په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٤\٢\٢٠١٥

بنبڕکردنی داعشیزم تەنیا بە شەری سوپایی و لەشکرکێشی ناکرێ!


جیهاد محەمەد     

 

بنبڕکردنی داعش و داعشیزم، یان هێزە تیرۆریستە ئیسلامییە توندڕەو و سەلەفییەکان، تەنیا بە بە هێزی سوپایی و لەشکرکێشی ناکرێت. داعشیزم چۆن لە کۆبانێدا تێشکان، دڵنیام ئەمرۆ یان سبەی لە هەموو بەرەکانی جەنگدا تێدەشکێن، رەنگە تێشکانێکی وا بە خۆیانەوە ببینن، کە بۆ ماوەیەکی دوور نەبێت نەتوانن هێزی سەربازی کۆبکەنەوە. لەوانەشە تێشکانەکانیان کاتی بێت و بتوانن چەندین جاری دیکە لە دوای هەر تێشکانێک خۆیان کۆبکەنەوە و جارێکی دیکە دەستبکەنەوە بە هێڕش و پەلاماردان.


بەرپەرچدانەوەی هێزی تیرۆریستان بە شێوازی هێرشی سوپایی ناچاریی نەبێت شتێکی دیکە نەبوو لە لایەن حوکمڕانانی کوردستانەوە. ئەگەر تیرۆیستانی داعش پەلاماری کوردستان و شاری موسڵیان نەدایە، یان پەلاماری کۆبانێیان نەدایە، ئەوە هێزی پێشمەرگە و گەریلا و شەرڤانانی رۆژاوا ناچار نەبوون ئەو شەڕە پڕ لە کوشتن و بڕینە بکەن لەگەڵیاندا.


کاتێک داعش شاری موسڵیان داگیرکرد و دەوڵەتی خەلافەتیان راگەیاند، زۆرێک لە بەرپرسەکانی کوردستان و بە تایبەتی سەرۆکی هەرێمی کوردستان دەیانوت: ـ ئێستا سنورێکی دوورودرێژمان لەگەڵ دەوڵەتێکی تردا بۆ دروستبووەـ ناوڕۆکی ئەم قسەیەش ئەوەی دەگەیاند، کە دروستبوونی ئەم دەوڵەتە ئیسلامییە تیرۆریزمییەیان بەلاوە ئاسایی بوو. شەڕی داعشی تیرۆرستییان نەدەکرد، ئەگەر داعش پەلاماری کوردستانی نەدایە.


کاتێکیش ئەو شەڕە هاتە گۆڕێ و ناچارکراین بیکەین، حەق وایە بە وردتر بڕوانینە ئەم کێشەیە. کە بە خوێندنەوەی من کێشەکە لەوە گەورەتر و ئاڵۆزترە، کە شەڕی تیرۆرستانی داعش و قاعیدە، یان هەرچ گروپێکی دیکە لە تیرۆریستان، تەنیا بە هێزی سەربازیی و سوپایی بکرێت.


لە ڕاستیدا، شەڕکردن لە گەڵ داعشیزم، واتا شەڕکردن لەگەڵ فکرێکی ئیسلامیی توندڕەو کە دەیەوێت بە زۆر هەموو کوردستان و ناوچەکە بەکێشکاتە ژێر فکری تێکستە پیرۆزە خوێنڕێژ و بە زەبروزەنگەکانی ئسلامی سیاسییەوە، کە هەموو فکرێتک ڕەتدەکاتەوە و داننانێت بە هیچ جۆرە ئاین و بیروباوەرێکی دینی و نادینییدا جگە لە دینی خۆی بەو میتۆدە فکرییە فاشییەی کە هەیەتی. هەرچ فکر و بیرکردنەوەیەک لە دەروەی فکر و بیرکردنەوەکانی قورئان و حەدیسە توندڕەوەکان بە کوفر لە قەڵەم دەدات و کوشتنییان حەڵاڵ دەکات.


فکری داعشیزم ئەو فکرە توندڕەوە ئیسلامییە سیاسییە سەلەفییەیە، کە دەیەوێت سەرتاپای هەموو کۆمەڵگاکان بخاتە ناو چوارچێوەی بیرکردنەوەیەکی فێندەمێنتالیزمیی، کە هیچ جۆرە ئازادیی و بوارێک نەمێنێتەوە بۆ ژیان جگە لە خواپەرستی و شەرعیەت وەرگرتن لە تێکستە پیرۆزەکانەوە.


ئەم بیرکردنەوەیەیی داعشیزم، خۆراک لەو بیرکردنەوە ئیسلامییە سیاسییەوە وەردەگرێت، کە مێژووکەی دەگەڕێتەوە بۆ دروستبوونی ئیخوانەکان لە ساڵی ١٩٢٨دا. خۆراک لە ئینتیمایی دینیەوە وەردەگرێت نەک لە بڕواداریی و ئیماندارییەوە، بەو واتایەی کە هەموو کۆمەڵگاکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە کۆمەڵگای ئیسلامیی دەناسێت و، وای دادەنێت کە دەبێت تەنیا پەیڕەوەی فکری ئیسلامی سیاسیی توندڕەوەی سەلەفی بکەن و هیچ جۆرە فکرێکی تر بۆی نییە بانگهێشت بۆ خۆی بکات و پراکتیکە بکرێت، چونکە ئەم کۆمەڵگایانە بە کولتوور ئیسلامن، شوناسی تاکەکانی کۆمەڵگا بە گوێرەی یاسای کەسیی لێی نووسراوە(ئیسلام)، کەواتە حساب لەسەر ئینتیما کولتووریەکە دەکەن، نەک ئیمانداریی.


داعشیزم، خۆراک لە نادادپەروەریی و نەبوونی ئازادیی و نا هۆشیاری و داخراوی عەقڵەوە وەردەگرێت. حوکمڕانە دیکتاتۆر و تۆتالیتارەکانی ناوچەکە، نموونەی زەقیشیان، حوكمڕانیی دەیان ساڵەی فاشیەکانی بەغدا و سوریاو میسرەوە خۆراکێکی زۆریان دا بەم فکرە فێندەمێنتالیزمەی ئیخوان کە خۆڵ بکەنە چاوی خەڵکەوە و بە خەڵکی بڵێن: تەنیا چارەسەر حکومی ئیسلامی سەلەفی و قورئان و حەدیسەکانی پەیامبەرە. چونکە دەیان ساڵ بوو کۆمەڵگاکانی ئەم وڵاتانەی عێراق و سوریا و میسر و لیبیا و تونس و هەموو ئەوانیتریش هیچ جۆرە ئازادییەکی تیا نەبوو بۆ خەڵکی گشتی و خەڵک بە کولەمەرگی دەژیا و لە ژێر پۆستاڵی عەسکەرتاریی ئەم حکومە دڕندانەدا دەیناڵاند، بۆیە رۆژ بە رۆژ فکری توندڕەوەی ئیخوانەکان لە زیاد بووندا بوو.


لە کوردستانی خۆشماندا، بیست ساڵ پترە لە سایەی حکومی (پارتی و یەکێتی)ەوە، هەمان خۆراک دەکرێ بە قوڕگی ئەو بیرکردنەوە سەلەفییەدا. شەڕ و پێکدادانە نەگریسەکانیان، نادادپەروەرییەکانیان، گەندەڵییە کارگێڕیی و دارایی و حیزبیی و حوكمڕانییەکانیان، پەلامار و هێرشکردن بۆ سەر بەرەی ئازادیخوازان و کوشتن و بڕینی دەیان کەس لە رۆژنامەنووسان و کەسە رۆشنبیر و ئازایەکانی کوردستان و تیرۆرکردنی گەنجە خۆپیشاندەرەکانی حەڤدەی شوبات و قاچاخچێتی نەوت و بازرگانێتیکردن و خۆدەوڵەمەندکردن بە سەروەت و سامانی خەڵکی رەشوڕووتەوە. ئەمانە و دەیان ئەوەندەی تریش لەگەڵ بەکارهێنانی حیزبە ئیسلامییە سیاسییەکان دژی یەکتری و بەهێزکردنیان لەو پێناوەدا، خۆراکێکی سەرەکیی بوون بۆ ئەو بیرکردنەوە فێندەمێتالیزمەی کە دەڵێ: ''تەنیا چارەسەر ئیسلامی سیاسیی و حکومی قورئانە''.


ئەوتا بە ئاشکرا مەلا کۆنەپەرستە قورگدڕاوەکان لە مینبەری مزگەوتەکانەوە دەنەڕێنن و گاڵتە بە دیموکراتیی و ئازادی دەکەن، سوکایەتی بە بیری سوکلاریزم دەکەن، جنێودەدن بەوانەی بەرگری لە مافی ژنان و مافی مرۆڤدەکەن، شاڵاو دەبەن بۆ سەر ئەوانەی داوای نەمانی توندوتیژیی ناو خێزان دەکەن. هەڕشە لە ئازادیخوازان دەکەن، قوتابخانە تیکەڵەکانی کچان و کوڕان لەسەر قسەی ئەوان دادەخرێت. گاڵتە بە هەموو ئەو نووسین و کتێبانە دەکەن کە لەسەر زانستپەروەریی و پیداگۆگی سەردەمیانە چاپدەکرێت.


خوێنبەری دڵی داعشیزم ئەو فەزا کۆمەڵایەتی و ئابووریی و سیاسیەیە، کە خۆی نوقمکردوە لە موجامەلەی دین و سودوەرگرتن لە دین، بە ناوی کولتووری دینی ئیسالام و کۆمەڵگای موسڵمانەوە، موجامەلەو پشتیوانی لە ئیسلامی سیاسی دەکەن.


چونکە چینی بۆرجوازی و حوکمڕانی بۆرجوازی لە رۆژهەڵات و وڵاتانی ئیسلامدا خۆی لە خۆیدا دواکەوتووە، بۆیە هێشتا چێژ لە بیریی دواکەوتووی دەرەبەگایەتیەوە وەردەگرێت، هێشتا نەیتوانیوە خۆی ئازد بکات لە زۆرێک لە کولتوور و دابونەریتی دەرەبەگایەتی، بۆیە ناتوانیت دەورە سروشتیەکەی خۆی ببینێت وەک چینێکی شارستانی و مۆدێرن. ناتوانێت کۆمەڵگا و دەوڵەتی سکۆلار بەرهەم بهێنێت، لە جیاتی دژایەتیکردنی کلوتوورە باوەکان و بەسەرچوەکان، لە جیاتی کێبرکێ لەسەر بە سوکلارکردنی کۆمەڵگا و حکومڕانییەکەی، تەنیا بە دوای خۆ دەوڵەمەندکردن و پارەو سامان کۆکردنەوەیەکی گەندەڵیانەوەیە، بۆیە بەردەوام دڵداریی دەکات لەگەڵ ئیسلامی سیاسیی و کولتوورە دواکەوەتووەکانی سەردەمی دەرەبەگایەتییدا و دەیانکات بە پشتیوان بۆ حوکڕانییە گەندەڵێەکەی خۆی.


شەڕکردن لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلام(داعش)دا چەند بە شەڕی سوپایی و لەشکرکێشی دەکرێت، پێویستە شانبەشانی ئەوەش شەری فکرییان لەگەڵدا بکرێت. واتە پێویستە شەرێک بکەین لەگەڵ سەرچاوەی فکری تیرۆریستان بە گشتی. ئەو فکر و بیروڕایەی کە خوێنبەرێکی بەردەوامە بۆ دڵی تیرۆریستان، جا ئەو تیرۆرستییە لە ژێر هەرچ پاساو و بیانوویەکدا بێت، یان هەڵگەری هەرچ بیرێکی کۆنەپەرستانەو سەلەفیەت بێت، یان هەڵگەری بیرو باوەڕێکی بە ناو دیموکراتی و ئازادی و مۆدێرنەو هەندێک جاریش بە ناوی نەتەوەیی و نیشتیامنییەوە بێت، جیاوازییان نییە. بیریی تیرۆریزمی و زەبەروزەنگ، کە بێ باکانە هیچ کوشتنوبڕین و وێرانکارییەکی بەلاوە گرنگ نییە، لە پێناوی دەسەڵاتگەرایی خۆیدا هەرچی بۆ بکرێت دەیکات، بۆیە بەرەی ئازادیخوازی گەل و نیشتیمانیش پێویستە لە هەموو ڕەهەندەکانەوە شەڕی خۆی بکات لە گەڵ ئەم بیرکردنەوە فاشیزمییەدا.


ئەگەر شەڕی فکری لەگەڵ بیرکردنەوە تیرۆریستییەکاندا بکرایە و بتوانرایە میتۆدێکی فکریی فەلسەفیانە و زانستیانە جێگەی بگرێتەوە، ئەوە نەک هەر تووشمان نەدبوو بە تووشی هێزێکی دڕەندەی وەک قاعیدە و داعشەوە، کۆمەڵگاکان و گەلانی رۆژهەڵات لە سیکتاریزمی شیعەگەرایی و سونیگەرایش دەپارێزرا، کە بە لای منەوە، داعشیزمیش بەشێکە لە شەری ئەو سیکتاریزمییە دینیەی، کە بە دوای دەسەڵاتگەرییەوەن و هیچ لایەک لەم لایەنانە نەک هەر بە دوای کاری مرۆیی و ئازادی و دیموکراتییەوە نییە، بەڵکو دژایەی تەواوی کولتووری دیموکراتی و پایەکانی دیموکراتی وەک ئازادی و دادپەروەری و مافی مرۆڤ دەکات.


تێشکانی داعشیزم لە بەرەکانی شەری پێشمەرگەی قارەمان و شەڕڤانە دلێرەکانی رۆژاوادا، وەک ئەوە وایە گیاکەڵەی داعشیزمیان قرتاندبێت، گیاگەڵەی داعشیزم جیناتێکی هەیە، ڕەگەێکی هێندە قووڵی هەیە، کە دەیان جار بیقرتێنیت دەتوانێت سەرهەڵبداتەوە. بۆیە پێویستە خۆراک لەو گیاکەڵەیە ببردرێت. هەموو ئەو خۆراکانەی کە لەم بابەتدا ئاماژەم پێداوە و دەیانیتریش کە کاری ئەم بابەتە نییە، تا بنەبڕ نەکرێن، تیرۆیستانی ئیسلامی سیاسیی وەک خۆیان دەمێننەوە و زیاد دەکەن.

 

 ١\٢\٢٠١٥

ماڵپه‌ڕی جیهاد محه‌مه‌د که‌ریم

 

_________________________________

هەموو بابەتەکان دەربارەی ''داعش'' لێرە ببینە:

www.emrro.com/dosyeydahish.htm

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک