٢٣\٣\٢٠١٥
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد"
سێ خەڵاتی
لە فیستیڤاڵی فیلمی پورتوگال بەدەستھێنا.
مەنسوور جیهانی
فیلمی
سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری کورد
"شەوکەت ئەمین کورکی" سێ خەڵاتی سەرەکیی لە فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی
فیلمی "فانتاسپۆرتۆ" لە پورتوگال بەدەستھێنا.
فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە دەرھێنانی سینەماکاری
کورد "شەوکەت ئەمین کورکی" کە بەرھەمی ساڵی ٢٠١٤ی ھەرێمی کوردستان و
ئەڵمانیایە، لە نوێترین بەشداری نێونەتەوەیی خۆیدا و بە نوێنەرایەتیی
لە ھەرێمی کوردستان لە بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی دەرھێنەران" لە میانەی سی
و پێنجەمین خولی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فانتاسپۆرتۆ" لە وڵاتی
پورتوگال نمایشکرا و لە لایەن ئەندامانی لێژنەی دادوەرانی ئەم
فیستیڤاڵەوە دوو خەڵاتی سەرەکیی، لەوانە: خەڵاتی باشترین فیلم و خەڵاتی
باشترین سیناریۆ و ھەروەھا لە لایەن رەخنەگرانی سینەماوە خەڵاتی
رەخنەگران بەم فیلمە کوردییە بەخشرا.
سیناریۆی "بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" لە نووسینی ھاوبەشی "شەوکەت ئەمین
کورکی" و "مەممەد ئەکتاش"ـە کە پێشتریش خەڵاتی باشترین سیناریۆی لە
ئاکادیمیای خەڵاتی ئیسکرینی ئاسیا ـ پەسیفیک لە ئوستوراڵیا، خەڵاتی
باشترین سیناریۆی فیستیڤاڵی گوتێبیرگی سویدی و ھەروەھا خەڵاتی باشترین
سیناریۆی لە شازدەیەمین خولی فیستیڤاڵی نێونەتەوەیی فیلمی پوسان لە
وڵاتی کۆریای باشوور بەدەستھێناوە.
ھەر لە رێورەسمی کۆتایی فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فانتاسپۆرتۆ"دا
خەڵاتی تایبەتی ئەندامانی لێژنەی دادوەران بە فیلمی سینەمایی "ئێل
رۆیۆ" لە دەرھێنانی "ئێرنێستۆ دێ نۆڤا" لە وڵاتی ئیسپانیا و ھەروەھا
خەڵاتی باشترین دەرھێنەر بە فیلمی سینەمایی "ھایموو" لە دەرھێنانی "شیم
سۆنگ بۆس" لە وڵاتی کۆریای باشوور کە فیلمی دەسپێکی فیستیڤاڵیش بوو،
بەخشرا.
"بیرەوەرییەکانی سەر بەرد" بۆ بەدەستھێانی ئەم سێ خەڵاتە گرینگە لەگەڵ
١٢ فیلم لە وڵاتانی فەڕەنسا، بەریتانیا، ئیسپانیا، رووسیا، یونان،
کوریای باشوور، جۆرجیا و فیلیپین لە رکابەریدا بوو.
فیستیڤاڵی نێودەوڵەتیی فیلمی "فانتاسپۆرتۆ" یەکێکە لە گریگنترین
فیستیڤاڵەکانی فیلم لە ئاستی جیھاندا و سی و پێنجەمین خولی ئەم
فیستیڤاڵە بە بەشداری ٢٠٠ فیلم لە ٢٦ وڵاتی جۆراوجۆری جیھان لە چەندین
بەشی پێشبڕکێی و دەرەوەی پێشبڕکێی لەوانە: بەشی "پێشبڕکێی سەرەکیی"،
بەشی پێشبڕکێی "ھەفتەی دەرھێنەران"، بەشی پێشبڕکێی "کورتە فیلم"، بەشی
"نمایشی تایبەت"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "پانۆراما"، بەشی "فیلمە
تایبەتەکان"، بەشی دەرەوەی پێشبڕکێی "کلاسیک" جەژنی سەد ساڵەی لە
دایکبوونی ئۆرسێن وێلز"، بەشی "فیلمە پیشەییەکان"، بەشی دەرەوەی
پێشبڕکێی "کورتە فیلم"، کۆری رەخنە و ھەڵسەنگاندنی فیلم و دانیشتنی
پسپۆڕانە لەسەر ھونەری سینەما، ڤۆرکشۆپی فێرکاریی و چەندین بەشی دیکە
لە رۆژانی ٢٧ شوبات تا ٧ی ئازاری ٢٠١٥ لە ھۆڵی تیئاتری ریڤۆلی لە شاری
پۆرتۆ پێتەختی باکووری پورتوگال بەڕێوەچوو.
بۆ زانیاریی پتر:
http://www.fantasporto.com/news/169
http://www.cineuropa.org/nw.aspx?t=newsdetail&l=en&did=287789
بەڕێوەبەرایەتیی ڕاگەیاندنیی گشتیی فیلمی سینەمایی "بیرەوەرییەکانی سەر
بەرد"
ماڵپهڕی مهنسوور جیهانی
|