن و وەرن لەگەڵمان بن. هەوڵ بدەن مانگرتنی سەراسەری لەکوردستان بەڕێبخەن، دەرگای قوتابخانەکان و زانکۆکان و کارگاکان و فەرمانگەکان و دوکانەکان و سوپرمارکێتەکان و نادیەکان و سەنتەرەکان دابخەن و یەک دەنگ هاوار بکەین ئاشکراکردنی تیرۆریستانمان دەوێت، لێناگەڕێیین ڕۆڵەکانمان بدزن، سەروەت و سامانی ووڵاتتان برد، ناهێڵین ڕۆڵەکانمان بەرن. دڵنیا بن ئایندەیەکی باشتر تەنیا لەگرەوی ئیرادەنواندنی جەماوەری هەمووماندایە.

مەرگ بۆ تیرۆر و تیرۆریستان و بکوژانی سەردەشت عوسمان و دوژمنانی ئازادی.
بژی ئازادی بێ به‌ند و مه‌رجی سیاسی و ئازادی بیروڕا.


12\5\2010

ماڵپه‌ڕی تاهیر حه‌سه‌ن