![]()
![]()
|
بهێڵە با چەند ساتێک بەئارامی لە نائارامی گەنجیم بدوێم . هاروون مەجید رەزا
لە ئێوارەیەکی سەرلێشواودا کە رەنگی تاریک زاڵتر بوو بەسەر رەنگە رۆشنەکاندا وەک هەموو ئێوارەیەکی تر ، یاخود وەک هەموو کاتەکانی تری ژیان شتەکان لەم ئێوارەیەدا زۆر ئاڵۆز بوون بەشێوەیەک لێک نەگەیشتنێکی پێوە دیار بوو ، منیش بێ ئەوەی لەمانای ئەم تارماییەی ژیان تێ بگەم هێدی هێدی ملی رێچکەیەکی کەنار شەقامەکەم گرت و بەرەو ئەو جێگەیە ئەڕۆیشتم کە نەمئەزانی کوێیە ، یاخود بڕیارم لەسەر نەدابوو (واتا شوێنێکی نادیار) ، بەڵام لەناکاو چاوم بەگەنجێکی خەیاڵاوی کەوت کە پێ ئەچوو هەموو ژیانی خەیاڵ بێت ، بۆیە ناوم لێنا (گەنجە خەیاڵییەکە) کە دیاربوو پێکهاتەی بەشێک بوو لەئازار ، هەر ئەم گەنجە بەوە ئەچوو تاکە هاوڕێم بێت کە ئەو ئێوارەیە بەرەو (مەنفا) بچێتەوە دوای گفتوگۆیەکی زۆر و یەکتر ناسینمان توانیم کۆمەڵێ پرسیاری ئاڕاستە بکەم ، سەرەتا پرسیم : تۆ کێیت و چیت و چۆن و بۆچی دروست بووی ؟ ئەمەش پرسیاری هەموو ژیانی تاکێکە ، هەناسەیەکی قووڵ بووە یەکەم وشەی وڵامەکەی دوای ئەوە وتی : سەرەتا ئێمە ونیین ، چونکە ئەوەتا بەدوای ماڵە راستەقینەکەماندا ئەگەڕێین کە نایدۆزینەوە ، ئەو ماڵەی کە ئەتوانێت ئێمە بگرێتە خۆی و گوێ بۆ داواکارییەکانمان شل بکات لە نزیکەوە ئاگای لە هەستە بێ نەست و بێ نازەکانمان بێت کە ئەمەش گرنگی تایبەتی خۆی هەیە لەسەرەتای مناڵییەوە تا ئەو کاتەی کە مناڵ ئەبێتەوە بەواتای بەواتای دووبارە ژیانەوە . ئەو لەدرێژەی قسەکانیدا ئاماژەی بەگرنگترین شت کرد لە ژیانی خۆیدا ئەویش ئەم وڵامە تازەیە و ئەو پرسیارە کۆنە بوو : (من کوردستانیم ، یان عێراقیم) ئەگەر کوردستانیم ، بۆ لە عێراق ئەژیم و ئەگەر عێراقیشم کوردستان چییە ، لێرەدا ئەوە روون ئەبێتەوە من کێم و میللەتەکەم کێیە ؟ ئەمەو زۆر پرسیاری تر کە هەموو تاکێک لە گەنجی ئەم وڵاتەی ئێمەی بێ هۆش کردووە بەوەی هەتا هەتایە بەڕێی سەفەرەوە بن و حاشا لە بوونی خۆیان بکەن . خوایە گیان نازانم بۆ لە خۆشم ناگەم ئەترسم لەرێی خوێندنەوە پچڕ پچڕو سەقەتەکەی ئەم وڵاتەدا فێری زمانێکی بووبم کە هەتا ئێستا گوێیەکانم نەیان بیستبێت ئەمەش وای کردووە کە تەنها قسە بکەم بێ ئەوەی ببیستم ، ئەو دیارە بیری چووبووەوە کە کەسێک هاودەمییەتی و لەگەڵی گوزەر ئەکات ئەو کەسەش دیارە کە (منم) و منیش بۆ ئەوەی قسەکانی پێ نەبڕم سەیرێکی چاوەکانیم کرد کە پڕبوون لە بێزاری و بێ تاقەتی و نائومێدی بەرامبەر ئەم ژیانە سەرێکم بۆ لەقاند و بەمەش سەرنجیم بەلای خۆمداراکێشا ن تا بزانێ کەسێک گوێی لێ ئەگرێت . هەر بەدەم جگەرە کێشانەوە ( کەدووکەڵی جگەرەکەی وێنەی گەنجێکی دابڕاو لە حەز و ئارەزووی خۆی نیشان ئەدا) ئەیوت زۆر سەیرە لەم خاکەدا کە غەرقی سووتەمەنییە ئێستا چاوەڕوانین بە جگەرەکانمان خۆمان بسووتێنین . ئەها .. ئەوەتا من ، تۆ بەپێیەکانمان رێ ئەکەین و بیرمان لای گرانی بەنزین و سووتەمەنییە کە تەنها خاوەن ئۆتۆمبیلەکان ئەتوانن بەکاری بهێنن ، ئەها ئەوەتا بەسەر ئەم شەقامەدا رێئەکەین تروسکەیەک رووناکی نابینین ، زۆر کێشەی تر کە ناژمێردرێن ، بۆیە چاکتر وایە هەڵبێین لەدەست هەموو سیاسەتە گەندەڵانەی کە ئەیانەوێت هەموو تاکێکی ئەم وڵاتە ناچاری هەڵهاتن بێت . (بەتایبەت ئێمەی گەنج) بۆ ئەوەی بێ بەکارهێنانی دەسەڵات ئەم خاکە بکەن بەخاکێکی جوان و بەپیت کە بتوانێت داهاتێکی باش لە پارە بەرهەم بێت ، ئەو لەدرێژەی ئەو قسانەی وا منیش پێش قسەکانی ئەو خەریک بوو سنووری ئەم وڵاتەم ئەبەزاند هەر پاسەوانەکانی سنوور کێشەیەکی زۆریان بۆ دروست کردم تا توانیم بپەڕمەوە لەو دیو سنوور تەماشام کرد بەتەنیام ، ئینجا زانیم کە چەند ساتە وەختێکە من لەگەڵ گەنجێتی خۆمدا ئەدوێم .
|