په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک

٢٨\١\٢٠١٥

    بۆ کۆبانێ، گلێنەی چاوانم.

سەرکەش

من لێرەم و
قەت نەچوومەتە کۆبانێ
چاوم بە خاک و خۆڵەکەی
نەکەوتوە
بە ئاوی زەوی و
ئاسمانی
دەم و چاوم
جەستەی
شەکەتی خۆم نەشوشتوە
دار و
بەردەکانیم
بۆن نەکردوە
کڕنووشم
بۆ باڵای
بەرزی
کچ و
کوڕانی
کۆبانێ نەبردوە
لە سەر گۆڕی
گیانبازانی
ئەو پارچەیەی
دڵ و گیانم
فرمێسکم هەڵنەڕشتوە
بۆ پشووێ دوای ماندووبوون
لە کۆبانێ نەڕازاوم
لە ئاسمانی
پاک و بێگەردی
کۆبانێ
بۆ شەوێکیش بووبێ
ئەستێرە و مانگم نەدیوە
چ جار لەوێ
گوڵی جوانم
بۆ گوڵەکەم
بۆ خۆشەویستانم
نەچنیوە
هەرگیز
جێپێی دوڕندەکانی داعشم
لە سەر جەستەی
برینداری کۆبانێ
لە نزیکەوە نەبینیوە
بۆنی کەلاکی بۆگەنی
سەگە تۆپیوەکانی
داعشم
لە کۆبانێ نەکردوە
بە دروستیی
نازانم
ئەو شارە جوانەم تا چەند
وێران و
بریندارە
نە شەڕڤانێکی
کۆبانێم گرتۆتە ئامێز
نە دەستی ماندوونەناسیی
ئەو شێرە ژن و
شێرە پیاو و
شێرە کچ و
شێرە کوڕانەی
کۆبانێم گوشیوە
بۆ پیرۆزبایی
کەچی
دەڵێی لەدایکبووی
ئەو نیشتیمانە سوتاوەم
دەڵێی کۆرپەی
ئەو خاک و
ئاوەم
دەڵێی
هەموو منداڵێتیی و
هەرزەکارییم
لە کۆڵانەکانی کۆبانێ
بەسەربردووە
ئەوەندە کۆبانێم خۆشدەوێ


دەڵێی گۆڕی
باوکم
براکانم
ئازیزە خۆشەویستەکانم
هەر کێم تا ئەمڕۆ مردوە
لە خاکی پاكی
کۆبانێ
بەم دەستانەی
خۆم هەڵکەندوە
لاشەی پاکی
ئەو خۆشەویستانەم
بەم دەستانەم
لە کۆبانێ ناشتووە
ئەوەندە کۆبانێم خۆشدەوێ

کۆبانێ شاری وێرانم
کۆبانێ شاری شارانم
کۆبانێ
دڵ و
(قودس)ی کوردستانم

کۆبانێ
تۆ ناسنامەی
من و
ملیۆنانی
لە کوردستان

و تاراوگە

کۆبانێی من
تۆ سەربەرزی و
تۆ شانازیی و
تۆ رووسووری
هەموومانی.


۲
٢٧\١\٢٠١٥۲۷ - ئوپسالای سوێد

ماڵپه‌ڕی که‌ریم سه‌رکه‌ش

 

 

 

 

په‌یوه‌ندیپه‌رتووکخانه‌رۆشنبیرییلینکئه‌رشیفنووسه‌رانده‌سپێک