په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٢\٢٠١٥

بەسەرھاتی (یەپە نویبرۆە) نموونەیەکی زۆر بچووکی دڕندەیی داعش.

لاوژە ماهیە      

 

یەپە نویبرۆە (Jeppe Nybroe) رۆژنامەوانێکی دانیمارکیە و لەدایکبووی ساڵی ١٩٧٣ یە، یەپە چەند ساڵ پێش ئێستا لە کەناڵی فەرمیی تەلەفزیونی دانیمارک (Dr1) ھەواڵەکانی پێشکەشدەکرد. ئەوکاتە یەپە بەم شێوەیە بوو کە لە وێنەکە ژمارە ١ی لەسەر نووسراوە.


لە ساڵی ٢٠١٢ەوە وەک ڕۆژنامەوانێکی ئازاد کاردەکا و بە دوای گۆڕانی شۆڕش بە شەڕی ناوخۆ کارەکەی دەکەوێتە سوریا و لوبنان و ئەم ناوچانە.


سەرلەبەیانی ڕۆژی ٦/٢/٢٠١٤ لەگەڵ ھاوکارێکی لە ڕۆژێکی ھەتاوی خۆشدا لە لوبنانەوە بەرەو سوریا دەڕۆن، ھەر کە دەچنە ناو خاکی سوریا لە لایەن ھێزە مرۆڤکوژەکانی داعش دەستگیردەکرێن! بەبەھانەی ئەوەی کە ھاوکارەکەی جاسوسە. پاش ماوەیەکی کەم دەڵێن ببورن دیارە لەیەک تێنەگەیشتن ھەبوەو ئێستا ئازادتان دەکەین! بەڵام با پەیوەندیی بە سەرانی باڵامان بکەین لە سعودیە و قەتەر. پاش پەیوەندییان لەگەڵ ئاغاکانین لەم وڵاتانە ھاوکارەکەی ئازاد دەکرێت بەڵام یەپە لەبەر ئەوەی دانیمارکیەو لەم وڵاتەدا کاریکاتێری محەمەد کراوە و هەستی ئەوان لەبەرچاو نەگیراوە دستگیر دەکرێت، پێی دەڵێن تۆ حەلالی ئێمەی! دیارە یەپە نازانێت ئەمە واتای چییە دواتر تێدەگا.


داعش پەیوەندیی بە قونسولگەریی دانیمارک دەکات لە لوبنان و دەڵێن یان ٢٠ ملیۆن دۆلارمان پێدەدەن یان ئەوەتا سەریدەبڕین. بەڵام قونسولگەرییەکە وەڵامیان ناداتەوەو دەڵێت دانیمارک ھیچ جۆرە ساتو سەودایەک لەگەڵ تیرۆریستان ناکات!


لە دوای ٨ ڕۆژ داعش وێنەی یەپە بڵاودەکاتەوە ئەم وێنەیە کە ژمارە ٢ی لەسەر نووسراوەو بۆتە وێنەی بەرگی پەرتووکەکەی کە دواتر دێمە سەری، ببینن کە لەم ماوە کەمەدا چۆن یەپە تێکچوە و تێکشکاوە.

 

یەپە نویبرۆە (Jeppe Nybroe)

 

لە دوای ئەمە دەتوانن لە ڕێگای (سکایپ)ەوە پەیوەندیی بە خێزانەکەی بکەن. خێزانەکەی لە ڕێگای کردنەوەی گرووپ و پێگە بە ھاوکاری ھاوڕێ و دۆستانی دەکەونە کۆکردنەوەی کۆمەک کە ٢٠ ملیۆنەکە دابین بکەن و کوڕەکەیان بە پارێزراویی وەربگرنەوە.


خێزانەکەی دەڵێن نەمانتوانی ھەموو پارەکە دابینبکەین، بەڵام توانیمان بەم بڕە پارەیەی کە دەستمانکەوت یەپە وەرگرینەوە. ڕایناگەیەنن کە بڕەکەی چەند بووە!

 

 

ئەمە نەخشەی ئەو شوێنەیە کە یەپە و چەند بارمتەیەکی تری تێدابووە. لە بەشی پشتەوەی خانوەکە کە نووسراوە (hullet) واتا کولانە، و لە کولانەکەش ٤ کەسی تێدا زیندان بووە یەکێکیان ئەم ڕۆژنامەنووسە ئەمەریکییە بوو کە وەک یەکەم ڕۆژنامەنووس داعش سەریبری و ڤیدیۆکەی بڵاوکردەوە (james Foley).


یەپە بەدوای چوار ھەفتە ئازادکراو گەرایەوە دانیمارک، بەڵام تەنھا وەک ھەواڵێک باسکرا. نەخرایە بەردەم ڕاگەیاندنەکانەوە، تەنھا دوای سەربڕینی ھاوکارە ئەمریکیەکەی، میدیاکانی دانیمارک باسی ئەوەیان کرد کە یەپە نامەیەکی (james Foley) گەیاندبووە کەسوکاری.


ئەمڕۆ ٢/٢/٢٠١٥ لەناکاو فۆکوسی ھەموو ڕاگەیاندنەکانی دانیمارک کەوتە سەر یەپە. لەدوای ئازاد بوونی بڕیاریدا کە پەرتووکێک لەسەر ئەم چوارھەفتەیە بڵاوبکاتەوە.


ئەمڕۆ لە ڕاگەیاندنەکانەوە چەندین جار گوێم لە گفتوگۆی بوو، وێنەی ژمارە ٣ وێنەی ئێستای یەپەیە، ئەم ئێوارەیە لە تەلەفزیۆنەوە گرتوومە. ھەرکەسێک وێنەی یەکەم و سێیەم بەراودر بکات دەزانێت یەپە لەژێر چ گوشارێکی دەروونییدا بووە.


یەپە ئەمڕۆ لە ڕاگەیاندنەکانەوە ئاوا باسی خۆیدەکرد" لەشێنێک گیرابوین کە زۆر پیس و ناخۆش بوو، تەنانەت ھەواشی تێدا نەبوو، ڕۆژانە بەشەق لێیاندەداین و تەعزیبی نەفسیان دەداین، نان و ئاویان پێنەدەداین وەک حەیوان لەگەڵمان دەجولانەوە، جارو بار خواردنێکی کەمیان بۆ دەھێناین، ئەویش زۆر کەم بوو وە لە قاپێکی فافۆن ھەڵیاندەدا بەردەممان، لەم ماوەیەدا من نەخوشکەوتم بەڵام گاڵتەیان پێدەکردم، وامانلێھاتبوو کە نەماندەتوانی ھەستینە سەرپێ و بە چوارپەلمان وەک ئاژەڵ دەڕۆیشتین".


ئەمڕۆ ئیوارە لە بەرنامەی (Aften sjov)ی (Dr1)دا لە وەڵامی پرسیارێک کە ئامانجی لە نووسین و بڵاوکردنەوەی ئەم پەرتووکە چییە؟ زۆر بە هەستەوەو دڵی پربوو ووتی" دەمەوێت ڕۆژە سەخت و ناخۆشەکانم لەگەڵ کەسانی تر بەشبکەم، وە دەرونی خۆم ئاسودە بکەم! دەمەوێت بە خەڵکی دانیمارک بڵێم دنیا ھەر ئەم وڵاتە ئارامە نییە کە ئێمە تێیدا دەژیەین، زۆر نابەرابەری و ناھەقی لەم جیھانەدا ڕودەدات. لە چاو ئەو واقعیەتەی کە من بینیم، بەسەرھاتی من شیاوی گێڕانەوەشی نیە. بە ملیۆنان مرۆڤی بێ تاوان لە سوریاو عیراق لە ژێر حاکمیەتی دڕندەیی و ستەمگەرانەیان و یان لەژێر ھەڕەشەی پەلاماری ئەواندان و ھیچ دەرتانێکیان نییە و جیهان بە سەریاندا بووەتە شەوەزەنگ، دەمەوێت بە خەڵک بڵێم چەند پێویستە کە ئێمە یارمەتی خەڵکی ئەم ناوچانە بدەین و پشتیوانیان بین".


سبەینێ پەرتووکەکەی دەکەوێتە بازاڕ و من یەکێک لە کڕیارەکانی دەبم.


ئامانجی من لە ئامادەکردنی ئەم بابەتە دەگەڕێتەوە بۆ ئەوەی کە بەرەنگاربونەوەو وەستانەوە بەرامبەر داعش چەند پێویستە.


کاتێک کە گوێم لە داستانی یەپە دەگرت، دڵم لای ئەم ھەموو قوربانیانە بوو کە لەژێر دەستی داعشدان، ئەوانەی کە موسوڵمان نین وەک ئیزیدی و مەسیحیەکان، یەپە خۆی باش دەیزانی کە ئەم مەترسیەی لەسەرەو لەوانەیە دەستگیر بکرێت ئەو بە دڵخوازی خۆی ڕێگای گەشت بۆ سوریە ھەڵدەبژێرێت، پاش دەستگیرکردنیشی داعش وەک پاروێکی چەور ھەڵسوکەوتی لەگەڵ کردووە، دەزاندرا بۆ ئازادکردنی یەپە سەرمایەکیان دەستدەکەوێت لەگەڵ ئەوەش وەکو ئاژەڵ ھەڵسوکەوتیان لەگەڵکردوە. بەڵام دەبێت چۆن لەگەڵ ئەوانی تردا ھەڵسوکەوت بکەن، ئەی کچ و ژنەکانمان، خۆ ئەوان بەپێی ئایەت و شەریعەت دەسکەوتی جەنگن و وەکو کالای سێکسی لە بازاڕی شەرێعەتدا ھەڕاج دەکرێن، پیر و پەککەوتەکان و پیاوان نە کەس ھەیە سەودای پارەیان بۆبکات و بیانکڕێتەوە و نە لە بازاڕی ھەڕاجی شەرێعەتدا کڕیاریان بۆ پەیدا دەبێت، واتا دەست بەجێ مەحکومی مەرگن. ئەی ئەوانەی کە ڕزگاریانبووە چی؟ دڵم زیاترلای خەڵکی ئەم شارانەیە کە لەژێر چنگی داعشدان. یەپە تەنھا چوار ھەفتە لەژێر چنگی داعش بوو، ماوەی ١١ مانگە یارمەتی نەفسی وەردەگرێت و وەک ڕۆژنامەوانێک دەتوانێت ئازارەکانی خۆی ھەڵڕێژێت، داخۆ بارودۆخی ئەوانەی ئێمە چۆن بێت؟ ئەمانەو دەیان پرسیاری تر. داعش ئەو ئافەتەیە کە نە دەتوانی خۆتی لێ لادەیت و نە لەگەڵی بژیت وە نە دەراوسێت بێت، داعش ئامادەی ھیچیانی نییە. بۆیە رووبەڕووبوونەوەی داعش چاوشارکێ ھەڵناگرێت، بەرەنگاری ڕاستەوخۆ پێویستییەکی ژیارییە! ئەمەش تەنھا بە ئیرادەی یەکگرتویی خەڵک دەکرێت، بە چەکداربونی خەڵک لە سەر ئاستی شارەکان و بە ھاودڵی و لەدەوری ھێزی بەرگری جەماوەریدا بە شێوەی کۆبانێ.


تەنھا ئیرادەی یەکگرتوو و خۆڕاگریی جەماوەرە دەتوانێ بە بێ سازش و ساتوسەودا رووی داعش بشکێنێ.


٢\٢\٢٠١٥

ماڵپەڕی لاوژە ماهیە

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک