په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

١٢\٥\٢٠١٠

بڕوخێ مەملەکەتى تیرۆرى پارتى.

ئاسۆ که‌مال   


دواى ئەو هەموو تاوانى تیرۆر و تۆقاندنەی پارتى لە ناوچەکانى دەسەڵاتیدا ئەنجامی دەدات وەک تیرۆرى سەردەشت عوسمان ئیتر چاوەڕانى لێکۆڵینەوە و سزادانى تاوانباران درۆیەکى ئاشکراى ئەم دەسەڵاتەیە کە بەناوى سەرۆکایەتى هەرێم و دەزگاکانى ئاسایشەوە دەکرێ. ئەو قسانەى بە سەردەشت وتراوە کە دەبێ لەسەر نووسینەکانى هەولێر بەجێ بێڵێ، هەمان ئەو هەڕەشانەن کە خودى مەسعود بارزانى لە شاشەى تەلەفزیۆنەکانەوە بەرامبەر بە هەر ڕەخنەگرێ دەڵێ کە لە کوردستان جێتان نابێتەوە. تیرۆرى سەردەشت بەجێگەیاندنى ئەو پەیامەى سەرۆکى هەرێمە و ئەمە ڕووى ڕاستەقینەى ئەو سەرۆکە و مەملەکەتەکەى تیرۆرى پارتیە. هەربۆیە چاوەڕوانى لەناساندنى تاوانبارانى ئەم تیرۆرەى سەردەشتى رۆزنامەنووس لەلایەن پارتیەوە خۆشباوەڕى و تەسلیم بوونە بەو واقیعەى کە دەبێ قوربانیانى ئازادى ڕدەربڕین ئایندەى سەردەشت و سۆرانى مامە حەمە و ڕێناس و ئارام و دەیان و سەدان ئازادیخوازى تر بۆخۆیان دابنێن و لە ئێستاوە لە لاى سەرۆکى هەرێم و دەزگاکانى ئاسایش و دادگاکانى بەدواى ناوى خۆیاندا بگەڕێن تا بزانن بەیانى ئیدانەکردنى تیرۆرکردنیان ئامادەکراوە.

نابێت ئەم دەست درێژییانە لە پارتى قه‌بووڵ بکرێ و پارتى نابێ کوردستان بکاتە مەملەکەتى تیرۆرى خۆى. ئەمە پەیامی ڕاستەقینەى ناڕەزایەتیەکانى ئێستایە بەرامبەر بە کوشتنى سەردەشت. دەنگى ناڕەزایەتیەک کە ئیستا خویندکاران ، رۆژنامەنووسان و ریکخراو و کەسایەتیە ئازادیخوازەکان بەرزیان کردۆتەوە پیویستە دەزگاى پاراستنى پارتى وەک دەزگاى تیرۆرى ئازادى مەحکوم بکا و داواى هەڵوەشاندنەوەى بکا. ئەم کارە لە ڕێگاى پەرەپێدان و سەرتاسەرى کردنەوەى ئەم ناڕەزایەتیانەى ئێستاوە دەبێ و فشار خستنە سەر دەسەڵاتداران بۆ دەست هەڵگرتن لەم شەپۆلى تیرۆر و تۆقاندنەى بۆ سەرکوتى ئازادى بیروڕا بە هەڵوەشاندنەوەى دەزگاى تیرۆرەکەیان بەئەنجام دەگات.

 


‏9‏/5‏/2010

ماڵپه‌ڕی ئاسۆ که‌مال