په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢١\١٠\٢٠٢١

بەرکوڵێ لە مێژووی شۆڕشی فەرەنسا - ١٧٨٩.

هەڵۆ محەمەد      

 

- بەشی یەک -

''ئێمە بە سێ رۆژ زەمین و ئاسمانی سەدەگەلێکمان بڕی''.

سەرەتایەکی کورت.


فەڕەنسا.. وڵاتێکە ڕەگی بە قوڵایی مێژووی ئەوروپادا ڕۆچووە، لە ڕەگەزی جۆراوجۆر دروست بووە، کە دواجار دوای پرۆسەیەکی درێژخایەن،بە ھەموویان جەستەیەکیان پێکھێناوە بە ناوی فەرەنسا، وەک نەتەوە و دەوڵەت و کولتوور و مێژوو. و ناسنامە.مێژووی ئەم وڵاتە پڕ لە شەڕوشۆڕ و ھەرای جۆربەجۆرە. ئاینی کاسۆلیکی زۆرینەیە و پرۆتستانتی کەمینەیەکی چەوساوە و زوڵم لێکراوە. پاش شەڕ و کێشمەکێکی دەرەکی و ناوەکی فەرەنسا کاریگەرێتی رێنیسانس و ھیومانیزمی ئیتالی بۆھات... بەتایبەتی لە بواری تەلارسازی دا.


ئەوەبوو دروستکردنی کۆشکیLoire,Louver Clément Janequin,Jean Bodin, Montaigne, François Rabelais,Jean Clalvi ...Moussier دەڵێ: "دەسەڵاتی فەرەنسی بریتی بوو لەدەسەڵاتی کاسۆلیکی و پاشایەتی ڕەھا... دەسەڵات گرێدراوی : کەسایەتی پاشا و ئیرادەی بەھێزی و توانا و لێوەشاوەیی و بەڕێوەبەرایەتی و زیرەکی داناییەتی“.


جێگەی فەڕەنسا لە مێژووی جیھاندا، پانتاییەکی فراوان داگیر دەکات.. ئەم دەوڵەتە تا ئێستاش لەسەر شانۆی جیھانی ڕۆڵێکی گرنگ و کاریگەر و بەرچاو دەگێڕێ..وا ٢٣٢ ساڵ تێدەپەڕێ بەسەر شۆڕشی مەزنی فەرەنسی دا، وەک چرکەساتێکی مێژووی بێ وێنەی گەورەی مرۆڤایەتی، کەچی ئەم شۆڕشە ھێشتا بایەخ و کاریگەرێتی لەدەست نەداوە و تا دێت تیشکی ڕووناککەری و دروشمە بەرزەکانی «ئازادی و یەکسانی و برایەتی» کون و کەلەبەرەکانی ھەسارەی زەوی ڕۆشن دەکاتەوە و ھاوکات بۆتە سەرچاوەی ئیلھام بۆ جیھان.ڕەنگە لەسەر ئەم گۆی زەوییەدا بستۆکەیەک نەبێت کاریگەرێتی ئەم شۆڕش و دروشمانەی بەسەرەوە نەبێت. شۆڕشەکە وەک ھەقیقەت و فاکتێک لەسەر ئەرزی واقیع لە دایک بووە و پێڕەو کراوە و گۆڕانکاریی بنچینەیی بەدەستھێناوە و بۆتە ئەزموونێکی تایبەت بەخۆی بۆ گەلانی جیھان.


دەربارەی ئەم شۆڕشە مەزنە بە ھەزاران ھەزار سەرچاوە ھەیە،خەرمانێکی گەورە لە کتێب نووسراوە و سەدان فیلم ساز دراوە، چەندین ھەزار شانۆگەریی نمایشت کراوە و ملیۆنەھا وتار نووسراوە ،ژمارەیەکی بێشومار لێکۆڵینەوە و ھەڵسەنگاندنی لەسەر ئەنجام دراوە. بەردەوام بەرھەمی نوێ دەکەوێتە بەردەست و توێژینەوەی بەردەوامی لەسەر دەکرێت. لە ناوەندە ئاکادیمیی و فەرمییەکان و میدیا جیھانییەکان دا یادی دەکرێتەوە و باس دەکرێت. ئاخر شۆڕشی ناوبراو شۆڕشێ بوو ھەر فەڕەنسا و سیستەمە ڕەھایەتییە قاڵب بەستوو و چەسپیوەکەی نەگۆڕی، بەڵکوو گشت گەلانی ئەوروپایشی بەتایبەت بە ئاگا ھێناوە و نەخشەی ئەوروپای بەتەواوی گۆڕی و جیھان بە تێکڕا کەوتە ژێر کاریگەرێتی دروشمەکانییەوە.


شۆڕشی فەڕەنسا بەخۆیی و کاریگەڕێتییەکانییەوە ھێشتا ! ڕووداوێکی گەورە و جێی بایەخی جیھانییە، بۆ ھەژاران و ماف خوراوان بەرپا بوو، مافەکانی مرۆڤی بەرزکردەوە و داکۆکی لێکرد و کاری بۆ چەسپاندنیان کرد و دادپەروەری دەویست و ئامانجی برایەتی نێو گەلانی بوو.. دروشمەکانی ئەم شۆڕشە ھێندە گرنگ و پیرۆزن، تەنانەت دیکتاتۆرەکانیش ناتوانن بانگاشەی بۆ نەکەن و خۆی لێ بدزنەوە و نکۆڵی لێ بکەن و نادیدە بیگرن.


مێژووی ئەوروپا لە ڕووی زانستییەوە، دابەش کراوە بەسەر مێژووی کۆن و مێژووی سەدەکانی ناوەڕاست و مێژووی ھاوچەرخ دا... گەشترین کاتەکانی ١٠٠٠ ساڵ پێش زاین و ٥٠٠ ساڵ دوای زاینە، کە لەسەر دەستی گریکی/ یۆنان و رۆمانییەکان تۆمارکراوە... لەو سەردەمەدا ئەوروپا کۆمەڵگەیەکی سیما کشتوکاڵی بوو. بە چاندن و کشتوکاڵ و بەرووبوومەکەیەوە خەریک بوون و ھەروەھا ئاژەڵداریش پیشەی زۆریان بوو. تەکنەلۆژیا لە ئارادا نەبوو. دەوڵەت و یاسا و ڕێسای گونجاوی وەک ئێستە دروست نەبوو بوو.. لە ڕۆژگارە تاریکەکانی مێژوودا خانەدان/ نەجیبزادە سەری ھەڵداوە ، ئەمانە کۆمەڵێکی کەم بوون بەڵام خاوەنی ئیمتیاز بوون و لەبەرانبەر زۆرینەی خەڵکدا بەتایبەت جوتیاراندا بەکاریان دەھێنا. ئەم مافی ئیمتیازە بۆ زەویوزار بوو، کە لەبەرانبەر پارە و باج دا دەیاندایە دەست جوتیاران بۆ بەکارھێنانی وە زۆرجار بەرانبەر وەگرتنی دانەوێڵە و خواردن دا. بەم پێیەش گوایە خانەدانەکانیش ئەرگی پاراستن و پارێزگاری جوتیار و زەوییەکەیان دەگرتە ئەستۆ. دیارە دەبێت بووترێ کەوا ھەموو جوتیاران ملکەچی ئەم یاسایە نەبوون، چونکە زۆرینەیان ئازاد و سەر بە ھیچ خانەدانێک نەبوون.
ئەوروپا بەگشتی و ڕۆژئاواکەی بەو شێوەیەی داڕێژرا بوو، دەق و چوارچێوەیەکی گرتبوو ھێندە مەحکەم و تۆکمە کرابوو ھەرگیز کەس لەو باوەڕەدا نەبوو بلەرزێ و نەخشەکەی بگۆڕدرێ. ستراکچەر و ژێرخانی دەسەڵاتی ڕەھایی و پاشایەتی تێدا ھەڵبوەشێتەوە و لە کار بکەوێت. پاشا و قەیسەرەکان خۆیان بە نوێنەری خودا دەدایە قەڵەم و ڕەوایەتیان بە ڕەفتارەکانیان دەبەخشی. لەسەدەکانی ناوەڕاستدا پیاوانی ئایینی زانین و "سەروەریی لێکدانەوە" Deutungshoheit یان مۆنۆپۆل کرد بوو. ھەرچییان دەکرد دەیان گێڕایەوە بۆ فەرمانی خواوەند و مرۆڤی ئاسایی و ھەژاریش چەقی ئەم ململانێیە بوو،کە تێدا دەبووە قوربانی سەرەکی. بە گوناحکار ناودێر دەکرا! و گوایە لە ڕۆژی حەشردا بڕیاری بۆ دەدرێت بچێتە دۆزەخ یاخود بەھەشتەوە.. ئەم پێوەر و دیاریکردنەش وەک فەرمان و بڕیار لە کلێساوە دەردەچوو.. کارەساتە سروشتییەکان - پەتا و لافاو و ھەورەبرووسکە و کارەساتەکانی تریان- بەسزای خودایی بۆ مرۆڤ لێک دەدرایەوە. ئەم جۆرە پڕوپوچێتییە بە شێوەیەکی بەرفراوان زاڵ بوو. ڕێگای بەرەو ڕۆشنگەریی لە کۆتایی سەدەکانی ناوەڕاستەوە لای شارەکانی خوارووی ئەوروپای نەک باکووری زنجیرە چیای ئالپ تا دەھات ڕۆشنتر دەبۆوە... وردە وردە ئەم دەستەوتاقمە زانای جیھانی و زانکۆ دامەزرا و لەدەرەوەی کلێسا سەربەخۆ خەڵکی نوێی تێدا پەروەردە دەکرا...


بە کورتی شەپۆلی ڕێنیسانس/ Renaissance لە ئیتالیاوە ھەڵی کرد و وێنەیەکی سێکۆلاری مرۆڤی لەگەڵ خۆیدا ھێنایە کایەوە. پرسی ھیومانیزمیش/ Humanismus وەک پێشخانێک گرنگی ڕۆشنگەری لە ئارادا بوو... دەکرێ بووترێ لەساڵی ١٤٥٠ بەھۆی گەشتە دەریاییەکانەوە بەرچاو ڕوونییەکی نوێ ھاتە پێش مرۆڤ بۆ ژیان و پەیوەندی ئایینی لەگەڵ کرستیانێتی/Christentum … کە دواتر ئەمانیش لەسەدەی ١٦ ەوە بە ناچاری کەوتنە بەردەم ڕیفۆرم. بەتایبەت کە مەزھەبی پرۆتێستانی سەری ھەڵدا و « پرنسیپی ڕەخنە لە دەقەکان» لە ڕۆژگاریی ئاینگەراییدا بووە چەقی بیرکردنەوەی مرۆڤی ڕۆشنگەریی. بنپێکردنی لێکدانەوە سەروەرییەکان... گەشتی فێربوون و توێژینەوەکان بەتایبەت لە زانستەکانی « ماتماتیک و زانست»دا جێی بە گەشتی حەجکەران کەم کردەوە. ھەموو ئەمانە لەگەڵ چڕکردنەوەی بازرگانی کردندا بەرفراوانتر کران. فەلسەفەی بیرکردنەوەی نوێ، گومانی لە ڕێباز و دۆگمایەک سازدا، کە بریتی بوو لەو ئەقڵێتە باڵادەستەی ئاینزای کاسۆلیکی - ڕۆمانی لە ڕۆژئاوای ئەوروپادا چەسپاند بووی ـ بەتایبەت دوو دیاردە و سیمبۆڵ کە " پاپا و قەیسەر" خۆیان بە نوێنەری خوا دەدایە قەڵەم..


ئەگەر پێناسەکەی فەیلەسووفی ڕۆشنگەریی Kant ئاماژە پێ بدەین "ڕۆشنگەریی دەرچوونی مرۆڤە لە ناکامڵی و دەستەپاچیی و دەستەوسانی خودی خودیی"ە. بەواتایەکی تر بانگەوازێکە ڕوو لە مرۆڤ کراوە و داوای لێ دەکات ئەقڵی خۆی بەکار بھێنێت بۆ : " بیرکردنەوە، داوای بەڵگەسازی بکات لە جێی ئەوە خێرا بەسادەیی باوەڕ بە شتەکان بکات،مافی مرۆڤ داوا بکات و داکۆکی لێ بکات، ،دەسەڵاتی دەبێت دابەش بکرێ و جیا بکرێتەوە لەسەر بنەمای بۆچوونەکەی مۆنتیسکۆ، ئازادی بیڕوباوەڕ و ئاینن فەراھەم بکات".


ھەردوو نووسەری فەرەنسی Jean Bodinو Jacques Bénigne Bossuet لە سەتەی ١٦-١٧ دا جێ پەنجەیان سەرەتای ئەم بزاڤەیان نەخش کرد،لە ڕێگەی گومانیان لە ڕەوایەتی ئاین و دەسەڵات. دیارە لەگەڵ گەرم بوونی ململانێ لەنێوان پەرلەمان و پاشایەتیدا لەسەر دەوڵەت و دەسەڵاتەکەی فەیلەسوفانی وەک Thomas Hobbes١٥٨٨-١٦٧٩ و John Locke١٦٣٢-١٧٠٤ ھاتنە مەیدانەوە و مەشخەڵێکی نوێیان لەم بوارەدا ھەڵکرد.. کە ناسراوە بە «تیۆریی گرێبەستی» ئەمانە وێنەی مرۆڤیان بە سەنگ و بایەخێکی نوێوە کێشا و ھەلومەرجێکیان خوڵقاند کە مرۆڤ لە « دۆخی سروشتی»دا سەربەخۆ بژی نەک ملکەچی ئێرە و ئەوێ بێت. مرۆڤ مافی ھەیە و مافەکانی سروشتین. ئەرکی سەرشانێتی بۆ ژیان و ئازادی و خاوەندارێتی تێبکۆشێ و ئەوی تر قبوڵ بکات. بەم پێیە ھەنگاوبەھەنگاو بیر لەوە کرایەوە دەسەڵات لە فۆرمی جیاوازدا دابەش بکرێ. تا دەھات مرۆڤەکان لێک نزیک دەبوونەوە و گرێبەستی کۆمەڵایەتی دەبووە پێداویستی "پەلەی ژیان"یان... ئەم دوو ناوبراوە داواکانی مرۆڤیان تا ڕادەی کۆمەڵگەی ھاوڵاتی برد. لۆک ھێندەی ھۆبز ئارەزووی لە دەوڵەت نەبوو..


ھەر لەم سەرووبەندەدا فەیلەسووفی فەرەنسی مۆنتیسکۆ Charles de Montesquieu بەخۆیی تیوریی دابەشکردنی دەسەڵاتەوە " دەسەڵاتی داڕشتن و جێبەجێکردن و دادوەری" کە تا ئیمڕۆ کاری پێ دەکرێت ھاتە مەیدانەوە.. کتێبی «ڕۆحی یاسا» ی ساڵی ١٧٠٤ بڵاو کردەوە. گرنگ ئەوەبوو مۆنتیسکۆ خۆی خانەدان بوو، کەچی ڕەخنەی توندی لە سیستەمی ڕەھایەتی لودڤیگی شازدە دەگرت و ناوی نا ستەمکاری Despotimus و داوای دەستوورێکی نوێنەرایەتی دەکرد. ئامانجی بنجی مۆنتیسکۆ ئەوە نەبوو ھەر ھاوڵاتییەک چمکێکی دەسەڵاتی بەدەستەوە بێت، بەڵکو دەیویست لای کەسانی سەرەوەی دەسەڵات بەدەست، ھەوڵی چاککردنی حکومەت بدات. بەدوای ئەمیشدا فەیلەسووفی ڕۆشنگەریی ڕۆسۆ Jean Jacques Rousseau ١٧١٢-١٧٧٨ سەری ھەڵدا و بەشاکارەکەی « گرێبەستی کۆمەڵایەتی» بەشدارییەکی باشی کرد، لە داکۆکیکردن لە سەروەری گەل دا و یەکسانی نێوان مرۆڤ. ناوبراو پێی وایە بناخەی دەوڵەتێکی باش بەدەستێھێنانی ئازادی ھەر تاکێکە لەو دەوڵەتەدا. ئەمە وا دەکات، «ویستی ھاوبەش- volonté générale» دروست بێت بۆ بەستی گرێبەستەکە... ڤۆلتێریشVoltaire) ١٦٩٤-١٧٧٨ Francois –Marie Arouet( بە بەشداری لەم پرۆسەیەدا قورسایی خۆی خستە سەر بانگەوازەکانی ڕۆشنگەریی کە داوای دەکرد.


لەم دۆخەی ڕۆشنگەریدا ١٧٧٢-١٧٥١ لە فەڕەنسادا دەستەبژرێ ھەڵسان بە کۆکردنەوەی زانیاری و زانینەکان لە پرۆژەکتێبێکدا کە ناسراوە بە ئینسیکۆپیدیا Encyclopédia و لە ساڵی ١٧٨٠ نزیکەی ٣٥ بەرگی لێ دەرکرا. کە بە یەکەم ئیسیکلۆپیدیای جیھان ھەژمار دەکرێت.. ناوە ناسراوەکانی وەک Denis Diderot,Jean Le Rond d,Alembert بەشداربوون لەم پرۆژە گەورەیەدا، کە نزیکەی ٦٠,٠٠٠ ھەزار بابەتی لەخۆی گرتبوو. ئەم شاکارەی ئەو ڕۆژگارە زوو وەرگێردرایە سەر گەلێ زمانی جیھان.. بیروبۆچوونەکانی ھۆبز و لۆک بارودۆخی پێش شۆڕش سەردەمی پێش شۆرش ،سیستەمی سیاسی ناسراو بوو بە Ancien Régime سەردەمی ڕەھایەتی Absolutismus ١٦٦١-١٧١٥ بەتایبەت پاشا Ludwig XIV کە بەمیرات دەسەڵاتی لە پاشا Ludwig XI ی چواردەوە بۆ مابۆوە بەوە ناسراوە،کە ھاوکات بە "پاشای خۆر"یش ناوی دێ، یاخود وتە بەناوبانگەکەی "من دەوڵەتم" ستراکچەری ڕەھایەتی دەنواند. ھەر بۆیە سیستەمی ڕەھایەتی بە دیوێکدا فیوداڵی فەڕەنسا ھاوتای نەبوو لە ئەوروپا و جیھان دا. ئەم سیستەمە " فۆرمێکی ئابووری و کۆمەڵایەتی ھەڵساو بوو لەسەر یاسای دەرەبەگی، کە مومارەسەی ھەموو وەزیفەکانی دەسەڵاتی دەکرد، لەلایەن چینی باڵای ئەریستۆکراتییەوە کە خاوەنی بنچینەکانی رژێمی دەرەبەگی بوو لە ئەوروپای سەدەکانی ناوەڕاستی سەدەمی دەرەبەگیدا"…


مێژوونووسان جیاوازی نێوان مێژووی فەرەنسا و ئەڵمانیا لەوەدا دەکەن پاشای فەرەنسییەکان لەناوەڕاستی سەدەکانی ناوەڕاستەوە، سەرکەوتوو بوون لە کۆکردنەوە ماف و ھەقی حوکم کردن. یەکگرتووش بوون و تاکە پاشایەک وەک دەسەڵاتی ناوەندی حوکمی کردووە. کەچی بە پێچەوانەوە لای ئەڵمان فرەیی لە پاشا و پارچەپارچەییدا دیاردەیەکی ئامادە بووە. ئەمەش وای کردووە دەسەڵات لە فەرەنسا مەحکەمتر و تۆکمەتر بێت. ھەروەھا لە فەرەنسا بنەماڵەی خانەدانی زۆر زۆر بەھێز دروست بوون و سەریان ھەڵدا. سەدەی ١٦ لەفەرەنسا ھەمووی شەڕی ئاینزایی بووە. لێرەدا تەنیا پاشا و دەسەڵاتەکەی سوودیان لەم ھەرا و ناکۆکییانە دیووە و بەردەوام پێگەی خۆیان قامتر کردووە. شەڕ و بەرخۆدانی خانەدانەکان بەتایبەت ١٦٤٨-١٦٥٣ بووە مایەی ئەزموون و وانەیەکی دەوڵەمەند بۆ پاشا ساواکەی Ludwigs XIV. .
ھۆکارەکانی شۆڕش و کڵپەکەی...

 
فەرەنسا بەھۆی شەڕە بێ کۆتاییەکانییەوە،بارودۆخی لەڕووی ئابووریی و داراییەوە زۆر خراپ بوو. دەوڵەت کەوتبووە ژێ قەرزارییەکی زۆرە و بەتەواوی نابووت بووبوو. ستراکچەری دەسەڵاتی ڕەھای پاشایەتی فەڕەنسی، پشتیوانی کردن لە شۆڕشی سەربەخۆیی ئەمەریکا و بەڕێوەبردنی چەندەھا بەرەی شەڕی دیکە، بۆ نموونە ٧ ساڵ شەڕ لەگەڵ ئینگلیزدا، کارێکی کردبوو خەرجییەکی زۆر کەوتبووە سەرشانی دەسەڵات و بەم ھۆیەوە خەزێنەی دەوڵەت بەتاڵ بوو. ھاوکات فەڕەنسا گەلێ سەرچاوەی داھاتی لە کیس چوو،بەتایبەتی سەرچاوەکانی داھاتی لە ئەمەریکاوە. ئینگلتەراش ڕکەبەرایەتییەکی سەختی دەکرد.


فەڕەنسای ئەو ڕۆژگارە لەسایەی دەسەتی ڕەھایەتی پاشادا، لە ڕووی کۆمەڵایەتییەوە بەسەر سێ دەستەو تاقم/ گرووپدا دابەش بووبوو. دەستەی یەکەم: پیاوانی ئایینی کە دەوری ٣٠,٠٠٠ ھەزار کەسێک دەبوون و وابەستەی دەسەڵاتی کاسۆلیکی پاپای ڕۆما بوون. دەستەی دووەم: خانەدانەکان کە نزیکەی ٣٥٠,٠٠٠ ھەزار کەسێک دەبوون و ئەوی تری کە بەدەستەی سێیەم ناوبراوە٢٤ ملیۆن کەسی،واتە میللەتـ دەبێت ئاماژە بەوە بدەین کە زۆربەی نووسینەکان بەرگێکی ئایدۆلۆژییان کردۆتە بەر ئەم ڕاستییە و بە چین ناوی دەستەکان دەبەن. لەدەقە فەرەنسی و ئەڵمانییەکەشدا بە چین ناویان نەھاتووە، بگرە بە پێگە،دەستە و تاقم، گرووپ ـ ئەو ڕۆژگارە خەمڵێندراوە و %٩٥ خەڵکەکەیان پێکدەھێنا و ئەو دوو دەستەیەش %٣ . لەم باجە ٦% واتە نزیکەی٣٦ ملیۆنی بۆ کاروباری کۆشکی پاشایەتی تەرخان بوو.


سیستەمی باجدان/ ئابووری فەرەنسی لەچاو ئینگلیزدا خراپ و سەقەت بوو. بۆ نموونە ساڵی ١٧٨١داھات ٥٠٣ ملیۆن Livreو خەرجی ٩٦٢ ملیۆن بوو. شانبەشانی ھەموو ئەمانەش ھەڵچوون و باڵادەستی ئابووری و دەریاوانی بەریتانیای مێمڵ و ڕکەبەر، گرفتی گەورەی بۆ فەڕەنسا پێشھێنا. فەڕەنسای ئەو ڕۆژگارە بەھێزترین دەسەڵاتی کیشوەری ئەوروپا بوو. دواجار گرفت و کێشەکان ھەمووی ڕووبەرووی پاشا لودفیگ بووبۆوە کە تازە ھەڵدەکەوت و دەسەڵاتی گرتبووە دەست.


لە سیستەمی ڕەھایەتدا پاشا ڕەھا و سەربەستە لە ھەموو کۆتوبەندێک و دەستکراوەیە، چی دەکات و ھەڵسوکەوتی چۆنە و بە تاقی تەنیا بڕیاری دەدا و کەس بۆی نییە ڕێگریی لە کار و بڕیارەکانی بکات. ئەم دۆخ و قەیرانەی ھاتبووە پێش بۆ فەرەنسایەکی گەورە و بەھێز جێی قبوڵکردن نەبوو. چۆن دەسەڵات لەدەست بدات و لاواز بێت. بەڵام ڕەوتی ڕووداوەکان بەری پێ نەدەگیرا و کێشەی نێوان خەڵک تا دەھات ئالۆز دەبوو، بەھۆی ئەوەی دەوڵەت قەرزار بوو، قاتوقڕی و گرانی بوو. سیستەمی باج وا ڕێکخرا بوو، بەس بەسەر دەستەی سێیەمدا سەپێندرا بوو، کە لە زۆرینەی جوتیار و ھەژار و ڕەنجدەران و کاسبکاران و بازرگانان و مامۆستا و دادوەر و پیشەوەر و فەرمانبەرەکان پێک ھاتبوو. ئەم دەستەیەش نوێنەریان لە پەرلەمان نەبوو و کەسیش داکۆکی لێ نەدەکردن.


بەشێکی زۆری خانەدانە گەورە و بەھێزەکان لە کۆشکی پاشا لە ڤێرسای دەژیان و خەریکی خۆشی و ڕابواردن و سەمای شەوانەی خۆیان بوون. وتەیەکی بەناوبانگ ھەیە" وەک خوا بژی لە فەڕەنسا" ببووە دروشمی زۆر کەس و لایەن. باج لەسەر کەلوپەل و شتەکان بەتایبەت "خوێ" کە پێداویستییەکی سەرەکی ژیانی ڕۆژانەی خەڵک بوو، زیاد کرا و شمەکی تریش گران بوون و بەزەحمەت بەدەست دەھاتن. سەرچاوەی داھاتی فەرەنسا باجدانی ڕاستەوخۆ بە دەسەڵاتی پاشایەتی باری گرانی ناخانەدانەکانی گران کردبوو. بەھۆی ئەوەوەی ئاینی دەوڵەت کاسولیکی بوو ئەرک و خەرجییەکی زۆر بوو بۆ فێربوون و کاروباری بەڕێوەبردنی ناوخۆ و کلێسا و ئەندامەکانی. « دەبێت ئاماژە بەوە بدەین دەسەڵاتی کڵێسا وەک دەوڵەت حوکمی دەکرد» و دەبوو لەخزمەتی سیاسەتی فەرمی پاپای رۆمادا بووایە و پشتیوانی داراییشی بکات.


لە فەڕەنسا کۆمەڵگەیەکی ھەژار و کەم دەرامەت سەری ھەڵدا بوو. لە دۆخێکی ئاوھادا پیاوانی ئاینیش دەبنە خاوەن مافی تایبەت و ھەق بەخۆیان دەدەن داھاتیان ھەبێت، کە بریتییە لە باجدانی خەڵک. پیاوانی ئایینی تەنانەت لە بۆنە ناخۆشەکانی مردندا بەپارە کاریان بۆ خەڵکی ھەژار دەکرد، بۆنموونە: لە خوێندنی نزا و پاڕانەوەی سەر مردوو و ناشتن دا. لێکۆڵەران دوو ھۆکار بۆ ئەو دۆخەی فەرەنسا باس دەکەن: پاشای فەرەنسا ھەتا کۆتایی ڕژێمەکەی کە بە Ancien Régime ناسراوە، نەیتوانی فەرەنسا بکاتە یەکەیەکی ئابووری یەکگرتوو. گومرگی ناوخۆیی و سنوورداری بازرگانی ڕێگر بوون. بەڵام لە ئینگلستان ئەم کێشانە نەبوون بۆیە ئابووریان بەھێزتر بوو. ئەڵمانیش یەکگرتنی ئابووری پێش یەکگرتنی سیاسی بەدەستھێنا. دەستەیەکی باڵا لە بەرپرسانێک پێک ھاتبوون کە تەنیا بەرپرسی لای پاشا بوون و فەرمانەکانیان لەناوچە و ھەرێمەکان دا جێبەجێ دەکرد. بەکورتی ڕاستە دەسەڵاتی سیاسی لەژێر حوکمی یەک پاشادا بووە،لێ ئابووری کەرت کەرت بووە. سیستەمی باج وەرگرتنیان خراپ بوو. دەوڵەت باجی ڕاستەوخۆی لە خەڵک وەرنەدەگرت، بەڵکو لەڕێگای ئەو خەڵکانەوە کە ماف و دەسەڵاتی ئەم کارەیان پێ درا بوو. لەمەشدا دیزەبەدەرخۆنەیی دەکرا و لەکڕین و فرۆشتنی سامانی دەوڵەتدا. ئەم ھەموو ناڕێکوپێکی و بەھەدەرچوونەی سامانی ناوخۆ، یاخود پەرشوبڵاویە زیانی بە خەزێنە و ئابووری فەرەنسا گەیاند.


ساڵی ١٧٨٨ ئیدی بەتەوای خەڵک پرزۆڵی لێ بڕا بەتایبەت" ئارد و نان" کە بژێوی سەرەکی ژیانن و کەس بێ ئەمانە ناتوانێ بژی، زۆر گران بوون و قاتوقڕی سەری ھەڵدا. خەڵک وای لێھات کەوتنە پەلاماردانی نانەواخانەکان و ئەو شوێنانەی ئارد و نانیان لێ بەدەست دەھات.برسێتی کارێکی بەخەڵک کرد،تەنانەت گەر یەکێ نانی بەدەستەوە بوایە پەلامار دەدرا. ئەو سەردەمە ڕژێم "دەفتەری گازندەیی" Cahiers de doleances دانا بوو، تاوەکو ھاوڵاتیان ڕاز و گازندەیی خۆیانی تێدا بنووسن و دەسەڵاتیش بۆچوون و داواکان لەبەرچاوی بگرێ. ئەو کێشە سەرەکییانەی لەلایەن خەڵکەوە لەم دەفتەرەدا تۆمار کراون، بریتی بوون لە:" پاشا ھێشتا پیرۆزە، فۆڕمی دەوڵەت جێی گلەیی نییە. کێشەی سەرەکی کەمکردنەوەی باجە. لابردنی ئیمتیازاتی خانەدانەکانە، سنووردارکردنی دەسەڵاتەکانی پاشا، وەک یەک لێکردنی ماف لە فەڕەنسا و ھەندێکیش دەستکاریکردنی دەستوور" ، لە داخوازییە سەرەکییەکان بووە.


حکومەت / پاشا زۆر ھەوڵی دا، چارەسەری ئەم قەیرانە گەورەیە بکات و چاکسازی بکات، بەڵام دۆخەکەی پێ چارەسەر نەکرا و سەرکەوتوو نەبوو. جارێ ویستی لەسەر خانەدانەکان باج دانێ، ئەوان ڕەتیان کردووە. ئیدی ناچار لەمانگی ئاداری ١٧٨٩ داوای کرد ھەڵبژاردن بکرێ بۆ کۆبوونەوەی گشتیdomaines generaux ،بە ئەڵمانی Generalstände بە ئینگلیزی general estates . بۆ ئەوەی نوێنەرانی ھەموو دەستەکان ھەڵبژێردرێن چارەسەر بدۆزنەوە و ڕەزامەندی دەربڕن لەسەر یاسای باجدانی نوێ. ئەمەش شتێکی نوێ بوو،ھەر سێ دەستەکە پێکەوە کۆببنەوە. دواجار لە ساڵی ١٦١٤ ئەم سێ دەستەیە پێکەوە بەشداری کۆبوونەوەکەیان کرد بوو.،واتە ١٧٥ بوو زەمینەی وا نەڕەخسا بوو. بە کورتی ئەم قەیرانە قوڵەی دەوڵەتی تێ کەوتبوو، دەبوو چارەسەر بکرێ.


بانگەواز بۆ کۆبوونەوەی گشتی کرا و لە کۆشکی ڤێرسای Versailles ـ کۆشکی ڤێرسای نزیکەی ٢٠,٠٠٠ ھەزار کەسی تێدا دەژیا لە پاشا و دەست و پێوەندەکانی و بەشێکی زۆری خانەدانەکانی نزیک لە پاشا. ٣٠,٠٠٠ ھەزار کەس کاریان تێدا دەکرد. ٢٥,٠٠٠ ھەزار سەربازی پاسەوانییان لەم کۆشکە دەکرد. تایبەتمەندی ئەم کۆشکە ھێندە جێی بایەخ بوو، بە نزیکەیی زۆر لە وڵاتانی جیھان وەک لاساییکردنەوە کۆشکێکی وایان بۆخۆیان دروستکرد. کۆبوونەوەکان بۆ ھەڵبژاردنی نوێنەرەکان لە ٥.٥.١٧٨٩ لەم کۆشکەدا بەڕێوەچوو. کۆبوونەوەکە دەستی پێکرد بە ئامادەبوونی ١١٦٥ نوێنەر بۆ گفتوگۆکردن لەسەر بارودۆخی وڵات و سیستەمی باجدان.


.{{ دەستەی یەکەم:٢٩١ کەس، دەستەی دووەم : ٢٧٠ کەس، دەستەی سێیەم: ٥٧٨ کەس}}. دەستەی سێیەم بۆ یەکەم جار بەم ژمارە زۆرەوە بەشدار بوون ، دەنا ھەمیشە ٣٠٠ نوێنەر بوون ـ پێدەچێت ھەر لەسەرەتاوە ھەستیان بە ترسێک کرد بێت و خۆیان بۆ گۆڕانکارییەک ئامادە کرد بێت!!. لە ڕاستیدا ھەرگیز ڕێگە نەدەدرا جوتیار و سەپان بە نوێنەر ھەڵبژێردرێن،لەگەڵ ئەوەشدا باجەکانی سەر شانیان بۆ پاشا،کڵێسا، سوپا،خانەدان زۆر بوون و خانەدانەکان ڕەفتاریان خراپ بوو، قەرزیان نەدەدا بە دەوڵەت و دەوڵەتیش نەیدەتوانی قەرزەکانیان بداتەوە، کە بڕێکی زۆریش سووی دەچووە سەر. ئەم دەستەیە لە دۆخی خۆیان کەوتنە گومانەوە. دەستەی سێیەم کرابوونە کۆیلەیەکی تەواو. نوێنەرەکان بەتایبەت لە دەستەی پیاوانی ئاینی و خانەدانەکان شوێنی دانیشتنەکانیان وەک فراکسیۆنێک دیاری کرا بوو، ھی دەستەی سێییەم دەبوو نوێنەرەکان خۆیان بگەڕێن شوێنێک بدۆزنەوە لێی دانیشن. ئەم ھۆکارە وای کرد دەستەی سێیەم دوور لەیەک و بە پەرشوبڵاوی دانیشن.


ھەر لەسەرەتاوە جیاوازییەکان بەدی دەکران، بەشدار بووان بە جلوبەرگەکانیاندا دەناسرانەوە ( پیاوانی ئایینی بە ڕەنگی مۆڕ و چارۆکە لە کۆڵیوە، خانەدانەکان بە جلوبەرگی ڕەنگاوڕەنگەوە و دەستەی سێیەمیش بە جلوبەرگی ڕەش)ەوە دانیشتبوون. لە ھەموویشی سەیرتر ئەوە بوو پاشا و خانەدانەکان کڵاویان لەسەر کرد بوو. ھاوکات کۆمەڵێ کەسی ئاسایش لەدەستەی سێیەم ھەمان شت دەکەن و کڵاو لەسەر دەکەن، تا بیسەلمێنن ھیچ جیاوازییان لەگەڵ پاشا و خانەدانەکاندا نییە. پاشا بە دیمەنەکە ناڕەحەت دەبێت، کە خەڵکی ئاسایی وەک ئەو خۆی پۆشیووە و کڵاویان لەسەر ناوە، بۆیە کڵاوەکەی خۆی لادەبات. دوای ئەویش خانەدانەکان بە ناچاری و نابەدڵی کڵاوەکانیان لادەبەن.


کۆبوونەوەکەی پاشا لە ناوەڕۆکیشدا بۆ ئەوە بوو وانەیەکی نوێ بداتە دەستەی سێییەم و بەشێوەیەک لە شێوەکان کۆتایی بە ناڕەزاییەکانیان بھێنێ. کۆبوونەوەکە ڕۆژ و مانگی زۆری خایاند و ئەنجام نەبوو. دوای ئاماژەدان بە قەیرانی دارایی و ئابووری، قەرزاری دەوڵەت و سیستەمی باجدان، ھەڵھاتنی تیشکی خۆری ڕۆشنگەریی، زەمینەی شۆڕش کردن تا دەھات خۆشتر دەبوو. ڕۆژێ پاشا دەیەوێ بێتە سەر کرۆکی باسەکە کە باجدانە، داواکانی گوێی لێ ناگیرێ. پاشا وەزیری دارایی لە کارەکەی دووردەخاتەوە، چونکە لایەنگری دەستەی سێیەم بوو. دوای ئەوەی نەگەیشتنە ئەنجام و پاشاش زۆر بۆی گرنگ بوو چارەسەرێک بدۆزرێتەوە.
داوا لە دەستەی یەکەم و دووەم دەکات باج بدەن و بەشداری میحنەتەکە بکەن و ئەرکی سەرشانی دەستەی سێیەم کەم کەنەوە. ئەوان بە جووتە باجدان ڕەت دەکەنەوە. ناچار پاشا دەڵێ: بۆ دەنگدان ژمارەی بەشدار بوو ناخوات، چونکە ھەر دەستە و گرووپێک/ فراکسیۆنێک یەک دەنگی ھەیە. بۆیە داوا دەکات ھەر دەستەیەک بچێ ڕاوێژی خۆی بکات و بە جیا کۆبێتەوە بڕیار بدات. ئەمجارەیان دەستەی سێیەم ئەم داوایەی پاشا ڕەت دەکەنەوە و داوا دەکەن ھەموو پێکەوە کۆببنەوە و بڕیار لەسەر دۆخەکە بدەن. دەستەی سێیەم ھەر پێشوەخت دەیانزانی ھەردوو دەستەی یەکەم و دووەم دژ بەوان دەوەستنەوە. کەواتە بە یاسا ماتماتیکییەکە دەستەی سێیەم بە قەبارە گەورە بە دەنگدان بچووک وەک ئەوان و ھەر خاوەنی یەک دەنگ بوو. واتە ھیچی بۆ نەدەکرا و دۆڕاوی بێ چەندوچوون بوو. کۆبوونەوە ئاکامی نەبوو. پاشا توڕە دەبێت کۆبوونەوەکە لە ھۆڵێکی کۆشکەکەدا Ballhaus گەمارۆدەدات. لێرە دەستەی سێیەم لە ڕۆژی ٥.٥.١٧٨٩ "سوێند"دەخۆن تا دەستوورێک ئامادە نەکەن ھەموو ھاوڵاتیان وەک یەک و یەکسان بکات، کۆبوونەوەکان بەجێنەھێڵن.
____________________________________
سەرچاوەکان:
١ ـ الپورە الفرنسیە الاولی، ١٧٩٩-١٧٨٩ حسان عمران ٢٠١٦.
٢ ـ تاریخ لاحرکات القومیە فی اوروبە. خمس اجزاء.. تعریب, د. نوردالدین حاگوم, ١٩٦٩.
بە ئەڵمانی: بینی چەند فیلم و ڤیدیۆیەک لەسەر شۆڕش و ناپلیۆن.
٣. Französische Revolution. Johannes Heißen 2010
٤. Französische Revolution und Napoleon-Die Umgestaltung Europas. Dirk Hoffmann& Sylvia Hoffmann-Mosolf. 2009
٥. Die Französische Revolution. Susanne Lachenicht. 2012
٦. Geschichte Frankreich,Vom Mittelalter bis zur Gegenwart Peter C. Hartmann. 2015
٧. Die Französische Revolution. Hans- Ulrich Thamer. 2004
٨. Die Französische Revolution Hermann Both& A.Gestrichen. 2010
٩. Geschichte Frankreichs Wolfgang Schmale 2000
١٠. Napoleon Revolutionär und Monarch eine Biographie Roger Dufraisse 2000

 

ماڵپه‌ڕی هه‌ڵۆ محه‌مه‌د

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک