په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١٠\٢٠١٦

    بڕۆ.

عیرفان ئەحمەد

بڕۆ ئاوڕ مەدەرەوە
ئێرە جێگای هەناسەی بەڕەزاو بۆنی تەزیوی ترۆپکە
نەک جێگای بۆنی دۆزەخی پیاوێکی تیرۆرپەرست
ئێرە جێگای قەڵەمبازی کەروێشک و
نەرمەفڕینی کەوباڕە
نەوەک جێگای ئەتک کردنی ئازادی و
تیربارانی مەسەلەی گەل
لێرە شەپۆل و کەنار دەسبازی ئەکەن
نەک دانەجیڕەی چەقۆ لە زام و
کەڵبە بۆ هەڵدڕین
تۆ ... بە هەزار پشت ناگەیتەوە
بە خێڵ و بە هۆزی دوێنێمان
بۆ سبەینێش بزماری خۆت بە هەوادا
دادەکوتیت
هیچ بەڵگەیەکت پێ نیە
کە رۆژێ لە رۆژان
کوڕی باخێک یان کوڕەزای شاخێک بوبیت
بڕۆ ئێرە بە گەڵاڕێزانی سەر بە تەم و
هەڵمی زەڵمەوە جوانە
بە دەنگی کنالەیل
زیکری گوڵەبەڕژە
بە چرای ناو رۆحی مەولەوی و
قژە بژەکەی دێوانەوە جوانە
نەک بەڕیشی وەکو پیلانت ئاڵۆز
شمشێری بوغزی تۆ
فەرمانی درۆی تۆ...
رێگەی ئێرە
یان بۆ رەزی بەهەشتی نەوجوانان دەچێت
یان دەڕواتە لای رەفیقانی تەریقەت
رێیەک نیە لەم ناوەدا
بچێتە مقەری لق و
سەنگەری بەزام ‌هەڵچنراو
عەشقی ئێرە چاوی ئێشکی ماسیەکانەو
چەم و هەتاو
تۆ... پێناسەکەی باخەڵت
نوکی تاوان لێی نوسیوە
شەوەزەنگ مۆری لێداوە
ئەفسەرێکی دەوری بەغدا
بە پۆستاڵ کەپسی کردوە
تۆ نە کوڕی باخێکی یان
کوڕەزای شاخێک
کەواتە
بڕۆ ئاوڕ مەدەرەوە.

___________________________
سوپاس بۆ کاک (حەمید بانەیی - هاوڕێی عیرفان) کە ئەم شیعرەی عیرفانی لە ونبوون رزگار کرد.
 

ماڵپەڕی عیرفان ئەحمەد
 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک