بیرەوەرییەکانى
کلۆدین مونتى لهگهڵ سیمۆن دوبۆڤوار.
و: کەژاڵ عەلا
کلۆدین
مونتى لەساڵًى (1949) لەپاریس چاوى بەدنیاهەڵهێناوە، دایکى کیمیازان و
باوکى بیرکاریزان بووە. کلۆدین هەرلەسەردەمى لاوێتیدا پەیوەندى کردوە
بە بزوتنەوەى ژنانى فەرەنساوە. ئەو لهگهڵ ژان پول سارتەر و سیمۆن
دوبۆڤوار و هێلینى خوشکى دۆبۆڤوار کە نیگارکێش بووە، پەیوەندیەکى بەهێز
لەنێواندا درووستبوە و تاکۆتایى ژیانى سیمۆن هاوەڵى یەکتربوون. کلۆدین
مۆنتى نامەى کۆتایى دکتۆراکەى لەسەر ژیان و بەرهەمەکانى سیمۆن دۆبۆڤوار
نوسیوەتەوە.
کڵۆدین مۆنتێ(راست)
لەگەڵ هێلین دوبۆڤوار
کلۆدین لە وتارێکیدا بەم شێوەیە دەربارەى
بیرەوەریەکانى نێوان خۆى و سیمۆن دۆبڤوار دەدوێت:
من لەیەکەم ڕۆژى ژیانمدا نەوەى(ڕەگەزى دووەم) بووم.. کاتێک دایکم
لەساڵى (1949)دا بەشى یەکەمى کتێبى (ڕەگەزى دوەم)ى خوێندۆتەوە سکى
بەمنەوە پڕبوو. لەساڵى (1969) تەمەنم بیست ساڵ بوو کە بۆیەکەمین جار
لەدەرگاى ماڵى سیمۆن دۆبۆڤوارم دا، کاتێک چوومە مالەکەیەوە، هەرگیز
ئەوەم بەخەیاڵدا نەدەهات کە جارێکى تر بچمەوە بەوماڵەد و بەو جۆرە
هاوڕێیەتیمان لە نێواندا دروستبێت. لەنێوان ساڵەکانى (1949_ 1968 )
لەفەرەنسادا بەدەگمەن باسى مافى ژنان بەرگوێدەکەوت، جگەلە ئاژانسى
هەواڵەکان نەبێت هەندێکجار دەربارەى چۆنیەتى بەکارهێنانى حەبى بەرگرى
لەسکپڕبوونى بۆ خێزانەکان باسدەکرد. لەوسەردەمەدا زۆربەى قوتابخانە
ناوەندیەکیەکانى کچان و کوڕان جودابوون. ژنان هیچ جۆرە کارێکى گرنگیان
نەبوو، ئەوکارانەى بۆژنان گونجاوبوون بریتی بوو لە مامۆستایى،
پەرستیاریى، دایەنیى مناڵان .
لەساڵى(1968) دا کرێکاران لەسەراسەرى فەرەنسادا بۆ پشتگیریکردنى
خوێندکارانى زانکۆ لەسەر دادگایى کردنى تاوانباران و بیورۆکراتی
ڕاپەڕین. نزیکەى مانگێک وڵات توشى شەلەل هات. هەرسآ پێشەواى گرنگى ئەم
بزووتنەوەیەش پیاوبوون. لەماوەى ئەو مانگەدا هیچ کەس گوێى لەدەنگى
تەنها ژنێکیشەوە نەبوو. تەنانەت سیمۆن دۆبۆڤواریش لەم ڕۆژانەدا
بێدەنگبوو!. وردە وردە بارودۆخەکە وایلێهات خەڵکى بەبێ ئەوەى
یەکتریبناسن لهگهڵ یەکتردا دەکەوتنە گفتوگۆ کردن، ژنانى فەرەنسایش
کەڵکیان لەم دەرفەتە وەرگرت و کەوتنەگفتوگۆکردن و باسیان لەونەهامەتى و
مەترسیانە دەکرد کەڕووبەڕووى ژنان دەبوەوە. هەرچەندە سیمۆن
لەوسەردەمەدا بەشى دووەمى کتێبى (ڕەگەزى دووەمى) بڵاوکردەوە بەڵام
زۆربەکەمى باسى ژنى تێداکردبوو. بەڵام لەوە بەدواوە دەستى کرد بەنووسین
دەربارەى خستنەڕووى بارودۆخى ژنان و داکۆکیکردن لە مافەکانی ئەوان و
تا]دواین هەناسەى ژیانى هەربۆ ئەم مەسەلەیە تێکۆشا.
پاش ساڵیک بەسەر ڕاپەڕینى خوێندکارانى زانکۆ واتە لە (1969)دا ڕێکخراوى
بزافى ژنان لەفەرەنسا سەرى هەڵدا. لە(26/8/1969) هەشت ژن چوون بۆ (تاقى
سەرکەوتن) تا لەسەر گۆڕى هاوسەرى ون-ناو چەپکە گولێک دابنێن. ئەم
بەسەرهاتە بووە مایەى ئاژاوە لەنێوان سەربازەکاند و میدیاکانى فەرەنساى
سەرسامکرد. من سێ مانگ دواى ئەم ڕووداوە پەیوەندیم کرد بەڕێکخراوى
ژنانەوە، چونکە تائەو کات لهگهڵ دەستەیەک کچدا لە گروپى خوێندکارانى
زانکۆدا ئەندامبووین، بەڵام پیاوەکان وەک سکرتێر ڕەفتاریان لهگهڵ
ئێمەدا دەکرد. من ئەو کاتە وتارى کۆمەڵێک پیاوم چاپدەکرد کەباسى
لەوکارانەدەکرد پێویستە ئەنجامبدرێت بۆ چۆنێتى گۆِانى ئایندەى جیهان،
بەڵام ئەم پیاوانە ڕێگەیان بەمن نەدەدا بەشداریبکەم لە کارووبارى
سیاسیدا. لەبەر ئەوە لەپاش ماوەیەک منیش وەک کۆمەڵێک کچانى تر
بێزاربووم لە هەڵسوکەوتەکانى ئەوان و هەربۆیە وازم هێنا. پاشان
پەیوەندیمکرد بە بزووتنەوەى ژنانەوە.
ئەوڕۆژەى کە بڕیارى جیابوونەوەمدا لهگهڵ گروپەکەمدا، پیاوەکان وایان
پێڕادەگەیاندم کە ڕێکخراوى ژنان شتێکى بێمان و پڕوپوچە، پێیان دەوتم
هەرکاتێک بارودۆخى پیاوان پێشکەوتنى بەخۆوە بینى ئەوا بەشێوەیەکى
ئاسایى بارودۆخى ژنانیش بەرەو باشى دەچێت. منیش پێم وتن: (( ئێمە
نامانەوێت چاوەڕوانى ئایندەیەکى نادیاربین!)) هەربۆیە ئێمە جەختمان
لەسەرئەوەکردەوە دەم ودەست دەستبەکاربین. سیمۆن دۆبۆڤواریش هەرهەمان
هەڵوێستى هەبوو، لەمەڕ ئەم بابەتانەشەوە لەبڵاوکراوەکانیدا ئیشارەتى
پێداوە. گروپە بچکۆلەکەمان کەلە (6-8) کەس پێکهاتبوو، هەمووڕۆژانى
یەکشەمە بۆماوەى (16) سالڕ بەردەوام لەکاتژمێر 55 و6 دەقیقەدا
لەماڵەکەى سیمۆن دۆبۆڤواردا بەسەختى ماندودەبووین بە
کۆبوونەوەکانمانەوە.
یەکەم جار کە چووم بۆ کۆبوونەوەکە وامزانى ڕێک لەکاتى خۆیدا
گەیشتوومەتە جێ، بەڵام کاتێک سیمۆن دەرگاى لێکردمەوە چاوى تێبڕیم و وتى:
(بۆوادڕەنگ کەوتى!) ئەم ڕەفتارەى ئەو بۆ کچێکى تەمەن (23) ساڵ کە
گەنجترین کەس بووم لەناو ئەندامانى گروپەکەد و لەکاتێکیشدا
هەرلەسەرەتاى نەوجەوانیەوە سەرسامى ئەو بووبووم، شتێکى زۆر ترسناک بوو..
لەساڵى(1970) سیمۆن دۆبۆڤوار تەمەنى (62) ساڵبوو ئەوکاتە بەدایەگەورەى
من دەشیا. کاتێک کە چوومە ناو ئاپارتمانەکەیەوە ئەوسا لەمەبەستى گەیشتم،
لەبەردەم قەنەفەکەیدا کاتژمێرێکى ناشرینى بچکۆلانە دانرابوو کە
دەدەقیقە پێش خرابوو!!. شایەنى باسە ئەوەى زۆر خۆشحاڵى کردم ئەوەبوو
لەسەرەتادا من وامدەزانى لەم دانیشتنانەماندا دەبێت ئێمە زیاتر
گوێگربین! بەڵام بەپێچەوانەوە بوو.. هەرلەدواى دەستپێکردنى باسەکەمان
یەکێک لە ئەندامانى بزوتنەوەکە سەیرێکى منى کرد و وتى: تۆپێت وایە ئێمە
پێویستە چى بکەین بۆ بەیاسایى کردنى (لەباربردنى کۆرپەلە)؟. پێشنیارى
منیش ئەوەبوو کە وتم: پێویستە ئێمە کارێک بکەین کە میدیاکان ناچاربن
زاراوەى (لەباربردنى کۆرپەلە) بەشێوەیەکى جدى بخەنە بەرباس و
لێکۆڵینەوە. هەرچەندە هیشتا لە فەرەنسادا ئەم زاراوەیە شتێکى زۆر نامۆ
بوو!. تەنانەت خودى منیش کە لەناو خێزانێکى خوێنەوار و لیبراڵى دا
پەروەردە ببووم، هەرگیز ئەم زاراوەیەم نەبیستبوو.
لەساڵى (1970) فەرەنسا هێشتا وڵاتێکى زۆر کاسۆلیکى بوو. لەبەرئەوە کەس
تواناى ئەوەى نەبوو لەم ڕوەوە هیچ قسەیەک بدرکێنێت. تەنانەت لەساڵى
(1943) دا ژنێک بەهۆى ئەوەى کۆرپەلەکەى لەباربردبوو حکومەت سزاى مردنى
بەسەردا سەپاند. لهگهڵ ئەوەشدا لە نێوان (1960-1970) ژمارەیەکى زۆر
لە ژنانى فەرەنسا ئەم کارە نایاساییەیان ئەنجام دەدا..هەرچەندە هەندێک
جار ببوە مایەى کەمئەندام بوون و تەنانەت مردنى هەندێک لە ژنانیش.
هەرلەیەکەم کۆبوونەوەمان لە ماڵى دۆبۆڤوار بڕیارماندا، بەیاننامەیەک
بنووسین کەتێیدا بەڕاشکاوانە بڵاوى بکەینەوە ئێمە (کۆرپەلەمان لەبار
بردوە). ئەم بیرۆکەیەمان لەبەیاننامەى (141) وە وەرگرتبوو کەبەدرێژاى
جەنگى سەرکەوتنى جەزائیر بڵاودەکرایەوە. بەڵام ئێمە لەمەڕ ئەم بابەتەوە
پێویستمان بە پشتگیرى هەبوو، بڕیارماندا ئیمزاى کەسایەتیە خۆشەویست و
ناودارەکانى جیهان کۆبکەینەوە. بۆ ئەم مەبەستە ئیمزای (143) ژنمان
کۆکردەوە کە ناوى هەندێک لە ژنە ئەکتەرە ناودارەکانیشى تێدابوو، وەک
(کاترین و دینۆڤ و دالفین سایریگ و..). منیش یەکێک بووم لەوانەى
کە ئەم ئیمزایەم کرد، هەرچەندە هەرگیز ئەم کارەشم ئەنجام نەدابوو!.
بەڵام هێشتا بەشێکى گەورەى کێشەکە چارەسەر نەکرابوو.. ئەویش ئەوەبوو
ئاخۆ کامیەک لە ڕۆژنامەکان ئامادەى ئەوەدەبێت بەیاننامەکەمان بۆ چاپ
بکات؟ دڵنیا بووین کە ڕۆژنامەى (لۆمۆند) ئەم کارەى بۆ نەدەکردین، چونکە
ڕۆژنامە نووسەکانى هەموو کاسۆلیکى توندڕەوبوون و لهگهڵ ئەوەشدا
لایەنگرى (مافى هەڵبژاردن) نەبوون. تەنها دوو گۆڤار ئامادەبوون
هاوکاریمان بکەن ئەوانیش گۆڤارى (ئێکسپرێس و نۆڤلڕ ئۆبزێرڤاتۆر) بوون.
سەرئەنجام لهگهڵ نۆڤلڕ ئۆبزێرڤاتۆر ڕێکەوتین. هەرچەندە ترسى ئەوەشیان
هەبوو بەوهۆیەوە وەزارەتى ناوخۆ گۆڤارەکەیان پێدابخات. لهگهڵ ئەوەشدا
پەیمانیان داینێ کە لەبەرگى گۆڤارەکەیاندا ئەم هەواڵە بەنیشانەى سەر
دێڕى گۆڤارەکەیان چاپبکەن.
بۆچوونەکانمان هەر بەوشێوەیە بوو کەپێشتر پێشبینیمان کردبوو.
لە(4/4/1971) بارودۆخەکە ورووژ و هەرایەکى گەورەى لێکەوتەوە..
ئەوسەردەمە بۆیەکەمین جاربوو لە مێژووى فەرەنسادا ڕادیۆ و تەلەڤیزێۆن و
ڕۆژنامەکان چەندین جار بە ڕاشکاوانە زاراوەى (لەباربردنى کۆرپەلە)یان
بەکاردەبرد. خۆشبەختانە کارەکەمان سەرکەوتنێکى گەورەى بەخۆوە بینى.
هەرچەندە هەندێک لەو ژنانەى کە ئیمزایان بۆکردبووین، ڕووبەڕووى
کێشەیەکى زۆر هاتن لەپیشەکەیاند و کڵێس و دەوڵەتیش لێیان تووڕەبوون.
سیمۆن لە(1970) بەدواوەتەواوى گفتوگۆکانى بۆ بارودۆخى ژنان و خستنەرووى
ئەندێشەکانى فیمێنیستى تەرخانکرد. هەروەها ئەو نۆڤلڕ ئۆبزێرڤاتۆرى ڕازى
کرد هۆکارى نووسینى بەیاننامەکەى بۆڕوونبکاتەوە. لەبەروارى (20/
11/1971) پاشنیوەڕۆى ڕۆژى شەمە، ئێمە ڕێپێوانێکى گەورەمان ئەنجامدا..
کەهاوکاتبوو لهگهڵ ڕێپێوانى فیمێنیستى لە سەرتاسەرى جیهاندا بۆ داواى
مافى هەلبژاردن. لەم ڕێپێوانەدا بۆیەکەمین جاربوو کە خەڵکێکى زۆر تێکەڵ
بە ئێمە بوون هەرچەندە ئەندامیش نەبوون لەگروپەکەماندا. سەرەڕایى ئەوەش
لەو ڕۆژەدا میدیاکان گرنگیەکى زۆریان پێداین ئەوەش سەرکەوتنێکى زۆر
گەورەبوو بۆمان.. سیمۆن ئەم ڕۆژەى بە جەژنى شادى و برایانە ناودەبرد.
هەوڵ و کۆششەکانى ئێمە بۆ بەیاسایى کردنى لەباربردنى کۆرپەلە ئەو
دەرفەتەى بۆڕەخسانین کە بچین بەهاناى ئەو کچەمناڵکارانەى کەوتبوونە بەر
هێرشى دڕندانەى بەکاربردنى سێکسى لەلایەن خزم و کەسوکارى خۆیانەوە!..
تەنانەت هەندێکیان لەلایەن باوک و مام و خاڵ و...هتد سکیان پڕببوو. ئەم
ژنانە لەبەر هەژارى و نەدارى نەیاندەتوانى خۆیان ڕزگار بکەن لەم بارە
گرانە. ئەمەلەلایەک و لەلایەکى تریشەوە بەهیچ شێوەیەک بۆ یان نەبوو
لەپاش مندالڕ بوون بگەرێنەوە بۆ قوتابخانە و زۆربەشیان خێزانەکانیان
لەمالڕ دەیانکردنە دەرەوە. بەم شێوەیە بەدرێژایى ژیانیان بێبەشدەکران
لەخوێندن و دواڕۆژێکى نادیار چاروەڕوانی دەکردن. لەوسەردەمەدا
لەفەرەنسا چەند خانەیەکیان بۆ دایکانى سکپڕى ناشەرعى و کەسانى بێپشت و
پەنا درووستکردبوو، بەڵام جێگایەکى ئێجگار خراپ و دژواربوو، جگەلەوەش
لەوێدا وەکو تاوانبارێکى وەحشى ڕەفتاریان لەگەڵدا دەکرا.
جارێکیان سیمۆن دۆبۆڤوار سەردانى یەکێک لەم خانانەى کرد، کە لەشارى
پاریسەوە نزیک بوو، ئەو لەوجێگایەدا بۆى دەرکەوت کچەکان تەنها فێرى
چنین و دروومان و چێشلێنان دەکرێن و هەروەها لەهۆڵێکى گەورەى
قەڵەباڵغدا ژیانبەسەردەبەن و لەسەر یەک سستەمى بچکۆلانە دەنووستن کە بۆ
ئەو ژنە سکپڕانە تابڵێى جێگایەکى دژوار ربوو. تەنها ڕۆژانى شەمەش بۆیان
هەبوو دوو دوو بچنەدەرەوە بۆ شتکڕین ئەویش بۆماوەى دوو کاتژمێر، تاکو
لاى خەڵک نەناسرێنەوە!.لەبەرئەوەى خەڵکى گاڵتەیان پێدەکردن و ئازاریان
دەدان. لەنێوان ئەوکچانەدا ، کچێک بەهۆى خۆشەویستیەوە سکى لە هاوڕێکەى
خۆى پڕببوو، بەڵام بۆیان نەبوو ئەم دوانە یەکتر ببینن، ئێوارەیەکیان
کچەکان هەرچۆنێکبوو پاش چەندین مانگ دوورى نێوانیان دەرفەتێکیان
بۆڕەخساندن ئەم دوو خۆشەویستەمناڵکارە بەیەکبگەن و پێکەوە لەسەرەوە
بەجێیان هێشتن و خۆیان چوونە قاتى خوارەوە. بەڵام لێپرسراوانى خانەکە
هەستیان کرد کچەکە دیارنیە! یەکسەر چونەسەرەوە و پێیان زانین. بۆڕۆژى
دواى هەواڵەکەیان گەیاندە دایک و باوکى کچەکە، باوکى کچەکە پاش دووڕۆژ
خۆى گەیاندە خانەکە. یەکسەر کردى بەقژى کچەکەید و کەوتە لێدانى.
پەرستارێک ویستى بچێت بەهاناى کچەکەوە، بەڵام بەڕێوەبەرەکە ڕایکێش و
هاوارى کرد بەسەرید و وتى: ( هەرگیز لەکارى نێوان باوک و کچدا خۆت
هەڵمەقورتێنە!). باوکەکە ئەوەندەى لێدا تا کچە داماوەکە لەهۆش چوو.
کچەکان هەموویان شاهیدى ئەم ڕووداوە دڵتەزێنەبوون لەداخانا مانیان
لەخواردنگرت. دەوڵەتى فەرەنسا بڕیاریدا لەماوەى (24) کاتژمێردا ئەم
خانەیە دابخات. بەپەلە نامەیان نارد بۆ دایک و باوکى هەموو کچەکان،
کەبێن کچەکانیان بەرنەوە. کچەکانى ئەمخانەیە پێیان ڕاگەیاندین کە
پێویستیمان بە یارمەتى ( ئەندامە چالاکەکانى بززوتنەوەى ژنان)ە کە دەم
ودەست بێن بەهانامانەوە. پاش( 38) کاتژمێر ئێمە گەشتینە خانەکەیانەوە و
سیمۆن دۆبۆڤواریش وتەبێژمانبوو. خەڵکى فەرەنسا بەهۆى ڕادیۆوە ڕاستەوخۆ
لەحاڵو وەزعى ترسناکى ئەم خانەیە ئاگاداربوونەوە. سیمۆن لهگهڵ
یەکبەیەکى کچەکاندا گفتوگۆى کرد و گیروگرفتەکانى ئەم خانەیەى بۆ خەڵکى
خستە ڕوو. بۆ ڕۆژى دوایى سیمۆن لهگهڵ پایەبەرزترین کاربەدەستانى
پەروەردە چاوپێکەوتنى ئەنجام د و باشترین دەسکەوتى ئەم چاوپێکەوتنە
ئەوەبوو لەسەر ئەو بڕیارە ڕێککەوتن کە ڕێگەبدرێت بەم کچانە لەپاش
مندالڕ بوون بگەڕێنەوە بۆ قوتابخانە.
دواى (48) کاتژمێر تێڕوانینى خەڵکى بەرامبەر بە بزووتنەوەى ( فیمێنستى)
گۆڕا. سەرئەنجام بۆ خەڵکى ڕوونبوویەوە کە ئەم بزووتنەوەیە سەربە
بۆرجوازەکان نیە، بەڵکو لە کەسانى بێپشت و پەن و خەڵکانى هەژار داکۆکى
دەکات. ئەو ماوەیە سیمۆن بەردەوام نامەى لەلایەن ژنانى ستەم دیدەوە
بەدەست دەگەیشت کەتێیدا داواى کۆمەکیان لێدەکرد... ئەویش کەسێکى
بەخشەندەبوو زۆرجار لەگیرفانى خۆى یارمەتى ئەو ژنانەى دەد و بەئێمەشى
وادەوت کە پێیان بڵێین ئەم یارمەتیەیان لەلایەن بزووتنەوەکەوە
پێگەیشتوە! لهگهڵ ئەوەشدا جەنگى ئێمە بۆ دەستەبەرکردنى یاساى
لەباربردنى کۆرپەلە بەردەوام بوو. بەڵام لە وڵاتى فەرەنسادا هێشتا ئەمە
کارێکى نایاسایى بوو. هەربۆیە ئەم شۆڕشەى ئێمە ببوە مایەى ئاژاوە و
ئاڵۆزیەکى زۆر و پێویستى بە چارەسەر هەبوو. لە (1973)دا ڕێگەمان بۆخۆش
بوو بتوانین ڕاستەوخۆ یارمەتى گرفتەکانى خەڵکی بدەین. بۆنموونە: کچێکى
گەنج بەناوى (مارى کلێر) لە خۆشەویستەکەى جیاببوەوە و پاشان زانى سکى
لێى پڕبووە، مارى منداڵەکەى نەدەویست و بڕیارى دا لەبارى بەرێت،
هەرچەندە دایکى مارى پێى وت: ئامادەیە خۆى چاودێرى منداڵەکە بگرێتە
ئەستۆ بەڵام کچەکە هەرسووربوو لەسەر بڕیارەکەى خۆى. کاتێک کوڕەکە بەم
مەسەلەیەى زانى، چووە لاى پۆلیس و شکاتى لێکرد، لەبەر ئەوەى دایکى مارى
مامانەکەى هێنابوو بۆ کچەکەى، پۆلیس هەردووکیانى دەستگیرکرد. ئێمەش
بڕیارماندا قسە لەسەر ئەم بابەتە بکەین و پشتگیریان لێبکەین. سەرەتا
چوینە گۆڕەپانى (ئۆپێرا) و لەناوەڕاستى پاریسدا ڕێپێوانێکى ئاراممان
ئەنجامدا. دایکەکان منداڵەکانیان کردبوە باوەش و یەکى میزەڵانێکیان
بەدەستەوە گرتبوو. لەناکاوێکدا پۆلیسێکى زۆر بەسوارى ماتۆڕسکیڵەوە
هێرشیان کردەسەرمان و خەڵکى هاوارىیان لێبەرزبوویەوە و منداڵەکان
ڕایاندەکرد، پۆلیسەکان دەستیان نەدەپاراست و لێیان دەداین. بۆ ڕۆژى
دوایى بەهۆى میدیاکانەوە، تەواوى خەڵکى فەرەنسا لەهەواڵى سەرکوتکردنى
ئەم ڕێپێوانە ئاشتى خوازەدا دڵگرانبوون و لەماوەى 24 سەعاتدا هەواڵى
ئەم ڕووداوەى مارى کلێر بووبە بابەتێکى نەتەوەیى.
لەم ڕوەوە سیمۆن ئامادەبوو کە نەک تەنها لەتەلەڤیزوێن و ڕادوێدا بەڵکو
لە دادگاش پشتگیرى لە مارى بکات. ئەو لەبەردەم لیژنەى دادوەرەکاندا
کەهەرهەموویان پیاوبوون، ڕاشکاوانە بارودۆخى دژوارى ژنانى شیکردەوە.
هیچ کەس نەیتوانى قسەکانى پێببڕێت. لەپاش چەند ڕۆژێک بڕیارى لیژنەى
دادپەروەر ڕاگەیەنر و مارى کلێر بەبێتاوان لەقەڵەم دراو ئازادیان کرد.
سەرئەنجام ئەنجومەنی یاسایى، یاساى دژ بە لەباربردنى کۆرپەلەى
ئیلغاکردەوە. ئێمەش ئەودەروازەیەمان بۆ واڵابوو کەکێشەکانى تریشمان
بخەینە ڕوو وەک: بەکاربردنى سێکسى، زینا، دەست موزدى نابەرابەر و لێدان
و ئازار و ئەزیەتى ژنان لەلایەن پیاوانەوە بۆچى!؟. لەو سەردەمەدا سیمۆن
کۆمەڵى مافى ژنانى ڕێکخست و دەرفەتى بەئێمەدا کەبابەت بنووسین بۆ
بەیاننامەى (دەورانى مۆدێرن) کەلە(1945)دا لهگهڵ سارتەر
دایمەزراندبوو. ئێمە ئەو ژمارەیەمان بە بابەتى تایبەت بە ژنان
ئامادەکرد و خۆش لەوەدابوو لەماوەى یەک مانگدا هەر هەمووى فرۆشرا.
لەسەرەتاى ئەو ژمارەیەدا سیمۆن دۆبۆڤوار جەختى لەسەرئەوەکردوە کە
پێویستە ژنان لەهەموو هەل ومەرجێکدا سووربن لەسەر داواکاریەکانیان و
لەمەڕ خواستەکانیان پێدابگرن تاگەیشتن بەئازادى و یەکسانى کۆڵنەدەن.
ماڵئاوایى…
سیمۆن پاش ماوەیەک داوایلێکردم بچم بۆ سەردانى هێلینى خوشکى کە لە
گوندێکى نزیک شارى ستراسبۆرگ دەژیا. هێلین لەوێدا بەسەختى سەرقاڵى
مەسەلەى ژنایەتى بوو، چونکە ئەو پاڵێورابوو بۆ سەرۆکى ژنانى
ئەشکەنجەدراو. زۆربەى تابلۆکانى تایبەت بوو بەئەشکەنجەو ئازارەکانى
ژنان و تیۆری فێمینیستى خۆى و سیمۆنى خوشکى دەخستەڕوو کەتا
تاتەمەنى(85) ساڵى بەردەوام نیگاریدەکێشا. سیمۆن لەدواین سەردانى بۆلاى
هێلینى خوشکی پێى وت: (خۆزگەم بەخۆت کەهێشتا دەتوانى نیگاربکێشیت. من
ئیتر مەیلم لەنووسینى کتێب نەماوە. چونکە ئیتر هیچ شتێکم پێنەماوە
لێوەى بدوێم.. بەڵام نیگارکێش هەمیشە شتێکى پێیە کە قابیلى وتن بێت).
لەساڵى (1970)دا کاتێک سەردانى سیمۆنمکرد، بارى تەندروستى سارتەر
ڕوولەخراپى بوو. لە(1974) دا ئەو بەتەواوى نابینا ببوو، ئەوەندە
بێتوانابوو، هیچ ئومێدێکى بەکتێبەکانیشى نەمابوو.. سیمۆنیش لە حاڵ و
وەزعێکى زۆرخراپدا دەژیا، لەلایەک بەهۆى خراپى تەندروستى سارتەر و
لەلایەکى تریشەوە بەهۆى ئەو کەسانەى لەدەوروبەرى خڕببوونەوە، چونکە
بۆچونکەکانیان زۆر دووربوون لەیەکدیەوە.. بەڵام هەمیشە کەئێمەى دەبینى
سەرشار و چالاک و دڵخۆش دەبوو. چونکە سەرکەوتنەکانى خۆى لەئێمەدا
دەبینیەوە و دەشیزانى کە ئێمە چەندمان خۆش دەوێت. لەراِستیدا ئێمە
نموونەى ئەو تێوریانە بووین کەلە (رەگەزى دووەم)دا وروژاندبووى.
لە(19/4/1986)دا من و هێلین دۆبۆڤوار چووین بۆ نەخۆشخانە تا جەنازەکەى
سیمۆن ببینیین. ئەوەندە خەفەتباربووین وەختەبوو لەهۆش بچین، ئەو کە
هەمیشە سەرشاربوو لەژیان، بێهەست و جوڵە کەوتبوو لاشەکەى گوڵباران
کرابوو، خەڵکى لەسەرتاسەرى جیهانەوە گوڵیان بۆ ناردبوو. ئێمەش لهگهڵ
جەستە ساردبووەکەى ئەودا چوینە ئۆتۆمبیلێکەوەو بەرەو گۆڕستان
کەوتینەڕآ، لەسەر شەقامەکان بەهەزاران کەسمان دەبینى سەری ڕێز و
نەوازشیان بۆ دادەنەواند... کاتیکیش گەشتینە گوڕستانەکە بەدەم وتنى ئەو
سرودەوە دابەزین کە لەساڵى ( 1970)دا بۆ بزافى فیمێنیستى نوسیبوومان..
چونکە سیمۆن لەڕادەبەدەر حەزى لەم سرودە دەکرد، هەربۆیە پێمان وابوو
ئەمە باشترین ماڵئاوایى کردنە بۆى و هەموو بەیەکدەنگ وتمان:
ئێمەى ژنان کە هیچ ڕابووردوویەکمان نیە
ئێمەى ژنان کە هیچ مێژوویەکمان نیە
ئێمەى ژنان کە سەرزەمینێکى تاریکین
لێمان گەڕێن، بائێمەى کۆیلە، ڕاپەڕین
ڕاپەڕن.. ڕاپەڕن.. ڕاپەڕن..
ئێمە بەدەنگێکى نزم دەمانچڕى تا لەخەوى هەڵنەسێنین.. دەنگمان تەنها
لەوکاتەدا بەرزکردەوە کە تابوتەکەیان بۆ خوارەوە شۆڕکردەوە... سیمۆن
دۆبۆڤوار گەلێک شتى باشى بەخشی بە من و زۆر لە ژنانى گەنجى تر. بەڵام
ئایا ئێمەى بزافى ژنان، کە کارمان لەگەڵ ئەودا کردوە و درێژەپێدەدەرى
خەباتەکەى ئەوین، ئایا دووبارە دەتوانین گەنجێکى تر ببەخشینە ئەو؟!
ئومێدەوارم کە بتوانین...
سەرچاوە: (سایتى
ئافتاب)
کڵۆدین مۆنتێ(راست) لەگەڵ هێلین دوبۆڤوار
|