٦\١\٢٠١٣
بۆ ئەوانەی کە
دەیانەوێ ناوی سەردەشت عوسمان بزڕێنن،
دەست لەم کردەوە نامرۆڤایەتییە ھەڵگرن!
دوێنێ
شەممە ڕێکەوتی ٥-١-٢٠١٣ بۆ جاری چەندەمین خێزانی سەردەشت عوسمان
ئاگادارکراونەتەوە کە پێویستە بەشداری شانۆگەری دادگاییکردنی کەسێک
بکەن، کە گوایە لەگەڵ سەردەشت عوسمان سەر بە یەک گروپی تیرۆریستی بوون
و پاش ھەڵگەڕانەوەی سەردەشت ئەوی کوشتووە. ئەمە بۆ جاری چەندەمینە
دەسەڵاتی پارتی دیموکراتی کوردستان، لەوپەڕی بێ دەربەستی و بە دوور لە
ھەر چەشنە ڕێزێک بۆ شعور و ھەستی خێزانی سەردەشت و تەواوی خەڵکی
کوردستان، پێ لەسەر بەڕێوەبردنی نمایشێکی پوچ و بێ ناوەرۆک دادەگرێت.
ئەم دەسەڵاتە بە بەکارھێنانی یاسا دەیەوێت ناڕاستیەکی ئاشکرا دەرخواردی
عەقڵی کۆمەڵگا بدات، و سەردەشت لە قوربانیەکی سەرکوتەوە، لە قەڵەمێکی
بوێر و ئازادیخوازەوە بکات بە تیرۆریست.
ئەوانەی لە پشت ئەم جۆرە کردەوانەوەن، بە مەبەستەوە دەیانەوێت تاوانێکی
دڕندانە کە ئەنجامدراوە، پەردەپۆش بکەن. لەوەش زیاتر دەیانەوێت بە
ئازادیخوازانی کوردستان بڵێن، ئەگەر مل نەوی نەکەن و ئەو نایەکسانی و
ستەم و بێ مافیەی لە کوردستان ھەیە قەبوڵ نەکەن، ئەگەر لە ئاست
ژێرپێنانی کەرامەت و ئینسانیەتی خۆیاندا بێ دەنگ نەبن و بیربکەنەوە
ڕێگای سەردەشت و سەردەشتەکان درێژە پێ بدەن، ئەوا نەک بە تەنھا بە ڕۆژی
ڕوناک دەیانڕفێنن، بێ سەروشوێنیان دەکەن، ئەشکەنجەیان دەدەن، گولـلە بە
ناودەمیانەوە دەنێن و لاشەیان لەسەرە ڕیگا بە بێ نازی فڕێ دەدەن، بەڵکو
لەپاش مەرگیشیان دەستبەرداری ناو و مێژویان نابن و سومعەیان لەکەدار
دەکەن، خێزانەکانیشیان بە دڵی پڕ لە ژانەوە بۆ شانۆگەری لەکەدارکردنی
ناوی کوڕەکەیان بانگ دەکەن. ھیچ ستەمێک بە ئەندازەی ئەو ستەمە پڕ ئازار
نیە کە ستەمکار بە قوربانی خۆی پێ دەکەنێت. دەسەڵات لە کوردستان کەی
واز لە قاقای پێکەنین بە قوربانیەکانی دەھێنێت؟
ئێمە واژۆکارانی ئەم بەیاننامەیە کە لە خوارەوە ناوی ڕێکخراو و کۆمەڵە
و ناوەندەکانمان ھاتووە، لە کاتێکدا کە بە ھەموو توانامانەوە پشتگیری
لە خێزانی سەردەشت دەکەین و لەم ڕۆژگارەدا کە بە دەستی ئەنقەست ئازار
دەدرێن لە کەناریان دەوەستین، ئەم نمایشە ناشرینەی دەسەڵاتی ھەولێر
مەحکوم دەکەین. دەسەڵات بە درێژەدانی ئەم گاڵتەجاڕیە نەک ھێندەی تر
مەشروعیەتی خۆی دەباتە ژێر پرسیارەوە، بەڵکو دەزگای قەزایی کوردستانیش
زیاتر و زیاتر دەکاتە دەزگایەکی ئیفلیج و بێ میسداقیەت.
کەیسی سەردەشت بە خۆڵ لەچاوکردن کۆتایی پێ نایەت. بە چاوبەست و چیرۆکی
خەیاڵی و بێ بنەما ناپێچرێتەوە. تەنھا ڕێگا بۆ بەدیھێنانی عەدالەت لەم
کەیسەدا ناساندن و تەسلیمکردنی بکوژانی ڕاستەقینەی سەردەشت بە دادگایە.
بۆ ئەمەش پێویستە لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بێلایەن بە بەشداری ڕیکخراوە
مرۆڤدۆستە جیھانیەکان پێک بھێنرێت، کە لە لیژنەیەکی وادا ئامادەیی
نوێنەری خێزانی سەردەشت عوسمانیش مانای دەبێت.
ئێمە بانگەوازی ھەموو حزبەکانی کوردستان، ھەموو ڕێکخراوەو ناوەندە
داکۆکیکارەکان لە مافی مرۆڤ و ئازادی، سەرجەم ڕۆژنامەوانان، میدیاکاران،
نوسەران و ئازادیخوازانی کوردستان دەکەین کە لە ئاست ئەم کردەوە
نائینسانیەی لەکەدارکردنی ناوی گیانبازی ڕێگای ئازادی، سەردەشت عوسمان
بێ دەنگ نەبن.
سەردەشت ئەستێرەی ئاسمانی خەباتی ڕەوای ستەمکێشان و بێبەشانی کوردستانە
و تا ھەتایە دەدرەوشێتەوە. کەیسی سەردەشت عوسمان کەیسی ھەموو
ئازادیخوازانی کوردستانە و ئێمە دەستبەرداری نابین.
ناوی ڕێکخراو و ناوەندەکان:
١. گروپی ١٧ی شوبات لە ستۆکھۆڵم
٢. دەستەی پشتیوانی لە رۆژئاوای کوردستان - ھەولێر
٣. تۆڕی بەرگری لە ماف و ئازادیەکانی خەڵک – سلێمانی
٤. ناڤەندا تێکوشان - دھوک
٥. گۆڤاری باشور - دھۆک
٦. ریکخراوی کەلەبوری کوردی - بەلجیکی – بەلجیکا
٧. کۆمیتەی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی یۆتۆبۆری سوید
٨. کۆمەڵەی ئەکادیمیەکانی کوردستان یۆتۆبۆری سوید
٩. رێکخراوی سەوز - نەرویج
١٠. دەزگای ڕاگەیاندنی ھاوپشتی
١١. کۆمەڵەی ھونەری ھۆبە
١٢. کۆمەڵەی لاوانی کورد لە یۆتۆبۆری
١٣. ڕێکخراوی مەدوسا
١٤. شورای پەنابەرانی عیراقی لە یۆتۆبۆری
١٥. ڕێکخراوی سەردەشت عوسمان بۆ داکۆکی لە ئازادی
١٦. کەمپینی ئازادی بۆ کارزان کەریم
١٧. کۆمەڵەی گەرمیان یۆتۆبۆری سوید
١٨. کۆمەڵەی ھونەرەجوانەکان یۆتۆبۆری سوید
١٩. کۆمەڵەی مەتین یۆتۆبۆری سوید
٢٠. دەزگای ناسنامە
٢١. خانەی ئازادی ھۆڵەندا -
٢٢. ماڵپەڕی ئاگا پرێس
٢٣. کۆمیتەی پشتگیری لە داواکاریەکانی خەڵکی کوردستان یۆتۆبۆری سوید
٢٤. کۆمەڵەی سکۆنە کورد مالمۆ
٢٥. کۆمەڵەی کلتوری کوردستان یۆتۆبۆری سوید
٢٦. ڕێکخراوی کاری شەفافیەت بۆ نەھێشتنی گەندەڵی- کوردستان
٢٧. کۆمەڵەی ژنانی کورد سوید
|