په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌ئێمهلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

 

 

بۆ ئەوەى نەورۆز کاڵ نەبێتەوە.


عەبدوڵڵا ئەحمەد گەرمکی


کورد لەهەر چوارپارچەى کوردستان نەورۆزی ئەمساڵی بەکۆبوونەوەى جەماوەری بەرفراوان پیرۆزکرد، بەڵام پیرۆزباییەکانی ئەمساڵیش بەدەرنەبوو لەتوندوتیژی. گەلەکەمان لەباکوور و باشووری رۆژئاوای وڵات رووبەڕووی هێرش و فشاری هێزەکانی بەعس و جەندرمەکانی تورک بوونەوەو بەدەیان برینداربوون و پێنج لاو شەهیدبوون و بەسەدانیش کەوتنە زیندانەانەوە. ئەمەش تەنها بۆ پیرۆزکردنی جەژنەکانی سەری ساڵی کوردی.


دوژمن ئەو پیرۆزباییانەی بەو شێوە جەماوەرییە بەرفرەیە بۆخۆی بەمەرگ دەزانێ، بۆیە گشت رێگاکانی توندوتیژی گرتەبەر لەپێناو ئەوەى بەرزراگرتنی نەورۆز رابگرێت. ئەمەو لەنێو خودى باشووری کوردستانیش زهنیەتێکی وایان پێشخستووە کە نەورۆز لە ناوەڕۆکەکەی بخرێت، هەوڵیاندا و هەندێ ئەنجامیشان گرتووە لەوەی کە نەورۆز بکەنە رۆژی سەیران و گۆشت برژاندن. لەلایەکی ترەوە دەبینی زۆرجار لەملاوئەولا وەکو حەرام سەیری نەورۆز دەکرێ گەر وەکو جەژن ببینرێ، هەر ئەم زهنیەتەیە کە دەبێتە هۆی ئەوەی نەورۆز بەشێوازێکی باش پیرۆز ناکرێ و تەنها لەبیست و یەکى ئازاردا خەڵکی دەردەچێتە دەرەوەى ماڵ و سەیران دەکەن. بۆیە دەبێ دژی ئەو زهنیەتە ببینەوە کە نەورۆزیان وا لێکردووە و دەیانەوێ خراپتری بکەن و رژێمە داگیرکەرەکانی کوردستان دەیانەوێ نەورۆز بەمەجزەرە بشکێننەوە لەدژی گەلەکەمان و ئیسلامە بەناو رادیکاڵ و نەرمڕەوەکانیش هەوڵدەدەن نەورۆز کاڵ بکەنەوە.


وەک باسم کرد نەورۆزى ئەمساڵ جیاواز لەنەورۆزەکانی ساڵانی رابردوو بوو، ئەمساڵ بەگشتی پێشوازییەکى باشتری لێکرا، هەر ئەوەش بووە هۆی ئەوەى کە دوژمنانی گەلەکەمان بەتایبەت لەباشووری رۆژئاوای کوردستان لەشاری قامشلۆ ئەمساڵ سێ لاویان کردە ئامانج کە لەکاتێکدا خەریکی گێڕانی ئاهەنگی جەماوەری بوون و لەو شارەدا، تێیدا سێ لاوى کوردیان لەناو خوێنی خۆیاندا گەوزاند و رژێمى بەعسی فاشیستی لەو بەشەى وڵات فشارێکی زۆری خستە سەر کوردان و لەرۆژانی نەورۆزدا گەلەکەمانى رووبەڕووى توندوتیژی کردەوە.


لەباکووری کوردستانیش جارێکى تر دەوڵەتى تیرۆریستی تورکیا لەرێگاى بەکارهێنانی توندوتیژییەوە بەتایبەت لەشاری وان کە هێزەکانی پۆلیس لاوێکى کوردیان شەهید کرد و چەندین برینداریشی لێکەوتەوە و ئەمە لەکاتێکدایە کە هەر لەمانگەدا تاڵەبانی سەرۆک کۆماری ئێراق سەردانی ئەنکەرەى کردبوو جارێکى تر هاوسۆزى بۆ هاوپشە شۆڤێنەکەى دەربڕیبوو و گەلەکەمانى لەو بەشەى کوردستان بەتیرۆریست وەسف کردبوو.


بۆیە بەبڕوای من پێویستە گەلەکەمان بەدەم ئەو داخوازییەى (دەسپێشخەری گەلی دیموکراتی کوردستان)ەوە بچن کە بانگەوازى کردووە خۆپیشاندانەکانی جەماوەر رانەوەستێ تاوەکو سەرهەڵدان ئاسای لێ دێ، بێگومان ئەو رێگەیە بەرێگەیەکى گرنگى دەبینم کە کوردان لەخۆپشاندانەکانیاندا بەردەوام بن لەباکووری کوردستاندا بەرامبەر ئەو هەموو زوڵم و ناحەقییەى کە گەلەکەمان رووبەڕووی دەبێتەوە تاوەکو سەرهەڵدانی جەماوەری بێتەکایەوە لەئەنجامى ئەوانەشدا ئەگەری ئەوە دەبێ کە گۆڕانکارییەک دروست بکات.


لەباشووری رۆژئاواى کوردستانیش گەلەکەمان ئەم رۆژانە زۆر گرنگە لەسەر پێیان دژ بە رژێمی بەعسی سوریا و دژی کردەوەکانی دەوڵەت رابووەستن کە لە بەپێش چاوى دونیاوە سێ لاوى کوردیان شەهید کرد، تەنها لەبەر ئەوەى کوردن و جەژنی نەورۆزیان پیرۆزکردوە و لەباشووری کوردستانیش دەبێ گەلەکەمان بە چاولێکەری بە بەشەکانی تر بەهەمان شێوە نەورۆز پیرۆز بکرێت و هەرچەندە لەباشووردا بێگومان رەوشێکى جیاوازتر لەگۆڕێیە و گەلەکەمان دەتوانن لەهەر شارێک یان شارۆچکەیەک خەڵکى ئەو شارۆچکەیە یان ئەو شارە بێنە لای یەک و نەورۆز پیرۆز بکەن بەئاهەنگ گێڕان وەکو رۆژێکى نوێ بیبینن نەک ئەوەى کە ئێستا هەیە نەورۆز تەنها بەوە دەبینن کە خێزان، خێزان تەنها دەربچنە سەیران بۆ نان خواردن و خواردنەوە ئەوە هیچ واتایەکى نییە و ئەو نەریتە هەڵەیە کە تارۆژی ئەمڕۆمان لەباشووردا زاڵە، بەڵکو ئەو نەریتە تەواوە کە نەورۆز بەکۆبوونەوەى جەماوەری پیرۆز بکرێت. ئەوکاتە دەتوانین بڵێن واتامان دا بەرۆژی نەورۆز. ئەمانە خاڵی گرنگن دەبێ ئەوانەى خۆیان بەدڵسۆزى ئەم گەلە دەزانن هەوڵ بدەن کە نەورۆز تۆخ بکەنەوە نەوەکو کاڵ بێتەوە هەروەکو چۆن لەجەژنەکانی رەمەزان و قوربان جلی جوان بۆ منداڵ دەکڕدرێ دەبێ لەنەورۆزیشدا وابین و ئەوانى کە دڵیشیان لەیەکدى رەنجاوە ئاشتببنەوە، چونکە نەورۆز رۆژی ئاشتیشە لەهەمانکاتدا، ئەوانەى خۆیان بەئازادیخواز و رۆشنبیر و دەزانن گەرێ وابکەن و لەو چوارچێوەیەدا هەوڵ بدەن و واتا بدەنە نەورۆز. لەکۆتایدا سەری ڕێز و نەوازش بۆ گیانی پاکى شەهیدانى نەورۆزى ئەمساڵ دادەنوێنم.
 

 

 

germiki@gmail.com